کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزوووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی ژن

05:44 - 30 رەشەمه 2720

بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەورانی کۆماری کوردستان و ٧٥ ساڵ لەوەپێش مەسەلەی ژن لە بەرنامەکانی حیزبی دێموکرات و کوماردا وەک دەق و وەک بەرنامەی کاری هاتە گۆڕ. لە دەورانێکدا کە کۆمەڵگەی کوردستان فێئۆداڵی بوو و فەرهەنگ و داب و نەریتە کۆن و دزێوەکان زۆر بەهێز بوون و خورافات  لەوپەڕی خۆیدا بوو. هەر بەگوێرەی ئەو داب‌ونەریتانەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ژن دەکرد. لە ڕاستیدا ژن لە هیچ بوارێکدا مافی نەبوو. لەو بارودۆخەدا پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کۆماری کوردستان یەکێک لەو کارە بەنرخ و گرینگانەی کە زۆر وەستایانە و ژیرانە بۆیان چوو، کەسایەتی پێدان بە ژن و بەشدارکردنی لە کاروبارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەو کاتی کوردستاندا بوو. قازی محەممەد زۆر بوێرانە و بە سەرنجدان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئەوکات ئەو کارەی کرد، ئەو زاتە گەورەیە بۆ هێنانە مەیدانی ژنان، سەرەتا لە ژن و منداڵی خۆی ڕا دەستی پێ کرد. ئەو هەنگاوە لە ڕوونکردنەوە و چالاک‌کردنی ژناندا نەخشی هەبوو و بەمە قازی محەممەد بوو بە ڕێخۆشکەر بۆ بەشێک لە ژنان و کچانی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری، کە وردە وردە کۆت و بەند و زنجیرەکان بپسێنن و پشت لە زۆر لە داب و نەریتەکان بکەن و بە کردەوە بێنە مەیدان و حزووری بەکردەوەیان لە زۆر بواردا نیشان بدەن. هەر ئەو ئەزموون و زەمینە فکرییە لە زەمانی کۆمارەوە وەک دەسکەوتێکی پڕبایەخ بۆ ژنانی کوردستان بەجێ مابوو، بوو بە پاڵپشت و توێشووی ژیانیان. هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە سەختەڕێی ژیانیان بە ئیرادەیەکی قایم بڕی و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵ بوێرانە داوێنیان بە لادا دا و بوونە پێش‌قافڵە بۆ کەمڕەنگ‌کردن و کزکردنی ئەم دیاردانە. پاش ڕووخانی کۆماریش، ژنانی شار و گوندەکانی کوردستان بە نیسبەت هێندێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران لە هێندێک بواردا سەربەستتر بوون. لە ڕاستیدا تێکۆشانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆماری کوردستان ئاسەواری ئەرێنیی باشیان لەنێو زەین و مێشکی خەڵکی کوردستان بەجێ هێشتبوو و لە بەشێکی ناوچەکانی کوردستاندا تا ڕادەیەک وەبەرچاو دەگیران، ژنان وێڕای پیاوان لە کاروباری ماڵەوە و کارەکانی دیکەی بەرهەمهێناندا بەشداریی چالاکانەیان دەکرد. کاتێک ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران سەرکەوت و ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی لێ خرا و ئاخوندە کۆنەپەرستەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەشێک لە ژنانی ئێران و کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی سەنگەرەکانی نێوماڵ و قوتابخانە و ناوەندەکانی فێربوونیان گوێزتەوە بۆ سەنگەرێکی بەهێز و لەگیران‌نەهاتووی دیکە، ئەویش سەنگەری خەبات بوو لەپێناوی ئازادی و دێموکراسی و بەرابەری و نەهێشتنی سەرەڕۆیی لە وڵاتدا. ژنانی ئێران هەر لە سەرەتاوە دەنگی ئێعتراز و ناڕەزایەتییان بەدژی نابەرابەری و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و ماف پێشێلکەرانەی لەشکریانی جەهل و نەزانی دەربڕی، کە لە بەرامبەر هەر جموجۆڵ و هەڵسوکەوتێکی ژناندا، لە دەبەرکردنی جلوبەرگ و خۆڕازاندنەوە ڕا بگرە تا چوون بۆ شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، سینەما، نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانستگە و نێو ئوتووبوسەکانی خەتی نێو شار توندوتیژییان نواند. دیارە ئەوکات هەر ماف و ئازادییەکانی ژنان نەکەوتبوونە مەترسییەوە، بەڵکوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەرەڕۆوە مەوجوودییەتی گەل بە گاڵتە دەگیرا و دڕندانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرد. هەر لەو کاتەوە حیزبی دێموکرات تێکۆشانی ئاشکرای خۆی دەست پێ کرد، بوو بە پێشەنگی خەباتی بەکردەوە لە پێناوی مافی نەتەوایەتی‌دا و دروشمی بەحەقی "دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان"ی بەرز کردەوە، حیزبی دێمۆکڕات نە تەنیا بۆ دابینکردنی دێموکراسی و خودموختاری خەباتی دەکرد، بەڵکوو بە شێوەیەکی مەنتیقی و ژیرانە لەگەڵ دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵی کوردەواریش هەڵسوکەوتی دەکرد. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکرات لەو بوارەدا بەرنامەیەکی هاوسەنگی هەبوو و چەپڕەوی لەگەڵ دیاردە دزێوەکانی بە دروست نەدەزانی. ڕاستیی ئەم ئیدیعایەش لە پڕۆگرامی حیزبدا خۆی دەنواند و بەکردەوەش لە مەیداندا نیشانی دەدا. هەر بۆیە بەشێک لە ژنانی کوردستان حزووری خۆیان لە ڕیزی حیزبی دێموکراتدا دیتەوە. ئەویش ڕوون بوو لەبەرچی؟ چونکە: ١) ئەگەر ژنانی ئێران ستەمی چەند قاتیان لەسەر بوو، ژنی کورد لەژێر باری ستەمێکی دیکەی وەک ستەمی نەتەوایەتیدا دەیناڵاند. ٢) داخوازەکانی گەلی کورد کە یەک لە وان مافی ژنان بوو، لە پێڕەو و بەرنامەی حیزبدا ڕەنگی دابۆوە. ٣) لەوەش گرینگتر لە حیزبدا هەل و دەرفەتەکان بەرامبەر بوون، ئاپارتایدی جینسی نە لە کار و نە لە ژیاندا مانای نەبوو. نموونەکەشی بەشداریی ژمارەیەکی زۆر ژن لە کۆنگرەی چواردا بوو. هەر لە یەکەم کۆنگرەی پاش ئاشکرا بوونی حیزبی دێموکرات، لە هەلومەرجێکی ئازاد و دێموکراتیکدا ژنانی کورد خۆیان لە ڕادەی ڕێبەرایەتی و ئۆرگانەکانی دیکەدا دیتەوە. بەوە بەشێک لە ژنانی کوردستان کە بە تێگەیشتنەوە دەستەبەری مافە ڕەواکانیان، لە سەرکەوتنی گەلەکەیان و وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتیدا دەدی، بە گوڕ قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵی و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەو خەباتە پیرۆزەدا ڕاگەیاند. لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەدا خۆ ئەگەر زۆربەی ژنانی کوردستان بەکردەوە نەهاتنە نێو سەنگەرەکانی ڕیزی پێشەوەی خەبات دژی کۆنەپەرەستی، بەڵام بوون بە پاڵپشتێکی قایم بۆ بزووتنەوە و بۆ پێشمەرگە و، لە یارمەتیدانی ماددی و مەعنەوی و دەرمان کۆکردنەوە ڕا بگرە تا گەیاندنی زانیاری لەسەر جموجۆڵی هێزەکانی دوژمن بە هێزەکانی پێشمەرگە، بوار خۆشکردن بۆ چالاکیی تێکۆشەرانی بزووتنەوە، حەشاردانی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان، و تەداروکاتی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی نهێنیی شوێن و جێگای پیشمەرگە و...... ڕۆڵی بەرچاویان بینی. لە ڕاستیدا ئەو ژنانە شار و گوندەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە کردە پشتی جەبهەیەکی بەهێز و لەگیران‌نەهاتوو. بەشێکی دیکە لە ژنان وەک پێشمەرگە و کادر حزووری بەکردەوەیان لەنێو حیزبی دێموکراتدا هەبوو. ئەوانە لەگەڵ پێشمەرگە پیاوەکان سازمان دران. مەنتیقی و ژیرانە لەمپەر و بەربەستەکانی سەر ڕێگایان لا دا و لێهاتوویی خۆیان نیشان دا. ئەو ژنانە لە دەرمان‌کردنی برینی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانەوە بگرە تا وەئەستۆگرتنی ئەرک لە نەخۆشخانە، قوتابخانە، فیرگە، و بەشی تەشکیلات، بێسیم، چاپەمەنی و ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا کار و ئەرکیان لە هەلومەرجی سەختی خەباتدا گرتە ئەستۆ و هەروەها ئازایانە چەکیان لە شان کرد و لە سەنگەری دژی کۆنەپەرەستیدا فیداکاریان نواند و وەک پێشمەرگەی قارەمان ناویان دەرکرد.  