کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسیۆنالیزمی کورد، نەتەوە و مەدەنییەت

02:21 - 16 رەشەمه 2720

تێکۆشانی بێوچانی گەلی کورد بۆ پاراستنی گیان و شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی لە بەرامبەر دەوڵەت نەتەوەی سەردەست کە بە میکانیزمگەلی سیاسی، ئابووری، نیزامی و دینی هەوڵی داگیرکردنی زێد و شوناسی کوردیان داوە، بەردەوام درێژەی بووە. دەسەڵاتە ناوەندە شۆڤینییەکان ویست و ئامانجیان ئەوەیە لە ڕێگای لەنێوبردنی شوناس، مێژوو و... کورد لەنێو خۆیاندا ئاسیمیلە بکەن و تەنانەت لە ژێنۆساید و تاوانی کۆمەڵکوژییش دەستیان نەپاراستوە. لە سەردەمی ئێستاشدا کە بە هۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی زانیاری و داکۆکی‌کردنی ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ و گەمارۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەوڵەتانی لایەنگری مافی بەرحەق و ڕەوای ئینسانەکان ناتوانن بە ڕێگای ڕەق‌ئامێری وەک نەسڵ‌کوژی و هێرشی سەربازی لە ناومان بەرن، بە میکانیزمی نەرم‌ئامێری هەوڵی تێکدانی شوناس و ژیاری زێڕین و دەوڵەمەندمان دەدەن و بە لەنێوبردنی سامانە نەتەوەییەکانمان و لە سێکتەری ئابووری و پەروەردەیی هەوڵی لەخۆنامۆیی و لە ژیان نامۆبوونی تاکی کورد دەدەن . گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەکی زیندوو و ئاگا بۆ بەڕێکخستن کردن و دابینکردنی پێداویستی و هێز بۆ ڕزگاری نەتەوەیی، لە ڕەوتی تێگەیشتوویی و پێگەیشوویی خۆیدا، بەرامبەر پرسی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزمی کوردی بەرهەم هێنا و بەپێی بواری ئارایی، ناسیۆنالیزمی لە ڕەهەندی نەتەوەیی و مەدەنییەوە بۆ پاراستن، ڕزگاری و ئازادیی خۆی وەک مەیدانی تێکوشان بەرامبەر دوژمن هەلبژاردووە .   ناسیۆنالیزم چیە؟ دەتوانین بێخ و ڕەگی وشەی ناسیۆنالیزم لە پێش شۆڕشی فەڕانسە لە بریتانیا و سەرەتای سەدەی ١٨ی زایینیدا ببینین، بەڵام بە گشتی لە شۆڕشی فەڕانسەدا و لە ساڵی ١٧٨٩ی زایینی سەری هەڵدا کە لە ڕاستیدا دەرهاویشتەی گەڵاڵە و قوت‌بوونەوەی چەمکی نەتەوە لە نێو شۆڕش، بە تایبەت لە لایان ڕەوتی ژاکوبۆنیسمەکانەوە بوو .لەم کاتە بەدواوە ناسیۆنالیزم وەک یەک هەست و ڕەوتی سیاسی هاتە ئاراوە و ناسیۆنالیزم بوو بە یەک هزر و جیهانبینی لە چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کە مەبەستیەتی بەرژەوەندی نەتەوە، بەرەو پەرەسەندن و پێشکەوتن ببا .واتە ناسیۆنالیزم جۆرێک لە ئاگایی و وریایی گشتییە کە بە بەردەوامی دەبێتە هۆی بەدیهێنانی هەست، وەفاداری، گوڕوتین و هۆگریی تاک لەسەر بیچمە نەتەوەییەکانی خۆی وەک (خاک، زمان، داب و نەریت، کولتوور، بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و...). ئانتۆنی گیدێنز، کۆمەڵناسی بریتانی، بڕوای وایە کە ناتوانین ئەندێشەی ناسیۆنالیزم لە درووست‌بوونی دەوڵەت مۆدێڕنەکان یا دەوڵەت-نەتەوەی سەردەم جوودا بکەینەوە و خۆشەویستی بۆ خاک، ڕەچەڵەک، زمان، ڕابردووی هاوبەش، ویستی سەربەخۆیی سیاسی، ئابووری، نیزامی و لەخۆبوردوویی بەرامبەر نەتەوە وەک یەک پارادایم بۆ هەوڵدان و سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی نەتەوەکەی، بە بایەخ و ئەسڵەکانی ناسیۆنالیزم دادەنێ. بە ئیعتیباری ئەم پێناسەیەی ناسیۆنالیزم کە نەتەوەی کورد هەڵگری هەر سێ توخم و بیچمی کورد، کوردایەتی و کوردستانە و هاوکات بزووتنەوەی ئاگا و دەروەستی بۆ پاراستنی هەر سێ چەمک لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکانەدا هەیە؛ هەوڵیش دەدا لە چوارچێوەی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ گەشەیان پێ بدا. لەسەر بناغەی ئەم تێگەیشتنەمان بۆ ناسیۆنالیزم دەتوانین ئیدیعا بکەین کە ناسیۆنالیزمی کوردی بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە