کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە شەهیدیان گوت نیشتمان...

23:40 - 1 رەشەمه 2720

(ژیان و بەسەرهاتی ئەحمەد تەمۆغەیی)

  سێهەم ڕۆژی بەهاری ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بوو. تازە خۆر بە تینی خۆی بەرەبەرە بەفری شاخەکانی دەتواندەوە. سەوزەگیای بەهار و سروشتی جوانی کوردستان لە خەوی زستان ڕاست دەبوونەوە، شنەی شەماڵ بە ئەسپایی مزگێنی هاتنی بەهار و زیندوو بوونەوەی دێنا، بەوەش وەرزێکی نوێی تێکۆشان و چالاکی بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەستی پێ دەکرد. لەگەڵ چەند کەس لە بن گوێسوانەی ماڵەوە دانیشتبووین و خۆمان لەبەر تینی گەرمای خۆر هەڵ‌خستبوو، سەعات بوو بە پێنجی ئێوارێ. کاتی ڕادیۆی دەنگی کوردستان هات، هەواڵەکان باسیان لە شەڕی نێوخۆیی دەکرد کە لە یەکەم ڕۆژی بەهاردا لە نەرمەلاس ڕووی دابوو. لەو شەڕەدا و لەنێو ڕیزی شەهیدەکان‌دا ناوی ئەحمەد تەمۆغەیی هاتبوو... ئەحمەد کەریم‌نیا ناسراو بە ئەحمەد تەمۆغەیی کوڕێکی زەحمەتکێشی لادێیی بوو. تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو. ئەحمەد لەگوندی تەمۆغە گەورە بوو و هەر لەو گوندەش بەڕێی قوتابخانە کرا. هاوینان لە یەکەم ڕۆژی پشووی هاوین دەستی بە قوڵەدارێک دەگرت و دەبوو بە شوان ‌و دۆڵ‌ و دەر و دەشتی ئاوایی تەمۆغەی دەپێوا و، تا کرانەوەی قوتابخانە لە مەزرا دەبوو. ئەحمەد تەمۆغەیی تا پۆلی پێنجی سەرەتایی دەرسی خوێند و پاشان لە مووچە ‌و مەزرا یاریدەی باوکی دەدا. ئەحمەد لەگەڵ گەیشتنی تافی لاوی بۆ کرێکاری ڕووی لە شارەکانی تاران، کەرەج ‌و سمنان کرد و پاش چەند ساڵان هاتە شاری بانە و وەک وەستای خانووبەرە درێژەی بە ژیان دا. ئەم گێرە و کێشەیەی ژیان، ئەم هەوراز و نشێوەی سەر ڕێگای ژیان، ئەحمەدی بە تەواوی شارەزای مەینەتییەکانی ژیانی هەژاران و ڕەنجدەرانی کوردستان کردبوو. ئەحمەد تەمەنی ١٨ ساڵان  بوو کە بە سەرباز گیرا. لە کاتی خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی‌دا ئەو سەرباز بوو، بۆیە لە سەربازخانە ڕایکرد و هاتە ڕیزی خۆپێشاندەرانی شاری سەقز. ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی‌، ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەحمەدی تازەلاوی هێنایە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە. کردەوەکانی ڕێژیم دژی خەڵکی کوردستان ‌و خەبات لەپێناوی ئازادی و دیفاع لە حەقانییەتی خەباتی ڕەوای کورد ئەحمەد تەمۆغەییی خستبووە سەر دوو ڕێیانەیەک، یا خزمەت بە دایک ‌و باوکی پیری‌ یان خەبات لەپێناو پاراستنی نەتەوەکەی‌دا. دەبوو یەکیان هەڵبژێرێ. وەک کوڕێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر هاتە سەر ئەم باوەڕە کە بەختەوەری ‌و کامەرانیی دایک ‌و باوکی لە گرێوی بەختەوەری ‌و ڕزگاری گەلەکەی‌دایە، بۆیە ڕێگای دووهەمی هەڵبژارد، ڕێگای شۆڕشگێڕان‌ و خەباتگێڕانی کورد، ڕێگای خەبات بۆ دابین‌کردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان‌ و وەدیهێنانی ئامانجی نەتەوە زۆرلێکراوەکەی. شەهید ئەحمەد تەمۆغەییی لە بەهاری ساڵی ١٣٦١ دەستی دایە چەک ‌و هاتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ‌و لە هێزی عەزیز یوسفی دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد. ئەحمەد لە سەرەتای پێشمەرگایەتی‌دا نیشانی ‌دا بە بیروباوەڕ و بەنەزم ‌و دیسیپلین ‌و ئازایە. ئەحمەد لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی، تیلەکۆ، خوڕخوڕە، سەرشیو‌ و گەورگی سەقز وەک پێشمەرگە خزمەتی بە نەتەوەکەی دەکرد و، بە تەواوی جێی خۆی لەنێو دڵی خەڵکی ناوچەدا کردبۆوە. ئەو جێی متمانە و باوەڕپێکراوی خەڵکی ئەو ناوچانە بوو. یاری وەفاداری زەحمەتکێشان بوو، بە دەرد و خەمەکانیان خەم دایدەگرت ‌و لەگەڵ شادییەکانیان شادیی دەکرد. ئەحمەد بێجگە لەوەی پێشمەرگەیەکی ئازا و بەبیروباوەڕ بوو، کوڕێکی تێگەیشتوو شارەزا بە سیاسەتی حیزبیش بوو و هەمیشە هاوڕێیانی بۆ پاراستنی نەزم‌ و دیسیپلین و پەیڕەوی لە بڕیارەکانی حیزب هان دەدا. کوڕە شۆڕشگێڕ و زەحمەتکێشەکەی کورد بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانە و زۆر تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانەی دیکە لە ساڵی ١٣٦٣دا بە فەرماندەری لکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید عەزیزی یوسفی دیاری کرا. شەڕە حەماسییەکانی تیکۆشەرانی ناوچەی سەقزی خوێناوی، لە ئایچی، میرەدێ وسەرشیو، بە فەرماندەریی ڕاستەوخۆ و بەڕێ‌وجێی ئەحمەد تەموغەیی بەڕێوە چوو. ئەو لکە بە فەرماندەیی ئەحمەدی قارەمان و لێزان دەیان عەمەلیاتی شۆڕشگێڕانەی بەڕێوە برد و زراوی دوژمنی لەناوچەی سەقز بردبوو. لە پاییزی ساڵی ١٣٦٣ بڕیار درا پێشمەرگەکانی ژێر فەرماندەیی ئەحمەد تەمۆغەیی بچنە بنکەی کومیتەی شارستانی سەقز. فەرماندەری لێزان‌ و بە بیروباوەڕ وەک هەمیشە بەپێی بڕیار بێ سێ‌ودوو لێکردن بەرەو بنکەکانی کۆمیتەی شارستان وەڕێکەوت، پاش ماوەیەک مانەوە ڕەوانەی گوندی نەرمەڵاس کرا. چوونی ئەحمەد هاوکات بوو لەگەڵ جێژنی نەورۆز،‌ سەرەتای ساڵی ١٣٦٤ کە پێشمەرگەکان بەرەو نەورۆزی پیرۆز و دەست‌پێکردنەوەی ساڵێکی دیکە لە خەبات‌ و تێکۆشان دەچوون. شنەبای بەهاری ڕوح ‌و لەشی ئەوانیشی بووژاندبۆوە. شەوی جێژن بوو، پێشمەرگەکان لە دەوری یەکتر کۆببوونەوە، لە یەکەم شەوی جێژنی نەورۆز لە لایەن حیزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە)وە هێرش کرایە سەر بنکەکانیان‌ و خوێنی سووری ئەحمەد تەمۆغەیی بوو بە گوڵاڵەسوورەی بەهارانی دەشتی شلێر و یاری بەوەفای ناوچەی سەقز و بەداخەوە لەو شەڕە نێوخۆییەدا شەهید کرا و کوڕە زەحمەتکێشەکەی دێموکرات لە ٢٧ ـەمین بەهاری ژیانی‌دا لە یەکەم ڕۆژی بەهاری تەبیعەت‌دا گوڵی ژیانی هەڵپڕووکا و چرای عومری کوژایەوە. یادی شەهید ئەحمەد تەمۆغەیی بەرز و بەڕێز و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی بەردەوام بێ.