![](/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2021/02/madeh-ahmadi.jpg)
(خوێندنەوەیەک بۆ بێڕێزی و زەبروزەنگەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد)
پرسی بێڕێزیکردن بە نەتەوە و کەمایەتییە ئاینییە جۆراوجۆرەکان لە ئێران، هەتا دی زیاتر دەبێتە مژاری قسە و ڕەخنە گرتن و زۆر جاریش ناڕەزایەتیی بەرینی لێ کەوتووەتەوە. ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی و چەندپاتبوونەوەی ئەو بێڕێزییانە لە فۆرم و کاتی جیاوازدا. هەروەها ئەوەی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوە برەو بە بێڕێزی ئەدرێ و کار بۆ بە دەزگامەند کردن و جێخستنی لە ئاستی کۆمەڵگەدا ئەکرێ، پڕ جێ سەرنجە و لایەنێکی گرنگی ئەم پرسەیە. لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردوودا، دوو جار لە کاناڵی ٢ی دەنگ و ڕەنگی فەرمیی کۆماری ئیسلامییەوە بێڕێزی بە کورد کرا. یەکەم جار لە بەفرانباری ئەمساڵدا بوو کە فڕۆکەوانێکیان هێنایە سەر شاشە و لە پێوەندیی لەگەڵ گرنگیی فڕۆکەی کوبرا لە شەڕێ نێوان ئێران و عێراقدا، زۆر بێشەرمانە گوتی: "دەیانگوت کوردەکان کیلۆیەک گۆشتی فڕۆکەوانی فڕۆکەی کوبرایان بە 500 ملیۆن تمەن ئەکڕێ". بێڕێزی کردنی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە زمانی ئەم فڕۆکەوانەوە، هەر زوو ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی بوارە جیاجیاکانی لێ کەوتەوە و وەڵام درایەوە. هێشتا باسوخواسی بێڕیزی ئەو فڕۆکەوانە دانەمرکابووەوە کە بێڕێزی کردنی یەکێک لە پێشکەشکارەکانی هەمان کاناڵ بە کورد بڵاو کرایەوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاوبووەتەوە، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکە زۆر بێشەرمانە پرسیار لە میوانە کوردەکەی (کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداری بەرنامەکە بوو) دەکا کە "ئەو جلی شوانییە چییە لەبەرت کردوە؟" بۆ ئەمەشیان کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات زوو دژ کردەوەی نیشان دا و شەپۆلێکی بەرین لە دژی ئەم جۆرە ئاخاوتن و بێڕێزییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەڕێ کەوت.
ئەم بێڕێزییانەی تەنیا بەرانبەر بە کورد نییە و نەتەوەکانی دیکە و کەمایەتییە ئایینییەکانیش بێبەش نەکراون. 22ی گوڵانی ساڵی 1385ی هەتاوی ڕۆژنامەی ئێران کە بە ئۆرگانی فەرمیی حکوومەت ناسراوە لە یەکێک لە پاشکۆە هەفتانەکانی خۆیدا بابەتێکی لەژێر سەردێڕی " چه کنيم که سوسکها سوسکمان نکنند" لەگەڵ کاریکاتێرێک بڵاو کردەوە کە دەستبەجێ ناڕەزایەتیی بەرینی تورکەکانی لێکەوە. (رۆژنامەی ئێران، 1385) هەروەها بە بکوژ لەقەڵەمدانی بەهائییەکان (مشرق نیوز، 1395) و بێڕێزی کردن بە سمێڵی پەیرەوانی ئایینی یارسان و دواتر بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرێکی بێشەرمانە لە ڕۆژنامەی "جام جم"، (کە سەر بە دەنگ و ڕەنگی فەرمیی کۆماری ئیسلامییە) ناڕەزایەتیی بەرینی پەیڕەوانی ئایینیی یاری لێ کەوتەوە و لە دژی ئەو بێڕیزییانە، سێ کەس ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا. هەروەها چەند مانگ لەمەوبەر لە تریبوونی مەجلیسی کۆماری ئیسلامییەوە یەکێک لە نوێنەران! لە میانەی ڕەخنەگرتن لە سەرکۆمار، بێڕێزی بە تورکەکان کرد و گوتی کە ئەو ڕێگایەی سەرکۆمار گرتوویەتە بەر بەرەو "تورکستان"مان دەبا. ئەمانە چەند نموونەیەکی بچووکن لە شاڵاوی ئەو بێڕێزییانەی کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەتەوە لە ئێران، بە نەتەوەکان و کەمایەتییە ئایینیەکان، کراون. هاوکات، دروستکردنی نوکتە و گاڵتەکردن بە نەتەوە و کەمایەتییە ئایینەکان، بەکەم سەیرکردنی ئەوانی دی و وێنا کردنی نەتەوەی سەردەست، وەک نەتەوەیەکی زاڵ بەسەر ئەوانی دیکە، کۆمەڵێک هەوڵی سیستماتیک و ئاراستە کراون کە هەموویان لە ئەنجامدا بۆ یەک مەبەست تێ دەکۆشن.
