کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتێکی داڕماو و بێ‌داهاتوو

23:41 - 1 رەشەمه 2720

ئەمساڵ ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە ٢٢ی ڕێبەندان و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حکوومەتی تایبەت بەو ڕۆژە ئەگەرچی لەژێر کاریگەریی پەتای کۆرۆنا، جیاواز لە ساڵەکانی پێشوو بەڕێوە چوو، دوو دیاردەی دیکەش تێیدا دەرکەوتن کە سەرنجڕاکێش بوون. یەکەمیان بریتی بوو لە نەهێنانی ناوی خومەینی وەک دامەزرێنەری نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەی حکوومەت بەو بۆنەیە و دووهەم دانی دروشمی مەرگ بۆ ڕووحانی لە ئیسفەهان و چەند شاری دیکەی ئێران، وێڕای درووشمەکانی مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن ماتۆرسواران و هێزەکانی بەسیج. نەهێنانی ناوی خومەینی لە بەیاننامەی حکوومەت بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان کە وشە بە وشە و پیت بە پیتی بە تێبینی و هەستیارییەوە دەنووسرێ، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە خامنەیی بەتەمایە وەک چۆن لەدوای مەرگی خومەینی بەرەبەرە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و دژبەرانی خۆی تەریک خستەوە و تەنانەت کوشتنی؛ وەک چۆن ئیستالین لە سۆڤیەتی پێشوودا پاش مردنی "وێلادمیر ئیلیچ لێنین"ی دامەزرێنەری سۆڤییەت بە هەموو شێوەیەک خۆی لەسێبەری ناوبراو دەردەهاویشت، خامنەییش تووشی هەمان مەزن‌خوازی بووە و نایهەوی لەژێر سێبەری خومەینی‌دا بێ و بەردەوام هەوڵی سرینەوەی ناو و جێگە و پێگەی ئەو دەدا. لەخۆڕا نییە لە زۆربەی وتارەکانی‌دا، بەتایبەت پاش سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ و تەریک‌خستنەوەی ڕەفسەنجانی، خامنەیی زۆر بەدەگمەن باسی ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کردووە و زۆرتر هەوڵی داوە خۆی وەک ڕێبەری بێ‌ڕکەبەری نیزام پێشان بدا. سەیر ئەوەیە لە بەیاننامەی حکوومەت‌دا باسی قاسم سولەیمانی و تەنانەت ئەبومەهدی موهەندیس کراوە، بەڵام بۆ جارێکیش ناوی خومەینی وەک دامەزرێنەری ئەم ڕێژیمە نەهاتووە! گوتنەوەی درووشمی مەرگ بۆ ڕووحانی لە لایەن بەسیج و دەستە و تاقمەکانی سەر بە باڵی خامنەیی و سپای پاسدارانیش لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی‌دا، دیاردەیەکی تازەیە نییە. جگە لە ڕەجایی کە زوو کوژرا و خامنەیی کە پاش مەرگی خومەینی کرا بە ڕێبەری نیزام، هەموو سەرۆک‌کۆمارەکانی ئەو نیزامە وەک بەنی‌سەدر، ڕەفسەنجانی، خاتەمی و ئەحمەدی‌نەژاد درووشمیان لە دژ دراوە. ئەوان دوای مەئموورییەتەکەیان -هەڵبەت بەنی‌سەدر بە ناچاری لە ئێران هەڵات_ بە پلان لە بازنەی دەسەڵات دوور خراونەتەوە و وەک مۆرەی سووتاو چاو لێ کراون. بەوحاڵەش حەسەنی ڕووحانی و کاربەدەستانی دەوڵەت لە توێی بەیاننامەیەک‌دا ناڕەزایەتیی خۆیان لەو ڕووداوە دەربری و ڕایانگەیاند کە "سەبریش ڕادەیەکی هەیە". دیارە نەک هەر سەبری ڕووحانی بگرە سەبری هەموو بەناو ئیسلاح‌تەڵەبەکان بە خاتەمیشەوە لە بەرانبەر خامنەیی و باڵی دەسڕۆیشتووی دەسەڵات‌دا لەڕادەبەدەر بووە و هەمیشە پاشەکشەیان بۆ کردوون. بێگومان بێ‌هۆ نییە باڵی دەسڕۆیشتووی دەسەڵات لە مانگەکانی کۆتایی سەرۆک‌کۆماریی ڕووحانی‌دا بەنیازن هەموو قەیران و نەهامەتییەکانی وڵات کە بەرهەمی سیاسەتە گشتییەکانی ئەو نیزامە سەرەڕۆیەیە بخەنە سەر شانی دەوڵەتی ڕووحانی و خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ئەو دۆخە دژوارەی کە ئێران تێی‌کەوتووە و گەلانی چەوساوەی ئێران باجەکەی دەدەن، بدزنەوە. دەوڵەتی فەرمی لە کۆماری ئیسلامی‌دا هەتا هاتووە زیاتر بێدەسەڵات کراوە و دەکرێ بڵێین دەوڵەتێکی ڕواڵەتی بووە و؛ دەسەڵاتی