لەنێو هزر و ڕوحی تاکی کورددا بوونی هەیە. نەتەوە، شوناسی کۆمەڵەیەکە کە بە ئێعتیباری کولتووری هاوبەش و بڕوامەندییان بە ڕابردوویەکی هاوبەش لە هەرێمێکی دیاریکراو دەستنیشان دەکرێ و بنچینەیەکی بەهێز و دەوڵەمەند بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی بەدی دێنێ کە بناغەی کارامەیی و لێهاتووییەکەی سەرچاوەگرتوو لە مێژووی هاوبەش و چارەنووسێکی هاوبەشە کە چەمکی نەتەوە بەرهەمی دێنی و دەیپارێزێ. لە ڕاستیدا نەتەوەخوازی یا ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی وەک ناسیۆنالیزمێکی کاردانەوەیی دژی دەسەڵاتخوازیی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و نەتەوەی سەردەست، -کە بە ناوی زۆرینەی نەتەوەیی و زاڵێتی لە دەوڵەتدا مۆنۆپۆلی هەموو ڕەهەندە جڤاتی، سیاسی، ئابووری، کولتوورییەکان دەکەن- بەرهەم دێ و کار دەکا. ناسیۆنالیزمیش هەم دەتوانێ بە شێوەی بگۆڕێک کە بەرهەمی ڕەهەندی سیاسی، کولتووری و ئابوورییە یا بە شێوەی لێک‌جوودا لە بەرچاو بگرین و بیخەینە ژێر هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە کە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەم ڕەهەندانە کاریان پێ دەکرێ و پێناسەی وجوودییان پێ دەبەخشرێ کە هەوڵ بۆ ناساندن و پاراستنی نەتەوە دەدەن. ناسیۆنالیزمی کولتووری بریتییە لە هەستی هۆگری و دەروەستی بۆ فەرهەنگ و بەشە کولتووریەکانی نەتەوەیی وەک زمان، ئەدەبیات، مۆسیقا، جلوبەرگ... و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی داخوازیە نەتەوەییەکان لە بەستەری کولتوورییەوە، کە لە ڕاستیدا ئەم بەشە لە ناسیۆنالیزم لە هەوڵی پاراستن و گەشەی تایبەتمەندییە کولتووری و فەرهەنگییەکانی نەتەوەیی‌دایە. ناسیۆنالیزمی سیاسیش، بریتییە لە گەڵاڵە و نەخشەی داخوازییە سیاسییەکانی نەتەوەیی لە حکوومەتی ناوەندی بە مەبەستی بەدەست‌گرتنی هێزی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی نەتەوەییدا . واتە بە بارودۆخێک دەوترێ کە تێیدا تاکەکانی یەک نەتەوە هەست بە بوونی خۆیان دەکەن و دەیانەوێ دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارەی ناوچەی خۆیان هەبێ. ناسیۆنالیزمی ئابووری، ناسیۆنالیزمێکە لەسەر ئەساسی ئەم ناسیۆنالیزمە تاکەکانی یەک نەتەوە لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەشێکی شیاو لە بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان نییە و سەرچاوە و ئیمکاناتی هەبوو لەم ناوچەیە کە گرێدراویی بە ئەوانەوە هەیە، سەرەتا دەبێ بۆ ئاسوودەیی نەتەوەیی دانیشتووانی ئەم هەرێمە بە کار بێت. بە تێڕامانێک بۆ چەمکی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و ڕەهەندەکانی دەبینین کە ناسیۆنالیزمی کوردییش بە بنەما وەرگرتنی ئەم چەمکە و کە هەستیشی بە خۆدئاگایی نەتەوەیی کردووە، ئەگەر خاوەنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بە شێوەی مۆدێڕنیش نەبووبێ، وەک نەتەوەیەکی زیندوو و مافخواز ڕوح و هزری ناسیۆنالیزمی لەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە هەڵگرتووە و خۆی پێ ناساندوە و شەڕی مان و نەمانیشی بەرامبەر دوژمن پێ کردووە. بۆ نموونە: هەموو تاکێکی کورد دەخوازێ گرینگی بە زمان و کولتووری نەتەوەیی بدا، ناوی مناڵەکەی کوردی بێ، مێژوو و فەرهەنگی خۆی بە مناڵەکەی بناسێنێ، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ناوچە کوردییەکان بە دەستی کەسانی پسپۆری خۆجێیی بێت، هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکا، لە کاتی دەنگدان، دەنگ بە بەربژێری کورد دەدا و..  . ئەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە نەتەوەی کورد بە گشتی لە هەموو ڕەهەندەکان هەوڵ دەدا بۆ بەرەوپێشچوونی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی کە لە خانەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەییدا جێ دەگرن و هەموو بوار و دەرفەتەکان لە خزمەتی بە ئاکام‌گەیاندنی ناسیۆنالیزمی نەتەوەییدا بە کار دێنی. بەڵام گەلی کورد بە حوکمی باوەڕمەندبوونی بە تۆلێرانس، پلۆرالیزم و دێموکراتیک‌بوونی، سەرەڕای بوونی وەک بکەرێکی ناسیۆنالیستی تۆخی نەتەوەیی، خوازیاریشە بە میکانیزم و ڕێگای ناسیۆنالیزمی مەدەنیش شوناسی بپارێزێ و ماف و ئامانجی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی وەدی بێنێ، چۆن لەسەر ئەم بڕوایەیە کە هەموو تاکەکانی یەک وڵات، شارۆمەندی ئەم وڵاتەن و دەبێ خاوەنی ماف و بڕیاری کۆتایی بۆ سەروەریی یاسا، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی خۆیان و... بن. ئەم پێناسەیە لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە سەر ئەم گریمانەیە وەستاوە کە نەتەوە، جڤاکێکە کە شارۆمەندانی ئازاد و دوور لە هەر چەشنە جیاوازی و ناکۆکییەکی زاتی، کولتووری و سیاسی بن و هەر نەتەوەیەک دەبێ یەکەی سیاسیی ژێر دەسەڵاتداریەتی سەربەخۆیانەی خۆی لەسەر ئەساسی یاسای بنەڕەتی وڵات هەبێ کە بە ڕووە یاسایی و سیاسییەکەی دیکەی هەمان فێدرالیزمە کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد لە خۆرهەڵات بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بە دێموکراسی‌کردنی ئێرانی فرەنەتەوە، ئایین و کولتوور وەک مانیفێستی کاری سیاسیی خۆی بە ئەسڵی وەرگرتووە. ناسیۆنالیزمی مەدەنی لەسەر ئەساس و بنچینەی یاسایی، دەروەستی بە ڕێسا و یاسای گشتی و خۆشەویستی بۆ نەتەوە و دامەزراوەکانی نەتەوەیی درووست دەبێ و گرینگیدان بە کولتووری مەدەنی هاوبەش و بەرابەریی یاسایی و سیاسیی تاکەکانی گرێدراو بە وڵات پێداگری دەکا . بەم پێیە ناسیۆنالیزمی مەدەنی بریتییە لە پێبەندی و بەرپرسیاری بە خودموختاریی گشتیی کۆمەڵانی خەڵک و بە مانای هەستی هۆگری و دەروەستی بە بەرابەری، ئازادی و ماڤی شارۆمەندی، جوودا لە هۆگری و گرێدراوی نەتەوەیی و ئایینی. بۆیە دەتوانیین ناسیۆنالیزمی مەدەنی لە چوارچێوەی ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندی وبڕوامەندییان بە بەرابەریی هەموو تاکەکانی یەک جڤات هەڵسەنگێنین و لە سەر ئەساسی تێڕامان و ڕوانگەی بەرابەر بۆ مافی مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان تەتەڵەی بکەین. بۆ نموونە گەر هیندێک توخمی وێژمانە مەدەنییەکانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی کورد وەک: بەرابەریی هەموو تاکەکان لە بەردەم یاسا، دەنگی خەڵک وەک گرینگترین پێوەر، ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری، دوورکەوتنەوە لە دێماگوژی، بەبنەماوەرگرتنی مافی مرۆڤ لە بری ئینتیمای ئایینی، سپاردنی ئیدارەی وڵات بە کەسانی پسپۆر و لێزان و... بخەینە بەرباس، دەبینین ناسیۆنالیزمی مەدەنی بۆ گەلی کورد لە سەر ئەساسە هزرە دێموکراتیکەکانی بەرانبەر بە هەموو مرۆڤەکان، ئاڵاهەڵگری ناسیۆنالیزمی مەدەنیشە و بە هەموو جۆرێک هەوڵی بەدامەزراوەکردنی ئەم ناسیۆنالیزمە لە نێو هەرچوارپارچەی کوردستان دەدا. لە سەر ئەساسی هەڵسەنگاندن بۆ هەر دوو چەمکی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و مەدەنی و تێڕامانی خاوەن‌ڕایان بۆ ئەم دوو ڕەهەندە لە ناسیۆنالیزم، دەبینین مێژووی بزاڤی ناسیۆنالیزمی کورد، ناسیۆنالیزمێکە، هەڵگری هزر و کارکردی هەر دوو ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و مەدەنییە و بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی شۆڕش بۆ پاراستنی شوناس، وێژمان، مێژوو و... گەلەکەمان دەدا و بەپێی ساختار و سیستمی دەسەڵاتدارەتیی دەوڵەتی ئەگەر بوار و دەرفەتی دێموکراسی بوونی هەبێ، لە ڕەهەندی ناسیۆنالیزمی مەدەنییش هەوڵی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان دەدا .