![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2020/11/dilan-hardi.jpg)
ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزمدا
تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی
تێرۆریزمی دەوڵەتی بەو کردەوە تێرۆریستییانە دەگوترێ کە دەوڵەت کەڵکیان لێ وەردەگرێ، یان بە ئەنجامدانیان لە لایەن خودی دەوڵەتەوە لەسەر بەشێکی دانیشتووانی وڵات، یان بە پشتیوانیکردنی "کردەوەی تێرۆریستی و ئەنجامدانی لە لایەن گرووپە بکەرەکانییەوە، یان ئەنجامدانی لە لایەن ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی وڵات وەکوو ئامراز لە خزمەت سیاسەتە دەرەکییەکانی دان". بە گوتەی ژوان لەنز، ئەوەی کە سیستەمێکی تۆتالیتەر لەوانیتر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە، ئەو تێرۆرە بەردەوامە زیاتر لە دژی ئێلیتەکانەوە ئەنجام دەدرێ نەک هەموو دژبەرانی دەوڵەت، یان تەنیا لە دژی بژاردە و کەسە گرنگەکانی دژبەران دەکرێ. ئـ. "کوشتنە زنجیرەییەکان" کۆتایی شەڕی ئێران-عێراق لە ١٣٦٧دا، مردنی خومەینی لە ١٣٦٨دا و دەستنیشانکردنی خامنەیی وەکوو وەلی فەقیهــ و پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا، قۆناغێکی نوێی لە شێوازەکانی سەرکوتکردن و لە سێداردانی چالاکە سیاسییەکان هێنایە کایەوە کە پێشتر باسی لێوە کرا. سەرکوتکردن و گوشار بۆ سەر دژبەران و ناڕازییان لە دوای هاتنە سەر کاری خامەنەیی، شێوەیەکی سیستەماتیکتر و ڕێکخراوتر و شاراوەتری بە خۆیەوە گرت. ئۆپەراسیۆنی "کوشتنە زنجیرەییەکان" لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٧- ١٣٧٧دا، بریتییە لە زنجیرەیەک کوشتن کە لەودا ژمارەیەکی زۆر ئێلیت و بیرمەندی ئێرانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە شێوەی نهێنی کرانە ئامانج. زیاتر لە ٨٠ ئێلیت و بیرمەندی ئێرانیی ڕەخنەگر کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی حکوومەت دەگرت، لەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنەدا تیرۆر کران. کوشتنەکان لە لایەن بکەرانی نێوخۆی سەر بە حکوومەتەوە ئەنجامدران. لەنێو قوربانییەکان کەسایەتیی جۆراوجۆر هەبوون وەکوو ڕێبەری سیاسی، نووسەر، وەرگێڕ، شاعیر، چالاکی سیاسی و هاووڵاتیی ئاسایی، کە بە شێوازی جۆراوجۆری وەکوو ڕووداوی ئۆتۆمبێل، زەبری چەقۆ، فیشەک و دەرزیی پۆتاسیۆم بۆ دروستکردنی جەڵتەی دڵ، کوژرابوون. ئەو زنجیرە کوشتنانە دوای تێرۆری داریوش فرووهەر، وەزیری پێشووی کار (لە کۆماری ئیسلامیدا) و سکرتێری گشتیی حیزبی گەلی ئێران، لەگەڵ هاوسەرەکەی -پەروانە فرووهەر- کە هەردووکیان ڕەخنەگر بوون، ئاشکرا بوو و ناڕەزایەتیی گشتی لێ کەوتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دەدا کە هۆکاری کوژرانەکان لە حکوومەت گرێ نەدەن و بیخەنە ملی دوژمنی دەرەکی. بەڵام زۆری نەکێشا بابەتەکە بوو بە هۆی مشتومڕی نێوان میانەڕەوەکان و بناژۆخوازەکان. دوای ئەوەی میانەڕەوەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، دادستانەکانی دۆسیەکە ڕایانگەیاند کە ئەکتەری سەرەکیی کوشتنە زنجیرەییەکانیان دۆزیوەتەوە. ئەمجارە بناژۆخوازەکان هەوڵیان دەدا هۆکاری کوشتنەکان بە ناسیاسی نیشان بدەن و بیکەن بە بابەتێکی کۆمەڵایەتی، بەڵام لە کۆتاییدا، حکوومەتی میانەڕەو بۆ پێشاندانی وێنەیەکی ئەرێنی لە خۆی و هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، وایکرد کە سێ کەسی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێ و وەزیری ئیتلاعاتیش