کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان مۆتەکەی سەرشانی ڕێژیمی ئیسلامی

00:17 - 17 رێبەندان 2720

زیاتر لە دوو حەوتوویە ڕێژیمی ئیسلامی، نیزیک بە ١٠٠ کەس لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ژینگەپارێزی ‌و خوێندکاریی لە زۆر شار و شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاران و کەرەج قۆڵبەست کردووە. ئەم ڕەشبگیرییە لە کاتێک‌‌دا دەستی پی کرد کە کوردستان بەرەوپیلی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەچوو. بێگومان ئەگەر ڕێژیمی حەمەڕەزا شا (پەهلەویی دووهەم) حکوومەتە خەڵکییەکانی کۆماری کوردستان و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجانی وەک دەرفەتێک بینیایە و وتووێژەکانی ساڵی ١٣٢٥ی‌ هەتاویی بکردایەتە هەوێنی پێکەوە ژیانێکی ئاشتی‌خوازانە و بەفەرمی‌ناسینی مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان، دەکرا لەو ئێرانەی فرەنەتەوەدا، سویسێکی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی دیکەی تێدا دامەزرێ کە مێژووی ئێستای ئێران بە بارێکی دیکەدا دەبوو. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی‌ هەتاوی، ڕێژیمی تازە دامەزراو ڕێگای ئیسلامیی سیاسی گرتەبەر و ڕێگای حاشا لە مافی نەتەوە غەیرە فارسەکان و هەڵاواردن و نەهێشتنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤی گرتەبەر. ویست و داخوازی و بەرگریی خەڵکی کوردستان پەلامار درا و، کوردستان کەوتەبەر سەرکوت و زەبروزەنگی ئەرتەش و پاشان سپای پاسداران، بەسیجییەکان، هێزە ئینتیزامی، ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم. کۆماری ئیسلامی بە جێگای ئازادی، مافی نەتەوەیی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی، دەستی کرد بە لەشکرکێشی، ڕەشبگیر، ئەشکەنجەدانی بەندکراوان، ئێعدامی بەکۆمەڵ، زیندانیی درێژماوە و دروست‌کردنی "غەیرەخودی" و هەڵاواردنی سیستماتیک. چل ساڵ پاش تێپەڕبوونی تەمەنی پڕ لە جینایەت و خوێنمژیی کۆماریی ئیسلامی ئێران، کوردستان لە تەواوی ئەو ساڵە پڕ لە کارەسات و ناخۆشانەدا، مەتەرێزی خۆڕاگری، ماف‌ویستی و ئازادیخوازی بووە. حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی لەلایەک و کۆمەڵگەی مەدەنی، فەرهەنگی و ئەدەبی و بزووتنەوە بەربەرینەکەی لەلایەکی دیکەوە، کوردستانی کردۆتە سەرچاوەی گەورەترین پوتانسیەلی گۆڕانکاری لە ڕەهەندەکانی سکۆلارـــ دێمۆکڕات و فیدڕالیزم بۆ داهاتووی ئێران. کۆماری ئیسلامییش دەستی لەسەر دەست دانەنا و بە پیلانی نەرمی تواندنەوە و سەرکوتی توند و تیژ بەرەنگاری بۆوە. ئەمنییەتی‌کردنی کۆمەڵگە، تاڵان‌وبڕۆی سەرچاوە سروشتییەکان، پاشخستن لە گەشەی ئابووری،پەرەپێدانی بەندیخانەکان، بەردەوامیی ئێعدام، بێ‌سەروشوێن‌کردنەکان، پەرەپێدانی ئیعتیاد بە ماددەی هۆشبەر تەنیا بەشێک لە وەڵامی کۆماری ئیسلامی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد بووە کە سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەش نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگا. لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی‌ هەتاوی، ڕێژیمی کۆماریی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ جینایەتێکی گەورەی ئەنجام دا و پلینۆمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی کردە ئامانجی مووشەک. لەو پەلامارەدا ١٦ تێکۆشەری کورد کە بەشێکیان لە ئەندامانی ڕێبەری بوون و شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو، بریندار بوون.  دوای ئەم ڕووداوە لایەنی هاودەردی، پشتیوانی و، ئیدانەکردنی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی جیهان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش‌دا بێ‌وێنە بوو. بەڵام ئەوەی خاڵی وەرچەرخانی خەباتی مێژوویی ئازادیخوازی نەتەوەی کوردی لەم قۆناغەدا دیاری کرد، بەڕۆژەڤ و زیندووترکردن و، بەرزڕاگرتنی خەبات و هاوخەباتی دەرەوە و نێوەوە و بوێری و ئازایەتیی مەدەنی ٢١ی خەرمانانی ٩٧ی زۆربەی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەم حەرەکەتە مەزن و جەماوەرییە ترس و خۆف و شکۆی ڕێژیمی تووشی داڕمان کرد و بوێری و ئازایەتیی زیاتری دا بە ناڕەزایەتییەکان. بەرفراوانی ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕێژیم لە بەفرانباری ٩٧ و خەزەڵوەری ٩٨دا بە کوشتنی تاک و بەکۆمەڵ و گرتنی هەزاران کەس بە ڕواڵەت سەرکوت کرا، بەڵام ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان نەهات و لە شێوازی جۆراوجۆردا درێژەیان پەیدا کردەوە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناوە ناوە یەکێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران، خانەنشینان، کەسوکاری گیان‌بەختکردووان، نەتەوەکان و .. هتد، سەر هەڵدەدەنەوە و ئەم کاروانە بێ‌پسانەوە تا گەیشتن بە ئامانجی ئازادی و یەکسانی مافەکان لە ئێران‌دا درێژەی دەبێ. ترسی ڕێژیم لە تەنینەوە و سەرتاسەری بوونی ناڕەزایەتییەکان، زیاتر لە هەمووان، کوردستانی لە چەند لاوە کردۆتە ئامانج. لەلایەک لە دەنگ‌وڕەنگی میللییەوە! هێرش دەکرێتە سەر کولتوور و مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و لەلایەکین دیکەوە بێ‌ڕیزی بە سیمبولەکانی ئەم نەتەوە -لەو ماوەیەدا جەلال مەلەکشا و نەمر ماملێ- دەکرێ. لە دەنگ و ڕەنگی ناخەڵکی، درۆ و دەلەسەی "نرخی کەوڵی فڕۆکەوان" دێننە گۆڕێ. لەحاڵێک‌دا لە کاتی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێڕاقدا، فڕۆکەوانی برینداری ئێرانی - یەدوڵڵا شەریفی‌ڕاد- لە باشووری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی سەددام، خەباتکارانی کورد چارەسەر و لە مردن ڕزگاریان کرد کە دواتر فیلمی سینەمایی "عقابها"ی لێ دروست کرا. ڕەشبگیرییە بەرفراوانەی ئەم دواییانە، شاڵاوی سووکایەتیی دەنگ‌وڕەنگی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی فیلمی "توکل" و بەناو دێکیۆمێنتەکانی "لبەی دو تیغ" هەر هەموو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کوردستان "مۆتەکەی" سەرشانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێرانە.