کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی شەکەتی ئاسنی ساردکوتان

00:30 - 17 رێبەندان 2720

شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازەکەی، ڕیشەی لە ئەقڵیەتی تەواویەتی‌خوازی و ماهییەتی ئیدئۆلۆژیک و سیاسەتی دژی‌گەلییانەی ئەم ڕێژیمەدایە. تێڕوانینی سیاسیی زاڵ لە تاران -بەتایبەت لە مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتەدا- لەسەر بنەمای نەک پێکەوە ژیانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم چوارچێوە جوغرافیاییە، بەڵکوو لە سەر ئەساسی خۆسەپاندن و هەوڵدان بۆ سڕێنەوەی جیاوازییەکان و، بە گشتی دژایەتی لە گەڵ “ئەوانی‌تر” بنیات نراوە. تەواویەتی‌خوازی و بێبەش‌کردنی ئەوانیتر لە “بەشداربوون” لە هەموو ئەو ماف و ویستانەی کە دەیانکەوێ و دەبێ خاوەنی بن، تایبەتمەندیی جەوهەری و ماهەویی ڕەوتی شکلگرتنی دیاردەی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانییە. لە هەردوو نیزامی پاشایەتی و مەزهەبی‌دا ئەم تێڕوانینە نە تەنیا لەسەر ئاستی فکر و تێڕوانین، بەڵکوو بە کردەوە و زۆریش بە قووڵی و بەربڵاوی جێبەجێ کراوە کە لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی “تاران” بەرانبەر بە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە (نەتەوەکان) مێژوویەکی پڕاوپڕ لە حاشالێکردن، سەرکوت و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی لە پشتە. ئەگەر لە ڕێژیمی پێشوودا “تەواویەت‌خوازی” زیاتر لە چوارچێوەی مەفهوومی “نەتەوەی باڵادەست” و بە ژێرکۆ نیشاندانی پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە لە ژێر نەتەوەیەکی وەهمی بە ناوی “نەتەوەی ئێران”دا دەبیندرا، دوای شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی و خۆسەپاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، مەزهەب وەک ئیدئۆلۆژی، بەرگێکی ڕەش و مەترسیدارتری بەسەر تێفکرینی سیاسیی تاران‌دا کرد. ئەمجارەیان ئەقڵیەتی “تەواویەت‌خوازی” لەژێر ناوی “پاراستنی تەواویەتیی خاکی ئێران و “فەرمانی جیهاد”دا ڕوویەکی دیکەی لە خۆ پێشان ‌دا و بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان لە لایەک بە تاوانی جیاییخوازی و لە مەترسی‌خستنی “تەواویەتی خاکی ئێران” و، لە لایەکی دیکەوە بە تاوانی جیاوازیی مەزهەب و “کافر” بوونیان، “فەرمانی جیهاد”یان بە دژ دەرکرا. *** شەڕی میدیایی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی و گرتنی بە دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە لایەن دەزگای سەرکوتەوە، بەشێک لەو دژایەتی و دوژمنکارییانەیە کە ئەم ڕێژیمە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی پێ داوە. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو ڕێژیم بە هەموو ئەو کەرەسە نەرم و سەختانەی لە بەر دەستی‌دایە و زیاتر لە چل ساڵە دژایەتیی میللەتی کوردی پێ دەکا، هێرشێکی تازە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازنەی دەست پێ کردووە؛ لە چەند بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی‌دا وێڕای بێ‌ڕێزی‌کردن بە جلوبەرگی کوردی وەک بەشێک لە کولتوور و شوناسی خەڵکی کوردستان، هەوڵ درا وێنایەکی ناشیرین لە ئینسانی کورد و خەباتکارانی نیشان بدرێ. بەمەشەوە نەوەستان و بە بڵاوکردنەوەی چەند بەرنامەیەکی دیکەی پڕ لە درۆ و چەواشەکاری و بە هێرش‌کردنە سەر ڕێبەرانی سیاسیی کورد، بەتایبەت ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە وەک بەشێک لە هێما و سیمبولە نەتەوایەتییەکان و ڕیزکردنی کۆمەڵێک بوختان و ئیدیعای بێ‌بنەما، بۆ جارێکی دیکە  هێرش کرایە سەر بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان. لە لایەکی دیکەوە و هاوکات لە گەڵ ئەم شەپۆلە لە هێرشی میدیایی بۆ سەر حیزبەکان، هەر لە ماوەی ئەم مانگەدا نزیک بە سەد کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا شوێنی بەندکران و چارەنووسی زۆربەیان ناڕوونە. بە وردبوونەوە لە کاتی ئەم هێرشە نوێیەی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی نێوخۆی وڵات و حیزبەکان و نێوەرۆکی ئەم بەرنامانەی لە میدیاکانی ڕێژیم‌دا دژ بە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بڵاوبوونەوە، سەرنجمان بۆ لای کۆمەڵێک باس و بابەت ڕادەکێشرێ کە هەوڵ دەدەین لەم مەجالە کورتەدا ئاماژەیان بخەینە سەر:   کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هوشیار خودی ئەم هێرشە تازانە بۆ سەر خەڵک و چالاکان لە نێوخۆی وڵات کە بەردەوام و بە شێوەی جۆراوجۆر دەکرێن، دەری دەخا کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی زیندوو، خاوەن هەڵوێست و وشیار بەرەوڕوویە. شەڕی زیاتر لە چل ساڵەی ڕێژیم لە کوردستان، نەتەنیا نەیتوانیوە ئەم میللەتە دەستەمۆ و تەسلیم و گۆشەگیر بکا، بەڵکوو ئەوە ڕیژیمە تووشی شکان هاتووە و لای خەڵکی کوردستان نامۆ و غەوارەیە. پەرەسەندنی چالاکی و بەشداریی خەڵکی مافخوازی کوردستان لە چووکەترین دەرفەتەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی خەڵک بە گشتی و تەسلیم‌نەبوونیان بەرانبەر هەموو ئەو فشار و سەرکوتکارییانەی کە ڕۆژانە بە شێوەی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمەوە لە سەریان تاقی دەکرێتەوە، بە تەواوەتی ڕێژیمی توڕە و بێ‌هیوا کردووە. کۆڵنەدان بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوت و سووربوون و بەردەوامبوون لە داکۆکی‌کردن لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان، لە زەینی دەسەڵاتدارانی تاران‌دا سیمایەکی تایبەتی لە خەڵکی کوردستان چێ کردووە. ئەوان کە زیاتر لە چل ساڵە هەموو جۆرە چەکێکیان بە مەبەستی سەرکوت‌کردنی ئەم میللەتە لە سەریان تاقی کردۆتەوە، بە لایانەوە سەخت و دژوارە لەسەرپێ‌بوونی ببینن. ئەم لەسەرپێ‌بوونەی خەڵکی کوردستان کە بۆ لەنێوبردنی زۆریان هەزینە کردووە، بەدڵنیاییەوە لە داهاتووش‌دا تێچووی قورس و گرانتریان تووش دەکا. ئەم لەسەرپێ‌بوونە ئەگەر بۆ دەسەڵاتدارانی تاران پەیامێکی نادڵخواز و هەژێنەرە، بۆ ڕەوتی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی دیکەی ئێران، قووەتی قەلب و بووژێنەرە. ئەوان کە چاوی دیتنی ئەم کۆمەڵگە زیندووە و ئەم میللەتە لەسەرپێیەیان نیە، ناوەناوە ڕق و تووڕەیی خۆیانی پێ دەڕێژن و شەپۆلێکی نوێ لە سەرکوتکاری دەست پێ دەکەن کە ئەم جاڕەشیان وەک زۆر جاری دیکە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی لێ کەوتە.   