کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"زەویی ئێمە دانی ئێوەی لێ شین نابێ"

00:41 - 17 رێبەندان 2720

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە یەک مانگ و نیوی یەکەمی زستانی ئەمساڵ‌دا ١٦٠ کەس لە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی و ژینگەپاریزیی کوردیان بە تۆمەتی چالاکی لە دژی ڕێژیم دەسبەسەر کردووە. شەپۆلی نوێی ڕەشبگیریی ئەم دواییانە لە کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی ژمارەی زۆری بەندکراوان ئەویش لە ماوەیەکی زەمەنیی کورت‌دا تایبەت دەنوێنێ، بەڵام دیاردەیەکی تازە نییە؛ لەبەر ئەوەی دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم تەنیا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٣١٠٠ کەس لە چالاکانی کوردیان لە بەندیخانە پەستاوتووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە کوردستان شەڕە و ئەو شەڕەش پتر لە ٤٠ ساڵە بەسەر کوردستان‌دا سەپاوە و لە فۆڕمی جۆراوجۆردا بەردەوام بووە. ئەم شەڕەی کۆماری ئیسلامی بە کوردی دەفرۆشێ، لە بەهاری ئازادیی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ بە لەشکەرکێشیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ناوەندی و بە پشت‌قایمیی فیتوای ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ بنەبڕکردنی "کوفر" لە کوردستان دەستی پێ کرد. کوفرە گەورەکەی کورد ئەوە بوو زۆر زوو جەوهەری دەسەڵاتی نوێی لە تاران ناسی و ئامادە نەبوو ئەو ڕێژیمە بەڕەسمی بناسێ. کوفرەکە ئەوە بوو خەڵکی کوردستان ئەو ماف و ئازادی و دەسکەوتانەیان دەویست کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەخ خەباتیان بۆ کردبوو و ڕووبارێک خوێنیان بۆ دابوو. کوفرەکە ڕاوەستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی داپڵۆسێنەر و "نا"گوتن بە توانەوە و بندەستی بوو. ئەوەش لە ڕوانگەی مەلاکانی جەمارانەوە گوناحێکی کەبیرە بوو کە کورد دەبوا تاوانەکەی بدا و لەوکاتەوە گەلی ئێمە ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە تاوانی ماف‌ویستی و ئازادیخوازیی خۆی دەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە ٢٢٠٠ کەسی لە کوردستان بە تاوانی! دژایەتی لەگەڵ نیزامی ویلایەتی فەقیهـ ئێعدام کردووە. لە نێوخۆی وڵات، باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات زیاتر لە ٤٥٠ کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەری کوردی تێرۆر کردووە. ٣٢ گوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کردووە و لەو ڕەشەکوژییانەدا ٢٨٠ گوندنشین -پیر و لاو و ژن و منداڵ-ی قەڵاچۆ کردوون، هەروەها ٤١ گوندی بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکەکەی تێک‌وپێک داوە و تەختی زەویی کردوون. لە مەیدانی شەڕی ڕاستەوخۆش‌دا بەهۆی هیڕشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرگریی ڕەوای هێزی پێشمەرگە نیزیک بە حەوت هەزار پێشمەرگەی هێزە سیاسییەکانی کورستان شەهید بوون و بە هەزاران کەس خەڵکی سڤیل و بێ‌دیفاع کە لەنێو ئەوانیش‌دا دیسان بە سەدان ژن و منداڵ دەبیندرێ گیانیان لێ ئەستێندراوە. زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس خەڵکی مەدەنی -شوان، وەرزێڕ، منداڵ، کۆڵبەر و کاسبکار- بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و پتر لە ٤٥٠٠ کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار و نقوستان بوون. ئەم شەڕە داسەپاوە لە کوردستان لە هەموو گۆڕەپانەکان‌دا و بە هەموو مێتۆد و شێوازێک درێژەی هەبووە. کوردستان بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی، کەمترین پشکی لە بودجەی وڵات بۆ ئاوەدانی و بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە، کەچی ئاو، دار، بەرد و زێڕ و کانە سروشتییە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی بەتاڵان براوە و تەنانەت لێڕەوار و دارستانەکانیشی ئاگر دراون و سووتێندراون. هەژاری، بێ‌دەرەتانی و بێکاریی لەڕادەبەدەر لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران کە لێکەوتەی سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووریی کوردستانن، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان پەرەی بە دیاردەی کۆڵبەری داوە، بەڵام لەوێندەرێش هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کاسبکاران دەچنە کەمینەوە و دەیاندەنە بەر دەستڕێژ. ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن تەنیا لە ٥ ساڵی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ٤٠٠ کۆڵبەریان کوشتووە و ٦٥٠ کۆڵبەریان بە زەبری گوللە بریندار کردووە. ئەم شەڕە لە بەستێنی کولتووری و شەڕی نەرمیش‌دا هەم درێژەی هەبووە و هەم دەرەنجامی جیاوازتری لێ کەوتووەتەوە. ستراتیژیی شەڕی نەرمی ڕێژیم لەدژی کورد لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەمە بووە کە کۆمەڵگەی کوردی تووشی قەیرانی شوناس بکا، مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد چەواشە و ئاستی داخوازەکانی کورد بۆ لانیکەمی خۆی دابەزێنێ، لە پێگە و هەیبەتی کاریزما و ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد بدا، بە پەرەپێدان بە هەستی ئێرانچیەتی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کورد لاواز بکا، بە دروست‌کردنی درز و کەلەبەر لەنێوان کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە کوردییەکان لە ئێعتبار و متمانەی هێزە دژبەرەکانی بدا و مەیدانیان پێ چۆڵ بکا و؛ دواجار جۆرێک بنوێنێ کە ئەننەهوو شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێران‌دا نەبووە و نییە! بۆ ئەو مەبەستەش ئیمکانات و هێزی ماددی و مرۆیی زۆروزەوەندی تەرخان کردووە. بەڵام هەموو ئەو پیلان و پلانە ورد و درشت و نەرم و ڕەق‌ئامێرییانەی کۆماری ئیسلامی نەک سوودێکی ئەوتۆی بۆ ڕێژیم نەبووە، بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە: ڕێژیم زۆر هەوڵی دا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دابماڵێ، کەچی هەر ڕووداوێک و هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد –تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش-دا، ڕەنگدانەوەکەی لە شەقام و چالاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بە چاوی خۆی دەیبینێ. ڕێژیم هەوڵی زۆری دا دیوارێکی گەورە لە نێوان کوردی شیعە و کوردی سووننە و، دەستەخوشکیی مەهاباد و سنە و کرماشان و ورمێ‌دا دروست بکا؛ بەڵام بوومەلەرزەکەی کرماشان و ئەو حەماسە نەتەوەیی و کوردانەیەی لە ماکۆوە هەتا سەرپیڵی زەهاو وەڕێ خرا، ئەم دیوارەی بەسەر کۆماری ئیسلامی و ستراتیژیستەکانی‌دا ڕماند. چیی نەکرد بۆوەی حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکە لەپێش چاوی خەڵکی کوردستان بخا، بەڵام کاتێک ویستی ئاکامی چوار دەیە هەوڵ و بەرنامەدانان و تێچووەکانی لە مووشەک‌بارانی ١٧ی خەرمانانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا هەڵگرێتەوە؛ مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی خەڵکی کوردستان بۆ بەخاوەن‌کردنی کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان و حیزبە خۆشەویستەکەیان تاساندنی. پەیامی ئەو رێفڕاندۆمە ڕاستەقینەیە ئەوە بوو: " زەویی ئێمە دانی ئێوەی لێ شین نابێ، بارکەن بڕۆن....". ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستاش‌دا بە دروست‌کردنی فیلم و دێکیۆمێنت هەوڵی ڕووشاندنی ڕوخساری بزووتنەوەی کورد دەدا، ئاسنی ساردکوتانە. چونکی بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێ و خەڵکی کوردستان هەم حیزبەکانی خۆیان و هەم کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەناسن و جەوهەری کۆماری درۆی ڕێژیم نەک هەر بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکوو بۆ کۆمەڵگەی جیهانییش ڕوونە. هاوکات ئەمە دەبێ بە پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەبەری ڕەواییەتی نەبووی دابندرێ. ترسی سەرەکیی ڕێژیم لە ڕەگداکوتانی گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکراتە کە سەرەڕای چوار دەیە سەرکوت و کوشتار و زەبروزەنگ، وەک شەوە و کامووسک خەوی لە چاوی ڕێبەرانی ڕێژیم زڕاندووە. بەڵێ، کوردستان، کوردستانی لەسەر هەست و ئامادە خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامییە.