کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست‌بوونی پۆلیکی دیکە لە کچان و کوڕانی نیشتمان بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

15:44 - 15 خاکەلێوه 2721

لە درێژەی پەیوەست‌بوونی ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی کورد بە جەرگەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەورەی ٢٤١ی سەرەتایی پێشمەرگە پەروەردە و بارهێنانی سەرکەوتوانەی کچان و کوڕانی بەهەڵوێستی نەتەوەکەمان لە فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کۆتاییهات. دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە بە بۆنەی کۆتایی دەورەی ٢٤١ی سەرەتایی پیشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتبوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، ڕێژەی پێشمەرگەکانی دەورە، کۆمەڵێک جووڵەی تایبەتی پێشمەرگانە( نیزام جەمع) و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد، پاشان کاک سۆران نووری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. سۆران نووری لە دەسپێکی وتەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی لەو پۆلە لاوە نیشتمانپەروەرەی دەورەی ٢٤١ بۆ لەبەرکردنی بەرگی پڕلە شانازیی پێشمەرگایەتی، باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان و ئێران و ئەونەهامەتی و قەیرانگەلەی کە کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاتر لە ٤٢ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا تووشی خەڵکی ئەم وڵاتەی کردووە پێشکەش کرد. نووری لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بە شیکردنەوەی دۆخی هەنووکەیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ناوچەکە و جیهاندا وکاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر خەڵکی ئێران و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەموو بەرەکانی جیهانی و ناوچەیی و نێوخۆییدا وتی: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو لایەکەوە تووشی داڕمان و پاشەکشە بووە و چیدی ئەو ڕیژیمە بۆ خەڵکی ئێران بەتایبەت و بۆ خەلکی ناوچەکە و جیهانیش تاڕاددەیەکی زۆر ناسراوە و ناتوانێ وەکوو جاران بە زەبری پارە و ئیدئۆلۆژیی شیعەگەریی و ئیسلامیی خۆی بسەپێنێ. کۆتایی پەیامەکەی کاک سۆران ڕووی لەو کچ و کۆڕانە بوو کە تازە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشیوە و رایگەیاند کە هاتنی لاوی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی خەبات و بە تایبەت بۆ ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات نیشانەی بەردەوامیی و زیندوو بوونی خەباتەکەمان و ئاسۆیەکی ڕوونە بۆ نیشتمان و نەتەوەکەمان، خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان شیڵگیرانەتر هەوڵ دەدەین بۆ یەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گەڵ خوێنی پاکی شەهیدان و نەتەوە و نیشتمانەکەماندا بەردەوام پەیمان نوێ دەکەینەوە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی حیزب و گەڵ بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان. ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی، سروود، خوێندنەوەی پەیامی بەشدارانی دەورە و ڕیزلێنان و بەخشینی خەڵات بە چەند پێشمەرگەیەکی دەورەکە درێژەی کێشا و بە هەڵپەڕکێ و شایی پێشمەرگانە کۆتاییهات.