حیزبەکان و پێگەی جەماوەرییان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای کۆمەڵێک کەمایەسیی تایبەت کە هەیانە و خۆشیان حاشا لە بوونیان ناکەن، تا ئێستایشی لەگەڵ بێت، ڕێکخراوترین و جدیترین بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە هەرکامەیان بە مێژوویەک لە خەبات و تێکۆشانەوە پێگەی جەماوەریی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەم نێوەدا و لە سەروو هەمووانەوە حیزبی دێموکراتە کە بە ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی پێ‌پسانەوەوە، پێگەیەکی قووڵ و بەربەرینی جەماوەریی هەیە. ئەم حیزبە لە تازەترین تاقیکارییەکان‌دا دەری خستووە کە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بە ڕێبەری بزووتنەوەی میللی- دێموکراتیکی خۆیانی دەزانن. وڵامدانەوەی خەڵک بە بانگەواز و داواکارییەکانی ئەم حیزبە لە بۆنە و مەجالە سیاسی و فەرهەنگی و حیزبییەکان و لە هەمووی گرینگتر، مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی کە دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبە بەڕێوەچوو، باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی ئیدیعا بکەین کە ئەم حیزبە خاوەنی چ پێگەیەکی بەرزی جەماوەرییە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە چل ساڵە بە پیلانی جۆراوجۆری وەک تێرۆری ڕێبەران و لەنێوبردنی کادر و پێشمەرگە و تۆپباران و موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی ئەم حیزبانە هەوڵی لەنێوبردن یان لانیکەم لاوازکردنیان دەدا، کەچی ئەم حیزبانە، بەتایبەت حیزبی دێموکرات ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە نێو خەڵکی خۆیان‌دا پێگەی جەماوەرییان زیاتر پەرە دەستێنێ. ئەم واقعیەتە کە خودی ڕێژیم ڕاشکاوانەتر لە هەموو لایەک هەستی پێ دەکا بۆ کاربەدەستانی  هەروا بە ئاسانی ناتوانێ قابیلی قبووڵ بێت. بۆیە دیسانیش هەوڵ دەدات – ئەمجارەیان لە ڕێگای شانتاژی میدیاییەوە – کار لەسەر خەوشدارکردنی ڕوخساری ئەم حیزبانە بکا. ئەوەی لەم نێوەدا جێی سەرنجە و بۆ ئێمە گرینگ و پڕ بەهایە، هەڵوێستی بەردەنگەکانی ئەم چەواشەکاریانە واتە خەڵکی کوردستانن کە لێیان دڵنیاین؛ ئەوەندە وشیار و چاوکراوەن کە ئەم جۆرە هەوڵە نەزۆکانە نەتەنیا کار لەسەر گۆڕینی ڕوانگەیان بەرانبەر بە حیزبەکان و ڕۆڵە تێکۆشەراکانیان ناکا، بەڵکوو سوورتر لە هەمیشە بە دژ ئەم چەواشەکاریانەدا دەچنەوە.   لێدان لە پێشمەرگە و شەهید دوکتور قاسملوو لە زۆربەی ئەو بەرنامە چەواشەکاریانەی لە میدیاکانی ڕێژیمەوە دژ بە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بڵاو بوونەوەتەوە، هێرش بۆ سەر ڕێبەران و کەسایەتی‌یە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت دوو هێما و سیمبوولی ئەم بزووتنەوەی تێدا بەرچاو و بەرجەستەن کە یەکیان پێشمەرگەی کوردستان و ئەوی دیکەیان شەهید دوکتور قاسملوویە. هەروەک دەزانین “پێشمەرگە” کە یەکێک لە دەسکەوتە مەزنەکانی کۆماری کوردستانە، ئێستا لە زەینی هەموو ئینسانێکی کورددا وەک سیمبولی ئازایەتی کە داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتە بۆتە بەشێک لە شوناسی نەتەوەییی هەموو نەتەوەی کورد. ئەم هێمایە کە بەردەوام لە بزووتنەوەی کوردستان‌دا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەر و قارەمانانەی گێڕاوە، لەم ساڵانەی دوایی‌دا لە بەرەی شەڕ دژ بە داعش توانی پێگەیەکی نێونەتەوەییش بۆخۆی دەستەبەر بکا. ئەم واقعیەتە لە وجوودی پێشمەرگە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی چوار دەیەیە لە هەموو بەرەکان‌ لەدژی شەڕ دەکا، نەتەنیا ناتوانێ دڵخۆشکەر بێ، بەڵکوو مایەی شکستێکی گەورەی فکر‌ییە. ئەوان باش دەزانن کە پێشمەرگە لە باوەڕ و زەینی خەڵکی کوردستان وەک هێزێکی باوەڕپێکراوی ئازا جێی گرتووە کە لە پێناو ئامانجەکانی خەڵکەکەی‌دا ئامادەی هەموو فیداکاری و گیانبازییەکە. ئەوان باش دەزانن کە ڕۆژانە