کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەڕەشیی چەوساوەکان لەسۆنگەی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتەوە

05:36 - 30 رەشەمه 2720

شوڕای بەرزی کار پێکهاتوو لە  بەناو نوێنەری کرێکارانی سەر بە حکوومەت، خاوەن‌کارەکان و وەزارەتی کار، وەک ساڵانی پێشوو لە ٢٣ی ڕەشەمەی ئەمساڵ گەڵاڵەی لانی‌کەمی مووچەی کرێکاران و خانەنشینانی ڕاگەیاند. بەپێی ئەو گەڵاڵەیە مووچەی مانگانەی کرێکارێک کە پێشینەی کاری نییە و خاوەن منداڵێکە ٣ میلیۆن و ٧٦٩ هەزار و ٥٠٦ تەمەن خەمڵێندراوە. ئەوە لەحالێک‌دایە ئەو بڕە پارەیە ٣ میلیۆن لەو بڕە پارەیەی کۆمیتەی مووچەی شوڕای بەرزی کار بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی دایناوە کەمترە و هەروەها کەمتر لە نیوەی پارەی هێڵی هەژارییە کە وەک ناوەندەکرێکاریی و سەربەخۆیەکان باسی لێ‌دەکەن هێڵی هەژاری لە ئێراندا گەیشتووەتە سنووری ١٠ میلیۆن تمەن لە مانگێکدا. دیارە ئەو هێڵە هەر لەهەڵکشان‌دایە و بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی گرانی سەرسووڕهێنەری پێداویستییەکان، پێشبینی ناکرێ هێڵی هەژاری دابەزێ یان سەقامگیر بمێنێتەوە و وادیارە بەرەوهەڵکشان دەچێ. لە بارودۆخی ئێستادا سفرەی ١٧ میلیون کرێکار و خانەنشین‌کراو و هەروەها دەیان میلیۆن کەس لە زەحمەتکێشانی ئێران چووکتر بووەتەوە و زۆر پێداویستی ڕۆژانەی ژیان وەک ڕۆن، مریشک، هێلکە، گۆشت و سەوزە لە بازارەکاندا کەم بوونەتەوە و دەبێ خەڵکی بە نرخێکی زۆر گران و پاش چەند سەعات چاوەڕوانی ‌ و لە نۆرەدا مانەوە و ڕاوەستان بیانکرن. جگە لەوەش دەوڵەت و دامەزراوەکانی توانای پێدانی ئەو بڕە پارە کەمەشیان وەک مووچەی مانگانەی کرێکاران و خانەنشین‌کراوەکان لەکاتی خۆیدا نییە و ئەوەش بەردەوام ناڕەزایەتی لێ‌کەوتووەتەوە. کرێکاران و خانەنشین‌کراوەکان داوا دەکەن بەپێی هەڵکشانی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان و ئاوسانی ئابووری، مووچەی مانگانەیان بەرز بکرێتەوە، بەڵام بەرپرسان هەتا ئێستا ئەو داوایەیان پشتگوێ خستووە و وەک هەمیشە لە ناڵ و بزمار دەدەن. لەو ماوەیەدا ڕۆژ نەبووە لە شار و ناوەندە پیشەسازییەکان و لەبەردەم وەزارەتخانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە نەچێ و خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە هەژاری و برسییەتی بە دژی دەوڵەت و بەرپرسان درووشم نەدەن و دەنگ بەرز نەکەنەوە. ئەو ناڕەزایەتییانە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هەراسان کردووە، هەربۆیەش لە زۆربەی کۆبوونەوە ناڕازایەتییەکان‌دا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر خەڵکی نارازی و چالاکانی کرێکاری و ئەوانەی کە پێیان‌وایە هەڵسووڕێنەری ئەو کۆبوونەوانەن قۆڵبەست دەکەن و دەیانگرن. توێژی کرێکاری ئێران لە کاتێکدا پێ دەنێنە ساڵی نوێ‌وە کە ئابووریی ئێران داڕماوە و هاوکار خەڵکی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانیەوە باجی سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی خامنەیی و سپای پاسداران دەدەن. سیاسەتگەلێک کە لە ماوەی دەسەڵاتداری ئەو نیزامە دژی‌گەلییە، سەرمایەکانی وڵاتی بەفیڕۆ داوە و کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی سەدان کارەسات و نەهامەتی گەورە کردووەتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی ئابووری و گرانی و برسییەتی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیم