کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکهەڵوەشانی دیکتاتۆری

00:27 - 2 رەشەمه 2720

کاتێک لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکارییەک لەسەر بناغەی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگە خەریکە ڕوو دەدا، خەباتی سیاسی و هاوکاری‌نەکردنی ڕێژیم دەتوانن پەرە بستێنن. ستراتیژیستەکانی شۆڕش دەبێ هەر لە سەرەتاوە ئەوەیان لەبیر بێ کە زەمانێک دێت هێزە خەباتکارەکان دەتوانن لە ئەو شێوە خەباتانەی کە بۆ دەورانێکی تایبەتی لەبەرچاو گیرابوون بەرەو خەباتێکی بەربڵاوتر بڕۆن. زۆر جار بۆ خەڵک وەگەڕخستن و گەشەپێدانی بنەماکانی شۆڕش پێویستیی بە کاتە و پەرەپێدانی خەباتی بەربڵاو دوای چەندین ساڵ دەرفەتی بۆ خۆش دەبێ. لەو ماوەیەدا ئەو زنجیرە خەباتە دیاریکراوانەی کە بۆ دەورانێکی تایبەتی لەبەرچاو گیرابوون دەبێ بەرەو شتی سیاسیی گرینگتر ڕێنوێنی بکرێن. دەبێ زۆرێک لە چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە تێکەڵ بەم خەباتە ببن. لە ماوەی زیادکردن وگەشەکردنی ئەو خەباتە سیاسیە ڕێکوپێک و جیددییەدا، لاوازییەکانی دیکتاتۆری لە ناوەوە بەخێرایی دەردەکەون. پێکهاتەی بەهێزی خەباتی سیاسی و دروست‌کردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان دۆخێکی لەبار بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتی بە قازانجی هێزە دێموکراتەکان دەخولقێنێ. ئەم کارە لەوانەیە لە باری دیپلۆماسیەوە ببێتە هۆی شەرمەزارکردنی کارەکانی دیکتاتۆر و هەندێ گەمارۆ و بایکۆتی ڕێژیم، لە قازانجی هێزە ئازادیخوازەکان. (هەروا کە لە لەهستان وای لێ هات). ستراتیژیستەکان دەبێ ئەوە بزانن کە هەندێ جار لەوانەیە دیکتاتۆری زۆر بە خێرایی بڕووخێ، وەکوو ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئاڵمانی ڕۆژهەڵات ڕووی دا. ئەوە کاتێ ڕوو دەدا کە پاش بێزاریی زۆری خەڵک لە دیکتاتۆری، سەرچاوەکانی دەسەڵات زۆربەیان لە دەوڵەت جیا ببنەوە. بەڵام ئەوە هەمیشە وانییە و باشتر ئەوەیە کە پلان بۆ خەباتێکی درێژخایەن دابڕێژرێ و هاوکات بەرنامە و پلان بۆ کورت‌ماوەش هەبێ. لە سەردەمی خەباتی ئازادیخوازانەدا، سەرکەوتنەکان ئەگەر تەنانەت لە شتی بچووکیش‌دا بن، دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێ. ئەوانەی کە سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە دەبێ بناسرێنەوە. هەروەها ئەو ڕێزلێگرتنانە دەبێ وابێ کە ورەبەخش بێ بۆ قۆناغەکانی داهاتووی خەبات.   ئیدارەکردنی بەرپرسانەی سەرکەوتنەکان پلاندانەرانی ستراتیژیی گەورە دەبێ لە پێش‌دا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو شێوازانە بکەن کە گونجاون و دەکرێ لەو ڕێگایەوە خەباتێکی سەرکەوتوو بەڕێوە ببەن کە تێیدا پێش بە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرێکی تازە بگیرێ و بەرەبەرە سیستمێکی دێموکراسیی سەقامگرتوو دابمەزرێنن. دێموکراتەکان دەبێ بەراوردی ئەوە بکەن کە چۆن دەتوانن لە کۆتایی خەبات‌دا، قۆناغی گواستنەوە و تێپەڕین لە دیکتاتۆریەوە بۆ دەوڵەتێکی کاتی ئیدارە بکەن. بەهەرحاڵ دەوڵەتی تازە نابێ هەمان دەوڵەتی کۆن بەڵام بە کەسی تازە بێ. گرینگە بیر لەوە بکرێتەوە کە چ بەشێک لە پێکهاتەی دەوڵەتی پێشوو (بۆ وێنە پۆلیسی سیاسی) لە بەر تایبەتمەندیی نادێموکراتیکی خۆی دەبێ بەتەواوی لە بەین ببرێ و چ بەشێک دەکرێ بهێڵرێتەوە و بۆ ئەوە دەبێ کە گۆڕانکارییەکی دێموکراتیکی تێدا بکرێ. لەبەین‌بردنی تەواو و سەرلەبەری دەوڵەتی پێشوو بشێوی و ئاڵۆزیی لێ دەکەوێتەوە و لەوانەشە دیکتاتۆرییەکی تازەی لێ بکەوێتەوە. دەبێ لە پێش‌دا بیر لەوە بکرێتەوە و بڕیاری لە سەر بدرێ کە دوای ڕووخانی دیکتاتۆری چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی پێشوو بکرێ. بۆ وێنە، ئایا دەبێ دیکتاتۆرەکان دادگایی بکرێن؟ ئایا دەبێ ڕێگەیان پێ بدرێ بۆ هەمیشە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن؟ چ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەستە کە لەگەڵ خەباتی سیاسی و جێگیرکردنی دێموکراسی‌دا بێتەوە؟ دەبێ لە پێشدا پێش بە کوشت و کوشتار بگیرێ، چونکە ئەوە کاریگەرییەکی خراپ لە سەر دامەزرانی سیتمەێکی دێموکراتیک لە داهاتوودا دادەنێ. دەبێ هێندێ گەڵاڵەی تایبەت بۆ دەورانی تێپەڕین لە دیکتاتۆری ئامادە بکرێ. چونکە ئەم گەڵاڵانە یارمەتی بەوە دەکەن کە ڕێگا نەدرێ گرووپێکی تر بە کوودەتا دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. پێویستە هەندێ گەڵاڵەش بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە سەر بناغەی یاسایەکی بنەڕەتی ئامادە بکرێ کە تێیدا ئازادییە سیاسی و تاکەکەسیەکان پاڕێزراو بن. نابێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە تێچووی زۆر وەدەست هاتوون، لە بەر نەبوونی پلان و گەڵاڵە لە کیس بچن. دیکتاتۆر لە بەرانبەر ئەو خەڵکەی‌دا کە بەردەوام بەهیزتر دەبن و گەشەی ئەو گرووپە دێموکراتیک و ڕێکخراوانەی کە ناتوانێ کۆنترۆڵیان بکا، تێدەگا کە کارەکانی بێ ئاکامە. ڕاگرتنی کارەکان و مانگرتنە گشتییەکان، مانەوە لە ماڵەوە و ڕێپێوانی خەباتکارانە یان هەر کارێکی دیکە بە خێرایی دەبنە هۆی ڕووخانی ڕێکخراوەکانی سەر بە دیکتاتۆر و ئەو شوێنانەی کە فرمان لەو وەردەگرن. دەرەنجامی وەها خەباتێک کە بەرەبەرە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی پێوە زیاد دەبن، لاوازیی دیکتاتۆر و سەرکەوتنی ئازادیخوازانی بەبێ توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. لە کۆتایی‌دا دیکتاتۆر لە بەرانبەر خەڵکی خەباتکاردا تێک‌دەڕووخێ. دیارە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە هەموو خەباتێکی لەم چەشنە مەرج نییە وا بە ئاسانی و بە خێرایی سەربکەوێ. هەروا کە پێشتر باس کرا مەرجی سەرکەوتن لە خەباتی سیاسی‌دا پێویستی بە ستراتیژییەکی زۆر ژیرانە، پلانێکی ورد و تێکۆشانی ڕێکوپێک و بێ‌وچان هەیە.   ژێرخانی دێموکراسییەکی سەقامگیر بێگومان دوای ڕووخانی دیکتاتۆری جێژن و شایی گەورە ساز دەکرێ. ئەو خەڵکەی کە ساڵانێکی زۆر زەحمەتیان کێشاوە و تێچووی زۆریان بۆ خەبات داوە، شیاوی ئەوەن کە شەکەتی و ماندوویەتییەک دەرکەن و پشوویەک بدەن. ئەوان دەبێ شانازی بە خۆیان و هەموو ئەو کەسانە بکەن کە پێکەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی خەباتیان کردووە. زۆر کەسان لەم ڕۆژەدا نەماون و گیانیان بەخت کردوە. بۆیە دەبێ بە زیندوو و مردوو وەکوو قارەمانانێک کە ڕۆڵیان لە سەرکەوتن و ئازادی وڵاتەکەیاندا هەیە، یادیان بکرێ و ڕێزیان لێ بگیرێ. ئەم دەورانەش دەورانی وشیاریی زیاترە، دەورانی کەمتەرخەمی نییە. دەبێ تەنانەت لە کاتی ڕووخانی دیکتاتۆریش‌دا بە وردی ئاگایان لەوە بێ کە ڕێگا نەدەن ڕێژیمێکی سەرکوتگەری دیکە لە نێو ئەو بشێویانەی پاش ڕووخانی دیکتاتۆر، سەر هەڵبدا. ڕێبەرانی هێزە دێموکراتەکان دەبێ پێشووتر خۆیان بۆ دەورانی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دێموکراسی ئامادە کردبێ. پێکهاتەی دیکتاتۆری دەبێ لە بەین بچێ. دەبێ بناغەکانی یاسایەکی بنەڕەتی کە لەگەڵ ماف و ئازادیەکانی ڕۆژ و ستانداردەکانی دێموکراسیەکی سەقامگیر بێتەوە، دابنرێ. هیچ کەس نابێ پێی وابێ کە بە ڕووخانی دیکتاتۆری، کۆمەڵگە بە خێرایی دەبێتە "شامی شەریف". ڕووخانی دیکتاتۆری لەو هەلومەرجەدا دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ هەوڵی درێژخایەن بە مەبەستی بردنەپێشی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک و ئارام و گەشەسەندوو. کێشە جیددیەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تا ساڵانێکی دواتر هەر درێژەیان دەبێ. و بۆ چارەسەر کردنیان پێویست بە هاوکاریی خەڵکانێکی زۆرە. سیستمی سیاسیی نوێ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کێشەکانی دوایی دەبێ دەرفەت بۆ هەموو ئەو خەڵکە بڕەخسێنێ تا بە ڕوانگە جیاوازەکانیانەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەوڵ بۆ گەشەی کۆمەڵگە بدەن.