کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

23:22 - 18 رێبەندان 2720

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە درێژایی تەمەنی خۆی دیپلۆماتەکانی لە هەموو جیهان بۆ کاری تێرۆریستی بە کار هێناوە و پێناسەی دیپلۆمات تێرۆریستی داوە بە ئەو بەناو نوێنەرانەی خۆی لە باڵوێزخانەکانی. جارێکی دیکە و لە وڵاتێکی دیکە بە تاوانی پاڵپشتی کردن و هەوڵ دان بۆ تێرۆر دەستی ڕوو بوو و لە لایەن دادگایەکی وڵاتی بێلژیکەوە دیپلۆمات تێرۆریستێکی بە ناوی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درا. ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دەبیری سێیەمی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە بێلژیک کە بە تاوانی هەوڵدان بۆ کاری تێرۆریستی لە ڕێکەوتی ٣٠-٦-٢٠١٨ لە پاریس  لە گەڵ سێ کەس لە هاودەستانی خۆی دەست بە سەر کرا. دادگایی کردن و بە سزاگەیاندنی تێرۆریست دیپلۆماتێکی وەک ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دەکرێ لە چەندین ڕوانگەوە بخرێتە بەرباس. یەکەم ئەو بۆمبەی کە ئەسەدی بۆ مەبەستێکی تێرۆریستی ویستی بووە کە کەڵکی لێوەربگرێ درووستکراوی وڵاتی ئێرانە و ناوبراو بە کەڵکوەرگرتن لە پارێزبەندی دیپلۆماتیک لە ئێران ڕا بە فرۆکەیەکی مەدەنی و نەفەرهەڵگر لە تاران ڕا بەرەو ئورووپا هێناویەتی و ئەم کردەوەیە جگە لەوەی کە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی مافی پارێزبەندی کردنە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا و پێشێلی کردوە گیانی گەشتیارانی ئەم فرۆکەیەشی خستۆتە مەترسییەوە. دووهەم بابەت ئەوەیە کە ئەو شوێنەی کە ئەم دیپلۆمات تێرۆریستە خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆی بووە وەڵاتی ئۆتریشە(نەمسایە)  وا وێدەچێت کە ئەم وڵاتە لە دوای تێرۆر کرانی ڕێبەری هەر دەم زیندووی گەلەکەمان شەهید دوکتۆر قاسملوو وە بوبێت بە مەکۆی لە ناوبردنی نەیاران و بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چاوپۆشی کردن و مەعاملە کردن لە سەر ناحەقیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووبێت بە ڕێگا خۆشکەر بۆ کردەوە تێرۆریستیەکانی تر لە لایەن رێژیمە و لە ڕێگەی ئەم وڵاتەوە. سێ یەم خاڵی گرینگ لەم کەیسەدا ئەم دەفتەرچەیە، کە لە کاتی دەست بە سەرکرانی ئەسەدی لە ئاڵمان دەستی بە سەردا گیرا، کە ناوی کۆمەڵێک کەسی تێدایە کە ئێران لە ڕێگەی ئەسەدییەوە پێوەندی پێوە کردوون و هاوکاری مادی و ئابووری کردوون بۆ ئەوەی کە دەستەمۆیان بکات و ئامادەکارییان بۆ بکات بۆ کردەوە تێرۆریستیەکانی تر لە باقی وڵاتانی ئورووپا و  کاناڵی یەکی ئەم وڵاتە لە زمانی پۆلیسی فێدراڵەوە باس لەوە دەکات کە بە چەند هەزار دۆلار و یۆرۆ سەرفی ئەم کردەوانە کراوە و ناوی  ١١ وڵاتی ئورووپایی تێداییە و ١٤٤ جار ناوی وڵاتی ئاڵمانی تێدا نووسراوە! بەم شێوەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم چوار کەسە ئەندامی کۆمەڵێکی گەورەتر بوون لە شەبەکە و گروپێکی گەورەتری تێرۆریستی و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە داهاتووش دا وەک رابردوو ئەم رێژیمە لە کردەوەی ئاوا و بە ناوی دیپلۆمات کەڵکی خەراپتر وەر بگرێت و ئەمن و ئاسایشی وڵاتانی دێموکرات بکاتە ئامانجی خۆی بۆ لە ناوبردنی بەرهەڵستکارەکانی، کە وڵاتی ئاڵمان رابردوویەکی پڕشنگداری هەیە بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا و دادگای میکۆنووس نموونەی ڕوونیەتی. لە ئێستاشدا ئیدارەی جنایی فێدراڵی ئاڵمان (BKA) لە لایەن دادستانی ئەم وڵاتەوە ڕاسپێردراوە کە لێکۆڵینەوە بکات لە مەڕ چالاکییەکانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدییەوە. چوارەم/ ئەو شوێنەیە کە ئەم دیپلۆمات تێروریستە و هاوپیشەکانی کردبوویانە ئامانجی خۆیان. پاریس، ئەو شوێنەی لە پێرلاشێز گڵکۆی زۆر کەس و کەسایەتی لێیە کە قوربانیی ئەم سیاسەتەی رێژیمی ئێران و سات و سەوداکانی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیخوازی لێیە. وڵاتی فەڕانسە کە بە لانکی تەمەددون و دێموکراسی ناسراوە و خۆی هەردەم ئامانجێکی دیاری کراوە بۆ هێرشە تێرۆرستیەکان  دەبێت هەڵوێستی خۆی بنوێنێت و بە جارێک بۆ هەمیشە ئەم بابەتە یەک لایی بکاتەوە و بە دونیای بسەلمێنێت کە لە ئێستادا کە باسی بەرجامێکی نوێ لە ئارا دایە سنوورێک بۆ ئەم سەرەڕۆییانەی ئێران دابنێت و لە جیاتی ئەوەی کە ببێت بە شوێنی ئارامگای کەسایەتی و ڕێبەرانی بزووتنەوە سیاسیەکان ببێت بە شوێنی پاڵپشتی کردنی مافی ڕەوای گەلانی چەوساوە بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێنجەم، دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و یەکیەتیی ئورووپا بە تایبەتی، لە دوای بە تاوانبار ناساندنی ئەسەدی لە دادگادا کۆتایی بەم کەیسە نەهێنن و کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەم رێژیمە وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران و سپای قودسی ئەم رێژیمەش بێننە ژێر سێبەری ئەم دادپەروەرییە  و دەستی عەداڵەت گەرووی ئەم بەرپرسانەش بگووشێ و روخساری راستەقینەیان نیشانی هەموو جیهان بدەن و وەکوو دادگای مێکونووس شانازییەکی هەتاهەتایی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە کە خامنەیی وەک ڕێبەری ئێران قسەی کۆتایی دەکات و عەلی شەمخانی بەرپرسی ئاسایشی ئێران وەک بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کەسانی هەرە پایەبەرزی ئەمنی و ئیتلاعاتین کە بێشک لەم بابەتەوە گلاون و ناکرێت بە بێ ئەمری ئەوانە جێبەجێ کرا بێت. شەشەم خاڵی گرینگ لەم پێوەندییەدا کە لە هەموو بابەتەکانی پێشتر بەرچاوترە ئەوەیە کە رێژیمی ئێران لەو ماوەیەی رابردوودا بە پاڵپشتی کردن و داڵدەدانی ڕێکخراوە هەرە ناو زڕاوەکانی جیهان ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لە جاران زیاتر نیشان داوە و دڵنیام کە ئەم ڕەوتە درێژەی پێدەدرێت و بە پاڵپشتی کردن لە ڕێکخراوەکانی وەک تالیبان و ئەلقاعیدە و حوسیەکان و حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵا و ... هتد ستراتێژی درێژخایەنی خۆی لە هەموو جیهاندا بەروپێش دەبات و ئەگەری ئەوە زۆرە کە بۆ جارێکی تر ئەلقاعیدە و داعش زیندوو بکاتەوە لە عێراق و سووریە و بە پاڵپشتی کردنی تالیبان  پرۆسەی ئاشتیی ئەفغانستان تێک بدات و وەک نیشانی داوە کە خاکی ئێران بۆتە سەنگەری پارێزراوی ئەم رێکخراوانە و هاوکاریی دارایی و لۆجێستیکیان دەکات، جگە لەمانە ڕفاندن و بێ سەروشوێن کردنی دژبەرانی ئەم ڕێژیمە لەم ماوەیە دا پەرەسەندنێکی تایبەتی بە خۆیەوە بینیوە و هەر وەها ناکرێت و نابێت ئەم ڕێککەوتنەی ئەم دواییەی ئێران و ڕووسیەشمان لە بەرچاو نەبێت کە لە سەردانەکەی جەواد زەریف لە گەڵ کاربەدەستانی ڕووسی واژۆ کرا کە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئیتلاعاتی و ئەمنی بوو، کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لەوەی کە کەڵک لە دڕەندەترین شێوەکان و دڵڕەقترین کەسەکان وەردەگرێت بۆ لەناو بردنی نەیارانی خۆی ئەوە ئەو جار دەزگای ئەمنیی ڕووسیەش هاوکاری دەکات و ئەمەش سیگناڵێکی مەترسیدارە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات. ئەوەی کە لەم کەیسەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە ڕێگەی وتەبێژی ئەم وەزارتخانەیەوە خۆی بە مەزڵووم و ماف خوراو نیشان دەدات و لە زمان سەعید خەتیب زادەوە ڕایگەیاند کە حوکمی دادگای بێلژیک پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم حوکمە بە فەرمی ناناسێت. پاساو بۆ ئەم بابەتەش لە لایەن باڵوێزی ئێران لە بێلژیک بووە کە دەڵێت ئەسەدی مەترسی نەبووە بۆ سەر بێلژیک و ئەم لێدوانەش پێ دەچێت کە ڕاست بێت! لە بەر ئەوەی ناوبراو بە تەمای کردەوەیەکی تێرۆریستیی بوە لە فەڕانسە!! و ئەگەری ئەوە دەکرێت کە لەو پێوەندییەدا بۆ جارێکی تر دەست بداتە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئورووپایی لە خاکی خۆی دا و بە کارهێنانیان وەک کارتی فشار بۆ سەر ئورووپا، بۆ نموونە درانی حوکمی لە سێدارەدانی ئەحمەد رەزا جەلالی هاووڵڵاتی سۆئید _ئێرانی و یان ئاڵوگۆڕ پێکردنی کە پێشتریش ڕوویداوە و لە ماوەیەک پێش ئێستادا کایلی مۆرگیلبێرت لێکۆلەری ئوسترالیایی/بریتانیایی، کە لە ساڵی ٢٠١٨ وە بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستبەسەر کرابوو ئاڵوگۆڕی پێکرا لە گەڵ سێ تێرۆریستی ئێرانی کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە وڵاتی تایلەند دەست بەسەر کرابوون بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێرۆر کردنی باڵوێزی ئیسڕائیل لەم وڵاتە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ هەوڵ بدات کە چی دیکە باج بە کاربەدەستانی رێژیمی سەرکوتکەر و دژەمرۆڤایەتی ئێران نەدا و هەڵوێستێکی بوێرانەیان هەبێت بەرانبەر بە ئێران بۆ جارێک بۆ هەمیشە بەربەستێک دابنێن بۆ ئەم ڕێژیمە. لە کۆتایی دا دەبێت هەڵوێستە لە سەر ئەم بابەتە بکرێت کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا ئاوا بێ پەروا دەست دەداتە کردەوە تێرۆریستیەکان ئەوە دەبێت لە وەڵاتانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ ئاژاوەگێڕیەک بکات و ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە پێشتر ساڵی ٢٠٠٤ لە باڵوێزخانەی ئێران بووە لە بەغدا دەبێت چی کردبێت کە باڵوێزەکەشی کەسێکی وەک ئیرەجی مەسجدی بووە و جێگری گەورە تێرۆریستی نێودەوڵەتی قاسم سولێمانی بووە و لە ساڵی ٢٠٠٨ بەرپرسی تیمی دانووستانکاری ئێران و ئەمریکا بووە لە دەوری سێیەمی ئەم دانووستانەدا وناوبراو لە کۆنسوولگەریەکانی ئەم رێژیمە لە هەرێمی کوردستان چ ڕابردوویەکی قێزەونی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە. بۆیە دەبێت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە مەڕ ئەم ڕووداوە کەمتەرخەم نەبن و هەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ریسوا کردنی ئەم دیپلۆمات تێرۆریستانە و دەرکردنیان لە هەموو کۆرو کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکان بە تایبەتی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دوو ڕێبەری خۆی قوربانیی دەستی ئەم دیپلۆمات تێرۆریسانەن و لە ڕێگەی بەشی دیپلۆماسی دەرەوەی خۆی جارێکی تر ئەم بابەتە بوەروژێنێەوە و نەهێڵێ کە ئەم هەوڵە تێرۆریستیەش ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ کردەوەکانی تری رێژیم بە تایبەتی کە ئێستا دۆسییەی تێرۆری فەرماندەی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دادگای هەرێمی کوردستانە و تاوانبارانی ئەم کەیسەشیان لە بەردەستدایە و لۆبیەکی بەهێز لە ئاستی جیهانی دا دەتوانێت پاڵپشتیەکی بەهێز بێت بۆ هەرچی زیاتر ڕیسوا کردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەبێ نەهێڵن کە چیدیکە فەڕشی سوور بۆ کاربەدەستانی ئەم رێژیمە ڕابخرێت و وەک وڵاتێکی نۆرماڵ پێشوازییان لێ بکرێت و لە جاران زیاتر تەریک بخرێتەوە و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ٤٠ ئەندامی پارلەمانی ئورووپاش داوای ئەوەیان کردوە کە ئەندامانی سەر بە دامودەزگای ئەمنییەتی ئەم رێژیمە لە ئورووپا دەربکرێن.