کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانەوە

16:42 - 24 رەشەمه 2720

ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٥هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانییەوە، لە قەڵای دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٥هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێکخراوەکەیانەوە بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی یەکیەتیی ژنان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی‌ ڕەقیب و ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد و پاشان حەسەن شێخانی، ڕێکخەری کاروباری ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەیامێکی پێشکەش کرد . ناوبراو پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی لە ژنانی ئازادیخواز و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد. حەسەن شێخانی لە درێژەی پەیامەکەدا وتی: دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، دەسکەوتێکی قۆناغی سەروەریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کۆماری کوردستانە و کۆماری کوردستان بە مانای تایبەتی وشە، دابڕانی لە ڕەوتی مێژوودا دروست کرد و بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان و کاریگەریی درێژماوەی لەسەر بزاڤی کوردستان و کۆی پڕۆسەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد دانا. دواتر پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان، لەلایەن "موژگان عەلیپوور " سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا و ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لە ڕۆڵی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، لە نێو ڕیزەکانی یەکیەتیی ژنان و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کرد. لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا کۆرسی سروودی یەکیەتیی ژنان سروودێکیان پێشکەش کرد و هەروەها کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گۆرانی، هەڵپەڕکێ و سروود ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە و بە هەڵپەڕکێ و خۆشی و شادی کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە هات.