کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵاتی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

14:46 - 25 رێبەندان 2720

نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەسبەسەرکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چالاکوانانی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، کۆبوونەوە. نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵاتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا کە بەشێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو ڕاگەیەنداراوێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە. ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەدەرەوەی وڵات لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەر کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسی کورد، کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو. دوای باس و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە هەموو دەرفەتەکان بۆ لە قاودانی رەشبگیرییەکانی ئەم دواییانە و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و گەیاندنی دەنگی دەسبەسەر کراوان بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی و پارلەمانی وڵاتان کەڵک وەربگیردرێ. لەم پێوەندییەدا چەند رێکار و پێشنیارێک قسەیان لەسەر کرا و بڕیارە لە ماوی داهاتوودا کاریان لەسەر بکرێ و بۆ جێبەجێ کردنیان پێوەندیی و هاوئاهەنگیی پێویست پێکبهێنرێت. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کاراتر کردنی کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە.