کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران؛ کەس تاقەتی نییە

04:12 - 10 خاکەلێوه 2721

هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆککۆماریی ئێران تاوەکو ئێستا یەکێک لە ساردوسڕترین هەڵبژاردنەکانی ئێران بووە لە مێژوودا، بەجۆرێک کە هەست ناکرێ کە کەمتر لە سێ مانگی دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. کەسایەتییە سیاسییەکان پێگە و دۆخی خۆیان و، حیزب و باڵە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێرانیش پێگەی کەسایەتییە دیارەکانیان و تەنانەت خۆیشیان بۆ هەڵبژاردن تاوتوێ دەکەن و هەڵدەسەنگێنن، بەڵام ساردوسڕی کەشی هەڵبژاردنی ئەمساڵ لەسەر ئەو هەوڵ و چالاکییانەش دیارە. تاوەکو ئەمڕۆ، 25ـی مارسی 2021، کە تەنیا 47 رۆژ بۆ ناو تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی سێزدەیەمی سەرۆککۆماریی ئێران ماوە، پێنج کەس بە فەرمی گوتوویانە خۆیان بەربژێر دەکەن. لە کاتێکدا دەبوو ئەوانەی دەیانەوێ خۆیان بەربژێر بکەن پلان و بەرنامەکانی خۆیان بخەنەڕوو، کەشی هەڵبژاردن گەرم دابنێنن و هەوڵ بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان بدەن. هۆکاری ساردوسڕیی هەڵبژاردن بەشێکی بۆ بارودۆخی ئێران بەشێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە. رەوشی خراپیی ئابووری، ناڕەزایەتیی خەڵک بەم دۆخە ئابوورییە، بەشداریی زۆر کەمیی خەڵک لە هەڵبژاردنی دوو ساڵ لەمەوبەری پەرلەمان، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ساڵانی رابردوو، یەکلانەبوونەوەی دۆسیەی ئەتۆمی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ رێککەوتنەکە بەشێکی سەرەکی هۆکارەکانن. شێوازی سیاسەتکردن لە ئێرانیش هۆکارێکی دیکەیە، کە شێوازێکی شەرمنانەیە. ئەوانەی کە دەیانەوێ خۆیان بەربژێر بکەن، چاوەڕێن کەسان، گرووپ یان لایەنێک داوایان لێبکەن خۆیان بەربژێر بکەن، بەشێکی زۆری کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی ئێران نایشارنەوە کە ئامادەیی تەواویان هەیە خۆیان بەربژێر بکەن، بەڵام دەبێت لایەنێک داوایان لێبکات یان پشتگیرییان بکات کە ئەوەش بێ هۆکار نییە، زۆر لەو کەسایەتییانە دەیانهەوێ خۆیان بەربژێر بکەن، بەرپرسیارییەتی جۆراوجۆریان بووە، ئەمە وایکردووە لایەنە لاواز و بەهێزەکانیان بۆ خەڵکی دەنگدەر و رکابەرەکانیان دەرکەوێت، بابەتێک کە کاریگەریی لەسەر ژمارەی دەنگەکانیان دەبێت. بەشێکیش کەسانێکی کەمتر ناسراون، ئەوانیش بەبێ پشتیوانی لایەنێک توانای دەنگهێنانەوەیان زۆر کەم دەبێت. بۆیە هەر دوو گرووپ بە لانیکەمی ریسکەوە دەیانەوێ پێ لە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی هەڵبژاردن بنێن، بەڵام باڵە سیاسییەکانیش بۆ یەکلانەبوونەوەیان بۆچۆنییەتی بەشداریی لە هەڵبژاردن هەر یەکەیان کێشە و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. دۆخی نەریتخوازان نەریتخوازان لە مێژە خۆیان بە براوەی هەڵبژاردنی 18ی حوزەیرانی 2021 دەزانن. ئەوەش لە چاوی حکومەتی حەسەن رووحانییەوە دەزانن، کە بە گرەوکردن لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئێران و باشتربوونی دۆخی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، دەنگی میانەڕەو و ریفۆرمخوازانی سووتاندووە. هەڵبەت ئەگەر لەم پەیوەندییەدا گۆڕانکارییەک لە دوو مانگ و نیوی داهاتوودا روونەدات. ئەم دڵنیاییە بۆ بردنەوە، نەریتخوازانی لەگەڵ کێشەی زۆربوونی ژمارەی بەربژێرەکان رووبەڕوو کردووەتەوە، بابەتێک کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2013دا