کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

00:25 - 11 خاکەلێوه 2721

هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣٠ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی، هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرستی بەڕێز بەختیار عومەر ئەولێ ڕێکخەری ژووری پێوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا. لەم سەردانەدا سەرەتا بەڕێز بەختیار عومەر مەبەستی سەردانەکەی باس کرد و تیشکی خستە سەر سیاسەت و هەڵویست و پێوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆران لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و پتەوکردن و پەرەپێدانی پێوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە. ناوبراو ئاماژەی بە هەڵوێست و سیاسەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کرد کە بە خەمخۆرییەوە دۆخی هەستیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستان لەبەرچاو دەگرن و نابنە هۆی سەرئێشە و خوڵقاندنی گیروگرفت بۆ ئەم بەشەی کوردستان و ئەم هەڵوێستەی بە بایەخەوە وەسف کرد. بەڕێز بەختیار عومەر لە درێژەی وتەکانیدا پتەوکردنی پێوەندیی نێوان هێزە کوردستانییەکانی بۆ خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە هەنووکەیی و پێویست زانی. دواتر بەڕێز مستەفا مەولوودی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی بۆ بەهێزکردنی پێوەندییەکانی دوولایەن بە پێویست و زەرووری زانی. کاک مستەفا پێوەندیی گەرموگوڕی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشەی بە گرینگ و بایەخدار وەسف کرد. بەڕێز مەولوودی ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەچوارچێوەی کار و تێکۆشانی خۆیدا هەمیشە بە هەستیارییەوە دۆخی هەرێمی کوردستانی لەبەرچاو گرتوە و هیچکات نەیویستوە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنێ و لەو بارەوە مایەی زۆر لەخۆی داناوە. گۆڕانکارییەکان و دۆخی ئێستای ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سیاسەتی زلهێزەکان و دۆخی هەستیاری گەلی کورد لەو تەوەر و بابەتانە بوون کە لەلایەن ئەندامانی هەر دوو هەیئەت تیشکیان خرایە سەر و ڕا و بۆچوونی خۆیان لەمبارەوە دەربڕی. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولایەن جەختیان لەسەر بەردەوامی سەردان و پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کردەوە و هیوایان خواست کە ئەم پێوەندی و دۆستایەتییە هەروا بەردەوام بێ.