کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلیل گادانی وەک کەسایەتییەکی فەرهەنگی

02:12 - 16 رەشەمه 2720

ئەمڕۆ ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی ٧٨ ساڵ بە سەر لەدایک‌بوونی خەباتکار وکەسایەتیی ناسراو کاک جەلیل گادانی  ڕادەبرێ. لەگەڵ ناردنی سڵاوی زۆرم بۆ گیانی پاکی کاک جەلیل لەم ڕۆژەدا، سپاس و پێزانینی خۆم و هەموو خۆشەویستان و هاوخەباتانی کاک جەلیل لە حیزبی دێموکرات، بە بەڕێوەبەرێتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە ڕادەگەیەنم کە ئەم ڕێوڕەسمەیان لە ساڵڕۆژی لەدایک‌بوونی کاک جەلیل گادانی‌دا بۆ یادکردنەوە و ڕیزلێنانی ڕێک‌خستووە. هەروەها سپاس بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ئەمڕۆ بە وتە و لێدوان و نووسین و، هەر وەها ئامادەبوون لەو کۆڕیادەدا بەشداری ئەم یادەن. قسەکردن لە بارەی کاک جەلیل گادانی، هەم هاسانە، هەم دژوار. هاسانە، چونکە کاک جەلیل بە خۆشییەوە تایبەتمەندیی باش و بەرزی ئەوەندە زۆر هەبوون کە هەر کەسێک بیهەوێ باسی ئەو کەسایەتییە بکا، بۆ قسە دانامێنی. دژواریی قسەکردن لە سەر کاک جەلیلیش هەر ڕاست لەو فرەڕەهەندی و زۆری و چەند لایەنەبوونی تایبەتمەندییەکانی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێ. چونکە مرۆڤ بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکی وادا پێ ڕابگا شتێک پێشکەش بکا،  ناچارە چاوپۆشی لە زۆر وێستگە و لایەنی ژیان و تێکۆشانی بکا و، لەبەر ڕەچاوکردنی کات و درێژنەبوونەی قسەکانی، لێیان بگوزەرێ. لە هەر حاڵ‌دا کاک جەلیل بەو مێژووە درێژەی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی، بەو بوارە جۆراوجۆرانەی کۆڵنەدان و نەوەستانی و، بە کەسایەتیی بەرز و ڕەوشتی مرۆڤدۆستانە و جوانی، لە هیچ وتارێکی ئاسایی‌دا جێی نابێتەوە. هەر بۆیە من لایەنی فەرهەنگیی ئەو کەسایەتییەم هەڵبژاردووە تا لەم بۆنەیەدا لەنگەری لەسەر بگرم و ئاوڕێکی بەڕێزەوەی لێ بدەمەوە.   پێناسەیەک بۆ کەسایەتی فەرهەنگی جاران لە ئێران بە وەزارەت یا ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنیان دەگوت "وەزارەتی فەرهەنگ" یا "ئیدارەی فەرهەنگ". عادەتیش وابوو کەسانێک کە کارمەندی وەزارەت یا ئیدارەی فەرهەنگ بوون، بە تایبەتی مامۆستایانی قوتابخانە،  پێیان دەگوترا "فەرهەنگی".  من کە لەم بابەتەم‌دا کاک جەلیل وەکوو کەسایەتییەکی فەرهەنگی ناو دەبەم، پێناسەکەم لەو جۆرە فەرهەنگی‌بوونە زۆر جیاوازە. کاک جەلیل وابزانم هیچ کات کارمەندی ئیدارەی فەرهەنگ نەبووە تا لەو ڕوانگەیەوە بە "کەسێکی  فەرهەنگی" ناوی بەرم. کەواتە ناوبردنی کاک جەلیل وەک کەسایەتییەکی فەرهەنگی، بۆ هۆیەکی دیکە دەگەڕێتەوە، بۆ گرنگیدانی کاک جەلیل بە کاری فەرهەنگی، هەروەها  بۆ بەفەرهەنگ‌بوونی ئەو کەسایەتییە. کاک جەلیل هەم خاوەنی کارنامەیەکی  دەوڵەمەندی فەرهەنگییە، هەم لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت لە مەیدانی جیاوازدا، وەک مرۆڤێکی بە فەرهەنگ دەجووڵایەوە. هەر بە شێوەیەکی گشتی، بەفەرهەنگ‌بوون و بەهێزبوونی لایەنی ڕۆشنبیری لە کەسایەتیی سیاسی‌دا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕەهەندی سیاسیی ژیان و تێکۆشانی ئەو کەسە دەبێ. ئەم جۆرە کەسایەتییانە، ڕوانینی سیاسییان بۆ هونەر، ئەدەبیات، وەرزش و، هەڵوێستیان بەرامبەر ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و نوخبەکانی دیکەی بواری ڕۆشنبیری، کراوەتر و تێکەڵ بە گرنگی‌پێدان و ڕێزلێگرتنە.  لەجێدا کەسایەتیی فەرهەنگی لە پڕۆسەی خوێندنەوە و بیرکردنەوە و ڕۆچوون بە نێو فەلسەفەی ژیان و،  وەسەریەکنانی ئەزموونی جۆراوجۆر و، کامڵبوون لە باری فکری و  تێگەیشتنەوە، لە گەڵ ئەمانەش‌دا خۆ سەلماندن لە مەیدانی کردەوەدا دروست دەبێ. کاک جەلیلیش لە پڕۆسەیەکی لەم چەشنەدا لە کڵ هاتبووە دەر و ببوو بە کەسایەتییەکی فەرهەنگی و بە فەرهەنگ.   ئاوڕێک لە کارنامەی ڕۆشنبیریی کاک جەلیل گادانی: گرنگیدان بە نووسین و وەرگێڕان ئەو کتێبانەی کاک جالیل گادانی نووسیونی، وەری گێڕاون یا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە ئامادەکردنیان‌دا، خۆ لە نزیک ٢٠ کتێب دەدەن. کاک جەلیل بە ئاگاداری لەو پێوەندییەی نووسین دەتوانێ لە نێوان نووسەر و بەردەنگ‌دا دروستی بکا، هەروەها بە تێگەیشتن لە ڕۆڵی نووسین لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری لەنێو خەڵک‌دا، هەر لە بەندیخانەوە گرنگی بە فێربوونی زمانی بێگانە و وەرگێڕان دەدا. بە وەرگێڕان دێتە نێو دنیای نووسین و نووسەری. ئەو بەرهەمانەی وەری گێڕاون، لە ڕاستای باوەڕی پێشکەوتووانە و ئازادیخوازیی خۆی و، دژایەتی لەگەڵ ستەم و دواکەوتوویی و نابەرابەری دان. نووسینەکانی کاک جەلیل، دەتوانین بکەین بە دوو بەش: یەکەم، ئەوانەی وەک وتار لە چاپەمەنیی حیزبی‌دا بڵاوی کردوونەوە کە زیاتر دەچنە خانەی شیکردنەوە و بەرگری لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب، یا روانگە و بۆچوونەکانی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەدا بوون.  دووهەم، ئەو نووسینانەی وەک کتێب بڵاوی کردوونەوە کە لە نێوان مێژوو و بیرەوەری دان. گادانی لە کتێبەکانی‌دا، تێکۆشاوە بە یارمەتی‌وەرگرتن لە حافیزەی خۆی و دۆکیۆمێنت، مێژوو یا ڕووداوە مێژووییەکان بگێڕێتەوە. بەشێک لە کتێبەکانی، هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی ئەو کتێبانەن کە لە بارەی مێژووی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراون. نامەوێ لەم نووسینەدا، بەرگری یا تەنانەت داوەری لەبارەی نێوەرۆکی کتێبەکانی کاک جەلیل بکەم، بەڵام پێم باشە قامک لەسەر ئەو خاڵە بەهێزە دابنێم کە کاک جەلیل، نووسینەوەی بیرەوەری و نووسین لە سەر ڕووداوە مێژووییەکانی هەڵ نەدەگرت بۆ داهاتوو. ئەگەر ڕەخنەی لە کتێبێک و نووسینی کەسێک هەبا، هەتا کەسەکە خۆی لە ژیان دایە، لەسەری دەنووسی. ئەم نووسینانەی کاک جەلیل دەبوونە هۆی ئەوە، کەسەکان- ئەوانەی پێوەندییان بە ڕووداوەکان هەیە- تا لە ژیان دان، قسەی خۆیان بکەن و، ئەگەر زانیارییەکی نەدرکاو و نەگوتراویان هەیە، یا تێبینی و گێڕانەوەیەکی جیاوازیان لایە، بیخەنە ڕوو. گێڕانەوە و نووسینی کاک جەلیل لە بارەی ڕووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و، ئەو تێکۆشەر و کەسایەتییە کورد و ئێرانییانەی لە بەندیخانە یا ڕەوتی خەبات و تێکۆشان‌دا ناسیبوونی، یارمەتیدەری توێژەران بووە لە ڕوونکردنەوەی بەشێک لە قوژبن و پەسیوە تاریک و ناڕوونەکانی ئەو مێژووە. بەمەش توانیویەتی خزمەت بە تۆمارکردنی مێژووییەک بکا کە بۆ خۆی تێی‌دا ژیاوە.   