کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام لە پێناو مانەوەدا

00:11 - 17 رێبەندان 2720

بە هاتنە سەر کاری کابینەی جۆ بایدێن لە کۆشکی سپی کۆمەڵە پرسیارێک لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتی دروست دەبێ کە گرینگترینیان ئەوەیە سیاسەت و ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن دەبێ؟ ستراتیژیی ئێران چی دەبێ و داهاتووی بەرجام دەگاتە کوێ؟ دواجار ئەوە کە گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران بۆ گرینگە؟ هەر لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە  کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئەمریکایان بە دوژمنی خۆیان دانا و بەم وڵاتەیان گوت "شەیتانی گەورە" و وای نواند کە تاوانی هەموو چەوتی و کێشەکانیان لە سۆنگەی ئەمریکاوەیە و دروشمی مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل‌یان بەرز کردەوە. دەزگای زەبەلاحی پروپاگاندای ڕێژیمیش بۆ خزمەت پەرەپێدانی ئەم سیاسەتە تەرخان کرا. کێشەکان سەرەتا بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا دەستی پێ کرد و بە بەرییەوە چوو، بەڵام لە چوار دەیەی ڕابردوودا ناکۆکی و کێشەکان بەقەرا ئەم ٤ ساڵەی ئیدارەی ترامپ نەگیشتنە لوتکە و تەنانەت لە دوو حەوتووی کۆتایی دەسەڵاتی ترامپ‌دا ئەگەری پێکدادانی سەربازییش چاوەڕوان دەکرا. لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی گەمارۆی قورس بە سەر ئێران‌دا کە بە دیاری‌کراوی ژێرخانی ئابووریی ئێرانی کردبووە ئامانج،  سزا و گوشارەکان کاریگەریی کردە سەر جموجۆڵی میلیشیا و ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێژیم، ئەم گەمارۆیانە ئەگەرچی ڕێژیمی ئێرانی تووشی کۆمەڵە قەیرانێکی دارایی کرد، بەڵام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە زۆرترین قورسایی سزاکان لەسەر حسێبی خەڵک بشکێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ئەمریکا بە تاوانباری ئەم دۆخە بزانن. کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکای بە دەرفەتێک بۆ ئەگەری ڕزگاربوون لەو دۆخە دەزانی و بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە کیسەیان بۆ بردنەوەی جۆ بایدێن هەڵدوریبوو. بەڵام مایک پێنس لە کۆشکی سپی و لە کاتی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و لە حالێک‌دا کە لە بڕی ترامپ بەشداریی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی بایدێن ببوو، بەڕێوەبەرانی نوێی کۆشکی سپیی ڕاسپارد کە لە پێوەندی لەگەڵ ئێران‌دا پێویستە بە هەمان ڕێچکەدا بڕۆن. ئەو گوتی بێتوو ئەمە نەکەن کۆماری ئیسلامی هەوسار دەپسێنێ و دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هەتا ئێستا کە بەشێک لە وەزیرەکانی بایدێن دەنگی متمانەیان لە کۆنگرە و سێنای ئەم وڵاتە وەرگرتووە، بە سەرەنجدان بە تیمی بایدێن کە تیمێکی لێزان و کارزان لە بواری دانوستان و دیپلۆماسی‌دان، وێدەچێ کە ئەمریکای نوێ لەپێناو بەهێزبوونی زیاتردا و بۆ ئاوڕدانەوە و گرینگی‌پێدان بە هاوبەشە سیاسییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا؛ جارێکی‌تر بە بایەخەوە بڕواننە هاوپەیمانەکانیان و دیسانەکەش ئەمریکا ڕۆڵی پۆلیس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا بگرێتە ئەستۆ. بێ‌گومان بە دەستاودەست‌کردنی دەسەڵات لە ئەمریکا و بە سەرنجدان بە جیاوازیی ڕوانینەکان و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و بەرەوپێش‌بردنی