کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە دووڕێیانی چارەنووس‌دا

00:29 - 17 رێبەندان 2720

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەت پاش هەڵبژێرانی جو بایدێن بە سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، پرسی داهاتووی پێوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا یەکێک لەو پرسانە بووە کە زۆرترین کەس و لایەنی بە خۆیەوە خەریک کردووە. شک لەوەدا نییە چەندی‌وچۆنیی پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دژ و ناتەبایە لەگەڵ یەکتر و، ئەوەیکە کێشەکانیان بە کام ئاقاردا دەڕۆن، هەم بۆ ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچە و هەم بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران گەلێک گرینگە. بەتایبەت کە لەلایەک دێموکراتەکانی ئەمریکا وەک ئەولایەنەی کاتی خۆی ڕێککەوتنی ناوکیی "بەرجام"ی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مۆر کرد، جڵەوی دەسەڵات لەم وڵاتەیان لانی‌کەم بۆ چوارساڵی داهاتوو بەدەستەوە گرتووە و، لەلایەکی دیکەش لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، جۆزەردانی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری بەڕێوە دەچێ. هەڵبژاردنێک کە هەر لە ئێستاوە سپای پاسداران و باڵی دەستڕۆیشتووی ڕێژیم بەتەمان لە پاوانی خۆیانی بگرن و یەکێک لە بەناو سەردارەکانی سپای بۆ بەربژێر بکەن. ئەو ڕاستییانە دەری دەخەن کە چەند مانگی داهاتوو زیاتر لە چەند ساڵ پێش ئێستا دەتوانن بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەک و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەلایەکی دیکە چارەنووس‌ساز بن. بەواتایەکی دی هەرچەند ئیدارەی نوێی ئەمریکا وا نیشان دەدا خوازیاری گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجامە، بەڵام شک لەوەدا نییە کە ئەگەر هاتنەوە و ڕێککەوتنێکی دی لە ئارادا بێ، ئەم سازانە لەسەر بنەمایەکی نوێ دەبێ کە لەودا، کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە چالاکییە ئەتومییەکانی بە تەواوی هەوسار دەکرێ. بێ‌گومان خامنەیی و ڕووحانی و بەگشتی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتیی خۆی‌دا زۆر کەیف‌خۆش بوون کە دۆناڵد تڕامپ بۆ جاری دووهەم بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەنگی نەهێنایەوە. تڕامپ لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتەدەرێ و گوشارێکی لەڕادەبەدەری خستە سەر کەرتی وزە و هەناردە و هاوردەکانی کۆماری ئیسلامی و، ڕێژیمی تووشی وەها قەیرانگەلێک کرد کە تەنانەت لە شەڕی ئێران و عێڕاقیش‌دا تووشی نەببوو. ئابووریی ئێران لەو ماوەیەدا داڕما، نرخی پێداویستییەکان بەشێوەی "تەساعودی" هەڵکشا کە باجەکەی کۆمەڵانی هەژار و بێ‌دەرەتانی خەڵکی ئێران دایان و بایی دراوی ئێران لە چاو دۆڵار و دراوە بیانییەکان زۆر بە خێرایی داشکا. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە تڕامپ و کاربەدەستانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو زەبر و گوشارە گورچکبڕە بەنیاز بوون کۆماری ئیسلامیی بگەڕێننەوە سەر مێزی وتووێژ و مەرجەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئەو گوشارە تاقەت‌پڕووکێنانە ئامادە نەبوون دانوستانێکیان لەگەڵ ئیدارەی تڕامپ هەبێ و چاوەڕوانی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا بوون. ئێستا پاش گۆڕانکارییەکان لە کۆشکی سپی و پاش ئەو ماوەیەی کە لە دەسپێکی سەرۆکایەتیی جۆ بایدێن تێدەپەڕێ، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها زۆر لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەمریکای جو بایدێن، ئەمریکای سەردەمی باڕاک ئۆباما، سەرۆک‌کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە و دێموکراتەکان نییە و مەرجەکان بۆ دانوستان گۆڕاون. لەو چەند ڕۆژەدا هەم بایدێن و هەم بلینکێن، وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا گوتوویانە کە ئامادەن بۆ بەرجام بگەڕێنەوە، بەڵام بەو مەرجەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەتا هەموو پێشێلکارییەکانی خۆی لە ڕێککەوتنەکە، بۆ نموونە پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابگرێ و پێملی دەروەستییەکانی بێ و؛ لەلایەکی دیکەش بەتەمای ڕێککەوتنێکن کە بەرفرەوانتر لە بەرجام بێ و بەدەر لە کێشەی ئەتومی، پرسی مووشەکی و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لەخۆی بگرێ. ئەوە دەربڕی ئەو ڕاستییەیە ئەمریکا نەک هەر بەتاڵووکە نییە بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام و کاتی زۆری لەبەردەستە، بەڵکوو نیشان دەدا بەپێچەوانەی حەسەن ڕوحانی کە ماوەیەک لەمەوپێش گوتبووی "تۆپەکە لە زەویی ئەمریکادایە"، تۆپەکە لەڕاستیدا لە دەروازەی دەوڵەتی "ئیعتداڵ و ئومێد"ی ڕوحانی‌دایە و "گۆڵ"ەکەش کراوە. چونکە ڕوحانی و دەوڵەتەکەی چەند مانگی دیکە دەبێ بڕۆن و دەوڵەتێکی دی دێتە سەر کار کە هەروەک پێشتر گوترا باڵی دەسڕۆیشتووی ڕێژیم بەنیازە پاوانی بکا. ئەوەی تا ئێستا دیارە ئەمەیە کە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر هەڵوێستەکانیان سوورن، ئەمریکا دەڵێ کۆماری ئیسلامی دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بەندومەرجەکانی بەرجام و واز لە زێدەڕۆییەکان و پێشێلکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بێنێ؛ ئەوکات ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ئورووپا دەگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ و بەرفراوان. کۆماری ئیسلامییش بەپێچەوانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێ ئەوە ئەمریکایە لە بەرجام هاتووەتە دەرێ و سەرەتا بێ‌مەرج دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە، پاشان ئێمەش واز لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و وەگەرخستنەوەی سانتریفیۆژەکان دێنین. هەروەها سپای پاسداران و ڕێبەرانی ڕێژیم هەرچەشنە وتووێژێک لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانیان ڕەت‌ کردووەتەوە. بۆچوونێک کە جگە لە چین و ڕووسەکان لەلایەن ئەمریکا و سێ ئەندامی دیکەی بەرجام، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان ڕەت‌کراوەتەوە. ئەمریکا پشت‌ئەستوورە بە هەڵوێستی سێ هاوپەیمانەکەی لە ئورووپا و دەزانێ ئەوجارە ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مۆر بکرێ، وەک بەرجام نابێ کە مەجالی هەڵخڕاندن و خۆدزینەوە و زێدەڕۆیی تێدابێ، بەڵکوو ڕێککەوتنێک دەبێ کە هەموو کەلێن‌ و کەلەبەرەکان دەگرێ و بەڕاستی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و نابەرپرسە کۆت‌وبەند دەکا. هەر لەو چەند ڕۆژەدا ئێمانۆئێل مەکڕۆن، سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە هەڵوێستێکی توندی نواند و وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند کە دەرفەتێکی کەم بۆ پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی ماوە، گوتی: وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ بەرجام زۆر سەخت‌گیرانە دەبێ و لە دانیشتنەکان‌دا دەبێ وڵاتانی عەڕەبی وەک عەربستان بەشدار بن. دیارە پێشتر عەڕەبستان و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی داوایان کردبوو کە نوێنەریان لە دانیشتنەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەبێ، داوایەک کە هەر زوو لەگەڵ دژایەتیی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئامریکایە و شک لەوەدا نییە ناتوانێ لەوە زیاتر لەبەر گەمارۆ ئابووورییەکانی میراتی ترامپ کە "گوشاری لەڕادەبەدەر"ەوە بۆ "گوشاری هۆشمەند" گۆڕاوە، خۆ ڕابگرێ. ئابوووریی ئێران بە هەناردە و فرۆشی نەوتەوە بەستراوەتەوە و هەتا ئەو گەمارۆیانەی لەسەر بێ ناتوانی بە ڕێژەی پێویست نەوت بفرۆشێ و داهاتی پێویستی بۆ ئیدارەی وڵات و پڕۆژەکانی هەبن. ئەوەش لەلایەک دەبێتە هۆی داڕمانی لەوە زیاتری ئابووریی وڵات و لەلایەکی دیکەش پەرە بە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و وەزاڵەهاتووی ئێران دەدا. هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی تووشی دووڕێیانێک