دەستەدەستە لە ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن و لە لای خەڵک و کۆمەڵگە بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرێ. بۆیە تەواوی هەوڵیان ئەوەیە ڕوخساری ئەم قارەمانەی میللەتی کورد بشێوێنن کە هەر وەک دەرکەوتووە لەم بوارەش‌دا مایە پووچ دەردەچن. بەئامانج‌گرتنی یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکان لێکنزیک‌بوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و پێکهاتنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، نیگەرانییەکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە هەر وەک لە پیلانەکانی‌دا دەردەکەوێ، هەموو هەوڵێک دەدا کە ئەم دەسکەوتانە لەبار بەرێ. زەق و زیندووکردنەوەی کۆمەڵێک باس و بابەتی ماوە بەسەرچووی وەک شەڕ و کێشەی نێوخۆیی نێوان حیزبەکان لەگەڵ یەکتری بە مەبەستی جۆرێک لە حەساسیەت درووست‌کردن کە ئامانجی ئەم بەرنامانەی میدیاکانی ڕێژیمە، بەشێکە لە پیلانی دووبەرەکی‌نانەوە لە نێو بزووتنەوەی کورددا. حیزبەکان و سەرکردایەتیی ئەم حیزبانە لە هەموو کەس و لایەنێکی دیکە باشتر دەرد و ئازار و خەساری دووبەرەکی، ناکۆکی و شەڕی خۆبەخۆ دەزانن، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی یەکڕیزی و هاوکارییەوە درووستیان کردووە، دەسکەوتێکی کەم نییە. ئەم لێک‌نیزیک‌بوونەوانە کە بێ‌گومان خەڵکی کوردستانی پێ خۆشحاڵە و بۆ بزووتنەوە بە گشتی قووەتی قەلب و هیوا بەخشە، کێچی لە کەوڵی نەیارانی بزووتنەوەی کورد و لە سەروو هەمووانەی کۆماری ئیسلامی ئێران خستووە. بۆیە لەم بارەوە پێویستە زۆر وریا بن. هەرچەند بە خۆشییەوە لە ئیستای بزووتنەوەی سیاسیی کورددا زۆر لەو ڕووداوە ناخۆشانەی ڕابردوو دوور کەوتووینەتەوە و بەرەو قۆناغێک لە یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی تۆکمە هەنگاو دەنێی، بەڵام دیسانیش پێویستە لەم پێوەندییەدا وریای پیلانەکانی ڕێژیم و نەیارانی دیکە بین. خەڵکی وشیار و خاوەن هەڵوێستی کوردستان لەبەرانبەر زیاتر لە چوار دەیە لە سیاسەتی دژی‌گەلیانەی نیزامی دەسەڵاتداری مەزهەبێ لە تاران، بەرەنگاریی لە خۆی نیشان داوە و بە هیچ شێوەیەک نەتەنیا تەسلیم نەبووە بەڵکوو لە هەموو ئاست و بوارەکان‌دا خۆی لە پرسەکانی خۆی بەخاوەن کردووە. لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای هەوڵێکی زۆری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لێکدابڕانی حیزبەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان و پەراوێزخستنیان، بە خۆشییەوە حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات توانیویەتی بە سیاسەتی دروست و هەڵوێستی واقعبینانە وەک هەمیشە پشتی بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان قایم بێ و ئەم پێگەیەی لە نێو جەماوەری خەڵک‌دا قوڵتر و بەرینتر بکات. زیندوو ڕاگرتنی کۆمەڵگەی کوردستان کە ئەلحەق چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی لە هەموو بوارەکان‌دا خەریکن لە پێناوی‌دا زۆرترین تێچووی بۆ دەدەن، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە کە دەتوانێ وەک تا ئێستا سەلماندوویەتی وڵامێکی توند بێت دژ بە سیاسەتی ئینکار و سەرکوتی ڕێژیم. هەر لەم پێوەندییەدا شیاوترین و پڕ ماناترین وەڵام بە ئەم هەوڵ و پیلانانەی ڕێژیم – کە دەتوانێ دڵخواز و دڵخۆشکەری خەڵکیش بێت – پاراستنی یەکیەتی و یەکگرتوویی نیوان حیزبەکان و هەڵێنانەوەی هەنگاوی زیاتر لەم پێناوەدایە.