لە سەر پۆستەکەی لابدرێ. بـ. سپۆنسەری تێرۆر لە دەرەوەی وڵات لە دوای ساڵی ١٣٥٨ـەوە، بەشێک لە دیاسپۆڕای ئێرانی یان کۆمەڵگەی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، کە پێکهاتووە لە بیرمەندان، نووسەران، کەسایەتی و چالاکە سیاسییەکان، بەردەوام ململانێیان لەگەڵ سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران دەکرد و هەوڵیان دەدا نەک هەر لە دەرەوە و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، بەڵکوو لە نێوخۆی ئێرانیش کاریگەرییان هەبێ و هەردوو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی ئێران لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران ئاگادار بکەنەوە. هەر بۆیەش، لە دوای شۆڕشەوە، بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەو بەشە لە دیاسپۆڕا بەردەوام وەکوو هەڕەشەیەک سەیر کراوە و ئێلیت و سیاسەتمەدار و ڕێبەرە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بوون بە ئامانجی دەزگا سیخوڕییەکان و دەستەکانی تێرۆری سەر بە حکوومەتی ئێران لە دەرەوەی وڵات. جیاوازیی تێرۆرەکانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ تێرۆرەکانی نێوخۆی ئێران لەوەدایە کە، لە تێرۆرەکانی دەرەوەدا، هەر دوو باڵی بناژۆخواز و میانەڕەو پشتیوانییان لێ دەکرد و هیچکامیان لە دژی ئەنجامدانی ئەو تێرۆرانە بەفەرمی هەڵوێستیان نەگرت. لەگەڵ ئەوەشدا کە دادگای وڵاتانی دیکە بە بەڵگەوە چەندین کەسی سزا داوە یان داوای دادگاییکردنییان دەکا، بەڵام لە نێوخۆی ئێران، نە هیچ بکەرێکی ئەو تێرۆرانە دەستگیر کراوە و نە هیچ کەسیش تا ئێستا لە سەر ئەو بابەتە دادگایی کراوە. هەر کات دادگایەکی وڵاتانی دەرەوە بکەرێکی کردەوە تێرۆریستییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێرانی دادگایی کردوە، باڵی میانەڕەو کە شارەزایی زیاتری لە کاری دیپلۆماسیدا هەیە، زیاتر لە باڵی بناژۆخوازەکان هەوڵی داوە بە گوشاری سیاسی یان بە هەر شێوەیەک بۆی کرابێ، بکەرەکان ڕزگار بکا و بیانگەڕێنێتەوە ئێران، زۆر جاریش لەو کارەدا سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە، دوای تێرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات و عەبدوڵڵا قادریئازەر، نوێنەری ئەم حیزبە لە دەرەوەی وڵات لە ساڵی ١٣٦٨دا لە شاری ڤییەن، کە لە لایەن دیپڵۆماتکارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام درا، حکوومەتی ئێران گوشاری خستە سەر حکوومەتی ئەو کاتی ئۆتریش بۆ ئەوەی بکوژەکان ڕادەستی ئێران بکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگر بی لە دادگاییکردنی بکەران و دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە لایەن دەزگای دادوەریی ئۆتریشەوە. یەکێک لە ئەندامە گرنگەکانی دەستەی تێرۆر لە ئۆتریش، مەحموود ئەحمەدینەژاد بوو کە دواتر کرا بە سەرکۆماری ئێران. هەروەها، سەرۆکی دەستەی تێرۆر، محەممەد جەعفەری سەحراروودی بوو کە دواتر کرا بە بەرپرسی دەفتەری سەرۆکی پاڕلمانی ئێران. ژمارەی قوربانییانی تێرۆری دەوڵەتی لە دەرەوەی ئێران ڕوون نییە، چونکە پێویستی بە سەرچاوە و بەڵگەی سەلمێنەر هەیە، بەڵام بەگوێرەی ئەو ژمارانەی لە لایەن سەرچاوە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتەوە بڵاو دەکرێنەوە، زیاتر لە هەزار کەس بوونەتە قوربانیی تێرۆری دەوڵەتیی حکوومەتی ئێران. یەکەم کەس کە هەوڵی تێرۆر کردنی لە دەرەوەی وڵات درا، شاپوور بەختیار، سەرۆکوەزیرانی پێشوی ئێران (لە سەردەمی