ئەو ژنانە بۆ وەدەست‌هێنانی ئازادی و دێموکراسی بۆ وڵات و گەلەکەیان و بۆ مافی بەرامبەر لەگەڵ نیوەکەی دیکە خەباتیان کرد. مخابن بەشێک لەو ژنە تێکوشەرانە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا شەهید بوون، زۆر لەوانیش گیران و کەوتنە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیم و سەری بەرزیان چووە ژێر سێدارە و ئەو ژنانە بە تارای سووری ئیمان و باوەڕەوە بەرەو مەنزڵگەی ئەبەدی چوون و سەرفیرازی و ڕووسووریی هەمیشەییان بۆ خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژووی خەبات لە پێناو ئازادی و حەق و عەداڵەتدا تۆمار کرد و درێژەدانی ڕێگا و ڕێبازیان بە ئێمە سپارد. کەم نەبوون ئەو کچە خەباتگێڕانەی لە سەرەتای شۆڕشەوە کار و تێکۆشانیان لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا دەست پێ کرد و ماندوو بوون و شەو و شەونخونیان چێشت تا شانبەشانی پیاوان کاروانی خەبات بەرەوپیش بەرن. ئەوانە تاڵی و سوێری و ساردی و گەرمیی شۆڕشیان چێشت و بە هەوراز و نشێواندا تێپەڕین و دۆڵ بە دۆڵ و شاخ بە شاخیان پێوا، بێ ئەوەی هەنگاویان شل بێ، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ تێکۆشەرانی دیکەی ڕیزەکانی بزووتنەوە ڕێگای سەخت و ئەستەمی خەباتیان بڕی. بەشێک لەو ژنانە لە ڕەوتی درێژەی خەباتدا ژیانی هاوبەشیان لەگەڵ هاوسەنگەرەکانیان پێک‌هێنا و بۆ پێوانی درێژەی ڕێگای خەبات گەلێک زەحمەتیان کێشا و بیبەشییان چێشت و تووشی کۆسپ و ترس و دڵەخورپێ زۆر هاتن، بەڵام بە ئەستۆگرتنی زۆر بەرپرسایەتیی بنەماڵەیی هاوسەرانیان هێز و توانایان پێ بەخشین. ئەو ژنە شۆرشگێڕانەی کە لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا لە پەنا حیزب و بزووتنەوەدا ئازایانە لەپێناو ئامانجی گەلەکەیاندا شانبەشان و باڵا بە باڵای پیاوان بە لەخۆبوردوویی و بە باوەڕ بەخۆبوونەوە بۆ مەسەلەی ژن تێدەکۆشن و بۆ سەلماندنی بەرامبەریان لە بەرامبەر یاسا و هەموو ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا خشتوخاڵی سەر ڕێگا ڕادەدەن و بێوچان بۆ گەیشتن بەو مەبەستانە هەوڵ دەدەن، بێ ئەوەی گومانێکیان لە باوەڕیاندا هەبێ و چاوەڕوانییەکیان لە کەس هەبێ ڕێبواری ماندوویی‌نەناس و هەتاهەتایی ئەم بزووتنەوەن و تا گەیشتن بە مەنزڵی مەقسوود هەن و پایەدارن. بەڕاستی ئەو ژنانەی نێو ریزەکانی بزووتنەوە کێن کە ئەو شانازییە گەورەیان بە نسیب خۆیان کردوە و میداڵی شانازیی بڕینی تا سەری ڕێگای بزووتنەوەیان لە بەرۆک داوە؟ ئەو ژنانە لە کام ڕەشماڵن کە وەک چرایەک ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی هەڵەمووتی خەباتن و هێدی هێدی لە پێناوی بەختەوەری گەلەکەیاندا وەک مۆم دەتوێنەوە، بەڵام ڕووناکییان لە دڵاندا تیشک داوێژێ و ئەبەدی دەبێ؟ ئەو ژنانە کێن خونچەی پشکوتووی ساڵەکانی ژیانیان لە خەباتدا کرد بە گوڵ و پێشکەشی بارەگای ئازادییان کرد؟ ئەوانە ئەو ژنانەن کە لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا خەریکی کار و تێکۆشان بوون و هەن، دڵی وەک دەریایان لە گرەوی سەرکەوتنی هەرچی زووتری نەتەوە و حیزب و گەیشتن بە ئازادی و خەبات لە پێناو مافی بەرابەر لە نێوان ژن و پیاودا داناوە و تا هێزیان لەبەردایە ڕێگا دەبڕن. ئەوانە گەلێک نەهامەتی و بێبەشییان چێشتووە، بەڵام گەلێک ئەزموونی بەنرخیان وەسەریەک ناوە و کردوویانە بە توێشووی ڕێگای درێژەدانی خەبات. هەر بۆیە ئەو ژنانە تا گەلەکەیان بە ویست و داخوازەکانیان نەگا لە بڕینی ئەم ڕێیە ناوەستن.