ستراتیژیی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا ڕوو دەدا؛ بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی هەموو کاربەدەستان و سەرۆک‌کۆمارەکانی ئەمریکا بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆنتڕۆڵ‌کردنی ئەم ڕێژیمە بووە و جیاوازییەکان تەنیا لەسەر مێتۆدەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بووە، نەک ئامانجە سەرەکییەکە. لە ئێستادا کە گەڕانەوە بۆ بەرجام ڕۆژەڤی باس و لێکدانەوەکانە، ئاماژە بە چەند خاڵ گرینگە: کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەمیشە هەڕەشە و گوڕەشە چاشنیی سیاسەت‌کردنی بووە، بەپێی پەسندکراوی پاڕلمانی ئەم وڵاتە ئۆڵتیماتۆمیان بە بایدەن داوە کە بێتوو هەتا ٣ی ڕەشەمە هەر هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لانەچن -کە ئەمە مەحاڵە و کردەنی نییە- ئێران لە پڕۆتۆکۆلی ئیلحاقی دەچێتە دەرێ و هەموو پشکنێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتومی لە وڵاتەکەی وەدەر دەنێ. بەڵام ئەمریکا بابەتی ئێرانی لە بەرنامەی کاریی ١٠٠ ڕۆژی یەکەمی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی‌دا دانەناوە. ئەوەی لە ئێستادا ئیدارەی بایدەن پتر بایەخی پێ دەدا، پرسی پەتای کۆرۆنا و ئاسەوارە زیانبارەکانی لەم وڵاتە و هەروەها کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین و ڕووسیەیە. دوایەش ئەگەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئێران درابێ، یەکەم ئەوەی کە گەمارۆکان لەسەر ئێران سووک ناکرێن و نێوەرۆکی دانوستانەکەش کۆمەڵە بابەتێکی دیکەش دەگرێتە خۆ کە سازان و ڕێککەوتن لەسەریان هەم کاتێکی زۆر دەبا و هەم تێچووی زۆر قورس دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی. کارناسان و چاودێرانی سیاسی کۆکن لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنی ئەمجارە -ئەگە لە ئارادا بێ- زۆر جیاواز دەبێ لە بەرجام، چونکی گۆڕانکارییەکانی چوار ساڵی ڕابردوو هەم لە ئێران و هەم میراتی تڕامپ بۆ بایدەن وایکردووە نە ئێران ستاتۆی ئێرانی پێش بەرجام (٢٠١٥)ی هەبێ و نە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوانگەی ئەوکاتیان هەبن. هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئێرانیش –بەهاری ١٤٠٠- شوێنی ڕاستەوخۆی لەو هاوکێشەیەدا هەیە. ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە بایدەن نایهەوێ لەگەڵ دەوڵەتی ڕوحانی بکەوێتە دانوستانەوە، دەوڵەتی داهاتووش کە لە ئێستاوە ڕوونە لە پاوانی باڵی تەواویەت‌خوازی ڕێژیم‌دایە و نەبوونی متمانەی نێوان دوولایەنیش هیندەی دیکە چەتی خستۆتە نێو ئەم کارەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە کە ڕێژیمێکی سەرەڕۆیە و پێبەندی هیچ بەڵێن و دەروەستییەک نییە. ئەو زۆر بە ئاسانی ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکا و بەبەرچاوی دنیاوە گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستیەکان داڵدە دەدا، دەست لە کاروباری وڵاتانی دراوسێی وەردەدا، سەقامگیری و ئارامیی ناوچە دەخاتە مەترسییەوە، پەرە بە بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی دەدا و بۆ سەرخستنی بەرنامە ستراتیژییەکانیشی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. بۆیەشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئێستادا پتر لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە و دەیەوێ پێشی پێ بگرێ، ئەگەرچی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێستاش گوێز لە هەنبانەی خۆیان دەژمێرن. محەممەد جەواد زەریف لە دوایین سەردانی خۆی بۆ ئانکارا ڕایگەیاند کە ئێمە لە سەر ئەوە ڕێککەوتووین کە چی لە بەرجام‌دا دەبێ ببێ و چی لە بەرجام‌دا ناگونجێنین. دیارە مەبەستی وەزیری دەرەوەی ئێران بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمەکەیەتی کە بە تەنیا بەخاڵی بەهێزی خۆیانی دەزانن بۆ مانەوەیان لە سەر دەسەڵات و نایانەوێ و ناتوانن بە هیچ شێوەیەک دەستی لێ بەردەن؛ بە تایبەتی ئەگەر سەرۆک‌کۆماری داهاتووی ئێران "سەردار"ێکی سپای پاسداران بێ. دۆخی نێوخۆی ئێران و مافەکانی خەڵکی ئەم وڵاتەش کارتێکی دیکەیە بە دەستی وڵاتانی (٥+١). کۆمەڵگەی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا قەیرانی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە و پێ بە پێی سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتیش پەرەی سەندووە و ئەمەش شتێک نییە ئەمریکا و هاوبەشە سیاسییەکانی نەیبینن و لە تەنیشتی تێپەڕن. ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداویش بەرگژەیەکی دیکەی بەردەم ئەم پرسەیە. لەمێژ ساڵە ئەمریکا بە هۆکاری جۆراوجۆر پاراستنی ئیسرائیل لە مەترسییەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵی سەربازیی ئێران لە سووریە و کوشتنی شارەزایانی ئەتومی و مووشەکیی ئێران لە لایەن ڕایەڵەکانی سەر بە مووسادیش دەکرێ حاڵەتێکی چاوەڕوان‌نەکراوی لێ بکەوێتەوە؛ بە تایبەتی کە ئێستا ژێردەریاییەکی ناوکیی ئەم وڵاتە لە نێزیک ئاوەکانی ئێرانە و ئەمەش ئاستی ناکۆکییەکان و کاردانەوەکان دەباتە ئاستی پێکدادان. ئەمریکاش بۆ سەلماندنی ئەوەی کە پشتیوانی بێ ئەملاوئەولای ئیسڕائیلە لە حەوتووی یەکەمی دەسبەکاربوونی ستاڤی نوێی کۆشکی سپی‌دا فرۆکەکانی B52 ـی خۆی بە سەر ئاسمانی ئیسرائیل‌دا هەڵفراند و وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش بە تەلەفۆن لەگەڵ لوئید ئاستین، وەزیری نوێی بەرگریی ئەمریکا کە جوولەکەیە؛ باسی لە مەترسیەکانی ئێران کردووە و ئەوی لە ئەگەری پێشهاتەکان ئاگادار کردووە. ئەوەی ئێستا بۆ ئێران گرینگە بابەتی گەمارۆ قورسەکانە کە بەپێی هەموو ئەو شتانەی باس کران و بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی پێش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە کۆشکی سپی زۆر زەحمەتە ئەم گوشارانە لەسەر ئێران سووک بکرێن. بایدەن ئەگەر بیشیهەوێ ئەو کارە بکا کۆسپی قانوونیی لەبەردەمە و بە سەرنجدان بە ڕێژەی یەکسانی نوێنەرانی دێموکرات و کۆماری‌خواز لە مەجلیسی نوێنەران، ئەم بڕیارە تەنیا بە دەنگی کامیلا هەریس یەکلا دەبێتەوە. بۆ تێپەڕاندنی داواکاری و بڕیارێکی کۆشکی سپییش دەبێ پەیڕەوی لە بڕگەی فلیواستێر بکەن. بەو مانایە کە بۆ تێپەراندنی یاسای داواکارییەکان دەبێ ١٠ ئەندامی کۆماریخوازەکان لەگەڵ دێموکراتەکان بکەون. بۆیە لەلایەک هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان کێشەی یاساییان بۆ دێتە پێش و لەلایەکی دیکەش کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆیشی بە نەچوونە نێو FATFـوە گرفتی گەورەی بۆ مامەڵەی بانکی دروست کردووە. کەواتە زەرەرمەندی سەرەکی هەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانە چ بە بەرجام و چ بەبێ بەرجام. هەتا ئەوکاتەش کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە ستراتیژیی خۆیان نەگۆڕن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەرەوڕووی گەمارۆی پتر و تەریک‌کەوتنەوەی زیاتر دەبن.