کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیرۆکەی هیلالی شیعەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

06:08 - 7 خاکەلێوه 2721

دوابەدوای ئەوەی ڕێژیمی پەهلەوی ڕووخا و دەسەڵاتی ئێران کەوتە دەست خومەینی، لەگەڵ پلانی سڕینەوەی هەموو شوناس و ئایین و ئایینزاکانی غەیرە شیعە لە ئێران، ئایدۆلۆژیی هیلالی شیعە کەوتە سەرەوەی هەموو بەرنامە و پلانەکانی ڕێژیمی ئێران. ڕیژیمی ئێران لە بەردی بناغەوە دەیویست ناوەندی سەرەکیی موسڵمانانی شیعە لە هەموو جیهان‌دا بێت، هەربۆیە بە خەرج‌کردنی پارەیەکی زۆروزەبەند و هەوڵی دیپڵۆماسی و هەروەها تێکدەرانە و ئاژاوەخوڵقێنی لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئورووپا و ئامریکا بۆ ئەو مەبەستە تێکۆشاوە. لە وڵاتە ئورووپییەکان بە سازکردنی مزگەوتی تایبەتی بۆ شیعەکان و هەروەها ڕاهێنانی مەلایەکانی ئەم مزگەوتانە لە حوجرەی قۆم و، ناردنیان بۆ وڵاتەکانی تری وەکوو: ئەفغانستان، پاکستان، عێڕاق، چین، سووریە، یەمەن، بەحرەین و تەنانەت ئورووپا ویستوویەتی پەرە بە بیرۆکەی شیعیزم لەو وڵاتانە بدات. مەبەست لەو ئایدۆلۆژییەش بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە وڵاتانی ئیسلامی و گرتنە دەستی بڕیاری پێتەختی سیاسیی زۆر لەوانە.   لوبنان لە پەراوێزی چەپی ئەم هیلالە وڵاتی لوبنانی لێیە کە ڕابوونی شیعە لە ناوچە لەم وڵاتەڕا دەستی پێکرد. لە دوای شەڕی نێوخۆی وڵاتی لوبنان لە ساڵی ١٩٧٥ و پاش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، ڕێژیمی خومەینی لە ساڵی ١٣٦١دا هێزەکانی سوپای پاسدارانی بۆ ڕێکخستنی شیعەکانی لوبنان ناردە ئەم وڵاتە. سوپای پاسداران لەنێو خەڵکی ئاسایی دەستی پێکرد بە هێزوەرگرتن و دواییش ناوی ئەم هێزەیان نا حیزبوڵڵای لوبنان. حیزبوڵڵای لوبنان بە هەموو پێکهاتە و ناوەندی بڕیاریەوە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و بە تەواوی پێملی بڕیارەکانی سوپای قودسە. لە ئێستادا کە بەهۆی پشتگیریی ئێران و سوپای قودس، حیزبوڵڵای لوبنان یەکێکە لە زلهێزترین حیزبەکانی ناوچەکە و تەنانەت هەندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایەن کە لە ئەرتەشی لوبنانیش بەهێزترە. هاوکات حیزبوڵڵا چەندین پارلمانتاری لەنێو پارلەمانی ئەم وڵاتەدا هەیە و بەشێکە لە هەر گۆڕانکارییەک کە بیەوێ لە لوبنان‌دا ڕوو بدات.   سووریە دوابەدوای شەڕی نێوخۆیی سووریە لەژێر فەرماندەیی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران‌دا  حیزبوڵڵای لوبنان و هەندێک لە میلیشیا شیعەکانی دیکە لە قەیرانی سووریە گلان. لەشکەری "فاتمییون" کە لە شیعەکانی ئەفغان پێک هاتوون و سوپای "زێنەبیوون" کە لە شیعەکانی پاکستان ڕێک خراون و بە بودجە و پارەی سوپای قودس شەڕی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریەدا دەکەن. ئەم دوو میلیشیایە یەک ئاڵایان هەیە و ئاڵایەکەشیان لە شێوەی ئاڵای حیزبوڵڵای لوبنانە. ئێران پارەیەکی زۆر بۆ مانەوەی لە سووریەدا تەرخان دەکا. سووریە دەیان ساڵە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامییە و ڕێگای پێوەندیی ئێران بە لوبنان و حیزبوڵڵاش هەر ئەم وڵاتەیە. دەستێوەردانی زۆری ئێران لە سووریە لەکاتێک‌دایە کە تەنیا سەتا ١٠ی حەشیمەتی ئەم وڵاتە شیعەی عەلەوین.   عێڕاق لە کاتێک‌دا کە سوپای پاسداران بە هەموو توانای خۆیەوە دەیەوێ بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتی سووریە‌دا ڕابگرێ، عێڕاقیش لە ڕێگای گرووپە چەکدارە شیعەکانەوە وەک حەسارخەڵوەتی سیاسی و ئابووریی خۆی بەکار دێنێ. لە دوای تێکشکانی ڕێژیمی سەددام حوسێن لە عێڕاق (٢٠٠٣)، سەرەتا میلیشیاکانی "بەدر" لە ئێرانەوە بۆ ئەم وڵاتە هەنارەدە کران کە پاش جێگیربوونیان ساڵ لە دوای ساڵ بەهێزتر بوون. ئێران بەوەش نەوەستا و دەیان گرووپی دیکەی لەم وڵاتەدا دروسی کرد. ساڵی ٢٠١٤ و پاش سەرهەڵدانی داعش و بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئەم هێزە، "حەشدی شەعبی" پێکهاتوو لە چەند گرووپێکی شیعە پێک هێنا کە هێزێکی تەواو تێرۆریستییە و تەنیا بە بڕیاری سپای پاسداران دەجووڵێ و سیاسەت دەکا. هێزەکانی ئەم گرۆپە خۆیان بە سەربازی خامنەیی ناو دەبەن و هەموو ئیمکانات و چەک و تەقەمەنیی ئەم گرووپانە ئێران دابینی دەکا و سپای پاسداران تەنانەت ئەم میلیشیایەی بە مووشەکی باڵێستیکیش تەیار کردووە.   یەمەن بارودۆخی یەمەن زۆر جیاوازترە. شەڕی نێوخۆیی بڕستی لە خەڵکی ئەم وڵاتە بڕیوە و ئێران ماکەی سەرەکیی نائارامییەکانی ئەم وڵاتەیە. حوسییەکانی یەمەن کە کەمایەتیی شیعەی ئەم وڵاتەن، سەتا ٣٥ی حەشیمەتی یەمەن پێک‌دێنن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی بە ڕاهێنان و تەیارکردنی میلیشا حوسییەکان –کە شیعەی یەزیدین- کردووە و شەڕی عەڕەبستانی سعوودی‌یان پێ دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ڕێگەی دەریاوە تەقەمەنی و چەکوچۆڵ دەداتە حوسییەکان، بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی یەمەن و بەردەوامیی شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە دادەنرێ.   بەحرین وڵاتی ئێران هەر لە کۆنەوە چاوی لەدووی بەحرین بووە. ئێستا دوو گرووپی شیعە مەزهەب لە وڵاتی بەحرین هەن کە ئێران پاڵپشتییان لێ دەکا. میلیشیا شیعەکانی بەحرەینیش گوێڕایەڵی تەواوی ئێرانن و شەڕی نیابەتی بۆ کۆماری ئیسلامی دەکەن.   ئاکام‌گیری: کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی خەونی هیلالی شیعی و بەهێزکردنی خۆی هەموو ئەو وڵاتانەی دەرگیری شەڕی نێوخۆیی و ناسەقامگیری کردووە، هەر بۆیەشە ئەم وڵاتە بە سەرچاوەی سەرەکیی هەموو قەیرانەکانی ناوچە دادەنرێ.