کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی ٢٢٦ کۆڵبەر، گرتنی ٦٤٠ چالاکی سیاسی و ئێعدامی ٤٩ بەندیی کورد لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی‌دا

14:58 - 16 خاکەلێوه 2721

لە درێژەی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی و دامودەزگا سیاسی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩ هەتاویشدا لانیکەم ١٢٠٠ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕووی داوە. بەخێرایی چاوێک بەسەر چەند حاڵەتێکی زبری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەم ساڵ‌دا دەخشێنین:   کۆڵبەرکوژی لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە یا بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو ٢٢٦ قوربانییەی ئەمساڵ ٨٠ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار بوون. لە ماوەی ئەمساڵ‌دا ٧ شوانکارە و چۆدار لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندراوە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەریش هێزە ئینتزامییەکانی شاری شەهریار سەر بە پارێزگای ئەلبورز لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنەیان بە ناوی "کەژوان ئەڵماسی" لە میوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کرد و دوای دەستبەسەر کران لە پشتەوە تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لە کردەوەیەکی جینایەتکارانەی دیکەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر هێزە ئینتزامییەکانی پایگای دەوڵەت‌ئاوای کرماشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری "پژۆ ٤٠٥"یان دایە بەر دەستڕێژی گوللە کە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "ئەشکان عەزیزی" بووە گیانی لە دەست داوە و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانیش بە ناوی "بورهان عەزیزی" بە سەختی بریندار بوو. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە تاران ڕۆژی دووشەممە ١٣ی رێبەندان لە مێترۆی ئەو شارە لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵی کوردی خەڵکی دیواندەرەیان بە ناوی "مێهرداد تاڵشی" ٢١ دەستبەسەر کرد و هەمان شەو لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممەش لە گەڕەکی دەرەدێژی کرماشان تەقەیان لە پۆلێک خەڵکی ئەو گەڕەکە کرد کە لە ئاکام‌دا "سیروان محەمەدی"،  تەمەن ٢٥ ساڵ کوژرا و "عەلی ئەحمەدی" تەمەن ٧٠ ساڵ بریندار بوو. شایانی باسە کوژران و برینداربوونی ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەحاڵێکدایە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی پێشتریشدا ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاریان دابووە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان.   ڕەشبگیر و گرتنەکان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا ئەوەندەی سەرچاوەکانی هەواڵ پشتڕاستیان کردۆتەوە و دەستیان بە زانیارییەکان ڕاگەیشتووە، ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ (٧٣٥ ساڵ و ٥ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. لەو بەندکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە. جێی باسە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر بەندکراوێکی لاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوی "سادق مەلەکی" بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست داوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەریش بەندکراوێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی هەرسین و دانیشتووی نورئاباد بە ناوی فەرهاد وسوقی لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانە کوژراوە. ڕۆژی یەکشەممە 7ی بەفرانباریش زیندانییەک بە ناوی‌ "ئەکبەر مستەفا" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا گیانی لە دەست دا. ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانباریش "بەهمەن عوقابی" تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "چەقاجەنگا"ی سەر بە شاری شابادی پارێزگای کرماشان کە ماوەیەک لەمەوبەر بە هۆی لێدان و ئەشكەنجەی هێزەکانی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبووە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە گیانی سپارد. شایانی باسە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨ی هەتاوی)ـشدا لانیکەم ٨٥٤ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیرابوون.   ئێعدامەکان ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا لانیکەم ٤٩ کەس بووە کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌ دەردەکەوێ کە له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا، کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتووه‌. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە ساڵی ١٣٩٩ لە کوردستان ئێعدام کراون، بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون و چوار کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون. جیا لە ئێعدامی ئەو ٤٩ بەندکراوە کوردە، سێ زیندانی لە شارەکانی ورمێ و کامیاران بە هۆی نەخۆشیی کۆڕۆنا و پێڕانەگه‌یشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردووش لانیکەم ٤٦ زیندانیی کوردی لەدار دابوو.   قوربانییانی تەقینەوەی مین ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٣٩٩دا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٤٨ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٢٠ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا ببوو. لەو ٢٠ کەسە ١٤ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ٦ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو. "چاونیوز" دەڵێ ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی‌ هه‌واڵده‌رییه‌ ڕه‌سمییه‌کان خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانییان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده‌ زیاتره‌ که‌ تۆماری دەکرێ. شایانی باسە زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی پاشماوه‌ی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ خاکی ئێران‌دا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌ کە بەشی نیزیک بە تەواویان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان (هەر چوار پارێزگاکەی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ) نێژراون و دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە کۆتایی شەڕ هێشتا کۆ نەکراونەتەوە و پووچەڵ نەکراون.   خۆکوژی خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی زیانباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمساڵدا لانیکەم ١٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان داوه‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه. لەنێو ئەو کەسانەدا که‌م ته‌مه‌نترینیان کچ و کوڕێکی ١٢ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان ژنێکی ته‌مه‌ن ٦٠ ساڵ بووه‌. "چاونیوز" دەڵێ ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوە زەمەنییەدا زیاتر لە دوو هیندەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن. شایانی باسە ساڵی ڕابردووش (١٣٩٨ی هەتاوی) ٢٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆر هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو‌، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بوون و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنابوو.   قوربانییانی ڕووداوی کار ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٧٦ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئیمەنییەکاندا بریندار و نقوستان بوون. "چاونیوز" ساڵی ڕابردوو (١٣٩٨)ش ناوی ٥٤ کرێکاری کوردی بڵاو کردبۆوە کە ببوونە قوربانیی ڕووداوی کار. گیان‌لەدەستدان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن ‌و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به‌ تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین. هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له‌ ساڵی ١٣٩٩ دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له‌ ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی پەتای کۆڕۆنا، قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندەی دیکەش لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه‌ و حه‌قده‌ستی کرێکاران له‌ زۆربه‌ی کارخانه‌ و ئیداره‌ ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له‌ کار و بێکارکرانیان هه‌میشه‌ وه‌ک مۆته‌که‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌. ***   * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی بەهاری ١٣٩٩ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=4300 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی هاوینی ١٣٩٩ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=5249 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی پاییزی ١٣٩٩ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=5991 * بۆ بینینی خشتە  پێنوێن و وردەکاریی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وەرزی زستانی ١٣٩٩ کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە: https://chawnews.com/?p=6476