کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕاژیدیی سەرکوت و هەڵاواردنی نەتەوە پەراوێزخراوەکان لە ئێراندا

02:22 - 16 رەشەمه 2720

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە پێک‌هاتووە لە فارس، تورک، کورد، بەلوچ و عەڕەب و چەند نەتەوەیەکی بچووکی دیکە. ئەو وڵاتە بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتەکەی دەستاودەست کراوە، سنوورەکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و، هەربۆیەش هەموو نەتەوەکانی ئێران لە وڵاتانی دراوسێی ئێراندا هەن و سنووورەکانی ئێران وەک سنووری زۆربەی وڵاتانی جیهان بەپێی پێکهاتەی نەتەوەیی دانەندراوە و لەڕاستیدا دەسکردە. واتە شەڕی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر بۆ وێنە دەسەڵاتی سەفەوییەکان لەگەڵ عوسمانییەکان و قاجار و ڕووسەکان نەتەوەکانی دابەش کردووە، وەک نەتەوەی کورد کە بەسەر چوارپارچەی سەرەکیدا دابەش کراوە و لەئاکامدا نەیتوانیوە کیانی سەربەخۆی خۆی هەبێ. جگە لە فارسەکان کە وەک نەتەوەی زۆرینە بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، (نەک هەموو دانیشتووانی ئێران)، دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و ستەمی نەتەوەییان لێ نەکراوە، نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی بەرەوڕوون. واتە سیاسەتی دەسەڵات لە ئێراندا لە ئاست نەتەوەکانی دیکە، سیاسەتی سرینەوە و پاکتاوی شوناسی نەتەوەیی بووە. دیارە دەسەڵاتداران  لەو هەوڵانەدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون و توانیویانە هەستی نەتەوەیی لەنێو بەشێک لە خەڵکی نەتەوەکانی غەیرە فارسدا سڕ و لاواز بکەن. دەکرێ بۆ نموونە باس لە نەتەوەکانی گیلەک و مازێنی بکەین کە هەموو مەرجەکانی نەتەوەبوون بە زمانی تایبەتیشەوە تێیاندا هەیە، بەڵام خەریکە شوناسی نەتەوەییان بەرەو توانەوە لەنێو نەتەوەی فارسدا دەچێ. پاش ڕووخانی قاجارەکان و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ڕەزاخانەوە، سەرکوتی بێبەزەیانەی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد و ڕەزاخان کە دواتر بوو بە شای ئێران توانیی هەموو جووڵانەوەکان، وەک جووڵانەوەی جەنگەڵ بە سەرۆکایەتیی میرزا کووچێک‌خان لە گیلان و جووڵانەوەی شێخ خەزعەل لە خوزستان و هەروەها ڕاپەڕینی سمکۆ لە کوردستان سەرکوت بکا. پاش سەرکوتی ڕاپەرینەکان، بە چاولێکەری لە مستەفا کەماڵ لە تورکیە، پرۆسەی نەتەوەسازی لە ئێرانی بە پەیرەوی لە تیۆریی دەوڵەت-نەتەوە دەست ‌پێ کرد. دەسەڵات هەوڵی دەدا لە هەموو ئامرازەکان بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی ئێران کەلک وەرگرێ و تێدەکۆشا نەتەوەکان سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان لە چوارچێوەیەکی دەسکرد و نامۆ بە ناوی "نەتەوەی ئێران"دا کۆ بکاتەوە. هەوڵێک کە لە تورکیە بە سیاسەتی زەبروزەنگ و کوشتار و کۆچ پێکردنی زۆرەملێ لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا تاڕادەیەکی زۆر سەری گرتووە و جگە لە کوردەکان لە باکووری کوردستان نەبێ کە توانییان سەرەڕای زەبرێکی زۆر کە وەکەسایەتی و شعووری نەتەوەییان کەوت، خۆ لە بەرانبەر تەوژمی فاشیستیانەی بەتورک‌کردن ڕابگرن، زۆربەی نەتەوەکانی دیکە وەک "لاز"،"چەرکێس" و "ئەرمەنەکان" لەتورکییە تەنیا هەر ناویان ماوە لەڕاستیدا لەنێو تورکەکاندا تواونەتەوە. بەڵام ئەو سیاسەتە لە ئێران سەرەڕای بەردەوام‌بوونی لەهەموو بوارەکاندا بەهۆی شەڕی جیهانیی دووهەم و داگیرکرانی ئێران لەلایەن یەکیەتیی سۆڤییەت و بریتانیا و ڕووخانی دەسەڵاتی ڕەزاشا نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو هەستی نەتەوەیی و مافخوازی لەنێو گەلانی ئێراندا بەرز کردەوە. دامەزرانی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دێموکرات و حکوومەتی نەتەوەیی ئازربایجان بە سەرۆکایەتیی