کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جلوبەرگ وەک یەکێک لە نیشانەکانی شوناسی نەتەوەیی

00:40 - 17 رێبەندان 2720

جۆر و شێوەی جلوبەرگ لەنێو هەموو نەتەوەکان‌دا بە یەکێک لە نیشانەکانی شوناسی فەرهەنگی و نەتەوەیی ئەو نەتەوەیە دادەنرێ. واتا لەنێوان فەرهەنگ و شوناس و جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک‌دا پێوەندییەکی نەپچراو هەیە، هەر ئەوەشە وا دەکا نەتەوەکان تەنانەت بە هۆی جلوبەرگیانەوە  بە ئاسانی لێک بکرێنەوە، یان نەتەوەیەکی پێ بناسرێتەوە. بێگومان هەر نەتەوەیەک بەپێی هەلومەرجی جوغرافیایی و ڕەوتی مێژوویی کە پێیدا تێپەڕیوە و پێداویستییەکانی ژیانی، جۆرێک جلوبەرگی تایبەتیی بۆ خۆی دابین کردووە و ئەو جلوبەرگە بە تێپەربوونی زەمان و نیازی سەردەم ئەگەر ئاڵوگۆرێکیشی بەسەردا هاتبێ، بەو ڕادەیە نەبووە کە ڕەسەنایەتیی خۆی لەدەست بدا. بە واتایەکی دی جلوبەرگ یەکێک لە گرینگترین هێماکانی شوناسی نەتەوەیی هەر گەلێکە و پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە فاکتۆڕ و بنەماکانی دیکەی پێکهێنەری ئەو گەلە، بۆیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە دەکرێ و دەتوانرێ لە ڕێگای لێکۆڵێنەوە لەسەر جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک، بە هاسانی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی شوناسی ئەو نەتەوەیە دەربخرێ و دەتوانێ سەرچاوەیەکی گرینگ بێ بۆ ئەوەی مێژوو و تەنانەت خاڵی شاراوەی ئەو نەتەوەیە دەستنیشان و ئاشکرا بکرێ. لە سەردەمی ئیستادا نەتەوە باڵادەستەکان بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوە ژێردەستەکان‌ لە خۆیان‌دا و زاڵبوون بەسەریان‌دا، لە تەنیشت سەرکوت و زەبروزەنگ، پلان و پیلانیان بۆ ئەوەیە فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە بەتایبەتی جلوبەرگ و نەریت و بۆنەکانیان بکەنە ئامانج، چونکە بە گوڕێنی فەرهەنگ و شێوەی جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک جۆری ژیان و تەنانەت بەرهەم‌هێنانیش ئاڵوگۆری بەسەردا دێ و بەرە بەرە ئەو ئاڵوگۆڕە کاریگەریی خۆی لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەو نەتەوەیە دادەنێ. لە مێژووی نیزیک بە سەد ساڵی ڕابردووی ئێران‌دا هەر دوو سیستمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بە هەموو ڕێگایەک‌دا هەوڵیان داوە لەژێر ناوی "ئێران یەک وڵات و یەک نەتەوە"دا، کولتوور و زمانی نەتەوەی فارس بەسەر گەلانی دیکەی ئەم وڵاتەدا بسەپێنن. ئەو ڕەوتە لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشای پەهلەوی‌دا دەستی پی کرد و کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا وەک میراتگرێکی بەئەمەگ درێژەی بەم پروسەیە داوە. بەڵام هەر ئەوکات کە ڕەزاخان دەستی بەو پڕۆسەیە کرد، ئەوە کوردستان بوو کە بوو بە پێشەنگی خۆڕاگری و بەرەنگاری لە دژی پیلانەکانی ناوەند، کە دیارترینیان شۆڕشی مەلا خەلیل لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار و مەهاباد بوو. کۆبوونەوەی هێز لە دەوری مەلا خەلیل ترسی وەبەر دەسەڵاتی ڕەزاشا نا کە نەکا ئەو بزووتنەوەیە کە بە دژایەتیی سیاسەتی یەکدەست‌کردنی جلوبەرگ وەڕی کەوتووە، ڕێچکەی خۆی بگۆڕێ و ببێتە جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتیی بەربەرینی نەتەوەیی و لەو ناوچەیەوە