کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: ترسی کۆماری ئیسلامی لە وێژمانی بەڕۆژی حیزبی دێموکراتە

21:57 - 15 رێبەندان 2720

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند هەوڵی ڕەش‌کردنی ڕێبەرانی کورد و پرسیار دروست‌کردن لەسەر بزووتنەوەی کورد نیشانەی زەبوونی و داماویی کۆماری ئیسلامییە. کاک مستەفا مەولوودی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٤٠ی سەرەتایی پێشمەرگەدا تیشکی خستە سەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری سیاسی و نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەترسێ، چونکی دوای تێپەڕینی ٧٥ ساڵ ئەم وێژمانە سیاسییە هەر دێ و پتر لە کۆمەڵگەدا جێ دەگرێ و جێ بە کۆماری ڕێژیمی ئیسلامی لێژ دەکا. ئەم وێژمانە ئازادی و دێمۆکراسیی بۆ ئێران دەوێ و خەڵکی کوردستان بۆ ماف‌ویستی و بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی خۆیان هان دەدا و لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان‌دا قورس و قایم ڕاوەستاوە. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بەو شاڵاوە نوێیە میدیاییەی کۆماری ئیسلامی کە لەو ڕۆژانەدا ڕێ کەوتووە، گوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕوخساری ڕێبەرانی شوێندانەری کورد خەوشدار بکا، هەروەها چەواشەکردنی مێژووی ڕووداوەکان و بەگژ یەکتر‌داکردنی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کەلێن دروست‌کردن لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک و بزووتنەوەی سیاسیی کورد مەبەستەکانی دیکەی پشتی ئەو پیلانەیە. بەڵام خەڵکی کوردستان بە کردەوە نیشانیان داوە کە خاوەندارەتی لە بزووتنەوەی سیاسیی خۆیان دەکەن و ٢١ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە. هەروەها ڕەشبگیرەکەی ئەم دواییانە لە کوردستانیش خۆی لە خۆی‌دا داننانی کۆماری ئیسلامییە بە شکستی پیلان و ستراتیژییەکانی لە کوردستان‌دا. کاک مستەفا مەلوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران ڕەسەن و ڕیشەدارە، دێموکرات و ئاشتیخوازە، بەڕۆژە و باوەڕی بە پڕەنسیپە جیهانگیرەکان هەیە و هەموو ئەوانەشی بە کردەوە سەلماندووە. بەڵام ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ناتوانێ لەگەڵ ئەو بەها و بایەخانە خۆی بگونجێنێ و ڕەگداکوتانی ئەو ئەرزشانە بە هۆکاری لاوازبوونی خۆی دەبینێ؛ بۆیەشە بە ئاگر و ئاسن و مووشەک و کوشتوبڕ و ڕەشبگیر بەرەوڕووی دەبێتەوە و هەموو جارێکیش هەر شکان و شکستی پێ بڕاوە.