لە ڕەهەندێکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سەرکوت و بەکارهێنانی زەبروزەنگ لە دژی نەتەوەکانی دیکە، هیچ کات درێخی نەکردووە و دەستی دەزگا سەرکوتکەر و ئەمنیەتییەکان هەمیشە لەم ڕووەوە ئاوەڵا بووە و هیچ کات لە کوشتن، لەسێدارەدان، گرتن و ئەشکەنجە و پەلاماری چەکداری بۆ سەر نەتەوەکانی دیکە و کەمایەتییە ئاینییەکان دەستیان نەپاراستووە. لەم بارەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئەکرێ نەورۆزی خوێناویی سنە لە ساڵی 1358 و دواتر فتوا شوومەکەی خومەینی لە 28ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا بۆ هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان وەک دەستپێکی هەڵگیرسانی شەڕێکی چەندین ساڵە بۆ لەنێوبردنی خەڵکی کوردستان دابنێین. لەم پێناوەدا کوشتوبڕی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و دەیان ئاوایی دی، لە سێدارەدانی 59 لاوەکەی مەهاباد، تێرۆری ڕێبەرانی بزووتنەوەی میللی- دێموکراتی خەڵکی کوردستان و دەیان کردەوەی دڕندانەی دیکەی، تا دەگاتە موشکبارانی قەڵای دێموکرات و لە سێدارەدانی بەردەوامی لاوان و ڕەشبگیرییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، چەند نموونەیەکی دڕندەیی و بەکارهێنانی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامییە لە دژی بزووتنەوەیەکی مافخوازانە و ڕەوا.
بەلەبەرچاو گرتنی ئەو نموونانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، ئەشێ بپرسین کە بنەما و ڕیشەی ئەم کردەوانە هەڵقوڵاوێ چ جۆرە تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەکە؟ ئەوەی کە ڕوونە، ئەم تاوان و پەلامارانە لە هەر دوو فۆرمەکەدا (چ هێرشی نەرم و چ فیزیکی) لە لایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەستەوە بەشێوەی سیستماتیک ئەنجام دراون. واتە ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست تەوەری پێکهاتن و جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە بووە. لە ئێران، دەسەڵاتی سیاسی و بژاردەی نەتەوەی سەردەست بەردەوام هەوڵیان ئەوە بووە کە ئێران وەک وڵاتی نەتەوەیەک بەناوی "نەتەوەی ئێران" و زمان فارسی وەک زمانی ئەو نەتەوەیە پێناسە بکرێ و بەسەر جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کۆمەڵگەدا بیسەپێنن. لە پێناو زاڵکردنی ئەم گوتارەدا، هەمیشە هەوڵ دراوە بوونی گەلانی دیکە، وەک نەتەوە ڕەت بکرێتەوە و زمانەکەیان وەک زاراوەیەکی زمانی فارسی ئەژمار بکرێ. لە ڕاستیدا، ئەگەر ناسیۆنالیزمی هەر نەتەوەیەک گەیشتە ئەوە ئاستە کە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی، ئەوی دی ڕەت بکاتەوە، ئەوا دوو واتای هەیە. یەکەم: ئەمە بەو مانایە کە بناغەکانی ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوەیە لە ڕووی مێژوویی، کولتووری و هزرییەوە بۆشە و خاوەن ڕیشەیەکی مێژوویی و مەعریفی نییە. دووەم: ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، سنووری ناسیۆنالیزمی دەرباز کردووە و چووەتە خانەی فاشیزمەوە. واتە، بناغەی ئەم جۆرە لە نەتەوەسازی، فاشیزمە.
