کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسی نەتەوەیی و بنیاتنانی نەوەیەکی نوێی ناسیۆنالیست لە کوردستان

01:29 - 11 خاکەلێوه 2721

بیرۆکەی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردە، بەشێوازێک کە پاشاکانی فەرەنسا و ئیسپانیا توانیان کەنیسە و فیوداڵەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. بیرۆکەی ناسیۆنالیستی وەک پێویستییەکی مێژوویی هاتە ئاراوە تا گشت تاکێکی کۆمەڵگە ببنە خاوەنی ناسنامەی خۆیان. بیرۆکەی ناسیۆنالیستی لە سەدەی نۆزدەیەمدا گەیشتە ئەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی دابمەزرێت، هیگڵ مەرجی چوونە ناو مێژووی بەستەوە بە بوونی دەوڵەت، واتە ئەو نەتەوانەی توانیویانە ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، چوونەتە ناو مێژووەوە. بە پێچەوانەشەوە، ئەو نەتەوانەی کە نەبوونەتە خاوەن دەوڵەت و کیانی خۆیان، لە دەرەوەی مێژوودان! بوونی ئەم دەوڵەتانەی ئەمڕۆ بە ئەزموونی مێژوویی و فیکری دوور و درێژدا تێپەڕیون. فەیلەسووفەکانی وەک هیگڵ و ئیمانوێڵ کانت ڕووبەڕووی بۆچوونی خورافی بوونەوە و عەقڵیان کرد بە پێوەر لە بیرۆکەکانیاندا. ئەم بیرۆکانەش بوون بە بناغەیەکی بەهێز و بەرەوپێشچوونی ئەوروپا و باوەڕبوون بە چەمکەکانی ئازادی، سەروەری، سەربەخۆیی...هتد. رۆشنبیرانی ئەوروپا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون هێز و توانای میللەتەکانیان بەشیوازێک ئاراستە بکەن کە لە خزمەتی بیری نەتەوەییاندا بێت و توانای ئەوەیان هەبێت بە ڕاوەستاوەیی بمێنن و بڕوا بەخۆبوونیان پتەو بێت و توانای بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت، فەیلەسوفەکانی ئەوروپا میللەتەکانیان بە شێوازێک ئاڕاستە کردووە کە لە گرنگی بوونی ناسنامە تێبگەن لە واقیعی دونیادا. جۆهان گۆتفراید هاردەر کە فەیلەسوفێکی ئەڵمانی یە دەڵێت: " ئەوەی گیانی نیشتمانی لەدەست بدات ئەوە گیانی خۆی و هەموو مانای دنیای لە دەست داوە" ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە فەیلەسوفەکانی ئەوروپا گەیشتوونەتە لووتکەی هۆشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵگاشیان بەهەمان ئاڕاستە پەروەردە کردووە. لای ئێمەی کورد، بیرۆکەی نەتەوەیی وەک پێویستییەکی مێژوویی هاتە ئاراوە، سەرکردە مەزنەکانی کورد وەک شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزان کە هەڵگری بیروباوەڕی نەتەوەیی بوون، هەوڵیان داوە تاکی کورد لە گرنگیەتی کوردایەتی کردن، دیاریکردنی ناسنامە، بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان، هەڵکردنی ئاڵا و دیاریکردنی سنوور تێبگات. سەرکردە نەتەوەییەکانی کورد هەوڵیانداوە تاکی کورد نەوە دوای نەوە هانبدەن لە خۆ ڕێکخستن بە گیانی بڕوا بوون، جۆش و خرۆشی شۆرشگێری بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆزی میللەتەکە بە گوێرەی قۆناغەکە و ئەو زەمینەیەی کە لە واقیعی دنیای کورددا بەدی دەکرێت. ئەوەی کورد لە نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب جیادەکاتەوە ئەوەیە بە درێژایی مێژوو ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی لای کورد بەند بووە بە مرۆڤدۆستییەوە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستەیەش دەیان و سەدان نموونەی زیندوومان لەبەردەستدایە، لێرەدا تەنها یەک نموونە باس دەکەین. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی پێنجوێن لەساڵی 1926 و شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگەی کورد، بەریتانییەکان داوایان لە شێخ مەحمودی حەفید کرد کە ڕازی بێت بەوەی چاوی بە پزیشکێکی سەربازی بەریتانیا بکەوێت و ڕێ بدات کە ئەو پزیشکە چاوی بە دیلەکانی ئینگلیز بکەوێت و دڵنیا بێت لە تەندروستییان. شێخ مەحموود دەستبەجێ ڕازی بوو! ئەمە لەکاتێکدا بوو کە دڕندەیی و ستەمی بەریتانیا دژ بە میللەتی کورد گەیشتبووە لووتکە و هیچ ڕێگەیەک نەمابوو تاقی بکەنەوە بۆ لەناوبردنی میللەتی کورد! ئەگەر چاوێک بخشێنین بە بەڵگەنامە و دۆکیومێنتارییەکانی بەریتانیادا کە زانکۆی کامبریج لەکۆتایی ساڵی 2015 بە سیازدە بەرگی گەورە بڵاویانکردەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەریتانییەکان تووشی سەرسوڕمان بوون بەرامبەر مامەڵە و ڕەوشتبەرزی کوردەکان و شێخ مەحموودی حەفید بەرامبەر دیلەکانی ئینگلیز. لە سەد ساڵی ڕابردوودا، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە خەبات و بەرخوداندا بووە بۆ پاراستنی ناسنامه‌كه‌ی و بنیاتنانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی كوردی به‌هۆی داگیركردنی خاكه‌كه‌ی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس و ڕووخاندنی ته‌واوی میرنشین و حكومه‌ته‌ كوردییه‌كان. لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوودا، کورد لە باشووری کوردستان هەموو ڕێگەیەکی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا لانی کەم لەئاشتی و شەراکەتی ڕاستەقینە و یەکسانیدا بژی، بەڵام لەبه‌رامبەر ئەم هەوڵانەی کورددا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هێز و دامەزراوەی دەوڵەتیان بە ئاڕاستەی شۆڤینیزم و تاییفەگەریدا برد و بەردەوام لە هەوڵی سڕینەوەی کورددا بوون. هەرچەندە دوژمنانی کوردستان ڕاسته‌وخۆ نه‌یانتوانیوه‌ زه‌فه‌ر بە کورد بەرن، به‌ڵام توانیویانە لایه‌نی ناوخۆیی به‌ گژ یه‌كدا بكەن و پاشان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ هاوكاری خیانه‌تكاری ناوخۆیی كردووه‌ و قه‌واره‌كه‌ی تواندووه‌ته‌وه‌ یان بچووكی كردووه‌ته‌وه‌. ئێستاش مەترسی گەورە لەسەر لەناوبردنی ئەزموونی کورد هەیە لەلایەن دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکی، بۆیە ئەوەی لەم قۆناغەماندا گرنگە فۆکه‌سی بخرێتە سەر ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت نەوەیەکی نوێی ناسیۆنالیست لە کوردستاندا بنیاتبنرێت. ئەمەش بە پێداچوونەوە بە سیستمی پەروەردە و دانانی پڕۆگرامێکی نوێی خوێندن کە منداڵی کورد لە سەرەتاوە بە خۆشەویستی نیشتمان پەروەردە بکات، پڕۆگرامێک بەجۆرێک تاکی کورد پەروەردە بکات کە ناکۆکی سیاسی وای لێ نەکات خۆشویستنی نیشتمان لەدەست بدات. پڕۆگرامێک بەجۆرێک تاکی کورد هۆشیار بکاتەوە کە هیچ لایەنێکی سیاسی نانەتەوەیی نەتوانێ بەلاڕێیدا ببات و نیشتمانی لەبەرچاو بخات. هەروەها چەندین ڕێ و میکانیزمی تر هەیە کە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار دیراسەی بکات پاشان دەستبکات بەجێبەجێکردنی.   سەرچاوەکان: ١) بۆ مێژوو – مەسعود بارزانی (چاپی سێیەم – 2020) ٢) کورد و دەوڵەت – بەرزان ئەحمەد کوردە (چاپی دووەم – 2020) ٣) یادداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید (چاپی یەکەم – 1995) ٤) بنیاتنانەوەی نەوەیەکی ناسیۆنالیست – عەزیز ڕەسووڵ هەورامانی (وتار)   "کوردستان ٢٤"