شادا) و سکرتێری گشتیی "حیزبی ئێران" بوو کە نیشتەجێی شارۆچکەیەکی نزیک پاریس بوو. ساڵی ١٣٥٩، شاپوور بەختیار لە لایەن کەسێکی لوبنانییەوە بە ناوی ئەنیس نەققاش لە ماڵەکەی خۆیدا کرایە ئامانج. هەرچەندە کردەوە تێرۆریستییەکە شکستی هێنا، بەڵام پۆلیسێک و کەسێکی مەدەنی فەڕەنسی کوژران و پۆلیسێکیش بریندار بوو. ئەنیس نەققاش لە لایەن پۆلیسی فەڕانسەوە دەستگیر کرا و بە بەندکرانی هەتاهەتایی سزا درا، بەڵام دە ساڵ دواتر، لە ساڵی ١٣٦٩دا لەگەڵ چوار بکوژی دیکەدا ئازاد کرا (بە ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان فەڕانسە و ئێرانغدا، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا، ٤ بارمتەی فەڕەنسی لە لوبنان ئازاد بکرێن). دوای ئازادبوونی، ئەنیس نەققاش کرا بە سەرۆکی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە بە ناوی ئەمان. ئەنیس نەقاش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزدا دەڵێ: "حوکمی مردنی بەختیار لە لایەن دادگای شۆڕشەوە ڕاگەیەندرابوو و لە لایەن ئیمام خومەینییەوەش پەسند کرا. بە هاوڕێیانی پاسدارم گوت کە دەبێ هەرچی زووتر شتێک بکەین، چونکە کەسێکی مەترسیدارە. [...] کوشتنی بەختیار یەکێک لە شانازییەکانی منە." ئەنیس نەققاش، گەلاوێژی ١٣٨٧ لە ساڵی ١٣٧٠دا و ساڵێک دوای ئازادکرانی ئەنیس نەققاش، شاپوور بەختیار لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی لە ماڵی خۆیدا تێرۆر کرا. شوێنی لێدانی ١٣ چەقۆ بە جەستەیەوە دیار بوو و قوڕگیشی بڕابوو. دوای ئەو ڕووداوە، پۆلیس بە دوای ٩ گومانلێکراودا دەگەڕا کە یەکێکیان، ڕاوێژکاری وەزیری پەیوەندی و گەیاندنی ئێران بوو. لەو ٩ کەسە تەنیا یەک کەسیان بە ناوی عەلی وەکیلیڕاد لە وڵاتی سوئیس دەستگیر کرا و بە ١٨ ساڵ بەندکرانی بێ کەمبوونەوە سزا درا، بەڵام ساڵی ١٣٨٩، دوو ڕۆژ دوای ئازادکرانی خوێندکارێکی فەڕەنسی، کە ماوەی ساڵێک بوو لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرابوو، عەلی وەکیلیڕاد بە شێوەیەکی گوماناوی ئازاد کرا. بەپێی بەدواداچوونی ڕاگەیەنە فەڕەنسییەکانی وەکوو لۆمۆند و لیبراسیۆن و لۆپاریسیەن، ڕێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان حکوومەتی ئێران و حکوومەتی فەڕانسە بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان کراوە. عەلی وەکیلیڕاد، دوای گەیشتنەوەی لە فڕۆکەخانە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پێشوازیی لێ کرا و وەکوو قارەمانێکی نەتەوەیی ناسێندرا. بە گوتەی جێرێمی هانت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، حکوومەتی ئێران، هاووڵاتییانی مەدەنی وڵاتانیتر بە بارمتە دەگرێ و وەکوو "بارمتەی دیپڵۆماتیک" دەیهەوێ گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە. هانت حکوومەتی ئێرانی وەکوو ڕێژیمێکی بێپڕەنسیپ و نامرۆڤانە وەسف کرد. لە ساڵەکانی ١٣٥٩و ١٣٦٩دا، دەیان ئێلیت و ڕێبەر و کەسایەتیی سیاسی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە وڵاتانی ئورووپی تێرۆر کران. زۆربەی ئەو تێرۆرانە لەنێو باڵوێزخانەکاندا ڕێک دەخران، چونکە لەنێو هەر باڵوێزخانەیەکی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جیهان، دەفتەر یان ژووری کاری دەزگا زانیارییەکانی ئێرانی تێدایە کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان، کەڵک لە ئۆتۆمبێل و پاسپۆرتی دیپڵۆماتیک وەردەگرن، بۆ ئەوەی پۆلیسی ئەو وڵاتانە نەتوانێ بە ئاسانی پێش بە کارەکانیان بگرێ.