بایەخدان بە تۆمارکردنی بیرەوەریی پێشمەرگە "خاطرات یک پیشمرگ قهرمان" (بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەیەکی قارەمان) کە یادداشتەکانی فەرماندەری بە ناوبانگی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات شەهید شاپوور فیرووزیی گرتووەتە خۆ، لەوانەیە ئەگەر دوای تێرۆری کاک شاپوور نەکەوتبانە دەست کاک جەلیل گادانی، تێداچووبان. ئەگەر ئەم یادداشتانە فەوتابان، بێگومان دۆکیۆمێنتێکی بەنرخ لە بارەی قارەمانەتییەکانی "هێزی بێستوون" و ڕووداوە سیاسی و نیزامییەکانی ناوچەی کامیاران و دەوروبەر (لە ساڵی ١٣٥٨ تا نێوەڕاستەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی)، لە دەستمان دەچوون.  بەڵام کاک جەلیل ئەو یادداشتانەی کە بیرەوەریی ڕۆژانەی ئەو فەرماندە لێهاتوویە بوون، وەک گلێنەی چاوی پاراست و، لە توێی کتێبێکی دوو بەرگییش‌دا، چاپ و بڵاوی کردنەوە. ئەم دوو بەرگە هەر ئێستا بە هیممەتی مامۆستا عاشق ئیسماعیلی، خەریکە لە فارسییەوە دەکرێن بە کوردی. کاک جەلیل، دەیزانی نووسینەوە و تۆمارکردنی بیرەوەریی شەڕ و تێکهەڵچوونە گەورە و حەماسییەکانی هێزی پێشمەرگە، بایەخێکی تایبەتیان هەیە. بۆیە بەردەوام فەرماندەران و پێشمەرگەکانی بەشدار لە شەڕ و تێکهەڵچوونە گرنگەکانی هان دەدا، ئەم جۆرە بیرەوەرییانەی خۆیان بنووسنەوە. بەڵام چونکە دەیدیت هێندێک لەو هاوڕێیانەی توانای نووسین و ئامادەکردنی بیرەوەرییەکانی خۆیان نییە، کارهاسانیی بۆ دەکردن، کەسانێکی دیکەی ڕادەسپارد هاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی هەر نەبێ کاکڵەی ڕووداوەکە بێننە سەر کاغەز، دوایە بۆ خۆی پێیان‌دا دەچووەوە. لە ڕیزی کتێبەکانی کاک جەلیل‌دا، کتێبێک بە ناوی "کەشکۆڵی پێشمەرگە" هەیە کە کۆکراوەی بیرەوەریی چەندین فەرماندە و پێشمەرگەیە. گومانم نییە ئەگەر مردن، کاک جەلیلی لێ نەستاندباین، ئەم پڕۆژەیەی درێژە دەدا و، زۆر بیرەوەریی بەنرخی دیکەی پێوەندیدار بە حەماسەکانی پێشمەرگەی لە پەتای فەرامۆش‌کران و لەبیرچوونەوە، ڕزگار دەکرد. "چرچەی فەرماندە لە بیرەوەریی هاوڕێیانی‌دا" کتێبێکە لەبارەی ژیانی کورت بەڵام پڕ لە قارەمانەتیی فەرماندەری شەهید حەمەدەمین بارام میرزا (ناسراو بە چرچە). ئەو کتێبە بیرەوەریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوسەنگەران و هاوڕێیانی ئەو فەرماندە شەهیدەی گرتووەتە خۆی. کاک جەلیل دوای دیتنەوە و دەستنیشان‌کردنی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید "چرچە"، بیرەوەرییەکانی خۆیان لە بارەی ئەو فەرماندەیەی پێ نووسیونەوە و، دوای پێداچوونەوە و ئامادەکردن، کتێبێکی باشی لێ پێک هێناون. ئەم کتێبە، دوایین بەرهەمی چاپکراوە کە بە هاوکاری و زەحمەتی کاک جەلیل هاتبێتە بەرهەم.   