جەعفەری پیشەوەری و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان سەرەڕای تەمەنی کورتیان، وەک دوو دەسەڵاتی هەڵقوڵاو لە ناخی نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورک، بەرهەمی ئەو سەردەمە و زیندوومانەوەی کەسایەتیی نەتەوەیی بوون. هەربۆیەش بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی گەشەسەندووی نەتەوەکانی تورک و کورد بە فەرمانی حەمەڕەزاشا هێرش کرایە سەر ئازەربایجان و کوردستان و ئەو دوو دەسەڵاتە نەتەوەییە لەنێو بران و بۆ جارێکی دیکە پرۆسەی نەتەوەسازی لە شکڵی نەتەوەی ئێران وەگەڕ کەوتەوە. لە درێژەی پرۆسەی هەڵاواردن و تواندنەوەی نەتەوەکانی ئێران کە پاش سەقامگیربوونی حەمەڕەزا شا و دەوڵەتی ناوەندگەرا وەک شەڕی سپی بەردەوام بوو و هەوڵ دەدرا کەسایەتی و شوناسی ئێرانیبوون بەسەر هەموو تاک و نەتەوەکانی ئێراندا بسەپێندرێ، وای ‌لێ‌هاتبوو کە تەنانەت لە قوتابخانە و دامودەزگا ئیدارییەکانیش لەسەر دیوار نووسرابوو کە بە فارسی قسان بکەن. هەرچەشنە مافخوازی و داوای تەنانەت فەرهەنگییش وەک جیاخوازی سەرکوت دەکرا و لەو نێوەدا کورد زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی ئێران هەم خەباتی بۆ وەدیهێنانی مافەکانی کرد و لاپەڕەی زێڕینی لە خەبات و بەرخۆدان تۆمار کرد و هەم زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی ئێران سەرکوت کرا و ڕۆڵەکانی بە سێدارەوە کران. هەرچەند ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧هەتاوی و لە پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ڕووخا و تۆماری زیاتر لە پێنج دەیە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکان و نەتەوەسازی و بەفارس‌کردن تێکەوە پێچرا، بەڵام خومەینی و ئاخوندە تازە بەدەسەڵات‌گەیشتووەکان زۆر زوو ڕووی ڕاستەقینە و دزێوی خۆیان دەرخست و نیشانیان دا نەک هەر باوەڕیان بە نەتەوەکانی ئێرانی و مافی نەتەوایەتی نییە، بەڵکوو تەنانەت باوەریان بە چەمکی نەتەوەش نییە و لە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و ئەوانیتردا زۆر لە پێشینیانی خۆیان ڕژدترن. ئەگەر ڕەزاشا و حەمەڕەزا شا ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێرانیان بە چەک و پەلاماردان سەرکوت کرد و پاشان شەری "سپی"‌یان بۆ شێواندنی کەسایەتی و شووناسی نەتەوەیی نەتەوەکانی غیرەفارس دەست پێ کرد، ئاخوندەکان هەر لە سەرەتای هاتنەسەر کورسی دەسەڵات سیاسەتی سەرکوتی خوێناویی هەمووگەلانی ئێران و هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دەست پێ کرد و نەتەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستان لەو سەرکوتە خوێناویی و جینایەتکارانەدا پشکی شێری بەرکەوت. ئەو سیاسەتە دژی مرۆڤایەتییە زیاتر لە چل ساڵە بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی دەستی بۆ هەموو جینایەت و کردەوەیەکی نامرۆڤانە بردووە. هێرش بۆ سەر کوردستان وەک قەڵای ئازادیخوازانی ئێران، پەلاماری سەر حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تێرۆری دژبەران، کوشتاری هەزاران زیندانی سیاسی لە بەندیخانەکان، داخستنی زانکۆکان و بەگشتی دەیان و سەدان کردەوەی سەرکوتکەرانە و دژبە مرۆڤایەتی، بەشێکی بچووکن لە پەڕاوی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتی بەسەر ئێراندا. ئەگەر سیاسەتی هەڵاواردن و سرینەوەی شوناسی نەتەوەیی و بەفارس‌کردنی گەلانی غیرەفارس لە ئێران لەسەردەمی پاشایەتی کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەتی دەسەڵات لەبەرانبەر گەلانی ئێراندا بووە، لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵاواردنە نەک هەر لە باری نەتەوەیی، بەڵکوو باری دینی و مەزهەبیشی بەخۆیەوە گرتووە و ئاخوندەکان بەشێوەی فەرمی و بەپێی یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی سیاسەتی