کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمونیستی ئێران-کۆمەڵە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

23:37 - 28 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕیبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی هەیئەتێکی ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران-کۆمەڵە بە سەرپەرستیی کاک سەید ئیبراهیم عەلیزادە، دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کەسایەتی و سیاسەتمەداری حیزبەکەمان پێشوازییان لێکرا. لەو سەردانەدا بەڕێز سەید ئیبراهیم عەلیزادە لەسەر پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی کوردستان و ئێران و دۆخی هەستیاری ناوچەکە باسێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان بە سەرنجدان بە دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران‌ باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک بە قەول و بەڵینی ناڕاست خەڵک لە چاوەڕوانی‌دا ڕادەگری، بەڵام مافەکانی خەڵکی ئێران و ژیان و بەڕێ‌چوونی ئەوانی هیچ بەلاوە گرینگ نییە. لەلایەکی دیکەشەوە سپای پاسداران و ناوەندەکانی دیکەی سەرکوت لە ڕێژیم‌دا بە توندی بەرهەڵستی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵک دەبنەوە. لەپێوەندیی لەگەڵ هاتنە سەرکاری جۆ بایدێن، سەرۆک‌کۆماری نوێ لە کۆشکی سپی و، ناکۆکییەکانی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڕێز سەید برایم عەلیزادە پێی‌وابوو کە ناکۆکییەکانی دوو لایەن وا بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن، هاوکات گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامییش ئاوا بە ئاسانی هەڵناوەشێنەوە و حکوومەتی تازەی ئەمریکاش جارێ هەر درێژە بە سیاسەتی پێشوویان لەهەمبەر ئێران‌دا دەدا. دواتر بەڕێز خالید عەزیزی وێرای باسێکی گشتی لەسەر دۆخی ناوچەکە، بۆ درێژەدان بە خەباتی کارا لە دژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە ئاماژەی بە چەند فاکتەرێکی وەک ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران لە نێوخۆی وڵات، ناکۆکییەکانی نێو لایەنەکانی دەسەڵات و ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی و وڵاتانی ناوچەکە کرد. بەڕێزیان تیشکی خستە سەر ئەوە کە سیاسەتی دەوڵەتان و سیاسەتی ئەمریکا گۆڕانێکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێ و لە حاست چاوەروانیی ڕێژیم و  بە دڵخوازی ئەوان نابێ و جارێ گەمارۆکان و ئەو سیاسەتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەروا درێژەیان دەبێ. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتانی بیانی‌دا هەوڵی داوە ئەو قەناعەتەیان لەلا دروست بکا کە کێشەی ئێران و دنیای دەرەوە تەنیا بە پرسی بەرجام کورت نابێتەوە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و بۆ داهاتووی ئێرانێکی سەقامگیر و دێموکرات و بۆ وەڵامدانەوە بە ماف و داخوازییەکانی گەلانی ئێران فیدرالیزم باشترین بژاردە و چارەسەرە. کاک خالید لە درێژەی باسەکەی‌دا پڕژایە سەر ڕەشبگیرییەکەی ئەم‌دواییانە لە کوردستان و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ترس و نیگەرانیی ڕێژیم لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان. هاوکات گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان و پێداگریی خەڵکی کوردستانی لەسەر وەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان بە خاڵی بەهێزی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوبرد. لە درێژەی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵیک باس و بابەتی پێوەندیدار بە خەباتی گەلی کورد لە ئێران و دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد هاتنە گۆڕێ. دوو لایەن لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی هاودەنگ و یەکگرتوو وەک یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی سەرانسەریی ئێران هۆکاری سەرەکیی مانەوەی هەتا ئێستای ڕێژیم لە دەسەڵات‌دا بووە. دوو لایەن هاوکات لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە پێویستە پێوەندیی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان بەهێزتر بکری و پرسی هاوکاری و هاوخەباتیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و خەباتی جەماوەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێشتر بچێت.