کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا مێژوو ڕێسامەندە؟

02:31 - 16 رەشەمه 2720

  لە فێورییەی ٢٠١٠ ژینگەناسێک لە زانکۆی "کۆنیکتیکێت"( University of Connecticut) بەناوی "پیتر توورچین"(Peter Turchin) پێشبینیی ئەوەی کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠ شاهیدی پەرەسەندنی ئاڵۆزیی سیاسی و ئابووری لە دێمۆکراسییەکانی ڕۆژئاوایی دەبین. ناوبراو ئەو قسانەی لە دژی شیمانەی خۆشبینانە؛ لەهەمبەر پێشکەوتنی زانست لە گۆڤاری "نیچر"دا بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێ، ئەمریکا دەگاتە خاڵی ئەوپەڕ ئاڵۆزییەکی‌تر لە مێژووی خۆیدا (لێنزیک بە شێوەی بەردەوام ئەم ئاڵۆزییانە هەر پەنجا ساڵ جارێک ڕوو دەدا)، شەپۆلی مەزنی گەشەی ئابووری دەکەویتە لێژی و ئەم ڕەوشە لە پەنا هەندێک بژاردەی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە و گرفتەکە خەریکە سەر هەڵبدا. کێشەی قووڵ و زۆرتر بەدخیم و بێ‌چارەسەری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کە لەم دە ساڵە لە ئەمریکای باکووری و ئورووپا سەریان هەڵداوە. ئەمانە شرۆڤەی توورچینیان بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە و مەزەندەیی هێنایە دی! دوو ساڵ پێش ئەو قسانەش، لە ژوئییەی ٢٠٠٨، توورچین داخۆیانی سەرنجڕاکێشی لەهەمبەر بوون و دواڕۆژی مێژوو هێنابووە بەر باس. ئەو بە هەڵسەنگاندنی دووسەد شرۆڤە؛ بۆ چۆنیەتیی داڕمانی ئیمپراتۆریی ڕۆمی کەون، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیبوو کە چۆنە توێژەرانی مێژوو نەیانتوانیوە بە ڕێکەوتنێک بگەن کە "کامە شرۆڤە ماقووڵە و کامە نا"! ئەو دەیگوت، ئەم پرسە ئەوەندە گەوجانەیە کە لە فیزیا، بۆچوونی "فلووجیستۆن" و تێرمۆدینامیک  لە ڕەوشی یەکسان پێکەوە بوونیان هەبێ". توورچین دەیەویست بڵێ کە، وەک هەوڵەکانی کە لە پزشکی و زانستەکانی ژینگە بۆ چێ‌کردنی لەش و ژینگە ساغتر بووە، دەکرێ هیندێک هەوڵ بدرێ هەتا بتوانین کۆمەڵگەی ڕاوەستاو دابمەزرێنین؟ بێگومان کاتی ئەوە هاتبوو کە "مێژوو وەک زانستێکی شیکاری و تەنانەت کاڤشکییانەی لێ بێ". ئەو کە دەیزانی وێناچێ مێژووزانان بۆخۆیان وەها شێوازێکی شیکارانە لەمەڕ ڕابردوو بسەلمێنن، بەشێکی نوێی لە زانستی مێژوو پێشنیار کرد بەناوی "زانستی شیکارانەی مێژووی کۆمەڵ" یان "کێلیۆدینامیک". نەریتی بەشێوازکردنی مێژووی زانستی و خوێندنەوەی ڕابردوو بە مەبەستی شکڵدان بە دواڕۆژ ڕابردوویەکی درێژی هەیە، یوسیتیوستی فەرانسەوی، ئاگۆست کۆنت "یاسای سێ قۆناخی"ی پێشنیار دەدا کە دەیگوت، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دوای تێپەڕینی قۆناخی "ئایینی" و "بانخۆزاو(مێتافیزیکی) گەیشتووەتە خۆئاگایی زانستی هەتا لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگەیەکی باشتر دابمەزرێنن. ئەمە هەندێک هەڵوێستی بەدوای خۆیدا هێنا لەوانە داروینیسمی کۆمەڵایەتی هێربێرت سپێنسێر، کە ڕاڤەی "مانەوەی باشترینەکان" (بقای اصلح)ی جێ خست. سپێنسێر زۆر کەمتر لە کۆنت بە دواڕۆژی مرۆڤایەتی خۆشبین بوو و پێی‌وابوو کە مرۆڤ لەخۆیدا بوونەوەرێکی خۆخوازە. کاری پڕکاریگەر و زۆر ناسراوی سپێنسێر بۆ هەڵسەنگاندنی بنەڕەتی نێوان گەشەی بایۆلۆژی (ژیانی) و کۆمەڵایەتی هەڵچنرابوو کە بووە هەوێنی لێکۆلەرانی چاخی ویکتۆریایی و سەرنجی ئەوانی ڕاکێشا، زۆرتر بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا یان نهێنی ڕەگەزپەرەستانە دەژمێردرێ. هەموو ئەو شێوازانە لە بۆچوونی "پێشکەوتن" هاوبەش بوون؛ ئەو بۆچوونەی کە دەیگوت مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئینسانی بە تێکچندراوتر بوون، باشتر-ئاوەزمەندتر، لیبراڵ‌تر، مۆدێرن‌تر و بەتواناتر لە هەوسار کردنی سرووشت- دابوونە. هەروەها هەر هەموویان ئەو بۆچوونەشیان هەبووە کە دواڕۆژێکی باشتریش چاوەڕوان دەکرێ، چ بە شێوازی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی کارڵ مارکس، چ شایستەسالاری لەسەر بنەمای چاکسازی ڕەگەزی فرانسیس گاڵتۆن و چ ئارمان شاری سوسیالیستی ئێدوارد بڵۆمی. ئەم بۆچوونە کە پێشکەوتن ناگوزیرە، بە ژینۆساید و توتالیتاریسمی نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم خەتی خوار کرد و بە ئاقارێکی تردا ڕۆیشت، بەڵام وێنای یاسای گشتی گەشەی کۆمەڵایەتی لە نووسراوەکانی توێژەرانی مۆدێرن زۆر پڕسێبەر بوو. لە ساڵی ١٩٢٥ ئابووریناسێکی سۆڤییەت بە ناوی "نیکۆلای کۆندراتیڤ" داوای ئەوەی کرد کە شەپۆڵ‌گەلێکی لە ئابووری جیهان دۆزیوەتەوە کە هەر ٤٠ یان ٦٠ ساڵ دووپاتە دەبێتەوە و، ئێرنێست مێندێڵ لە وتارێک‌دا لەسەر ئابووریی نێئوکاپیتالیستی ئەم بۆچوونەی بە تەواوی پشتڕاست کردەوە. بەڵام بە ڕوانگەی بەشی هەرە زۆری توێژەرانی دیرۆک "ڕاستییەکانی مێژوویی" شتگەلی جیا نین کە سەربەخۆ بوونیان هەبێ و چاوەڕێ بکەن توێژەرێک بێ و ڕاویان بکا و کۆیان بکاتەوە و بە شێوەیەکی ساغ و خاوێن ڕێکوپێکیان بکا. بەڵگەی مێژوویی سنوورێکی بێدەرەتانی هەیە، چوونکە دەست‌وێڕاگەیشتن بە  ئەزموونی هەندێک لە گرووپەکان هاسانتر لەوانی دیکەیە. کێلیۆمێتریک-شیوازێک بۆ هەڵسەنگاندنی مێژوو کە وێکچوونی دەگەڵ کیلیۆدینامیکی توورچێن هەیە- ئەم سنووربەندییە بە جوانی خۆیا دەکا. کێلیۆمێتریک کە لەژێر کاریگەری کارداگڵاس، نۆرس و ڕۆبێرت فۆگێل (ئەو زانایانەی کە لە ساڵی ١٩٩٣ پێکەوە خەلاتی نۆبێلی مێژووی ئابووریان وەرگرت)، بۆچوونی ئابووری و شێوازی هەژماری لە مێژوو بەکار دەهێنن. ئەم بەشە بە کردنی مێژووی ئابووری لە کارێکی ڕیوایەت‌تەوەر ڕا دەکاتە چالاکییەک لەسەر بنەمای بیرکاری و ئەو متمانەیەی پێ دەبەخشێ، بەڵام بۆتە جێگەی مشتومڕ و ئاڵۆزییکەی زۆریش، هەروەک لە بیرمەندانی سەدەی نۆزدەهەم بینیمان. لێرەشدا ڕەگەز ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ، فۆگڵ لە