نابەرپرسانە و بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان، هەموویان تێکڕا قامک بۆ ئەمریکا و گەمارۆکانی ڕادەکێشن و دەڵێن هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە نالەبارە ئەمریکایە. شک لەوەدا نییە گەمارۆکانی ئەمریکا ئەگەر لەلایەک داهاتەکانی کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە نزمترین ئاستی خۆی و ئاخوندەکانی تەنگەتاو کردووە، لەلایەکی دیکەش کاریگەریی هەبووە لە سەر ئابووریی ئێران و بەگشتی لە هەموو بەشەکاندا تووشی تێکشکانی کردووە. هەڵبەت کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیش لەو گەمارۆیانە و لە کێشەی لەمێژینەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا نەک هەر زەرەرمەندی سەرەکیی بوون بەڵکوو زەبری کاریگەر وە هەژاران و چین و توێژیی مامناوەندی کەوتووە. لەوماوەیەدا دەوڵەمەندەکان و ئەوانەی نیزیکن لە دەسەڵات دەوڵەمەندتر بوون و لە بەرانبەردا هەڵوەرین لە چین‌وتوێژی مامناوەندی زۆر بە چڕی ڕووی‌داوە و خێلی هەژار و کەم‌داهات و بێ‌داهاتەکان زۆر زیادی کردووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا و دابین‌کردنی تێچووی سیاسەتەکانی ڕێژیم و دامودەزگا زەبەلاحەکانی کە هەموویان لە گەندەڵیدا تێوەگلاون خامنەیی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا و بە هەموو شێوەیەک دەستیان لە گیرفانی خەڵک و لە سفرەیان ناوە و خەریکی چەوسانەوەی خەڵکی ئێرانن. دەسەڵاتداران دەزانن ناتوانن لە ئاست برسیەتیی خەڵکی ئێران و ئەو گرانییەی بەرۆکی گرتوون بێدەنگ بن، هەربۆیەش جارناجارێک وەک خامنەیی دێنە سەر شاشەی تەلەویزیۆن و بە نیگەرانییەوە باسی گرانی کاڵاکان و دۆخی خەڵکی دەکەن. لەلایەکی دیکەش باڵی دەسڕۆیشتووی دەسەڵات لە گرانیی هەوسارپچڕاو و هەژاریی و برسیەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و وەک ئامرازێک بۆ کیبەرکێی نێودەسەڵات کەلک وەردەگرن و دەوڵەتی ڕووحانیی پێی دەکوتن. ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی بدەینەوە، دەبینین ئەو نیزامە زۆر ئامانجدار و بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی لە نێوخۆ و دەرەوە سیاسەتەکەنی داڕشتووە و بەکردەی کردوون و لەو بەینەدا ئەوەی گرینگی پێ نەدراوە سەروەت و سامانی گشتی وڵات لە بەرژەوەندیی خەڵک و چارەنووسی ئەوان بووە. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی سیاست و کردەوەکانی بەپێچەوانەی قازانج و بەرژەوەندیییەکانی گەلانی ئێران بووە و مێژووی ڕەشی ئەو ڕێژیمە و ڕەوتی ڕووداوەکان و لێکەوتەکانی کردەوە و سیاسەتەکانی ئاخوندەکان، هەتا هاتووە زیاتر ئێرانی بەرەو وێرانی بردووە. ئێرانێک کە لەسەدا شێستی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاری‌دان و دەسەڵاتیش بە پارەی ئەو خەڵکە داماوە شاری مووشەکی ساز دەکا و بە شانازییەوە پێشانی خەڵکی ئێران و جیهانی دەدا، ئێرانێک کە لەودا کرێکاران بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان و کۆڵبەرانی کورد و سووتەمەنی‌بەرانی بەلووچ بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانیان دەبێ سینگیان بکەنە قەڵغانی فیشەکی هێزە جینایەتکارەکان، بەڵام ئاخوندەکان سەروەت و سامانیان دەدەن بە حیزبوڵڵا و بەشار ئەسەد و لەیەمەن خەڵکی بێ‌تاوانی پێ ‌بەکوشت دەدەن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر تەنانەت هەموو گرفت و کێشەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرچاوەکەی ئەمریکایە، بۆ خومەینی و خامنەیی و مافیای سپای پاسداران کە زیاتر لە چوار دەیەیە دەسەڵاتیان زەوت کردووە، دژایەتی و شەڕ لەگەڵ زلهێزێک دەکەن کە دەزانن گەورەترین زلهێزی جیهانە و توانای بەربەرەکانیان نییە و ناتوانن بیبەزێنن؟ بۆ دەیان میلیارد دۆڵار لە سەروەت و سامانی ئێرانیان لە ڕێگەی دژایەتی ئەمریکادا لەناوچەدا بەفیڕۆ داوە و برسیەتی و هەژاری و گرانییان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەدیاری هێناوە؟ زیاتر لە چل ساڵە بەدژی ئەمریکا درووشم دەدرێ و کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک بەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جووڵاوەتەوە، بەڵام ئەو ڕێژیمە هەتا هاتووە زیاتر شکستی خواردووە و لە جیهاندا تەریک بووەتەوە؛ جگە لە وڵاتانی چین و ڕوسییە (کە وەک نێچیرێک دەڕواننە ئێران) و چەند وڵاتێکی دیکتاتۆڕلێدراوی وەک سووریە و وێنزۆئێلا، کام وڵات دۆستایەتی لەگەڵ ئاخوندەکان دەکا و بە ئیعتبارەوە دەڕوانێتە کۆماری ئیسلامی؟ بەدڵنیاییەوە ئاخوندەکان ئاستی ئێرانیان هێناوەتە ئاستی وڵاتانێک کە کەمترین ئیعتباریان لە کۆمەڵگەی جیهانی‌دا هەیە. لەبەرانبەردا ئەمریکا لەو کێشانەی کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا دەیخوڵقێنێ و بووتە مەترسی بۆ دراوسییەکانی، بەتایبەت وڵاتانی عەڕەبی، نەک هەر زەرەرمەند نەبووە و تێچوویەکی ئەوتۆی نەداوە، بەڵکوو زۆر قازانجی کردووە و لەبری هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەدان میلیارد دۆڵار چەک‌وچۆڵی فرۆشتووە. وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگە درێژەدانی سیاسەتەکانی لە نێوخۆ و دەرەوە، بەهەر نرخ و تێچوویەک بێ، تەنانەت تێچووەکەی ئەگەر وێران‌بوونی ئابووری ئێران و هەژاری و برسییەتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیش بێ بۆیان گرینگ نییە. ئاخوندەکان وەک زەروو خوێنی خەڵکی دەمژن و دەیانچەوسێننەوە و دەیانەوێ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هێز و توانای ڕاپەڕین و سەرهەڵدانیان نەمێنێ؛ ئەوان بەو ئاکامە گەیشتوون باشترین ڕێگا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هەرچەشنە ڕاپەڕینێکی جەماوەری لەلایەک سەرکوتی بێ‌بەزەیانە و تەنانەت خوێناویی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە، وەک ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، لەلایەکی دیکە سەرقاڵ‌کردنی خەڵکی ئێران بە کێشەی ئابووری و هەژارییە، هەربۆیەش خامنەیی و مافیای سپای پاسداران سیاسەتی بەهێزکردنی سیستەمی سەرکوتیان گرتووەتە بەر و دەیانهەوێ هەموودەسەڵاتەکان لەپاوانی خۆیان بگرن و ئەگەر تەنانەت لە ڕێی سەندووقەکانی دەنگدانی بەناوهەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش‌دا بۆیان نەلوا، بە کودیتای سپای پاسداران، دەسەڵاتی خۆیان داسەپێنن. داهاتووی ئاخوندەکان لە ئێراندا بەستراوەتەوە بە هێزی و توانای دەزگای سەرکوتی سپای پاسداران لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەستراوەتەوە بە ڕاپەڕینی کرێکاران و خوێندکاران و خەڵکی هەژار و وەزاڵەهاتووی ئێران. ئەو دوو دیاردەیە سەرەکیترین دیاردەن کە دەتوانن دەهاتووی ئێران بنەخشێنن؛ ئەوەی مێژووی کۆن و هاوچەرخ پێمان دەڵێ و نیشانی داوە، هەر ئەو مەتەڵە کوردییەیە کە دەڵێ هەموو شتێک ئەگەر لە تەسکی ببسێ، زوڵم و ستەم لە ئەستووریدا دەپسێ.