بووە کە دەبێ یەکیان هەڵبژێرێ، یان بچێتە نێو دانوستانێک کە ئەم‌جارە زۆر بەرفراوانتر دەبێ لە بەرجام و ڕەنگە ئەگەر ئاخوندەکان لە دەسەڵات‌دا بمێنن، چەند ساڵ بخایەنی و ئاکامەکەشی پاشەکشەی هەنگاو بە هەنگاوی ڕێژیم دەبێ لە بەرانبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی؛ یان دەنا خامنەیی و سپای پاسداران درێژە بە سەرکێشییەکانی خۆیان دەدەن و نوسخەی کورەی باکوور بۆ ئێران دەنووسنەوە و لەوە زیاتر ئێران بەرەو هەژاری و تەریک‌خستنەوەی نێونەتەوەیی دەبەن. دیارە لەو حاڵەتەش‌دا شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران بە هەموو چین‌ و توێژەکانیەوە بەرز دەبێتەوە و کۆماری ئیسلامی دەبێ تێچووی ئەو سیاسەتەی بداتەوە، چونکە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئێران نیشانی‌ داوە کە ئامادە نین بە هەموو نرخێک دەستەمۆی دەسەڵاتداران بن و؛ هەر ئێستاش خەبات و بەربەرەکانی بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئارا دایە و ڕۆژ نییە ناڕەزایەتییەکان لە شوێنێکی وڵات سەر هەڵنەدەن. هەربۆیەش ئەگەر خامنەیی و سپای پاسداران بەتەمان لەدوای بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لە جۆزەردان و دانانی فەرماندەیەکی سپای پاسداران وەک سەرۆک‌کۆمار، نوسخەی کۆرەی باکوور دابەزێنن، ئەوە دەبێ وەک ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بەرەوڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتییە بەربەرینەکانی خەڵک ببنەوە. لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی وەک کارناسانی ئاژانسی وزەی ناوکی و هەروەها ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوایی باسی دەکەن، زۆری نەماوە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا و ئەوەش بە دەرەجەی یەکەم لەلایەن ئیسرائیل کە هەمیشە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەڕەشەی نەمانی لەسەر بووە جێی قەبووڵکردن نییە؛ هەروەها وڵاتانی عەڕەبیی ناوچەش گوشار دەخەنە سەر ئەمریکا و ناتوانن لەئاست ئێرانێک کە ڕێژیمێکی دوژمنکار دەستی بەسەردا گرتووە بێ‌هەڵوێست بن. بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەنانەت ملکەچی تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە مۆرکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ بێ، بەم حاڵەش لەلایەک ناتوانێ ئەوجۆرەی پێویستە دەستی بە بازاڕەکانی فرۆشی نەوت ڕابگا و بە هاسانی داهاتی خوی بەرز بکاتەوە و لەلایەکی دیکەش زۆربەی وڵاتانی جیهان بە چین و ڕووسیەشەوە ناتوانن مامەڵەی بانکییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێ، چونکە ڕێژیم لە لیستی ڕەشی FATF دایە و هەتا دوو پەسندکراوی ئەو کۆنوانسییۆنە نێونەتەوەییە (پالێرمۆ- بەربەرەکانی لەگەڵ تاوانە نێونەتەوەییەکان و CFT‌ پشتیوانی ماڵی لە تێرۆڕیزم) پەسند نەکا ناتوانێ بەشێوەی ئاشکرا و یاسایی داهاتە نەوتییەکانی بگەڕێنێتەوە ئێران. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا دەسەڵاتدارانی ئێران بەتەمان وەک چوار دەیەی ڕابردوو سیاسەت بکەن و بەردەوام بن لەوەی گوتوویانە و کردوویانە، یان ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سیاسەت و کردەوەکانیان پێک‌دێنن؟ ئەزموونی ڕابردوو نیشانی ‌داوە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵات‌دا دەست بۆ هەموو ئامرازەکان دەبا و، لەژێر گوشاردا ناچار بە پاشەکشە لە سیاسەت و کردەوەکانیشی دەبێ، بەڵام ڕێی تێناچێ ئەگەری ئەو ملکەچ‌بوونە لە ئاست ئیرادەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لانی‌کەم هەتا جۆزەردانی داهاتوو و هەڵبژاردنەکانی بەناو سەرۆک‌کۆماریی ئێران بەهێز بێ. ڕووداوە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئەکتەرە خراپەکانییەتی، زۆر چاوەڕوانی بڕیارەکانی تاران ناکا و بە دڵنیاییەوە ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی سەخت و چارەنوس‌ساز بۆ بزووتنەوەی مافخوازی خەڵکی ئێران و داهاتووی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دەبێ.