نووسینە گرینگەکەی خۆی بەناوی "کات لەسەر خاچ"(١٩٧٤) کە توێژینەوەیەکی چەندایەتی لەسەر کۆیلەداری لە ئەمەریکایە، لە بەڵگەی وەک چاندن و کار، کەلکی وەرگرتووە هەتا پێشان بدا کە کۆیلەداری لە بواری ئابووری کەرەسەیەکی بەرهەمهێنەری باش بووە و کۆیلەکانی باشوور زۆر باشتر لە بەشی هەرەزۆری مزبەرانی باکووری بوونە. هەڵوێستێکی توندی پێشبێنیکراو کە ئەم بۆچوونە هەڵایساند هەتا ڕادەیەکی زۆر لەسەر خاڵێک تەکووزی دەکرد(ئەوان باسیان کردبوو بەڵام سەرنجیان نەدابوویێ)، ئەوەیکە بەڵگەی چاندن و کاری سرووشتی کۆیلەدارییان بە تەواوەتی تۆمار نەکردبوو جا چۆن دەیانتوانی شتێکی وەها بکەن، کاتێک گروپێک لە مرۆڤەکان بە چەوساندنەوە و لێکێشانی گروپێکی دیکە ئەوان پێک بێنن؟ زمانی پۆزیتویسمی زانست-زمانی هەڵسەنگاندنی شیمانەکان بە پێدراوەکان- بە چەتوونی دەگەڵ ڕێگای مێژوو دەبێتە هاودەم. کیلیۆمێتریک مێژوو وەک تاقیکارییەک دەبینێ کە کۆمەڵێک پێدراوی(دادە) بەردەوامی هەیە کە دەکرێ بۆچوونی ئابووری جۆربەجۆری تێدا تاقی بکەیتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی "ئێمیل دۆرکیم" هیچ کات نابێ دەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان وەک شتومەک بنواڕی، جا ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کە توورچین لە ساڵی ٢٠٠٣ کردی. ئەو کە لە بنەڕەتەوە ژینگەناسێکی حەشیمەتی بوو، کاتێک بەو ئاکامە گەیشت کە هەموو پرسگەلێکی جێ سەرنجی ئەم بەشە پێشتر چارسەر کراون، وازی لێ هێنا، توورچین بە ئیلهام‌وەرگرتن لە کاری کۆمەڵناسی ئەمریکایی "جەک گۆڵدێستۆن" کە لە دەیەی ١٩٩٠ هەوڵی دا فەلسەفەی "ئالێکسی دۆتۆکوێل" بکاتەوە هاوکێشەکانی بیرکاری، دەستی کرد بە پیوەندی‌دانی ڕادەی حەشیمەت بە دەرکەوتنی ئابووری (بە ڕوانگەیەکی ڕخنەگرانە، بە ئاستی نابەرانبەری ئابووری) هەروەها ناجێگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی. توورچین بە دەرخستنی زانیاری وەک قەبارەی خانووبەرە ڕادەی پاشەکەوتی پووڵ و شتگەلی تر، گوتی کە دەتوانێ شوێن‌پێێ ئاڵوگۆڕی سیاسی، ئابووری و حەشیمەتی لە ماوەی هەزاران ساڵ بدۆزێتەوە. بەتایبەت ئەو دوو پارادایمی دووپاتەکەرەوەی دیتەوە کە لە دەرک‌پێکردنی مێژووی سیاسی گرینگیەکی زۆریان هەبوو. خولی درێژماوەی کۆمەڵایەتی-حەشیمەتی و سووڕی باوک-کوڕ. یەکەمیان ئاماژە بۆ دەورانی زەمەنی سەدە دەکا کە لەوێدا شەپۆڵی ئاڵۆزی و قەیرانی کۆمەڵایەتی سیاسی بە گەشەی حەشیمەت هەڵدەکشێ و دادەکشێ، کاتێک حەشیمەت دەگاتە دێرانە(ظرفیت)ی بەرگەی زەوی، ستانداردەکانی ژیان دادەبەزێ و ئەو گرووپانەی پێشتر سەردەست بوون، لێ دەکەون و شۆڕشێک به دژی سیستەمی سیاسی بەرپا دەبێ. له بگرە و بەردەی ئەو شەڕ و شووڕانەدا حەشیمەت دادەبەزێ و هەتا ئەو دەمیش تێکنۆلۆژێ زیاتر پێش ‌دەکەوێ و دۆخێکی تازه بۆ ژیان سەر هەڵدەدا. ماوەی ئەم خولە زیاتر له سەدەیەکە. خولی باوک ـ کوڕ: ئەمە