کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕیوەچوونی سمیناری یەکیەتیی ژنان لە کۆیە

14:28 - 23 رەشەمه 2720

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لەبەرەبەری یادی ٧٥ساڵەی دامەزرانیدا سمینارێکی بۆ خاتوو عیسمەت نستانی، لە ماڵی ڕۆشنبیرانی کۆیە پێکهێنا. دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە بەرەبەری یادی ٧٥ساڵە دامەزرانیدا کۆڕێکی بۆ خاتوو "عیسمەت نستانی"، سکرتێری پێشووی ئەو ڕێکخراوەیە، لە ژێرناوی "ئاوڕێک لە مێژووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان" لە ماڵی ڕۆشنبیرانی کۆیە بو بەشێک لەئەندامانی یەکیەتیی ژنان و ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کۆیە پێکهێنا. سەرەتای کۆڕەکە بە ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد وپاشان خاتوو "عیسمەت نستانی" مێژووی یەکیەتیی ژنانی بەسەر سێ قۆناغ، سەردەمی دامەزرانی لە کۆماری کوردستان، ساڵی ٥٧ی هەتاوی دوای شۆرشی گەلانی ئێران وچالاکیی ئێستای ئەو ڕێکخراوەیە دابەشکرد. لەبەشێکی دیکەی سمینارەکەدا خاتوو عیسمەت، بە ئاماژە بە نەخش و دەوری ژنان لە شۆڕشدا و ئاماژە بە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و شەهیدبوونی دوو سکرتێری یەک لەدوای یەکی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان، ڕۆڵی ژنانی لە شۆرشدا بەرزنرخاند. خاتوو عیسمەت لە کۆتایی سمینارەکەدا ئاورێکی لە چالاکیی ژنان لە ناوخۆ و باشوور و دەرەوەی وڵات دایەوە وهاتنە مەیدانی ژنانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای گوشاری ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چالاکانی نێوخۆ بەتایبەتیی ژنانی بە شانازی و ڕێزەوە باسکرد.