ئەمەگناسی لەئاست کەسایەتی و تێکۆشەرانی قۆناغەکانی پێشووی خەبات کاک جەلیل، ڕێزێکی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە دادەنا کە لە قۆناغ و بڕگەکانی ڕابردوودا، بەشداری خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی، نەتەوەیی و حیزبی بوون. بە هەر زەحمەتێک بایە جێگا و شوێنی نیشتەجێ بوونی دەدۆزینەوە و پێوەندیی لە گەڵ دادەمەزراندن. لە هەر دەرفەتێک‌دا سەردانی دەکردن، چەندی بۆی کرابا، هاوکاریی دەکردن و، لە کاتی گرفتاری و لێقەومان‌دا مشووری دەخواردن. ئەوەندەی قسەی ڕۆیشتبا لای دەزگا حیزبی و حکوومەتییەکانی هەرێم، قسەی خێری بۆ دەکردن و، بۆ هاوکاری و ئاگالێبوونیان، هانی دەدان. هاوکات بە بەرپرسان و هاوڕێیانی حیزبیی خۆی دەناساندن کە لە گەڵیان لە پێوەندی‌دا بن و ڕێزی ئەو خزمەتانەیان بگرن کە ڕۆژگارێک پێشکەشی حیزبی دیموکرات و نەتەوەکەی خۆیان کردووە. شانبەشانی ئەم جۆرە بەسەرکردنەوانە، هاوڕێیانی بەشی ئەرشیڤ و ڕاگەیاندنی حیزبی هان دەدا بچنە دیداری کەسایەتی و تێکۆشەرانی لەو چەشنە بۆ ئەوەی بیرەوەرییەکان و زانیارییەکانی ئەوان لەبارەی ڕووداوەکانی سەردەمانی پێشوو تۆمار بکەن و، بەم جۆرە لە فەوتان و لەبیرچوونە، بیانپارێزن.   هاندان بۆ خوێندن و خۆ پێگەیاندن و، ڕێزگرتن لە قوتابیان و خوێندکارانی سەرکەوتوو کاک جەلیل بە هۆی گیران لەسەر کاری سیاسی و مانەوە لە بەندیخانە، هەر لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنەوە لە دەرس خوێندن بە شێوەی ئاسایی و چوونە قوتابخانە بێبەش بوو، بەڵام لە بەندیخانەش دەرفەتی بۆ خۆپێگەیاندن لەکیس نەدابوو. بە شێوەی دووراودوو (مکاتبەای) دەرسی خوێندبوو، لە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتبوو. جگە لە وەرگرتنی دیپلۆم، توانیبووی لیسانسی زمانی فەرانسە وەربگرێ و، هەر لە بەندیخانە چەند کتێبی لە فەرانسەییەوە وەرگێڕابووە سەر زمانی فارسی. ئەم ئەزموونەی خۆی پاڵپشت بوو بۆ هاندانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، هەروەها هاندانی کچان و کوڕانی بنەماڵە حیزبییەکان کە لە خوێندن و خۆپێگەیاندن لە هەر هەلومەرجێک‌دا، غافڵ نەبن. لە ژیانی سیاسی و خەباتگێڕانە و لە کارنامەی بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی کاک جەلیل‌دا، بایەخدان بە قوتابخانە، خوێندن و پەروەردە، کتێبخانە و خوێندنەوە، چ لە ناوچە ئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، چ لەنێو کەمپ و بنکە حیزبییەکان، جێگەیەکی تایبەتی هەبوو. گرنگیی بە داواکاری و چاوەڕوانییەکانی بەرپرسانی ئەو بەشە و مامۆستایان دەدا، لە سەردانی خوێندنگەکان غافڵ نەبوو. ئەو قوتابی و خوێندکارانەی سەرکەوتووانە پلەکانی خوێندنیان بڕیبوو، بە سەری دەکردنەوە. زۆر جار لە گیرفانی خۆی دیارییەکی سەمبولیکی بۆ دەکڕین. لەم یا ئەو شار و ئیدارە و بنکەی ڕۆشنبیری، ئەگەر کۆمەڵە کتێب یا گۆڤارێکی بەکەلکی دەست کەوتبا، لە گەڵ خۆی دەیهێنانەوە و، وەک خەڵات پێشکەشی ئەو منداڵانەی دەکرد کە زیرەک بوون. چەندین جار ئاگادار بووم بە پۆل ئەو قوتابی و خوێندکارانەی ئاستێکی خوێندنیان بە باشی بڕیبوو، لە ماڵی خۆی بانگهێشتی دەکردن و جێژنی بۆ دەگرتن. لە پەرەپێدەرانی کولتووری کتێب خوێندنەوە و کتێب پاراستن بوو. لەو پێوەندییانەی لە گەڵ یەکیەتیی نووسەران و هێندێک ناوەندی ڕۆشبیری و دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی هەیبوو، بۆ ئەستاندنی کتێب سوودی وەردەگرت. ئەو کتێبانەی پەیدای دەکردن بە سەر بنکە حیزبییەکان‌دا بڵاوی دەکردنەوە و، بەم جۆرە کتێب و چاپکراوی نوێی دەگەیاندە دەستیان.   