سووڕێکە کە ماوەکەی نزیک پەنجا ساڵه. بەگوێرەی بۆچوونی توورچین بۆ نموونە کاتێک بەرەیەک (بەرەی باوک) شەڕ و توندوتیژی ئەزموون دەکا، بەرەی دواتر(بەرەی کوڕ) نەفرەت له شەڕ دەکا و ژیانێکی ئارام تاقی دەکاتەوە، بەڵام بەرەی سێیەم (بەرەی نەوە) کە ڕاستەوخۆ توندوتیژیی ئەزموون نەکردووه، دیسان حەزی بۆ شەڕ و پێکدادان دەبێتەوە. بنەمای سەرەکیی پێشبینییەکانی توورچین ئەم خولە بوو کە تێیدا باسی ئاڵۆزییەکانی ٢٠١٠ی کردووە. لە ٢٠١٠ بڵاڤۆکی "کێلیۆدینامیکیس" کە ئاڵاهەڵگری ئەو بەشە نوێیە بوو دەستی بە کار و چالاکی کرد و توورچینیش بەو ئاراستەیەدا و دەگەڵ باسەکانی پێشووی ئاگۆست کۆنت لە هەمبەر قۆناخی بەردەوامیی تێکچڕژاوی زانستی (لە فیزیکەوە هەتا شیمی و ژینگەناسی هەتا کۆمەڵناسی) لێبڕاوانە ئەم وێنایەی ڕدە کردەوە کە تێکچڕژاوی دەبێتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نەتوانی بە شێوەی چۆنیەتی ڕاڤە بکەی و ئەزقەزا هەر ئەو ئاڵۆزی و تێکچندراوییەیە کە کەلک‌وەرگرتن لە زانستی بیرکاری بە پێویست دەزانێ. هاوکات دەگەڵ پەرەسەندنی دیجیتاڵیی زانیارییەکان و هێزی دەیتا کە ئیمکانی ڕاڤەی بیرکاری زیاتر دەکا، کێلیۆدینامیستەکان هەڵوێستی خۆیان گۆڕی. لەژێر ناوی بڵاوکراوەکەیان، چوار ساڵ دوای دامەزراندن، بڵاوکراوەی دیرۆکی تیۆری و بیرکاری بوو بە "مێژووی چۆنیەتی و گەشەی فەرهەنگی". توورچین لە سەروتارەکەیدا نووسی، ئامانج لەم هەوڵە دانانی کلیۆدینامیک لە پانتاییەکی بەربڵاوتری شیکاریی گەشە بووە. ئەم سووڕانەی بەئاشکرا بەرەو ڕوانگەی گەشە و فراژ وەرسووڕانێکی مەزنی لێ کەوتەوە کە لەودا بەشێک لە زانستی ئینسانی ڕوویان لە زانستی سرووشتی هێنا. شێوازی هزری نوێ بەناوی "مێژووی قووڵ" یان "دیرۆکی فرە"(تاریخ کلان) گوورا. کە تایبەتمەندییەکەیان کەلک‌وەرگرتن لە لێڕوانینی فراژی چەند بەشیی بە شێوازی چۆنایەتی و چەندایەتی بوو. ئەم بەشە نوێیانە، بە تێکەڵ بوونی زانستە سرووشتیەکان و زانستە مرۆییەکان بە مەبەسی خوڵقاندنی ڕیوایەتێک لە سەربوردەی مرۆڤ کە لە سەرەتاوە دەست پێ دەکا و هەتا دەگاتە قۆناخی پاش مرۆڤی(پسا انسانی)، پسپۆڕی گونجاو و باوی مرۆڤناسانە و جوگرافیایی لە بەستێنی مێژووی کلاسیک و نەریتی بەرهەڵستی بۆوە. بەتایبەت ئەوان بە تاقیکاری ئەزموونی و چوارچێوەی تیۆری کە لە شیکاری قۆناخە جیاوازەکان و سەردەمە زەمەنییەکان هەرچەند درێژتر یارمەتی دەکردن و ئەوەندی کە دەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پیوەندیان دەگرت ڕێک بەو ڕادەیەش کەسانی ناشارەزاش ئۆگری دەقەکانیان دەبوو. لە "سێهەمین شامپانزە"(١٩٩١) جێڕد دایمۆند هەتا "مرۆڤی ئاوەزمەند"(٢٠١١)ی هێراری، ئەو نووسەرانەی کە لەم نەریتە خامە دەجووڵێنن، شرۆڤەیەکی ڕوون و هاسان دەخەنە بەرچاو کە مرۆڤ لەکوێوە هاتووە و ڕەنگبێ، دەچتە کوێ؟ کە ئەمە بەڕوونی لەسەر بناخەی گێڕانەوەی چالاکییەکانی فراژ و گەشە دەچتە پێش.