هەڵاواردنی کەمایەتییە مەزهەبی و دینییەکانیشیان پەیڕەو کردووە. لەوبەینەدا زیاتر لە نیوەی نەتەوەی کورد و هەروەها بەلوچ و تورکەمەنەکان هەم لەباری نەتەوەیییەوە و هەم لە باری مەزهەبییەوە لە مافەکانیان بێبەش کراون. لە سەرەتای ساڵانی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئەرتەش و سپای پاسداران بۆسەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد بە فەرمانی خومەینی هێرشیان کردە سەر نەتەوەکەمان و لە شەڕێکی نابەرانبەردا سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی بێوێنەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد، کوردستانیان داگیر کردەوە؛ ئێستاش هەمیسان شەڕی کۆماری ئیسلامی بەدژی نەتەوەی کورد لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامە و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بۆ نەتەوەی کورد ڕوانگەیەکی دوژمنکارانە و ئەمنیەتییە و کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو سەیر دەکەن کە دەبێ سەروەت و سامانەکەی بەتاڵان بەرن. هەڵبەت ئەو سیاسەتە تەنیا تایبەت بە کورد نییە و لەو نێوەدا بەلوچ و عەڕەبەکانیش ئەگەر نە زۆرتر لە نەتەوەی کورد، بەڵام کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هەڵاواردن و زەبروزەنگ و کوشتن و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانەکانیان. ئەگەر لە کوردستان خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ناچارن بۆ دابین‌کردنی بژێوی ژیانیان روو لە کۆڵبەری بکەن و دەکەونە بەر دەستڕێژی چەکی هێزەکانی ڕێژیم و بێ‌گیان دەکرێن و دەبنە قوربانی، لە بەلووچستانیش خەڵکی داماو و بێبەش از سەرەتاییترین مافەکانی ژیان، ناچارن بۆ زیندوومانەوە ڕوو لە هێنان و بردنی سووتەمەنی‌ بۆ دەرەوەی سنوورەکان بکەن و ببنە ئامانجی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران و بکوژرێن. نموونەی ئەو جینایەتانە، کوشتار و بریندارکردنی دەیان کەس لە سەراوانی بەلووچستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوو. لە خوزستانیش هەر لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە، سیاسەتی تواندنەوەی عەڕەبەکان و گۆڕێنی دێمۆگرافیی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە، سیاسەتی ڕانەگەیەندراو، بەڵام ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ناوەند بووە. لەو پارێزگایە کە زۆربەی نەوت و گازی ئێرانی ‌تێدایە، دانیشتووانە عەرەبەکەی بەتایبەت لە گوندەکان لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە بێبەشن و لە شوێنەکانی دیکەڕا بە تانکێر ئاویان بۆ دەچێ. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەگشتی بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەتا هاتووە زیاتر توشی بەشمەینەتی و هەژاری و برسییەتی بوون، بەڵام تەنانەت لە برسیەتی و لە بەشمەینەتیشدا نەتەوەکانی کورد و بەلوچ و عەڕەبەکان زۆرتر برسی‌کراون و پەراویز خراون. بێدەنگی لەئاست هەڵاواردن و پەراوێز خستنی نەتەوەکانی ئێران ئەو جینایەتانەی دەیخوڵقێنێ، وەک گرتنی بەکۆمەڵی چالاکانی مەدەنی و کوشتاری زیندانیان سیاسیی و کۆڵبەران و ئەوانەی سووتەمەنی ڕادەگوێزن؛ لە ڕاستیدا تەسلیم‌بوونە لە ئاست کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی و، ئەو ڕێژیمە زیاتر هان دەدا بۆ بەردەوام‌بوون لە سەرکوتکارییەکانی. بێ‌هۆ نییە کە ڕێژیم کوردستان و بەلووچستانی بەوشێوەیە میلیتاریزە کردووە و زۆرترین هێز و قەرارگا نیزامییەکانی لێ داناوە و زۆرترین کوشتار و جینایەتەکان لە دوو ناوچەیە دەکرێ. کۆماری ئیسلامی باش دەزانی لە نێو کورد و بەلوچ دا هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و ئەو دوو ناوچەیە خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامین و لەهەر ئەگەرێکدا دەتوانن لێی هەڵگەڕێنەوە.