بووە هۆی دۆڕانی نەریتخوازەکان و بردنەوەی حەسەن رووحانی. نەریتخوازان لەگەڵ قەیرانی رێبەریدا بەرەوڕوون. ئەمە وایکردووە ئەوان ئێستا بۆ سەر سێ بەرەی سەرەکی و کۆمەڵێک کەسایەتی کەمتر ناسراو دابەش ببن. "ئەنجوومەنی وەحدەت (یەکێتیی)"، "هاوبەندی هێزەکانی شۆڕش" و "بەرەی پایەداری" کە هەر کامەیان چەندین کەسایەتییان بۆ سەرۆککۆماریی هەیە. جگە لە بەرەی پایەداری، لایەنە نەریتخوازەکانی دیکە دەڵێن، ئەگەر بێتو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەزگای داد، خۆی بەربژێر بکات، ئەوان بەربژێریان نابێت. کەسایەتییە نەریتخوازەکانیش گوتوویانە خۆیان بەربژێر ناکەن ئەگەر رەئیسی بێت. ئیبراهیم رەئیسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی 2017ش بەربژێر بوو، بەڵام دەنگی نەهێنایەوە، خۆی گوتوویەتی خۆی بەربژێر ناکات. ئەو لەو کەسانەیە کە بۆ جێگرەوەی رێبەری ئێستای ئێران ناوی هەیە، بۆیە زەحمەتە دیسان خۆی بخاتەوە بەردەم دەنگی خەڵکەوە. دۆخی ریفۆرمخوازان ریفۆمخوازان کێشەیان زۆرە. کێشەی گەورەیان ئەوەیە حکومەتی حەسەن رووحانی کە بە پشتگیری ریفۆرمخوازان دوو جار دەنگی هێنایەوە، حکومەتێکی سەرکەوتوو نەبووە و ئەمەش جەماوەری ریفۆمخوازانی لەم بەرەیە تەواو دڵسارد کردووەتەوە. هەر بۆیە هەندێ لە کەسایەتی و لایەنە ریفۆرمخوازەکان هەوڵ دەدەن وابنوێنن کە حکومەتی رووحانی پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە، بەڵام زەحمەتە کەس ئەمەیان لێ وەربگرێت. حەسەن رووحانی سەرمایەگوزاری لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی کردبوو، بەڵام چوونەدەری ئەمریکا لەو رێککەوتنە لە سەردەمی حکومەتی دۆناڵد ترەمپدا، حکومەتی رووحانی لەگەڵ کێشەی زۆر قورس بەرەوڕوو کرد. هەر ئەمەش بووەتە دەرفەتێک بۆ نەریتخوازان تاوەکو هەر دوو لایەنی نەریتخواز و ریفۆرمخوازان وەک تاوانباری رەوشی خراپی ئابووریی وڵات لە قەڵەم بدەن، لایەنگەلێک کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە و تەنیا چاویان لە دەستی بێگانەیە. ریفۆمخوازان کێشەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانیشیان هەیە، کە شیاوبوونی بەربژێرەکانیان رەت بکاتەوە و رێگەی بەشداریی لە هەڵبژاردنیان لێ بگرێت. بۆیە حیزب و لایەنە ریفۆرمخوازەکان لە هەوڵدان کەسانێک بەربژێر بکەن کە بتوانن فیلتەری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور تێپەڕ بکەن، بۆ نموونە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆمار و... کەسایەتییە ریفۆرمخوازەکان هەر کامەیان کێشە و کەموکوڕیی تایبەت بە خۆیانیان هەیە کە ئەگەری دەنگهێنانەوەیانی کەمتریش کردووەتەوە. هەڵبەت ریفۆرمخوازەکانیش دیسان کێشەی فرەدەنگی و فرەبەربژێرییان هەیە. بەشێک لە ریفۆرمخوازان لارییان لەوە نییە کە دیسان پشتگیری لە بەربژێرێکی میانەڕەو بکەنەوە، بۆ نموونە لە عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران، بەڵام بەشێکی دیکە جەخت لەسەر بەربژێرێک بە ناسنامە و پێشینەی روونی ریفۆرمخوازی دەکەنەوە، هەندێ حیزب لە بەرەی ریفۆمخوازان دەڵێن، بەربژێری تایبەت بە حیزبی خۆیان بەربژێر دەکەن. هەڵبەت ئەو کەسایەتییانەش هەن کە خۆیان بەشێوەی سەربەخۆ بەربژێر دەکەن. بۆیە کەشی هەڵبژاردنی ئێران، بە پێچەوانەی خولەکانی هەڵبژاردنی رابردوو، هێشتا کەشێکی تەمومژاوییە، گەرچی کاتێکی زۆر کەمیش بۆ هەڵبژاردن ماوە. ئەم تەمومژە و ریزبەندیی باڵ و لایەنە سیاسییەکان وادیارە تاوەکو دوای کۆتاییهاتنی ناوتۆمار کردن بەردەوام دەبێت. سەرچاوە: ڕووداو