دیاربوون لەنێو کۆڕ و چالاکیی ڕۆشنبیریی نێو حیزب و شارەکانی کوردستان یەکێک لە پێوەرەکانی ڕۆشنبیربوونی کاک جەلیل و ڕەهەندی ڕۆشنبیریی ژیانی ئەو، گرنگیدانی بوو بە بەشداریی چالاکانە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکیی کولتووری و ڕۆشنبیری لەنێو حیزب و لە دەرەوەی حیزب‌دا. مەبەستم لە بەشداریی چالاکانە، هەم  جۆراوجۆریی ئەو چالاکیانەیە کە تێیان‌دا ئامادە دەبوو،  هەم ئەکتیڤ‌بوونی بوو لەنێو کۆڕ و چالاکییەکان‌دا.  ئەو، لە دەرفەتی گونجاودا بە تایبەتی ئەو کاتەی دەرفەت دەدرا بە بەشداران، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی لە سەر ئەو باسانەی پێشکەش دەکران، ئەو بەرنامانەی پێشان دەدران و بەڕێوە دەچوون، دەخستە ڕوو. کەم پێشانگەی کتێب، کۆڕی شێعر، سمینار و فستیڤاڵی ڕۆشنبیری، یادکردنەوەی نووسەران و هونەرمەندان هەبووە لە نێو حیزب یا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێک هاتبن و کاک جەلیل بانگهێشت کرابێ و، نەچووبێ. دیارە ئەگەر چالاکی و بەرنامەکان پێوەندییان بە ژنان و منداڵانەوە هەبا، کاک جەلیل پتر خۆی بە ئەرکدار دەزانی کە تێیان‌دا بەشدار بێ. ئەمەش دەگەرایەوە بۆ ڕوانینی ئەو کەسایەتییە لە بارەی منداڵان و ژنان و، ئەرکی کەسایەتییە دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکان لە پشتیوانیکردنی ئەو دوو توێژەدا. ڕوویەکی گەشی دیکەی بەشداریی کاک جەلیل لەو جۆرە چالاکی و بەرنامانەدا، ڕێزلێگرتن و هاندانی ڕێکخەرانی بەرنامەکان، کۆڕگێڕان و خاوەن بەهرەکان بوو. کاک جەلیل ڕێزی لێ دەگرتن، دڵگەرمی دەکردن و وای دەکرد هەست بە گرنگیی کار و زەحمەتەکەی خۆیان بکەن و، لەو بوارەدا بەردەوام بن.   دوا قسە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد باسکردن لە هەموو ڕەهەندەکانی تێکۆشان و کەسایەتیی کاک جەلیل گادانی و  تایبەتمەندییە بەرزەکانی، لە وتارێکدا ناگونجێ و کتێبێک هەڵ دەگرێ. تەنانەت بە تێر و تەسەلی نووسین لەسەر تەنیا ڕەهەندێک لە ژیان و خەباتی ئەویش- ڕەهەندی ڕۆشنبیری، کە لەم نووسینەدا مەبەست بوو- چەندین لاپەڕەی دیکەی پێویستە. گرنگ ئەوەیە ڕەوشتە جوان و تایبەتمەندییە بەرزەکانی ئەم سەرکردە بە فەرهەنگە و، ئەم خەباتکارە ماندوویینەناسە، هەموو کات لە بەرچاومان بێ،  لێیان فێر بین و، بیانکەین بە ڕێنوێنی ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی خۆمان‌ و، بەم جۆرە یادی کاک جەلیل گادانیی خۆشەویست هەمیشە بە بەرزی ڕابگرین. سڵاو لە یادی و، ڕەوانی شاد. ***   * ئەو قسانە لە کۆڕیادی ڕێزگرتن لە کەسایەتیی کاک جەلیل گادانی کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکانی کۆیە پێکی‌هێنابوو کراون.