کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروست بوونی هێزی گۆڕان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی

00:01 - 2 رەشەمه 2720

کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی دڵخۆشی و چاوەڕوانییەکانی لە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا و بە تایبەت ئەمریکا، لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک خۆی لە تەنگەژەدا دەبینێ.  قووڵبوونەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان بە تایبەت قەیرانی ئابووری کە بەشێکی لەژێر کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکایە و بە زۆری هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر جۆری ڕوانینی دەسەڵاتدارانی حکوومەت بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکان لە ئیدارەی ئابووری و خزمەتگوزاریی وڵات‌دا، ئەوانی گەیاندووەتە ئاستی بێدەسەڵاتی لە چارەسەرکردنی‌دا. دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بە بەردەوامی و لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک و بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان لە دنیای سیاسەت‌دا، بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەرکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان کردووەتە پیشەی ڕۆژانە و بە دانی حوکمی بێ بنەما بەشی زۆری ئەوان لە زیندان دەکەن. لە پاڵ ئەوەش‌دا کە جاربەجار هەست پێ دەکرێ قسەیەک بە پێچەوانەی بیری ڕێبەری لەنێو دەسەڵات‌دا دەکرێ و وا نیشان دەدرێ کە بۆچوونی جیاواز لەنێویان‌دا هەیە بەڵام بەکردەوە گوێڕایەڵییەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرەبەرە بیری سپاردنی هەموو دەسەڵات بە سەردارانی سپای پاسدارانی لێ شین بووەتەوە. لەولاشەوە سیاسەتی قەیران‌خوڵقێنی ڕێژیم لە وڵاتانی دەورووبەر کە ساڵانێکە پۆزی پێوە لێ‌دەدەن و وەک سەرکەوتنی سیاسەتی ڕێژیم بەرامبەر ئێستێکبار و دەست‌وپێوەندەکانیان لە قەڵەمی دەدەن، تووشی کێشەی گەورەتری کردوون و وا هەست دەکرێ لە ترسی گەورەبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەکان، گەیوەتە ئاستی بێ‌تواناییان لە درێژەدانی‌دا. لەنێو ئەم دۆخەدا ئەوەی بە شێوەی جیاواز و بە دوور لە ڕوانینەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکە بیر لە چارەسەر دەکاتەوە خەڵکی ئێرانن. ئەگەر وڵاتانی دەرەوە هەرکام بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێگەچارە بۆ داهاتووی ڕێژیم دەسنیشان دەکەن ئەو خەڵکەش بە مافی خۆی دەزانێ بە دوور لەو ڕوانینانە نەخشە ڕێگەی ڕزگاریی خۆی ببینێتەوە. لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەو خەڵکە بە جۆرێک چارەسەری کێشە دەرەکییەکان و لابردنی گەمارۆکان ئەوەی کە ڕێژیم بە بەردەوامی باسی لێوە دەکا و هەموو هەڵە و کەموکووڕییەکانی خۆی پێ دادەپۆشێ بە هۆکارێک بۆ سووک‌کردنی باری ژیانیان دەبینن، بەڵام بە زۆری خەڵک زیاتر لەوە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک لە سیستمی حکوومەتی‌دا دەکا کە بتوانن لە سێبەری‌دا بە ئازادی بژین. بابەتێک کە لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی‌دا مانایەکی نەماوە و وڵاتانی دیکەش بە گەورەکردنەوەی بابەتی چەکی ناوکی و مووشەکی و مەترسییەکانی بۆ سەر جیهان بەردیان لەسەر داناوە و ئامادە نین بیخەنە پڕۆژەی مامەڵەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بێگومان ئەوەش ئەركێکە لەسەر شانی ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە سوورن و تەسلیمی ئیرادەی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم و تەبلیغاتەکەیان نەبوون. ئەوەی ئێستا لە نێوخۆی ئێران‌دا دەبیندرێ و ڕەنگە جۆرێک لە ناهومێدی بۆ گۆڕانکاری لێ دەرکەوێ، زاڵبوونی دەسەڵاتی پولیسی سپای پاسداران و بێ‌ڕەحمییەکانیانە بەرامبەر بەو تێکۆشەرانەی بەردەوام دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز دەکەنەوە. بەڵام هەر ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو خەڵکە بێدەنگ نەبوون و نابن و ڕێگەی دژواری گۆڕانکارییەکان هەتا گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتداری لە ئێراندا درێژە پێ دەدەن. بە دڵنیاییەوە ئەم کارە پێویستیی بە ڕێکخستنێکە کە بتوانێ ڕێبەریی ئەم ناڕەزایەتییانە بکا. ئەگەر جگە لە کوردستان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کە بە زۆری نیشتەجێی دەرەوەن تا ئێستا نەیانتوانیوە خاوەنداریەتی ئەم حەرەکەتانە بکەن و لە نێوخۆی وڵاتیش‌دا ڕێکخەرێکی جێی متمانە نەبووە کە مودیرییەتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بکا، ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەم هێز و وزە لەنێو خەڵک‌دا بوونی نییە. بە پێچەوانە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕووناکبیر، خاوەن قەڵەم، مامۆستای زانکۆ، یاساناس و پارێزەران و تەنانەت بە لێشاو گرتنی خەڵکی ئاساییش، نیشانەی ترسێکی قووڵی ڕێبەرانی ڕێژیمە لە وەسەر یەک‌کەوتنەوەی ڕێزی ناڕەزایەتییەکان و شکڵ‌گرتن و بە ڕێکخراوبوونی ئەوان بۆ کۆتایی پێهێنان بەو شێوە حاکمییەتە. بێگومان هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامی ئەهرومەکانی پاراستنی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانە بەڵام لەرزۆکی خۆی بەدەستەوەیە. سەرچاوە داراییەکان ئەگەر لە کزیشی دابێ هەتا ئێستاش لە خزمەت سپای پاسداران و گوێ‌لەمستانی حکوومەتی و پڕۆژە سەربازییەکان‌دا بەکار دێ و گوێیان لە ئاست چارەسەری کێشەکانی خەڵک‌دا کەڕ کردوە. سەردارانی سپای پاسداران کە هەوڵی کونترۆڵی هەموو دەزگا دەوڵەتییەکانیش دەدەن وەک هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێبەرین و دەزگای دادوەریش ڕێخۆشکەری سەرکوتی سیستماتیکی ناڕازییەکان و دژبەرانی حکوومەتە. تەنیا ئومێدێک کە بە خەڵکی دەدەن چاوەڕوان کردنیانە بەڵکوو ئەمریکا ڕۆحمێک بکا و بگەڕێتەوە بەرجام و چارەسەری کێشە ئابوورییەکانیان بکەن. هەر بۆیە خەڵک کە دەزانن ئەمە نابێتە نان و ئاو بۆ ئەوان، دەستیان لە کۆماری ئیسلامی شووشتۆتەوە و ئەمەش هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکان و هەوڵدان بۆ خۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی سەراسەری لە ئێران‌دا. شک لەوەدا نییە کە درێژەکێشانی ئەم وەزعە و گوێنەدان بە چارەسەری کێشەکانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ئازادی و پاراستنی مافی خەڵک لە هەر سیستمێکی حکوومەتیدا بێ، ئاکامەکەی هەوڵدانێک دەبێ بە ئاراستەی تێکدانی دەسەڵات و گۆڕانکاری لە سیستمێ دەسەڵاتداری‌دا. ڕێگەیەک کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی کۆتایی بەردەمی‌دا چارەنووسی خۆی تێدا دەبینێتەوە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە یارمەتیدان بەو کەسانەی ئەم ڕێگەیان هەڵبژاردووە ئەرکی هەموو لایەکە. ئەگەر لە ساڵی ٨٨دا ڕێبەریی دەنگە ناڕازییەکان پشتی لە خەڵک کرد و لە ساڵی ٩٨دا بەبێ ڕێبەرییەک بۆ مودیرییەتی گشتی بزووتنەوەکە، دروشمەکان گەیشتنە ئاستی دژایەتیی ئاشکرا لەگەڵ نیزام و ڕێبەرەکەی، درێژەکێشانی ئەم بزووتنەوەی نێوخۆ دەتوانێ ڕێبەریی خۆی بۆ مودیرییەت کردنی ببینێتەوە و بەرەو پێشی ببا. بۆیە هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ڕوانگەیەکی نوێوە خوێندنەوە بۆ ئەو هەموو چالاکییە ناڕەزایەتییانەی نێوخۆ بکەن و لە دیتنەوەی نەخشە ڕێگایەک‌دا، لە پاڵ هەوڵدان بۆ یەکڕیزی ئوپۆزیسیۆن، گرنگی بدەن بە هەموو بیرکردنەوە جیاوازەکان و لەجیاتی دابەش‌کردنی هێزەکان بەسەر خۆیی و غەیرەدا، هەوڵی گرێدانی خەبات لەگەڵ ئەو کەس و گرووپانەدا بدەن و، ئەگەر لە بۆچوونەکانیش‌دا جیاوازییان هەبێ بیانکەنە هاوبەشی خۆیان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی‌دا. بە نەبوونی وەها نەخشەیەک دیسان بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی لە لاوازی‌دا دەمێنێتەوە و ئیمکانی هەر گۆڕانکارییەک کە هەموو ئامانجەکانی خەڵک بپێکێ، لاواز دەکا.