سەرەکی و بڕیاری کۆتا لە هەموو بوارەکان‌دا نەتەنیا لە ئاستی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا بگرە زۆر نزمتریش هەمیشە لە پاوانی ڕێبەری نیزام‌دا بووە. جگە لەوەش دەوڵەتێکی زۆر بەهێزتر لە دەوڵەتی فەرمی، واتە دەوڵەتی سێبەر، پێکهاتوو لە مافیای سپای پاسداران و بنکە و بنیاتە زەبەلاحەکانی سەر بە خامنەیی کە دەستیان بە سەر بەشی زۆری ئابووریی وڵات‌دا داگرتووە، لە ڕاستی‌دا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە کۆماری ئیسلامی‌دایە. هەربۆیەش دەبینین لە بەرانبەر هەموو ئۆرگان و دامودەزگا دەوڵەتی و فەرمییەکان، دەوڵەتی سێبەر ئۆرگان و دامودەزگای هاوشێوە و تەریبی هەیە و وەڵامدەری هیچ یاسایەکیش نییە. باڵی زاڵ بە سەر دەسەڵات نەیانشاردووەتەوە و هەر لە ئێستاشەوە بەتەمان یەکێک لە "سەردار"ەکانی سپای پاسداران و لە نیزیکان و هاوبیرانی خامنەیی بۆ پۆستی سەرۆک‌کۆماری بەربژێر بکەن و دەسەڵات بە تەواوی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. بەڵام پرسیار ئەوەیە بە گۆڕینی سەرۆک‌کۆمار و بەناو هەڵبژاردنی مۆرەیەکی سپای پاسداران و وەلانانی یەکجارەگیی ئیسلاح‌تەڵەبان لە دەسەڵات، خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات دەتوانن لە بەرانبەر ئەو قەیرانانەی خوڵقاندوویانە و ئێرانیان پێ‌ کاول کردووە ڕێگە چارە و درەبازبوونێکیان هەبێ؟ بێ‌گومان هیچ دەربازبوونێک بەدی ناکرێ و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەو گێژاوە ڕزگاری بێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە ڕووحانی و ئیسلاح‌تەڵەبانی نێو دەسەڵات لە دوو لاوە لەژێر گوشار دان؛ لەلایەک خامنەیی و سپای پاسداران بەتەمان لە بازنەی دەسەڵات دووریان بخەنەوە و لەلایەکی دیکە چ‌ جێگە و پێگەیان لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران‌دا نەماوە و بە تەواوی دابڕاون. هەروەها خامنەیی و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی دڵنیان کە نیزامەکەیان پاش زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی ڕەش و جینایەتکارانەی خۆی بە تەواوی بێزراوە و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هیچ باوەر و متمانەیەکیان پێی نەماوە. خەڵکی ئێران باش دەزانن لە چوارچێوەی ئەو نیزامە گەندەڵەدا بارودۆخی ژیانیان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێ و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان نابێ. هەربۆیەش ناڕەزایەتییەکان لە پەرەسەندن‌دان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەوەی تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی لەسەرپێ ڕاگرتووە، سەرکوت و زەبروزەنگ، گرتن و کوشتنی نەیارانی بووە و؛ بەدڵنیاییەوە لە داهاتووش‌دا بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتداران هەر درێژە بەو ڕێگەیە دەدەن و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بە زەبری گرتن و کوشتن وەڵام دەدەنەوە؛ بەڵام لە بەرامبەردا شەپۆلی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێرانیش ئەوەندە بە تەوژم دەبن کە سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی نەتوانن خۆی لەبەر ڕابگرن. کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی سەرەتای دەیەی پێنجەمی دەسەڵاتەکەی‌ لە هەموو بەرەکان‌دا لە پاشەکشەدایە؛ ئەو ڕێژیمە بوونی خۆی لە بوونی "دوژمنی دەرەکی"دا دەبینێ و لەسەر حیسابی چارەڕەشی گەڵانی ئێران دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و بەگشتی دونیای دەرەوە دەکا؛ لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا دەبینین گوشارە لەڕادەبەرەکانی ئەمریکا هەر لەجێی