کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوسترالیا بۆ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئوسترالیا

14:58 - 16 رەشەمه 2720

نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوسترالیا سەردانی بەڕێز" گراهام پیریت" ئەندام پەرلەمانی ئوسترالیا وجێگری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتەیان کرد. سەلاح پوورئەسەد و کامران سوهرابی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "گراهام پیریت" جێگری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە پەرلمانی ئوسترالیا، باسێکیان تایبەت بە ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییانە لە کوردستان وپێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئیران هێنایە بەرباس. لەم چاوپێکەوتنەدا نوێنەرانی حیزب بە وردیی لەسەر سیاسەتی زەبروزەنگ، کوشتاری کۆڵبەران و خەڵکی زەحمەتکێش و کاسبکاری کورد، گرتن و ئێعدام و دەسبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا و شەپۆلی دەسبەسەرکراوانی ئەو چەند رۆژەی ڕابردوو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ “گراھام پیریت” شیکردەوە و بە بەڵگەوە ناو و وێنەی دەسبەسەرکراوەکانیان دایە دەست بەڕێزیان و هاوکات داویان کرد کە ئوسترالیا وەک سیستمێکی دێموکرات و شوێندانەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئازادکردنی ئەو دەسبەسەرکراوە بێ تاوانانە هەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن. بەدوای ئەو دیدارەدا، بەڕێز گراهام پیریت نامەیەکی هاوپێچ دەگەڵ ئەو نامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەڕێز “موریس پەیین” وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا نارد و رۆژی ڕابردوو لە وڵامیی نامەکەدا هاتووە کە ڕەوشی مافی مرۆڤی ئێران بۆ حکومەتی ئوسترالیا جێگای نیگەرانییە و بەردەوام و هاوکار لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم نیگەرانییانە دەردەبڕین .