تەشەنە بکا بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان. بۆیە ڕێژیمی پاشایەتی بە هەموو هێزی نیزامیی خۆیەوە سەرکوتی کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا کورد بەهۆی بەرگریی لە شوناسی نەتەوەیی و خۆڕاگریی ئازایانەی نەیهێشت سیاسەتی هێرشی فەرهەنگیی ڕێژیم لە کوردستان سەرکەوتوو بێ. بە ڕووخانی سیستمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی،  ستراتیژیی "ئێران یەک وڵات و یەک میللەت" نەک هیچ ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهات، بەڵکوو زیاتر تۆکمە کرا و کۆماری ئیسلامی بە سیستماتێک‌کردنی ئەو ستراتیژییە بەتایبەتی لەژێر ناوی پێڕەوی لە قانوونەکانی دین و مەزهەب زیاتر لە دەسەڵاتی پاشایەتی کاری بۆ کردووە. ئەگەر ڕێژیمی پاشایەتی لە هەوڵی دروست‌کردنی دەوڵەت- نەتەوە لەسەر بنەمای فەرهەنگ و زمانی فارس‌دا بوو، کۆماری ئیسلامی هەنگاوێک زیاتر لە نیزامی پاشایەتی هەوڵی بۆ ئەو یەکدەست‌کردنەی گەلانی ئێران داوە و لە ماوەی  ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو ئیمکاناتی ماددی و تەبلیغی لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە دەوڵەت-نەتەوەیەک لەسەر بنەماکانی فەرهەنگ و زمانی فارس‌دا بنیات بنێ کە لە هەمان کات‌دا بنەماکانی مەزهەبی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامییشی تێدا بەرجەستە بکرێتەوە. زۆر جاران کردار و ڕەفتارەی کاربەدەستانی ڕێژیم دەرحەق بە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران ئەوەندە زەق و بەرچاو بوون کە ناڕەزایەتیی بەرینی ئەو نەتەوانەی لێ کەوتووەتەوە. لەو وڵاتانەی چەندین نەتەوەی تێدا دەژین و بە سیستمی دێموکراتیک ئیدارە دەکرێن، دەوڵەت هەوڵ دەدا و بەستێنی ئەوە دەخوڵقێنێ کە نەتەوەی زۆرینەی ئەو وڵاتە جگە لە زمانی خۆیان فێری زمانی کەمینەکان و ئاشنا بە کولتووری ئەو نەتەوانەش بن، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە هەستی پێکەوەژیان و تەبایی کۆمەڵایەتی لەنێو ئەو نەتەوانەدا دروست ببێ و بەدوور لە هەستی دوژمنکارانە و دمارگرژی نەتەوەیی، ڕێگا خۆش بکرێ کە وڵات لە ئەمنییەت و لە ئارامی‌دا ڕەوتی گەشە و پێشکەوتنی خۆی بپێوێ. بەڵام لە وڵاتانی وەک ئێران کە بە سیستمێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆری بەڕێوە دەچن، بە پێچەوانەی وڵاتانی دێموکراتک دەجووڵێنەوە و هەموو هەوڵیان ئەوەیە زمان و فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکانی دیکە لە پێکهاتەی نەتەوەی باڵادەست‌دا بتوێننەوە و بە باوەڕی خۆیان بەوکارە یەک نەتەوە دروست بکەن. بەڵام دەبینین لە ئێران بە درێژایی لانی‌کەم سەدەیەک نەیانتوانیوە لەو پرۆژەیەدا سەربکەون و لە هەمان کاتیش‌دا ئەو سیاسەتە بۆتە هۆی لێکترازانی زیاتر و دوورکەتنەوەی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و ئەوەش کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگەی ئێران لە هەموو بوارەکان‌دا. پوختەی مەبەست: جلوبەرگ و نەریتەکانی هەر گەلێک ڕەگی لە مێژووی ئەو گەلەدایە، بۆیە بێ‌حورمەتی بە جلوبەرگی کوردی لەژێر هەر ناو و مەبەستێک‌دا بێ ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی دژایەتی‌کردنی ئەو نەتەوەیە و ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ ئاسیمیلەکردنی کورد دەیکا، ئاسنی ساردکوتانە.