خۆیانن و وێناچێ بەو زووانە دەروویەکی ڕوون بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بکرێتەوە. دۆناڵد ترامپ ڕۆیی، بەڵام جۆ بایدێنیش هەر لەو ماوەکورتەدا نیشانی ‌داوە باش نێوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی دەناسێ و دەزانێ دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە بۆ پێکانی مەبەستەکانیان هەموو فرتوفێڵێک دەکەن، هەربۆیە مەرجەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی بەرجام قەبووڵ ناکا. ئەو ڕێژیمە هەر لەو ماوەیەدا دوو کردەوەی تێرۆڕیستیی لە فەرانسە و تورکییە لێ ‌لەقاو درا و دوو بەناو دیپلۆمات -تێرۆریست-ی دەسبەسەر کران کە یەکیان لە وڵاتی بلژیک حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ برایەوە؛ لە وڵاتانی ناوچە کۆماری ئیسلامی توانای دابین‌کردنی تێچووی دەستەوتاقمە تێرۆڕیستییەکانی لێ بڕاوە و بەتایبەت پاش نەمانی قاسم سولەیمانی، کۆماری ئیسلامی لە سووریە و عێراق جێگە و پێگەی پێشووی نەماوە و بەردەوام لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزی قووسی سپای پاسداران و میلشیا ئەفغان و پاکستانییەکان. لە ئاستی نێوخۆییش کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر دژواردایە و لە ڕاستی‌دا ئەگەر پەتای کۆرۆنا دەفریای نەکەوتبا، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرەڕای هەژاری و برسیەتی کە بڕستی لێ بڕیون، زۆر بەربڵاوتر لە ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو، دەهاتنە سەر شەقامەکان و چارەنووسیان یەکلا دەکردەوە. بەوحاڵەش خامنەیی و سپای پاسداران هەتا کەی پشت‌ئەستوور دەبن بە سەرکوت ‌و زەبروزەنگ؟ ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانی پاش کۆڕۆنا خۆ لەبەر تەوژمی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران ڕابگرێ؟ لەو ماوەیەدا ئابووری ئێران بەتەواوی داڕماوە و زیاتر لە نێوەی حەشیمەتی ئێران هەژار و برسی کراون و سفرەی خەڵکی هەتا دێ چووکتر دەبێتەوە؛ گەندەڵی هەتا بینەقاقای دەسەڵاتداران ڕۆیشتووە و ڕۆژ نییە یەکێک لە بەرپرسان یا خزم و کەسیان بە تاوانی دەست‌هەبوون لە تاڵان و گەندەڵی دەسبەسەر نەکرێن. برای ڕووحانی و برای ئیسحاقی جیهانگیری جێگری یەکەمی ڕووحانی لەو ماوەیەدا پەڕاوی گەندەڵی میلیاردییان بۆ کراوەتەوە؛ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت لەو چەند ڕۆژەدا ناڕەزایەتی خانەنشینان و کرێکاران زۆر شاری گەورەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەو دیاردانە نیشان دەدەن ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی قەیران‌دایە و دەسەڵاتدارەکان ناتوانن لەوە زیاتر بە بیانووی وەک گەمارۆکانی ئەمریکا و شەڕی ئابووری و ... درێژە بە سیاسەتەکانی خۆیان بدەن. شک لەوەدا نییە بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە جۆزەردانی ساڵی داهاتوو و دانانی مۆرەیەکی سپای پاسداران بۆ ئەو پۆستە، ناتوانێ کرانەوەیەک لە کۆماری ئیسلامی‌دا پێک‌بێنی، چونکە قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکە ناڕەزایەتی پەنگ‌خواردووی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران ئەوەندە زۆر و بەربڵاون کە کۆماری ئیسلامی بەو ڕێگە و سیاسەتانەی گرتوویەتە پێش، ناتوانی چارەسەریان بکا. چەند مانگی داهاتوو بۆ کۆماری ئیسلامی و ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران چارەنووس‌سازن و بۆ وڵاتانی ناوچە و ئەمریکاش زۆر گرینگن و دەکرێ بڵێن پاش زیاتر لە چوار دەیە نەهامەتی و کاولکاری و ژێردەستەیی ئێران لەلایەن ئاخوندەکانەوە، خۆری ئازادی و سەربەستی خەریکە دەردەکەوێ و تاریکی و تاریک‌پەرستان ڕادەماڵێ.