فاشیزم ئەگەرچی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و لەسەردەمی موسولینی (1883ـ1945) لە ئیتالیا سەری هەڵدا و گەیشتە دەسەڵات و دواتریش لە ماوەیەکی کورتدا لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیستەکاندا بە سەرۆکایەتیی ئادۆلۆف هیتلێر (1989ـ1945) گەیشتە ترۆپکی دڕندەیی خۆی، ئێستاش وەک ئایدۆلۆژیا لە فۆرمی جیاوازدا لە هەندێ لە وڵاتان پەیڕەو دەکرێ. لە دەسەڵاتە فاشیستییەکاندا، لە جیاتی ڕێکاری ئاشتیخوازانە، زەبروزەنگ و ڕێکاریی سەربازی بۆ چارەسەر کردن و یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی کۆمەڵگە بەکار دەهێنرێ. دەسەڵات، بەرانبەر بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و پێشێلیان دەکا و لە ڕوانگەی ئەمنییەتی و هەڕەشەوە سەیری کێشە و قەیرانەکان دەکا. هەمیشە بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی، قەیران دەخولقێنێ و، بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی، پەنا بۆ دروستکردنی هەڕەشەی هاوبەش دەبا. بە کورتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، باڵادەستیی دەسەڵاتی سەربازی، کۆنترۆڵکردنی میدیا، داخراوی سیاسی و قەدەغەبوونی چالاکیی حیزبی و ڕێکخراوەیی، بەکارهێنانی ئایین بۆ ڕێکخستی خەڵک، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سەرکوتکردنی ناڕازییان و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی جیابیران، کۆمەڵێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمێکی فاشیستین. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە ژێر کاریگەریی فاشیزم لە ئیتالیا و ئەڵمانیا، ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە لە ئورووپا زیاتر تەشەنەی سەند و بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم.
ئەگەر لە ڕوانگەی فاشیزمەوە سەیری دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بکەین ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کەمێک دواتریش. لە ئێران جۆرێک لە فاشیزم لە سەردەمی ڕەزاشادا لە چوارچێوەی گوتاری یەک وڵات – یەک نەتەوە پەرەی پێ درا. تەنانەت ڕەزا شا لە پێوەندیی لەگەڵ جلوبەرگدا، باسی لە یونیفۆرمی میللی کرد. هەروەها ئەوەش شاراوە نییە کە ڕەزا شا، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نازیستەکانەوە و تەنیا وڵاتێکی ئورووپایی کە ئێران لەو کاتەدا نێوانی لەگەڵ باش بووە، ئەڵمانیا بووە. واتە بەم جۆرە گەرەکیان بووە تەواوی جۆراوجۆری و تایبەتمەندییەکانی ئەو چوارچێوە جوگرافیاییەی کە ناوی ئێرانی لەسەر دانراوە، بتوێننەوە و هەر لەو کاتەوە بە بەردەوامی لە پێناو زاڵکردن و برەودان بە تیۆریی یەک وڵات و یەک نەتەوەدا، هێرش کراوەتەوە سەر نەتەوەکانی دیکە و بێڕێزییان پێ کراوە و هەوڵ دراوە کە کولتوور و زمانی نەتەوەکانی دیکە بە کەم سەیر بکرێ و بەردەوام سەرکوت و زەبروزەنگیان لە دژ بەکارهێناون.