کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتیی پێشەوا قازی لە چاوگەی سێ تیوری‌دا

15:27 - 16 خاکەلێوه 2721

لە هەموو دنیا و سەردەمەکان‌دا، ئەو نەتەوانەی بەهۆی سیاسەتی نکۆڵی‌کران لە بەرامبەریاندا هەوڵی سیستماتیک دەدرێ تاکوو مێژوو، چاند و شارستانییەتیان بشێوێنن و لە پارادایمی هێزی باوی سەردەم چ دەسەڵاتی ئایینی یا پاشایەتی یا دواتر لەنێو دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست‌دا ئاسیمیلەیان بکەن و بیانتوێنەوە، نەتەوەی داگیرکراو چ لە ئاستی تاک یا کۆمەڵگەدا هەوڵی ڕابوون دەدا بۆ ئەوەی پێش بە سەرگرتنی ئەم ڕەوتە لە چەرخی مێژوو بگرێ و مەوجوودیەتی بپاڕێزێ. گەلی کوردیش ڕوح و هزری بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی چ لە ئاستی تاک یا جڤات‌دا بووبێ هەموو کات بڵێسەدار بووە و تێکۆشانی بونیادنەرانەی بووە بۆوەی ڕوح و هزری کوردانە لەنێو جڤات‌دا پارێزراو ڕابگرێ و بە خاوەنداریەتی لە مێژوو و شوناسی و بەڕێکخستن‌کردنی لە چوارچێوەی حیزب و ڕۆڵ‌بینینی کەسایەتیی مێحوەریی بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی، سیاسی و نەتەوەخوازیی خۆی بەجێ بگەیەنێ. بە تایبەت لە مێژووی پڕ تێکۆشانی نەتەوەییمان ڕۆڵ و پێگەی مێحوەریی کەس‌گەلی وەک  "پێشەوا قازی محەممەد"، "شێخ مەحموود"، "شێخ سەعید"، "سەید ڕەزا" و...) بەم ئاراستەیە، نموونەی هەرە ئاست‌بەرزن لە خەرمانی تێکۆشان و شۆڕش لەم پێناوەدا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی گەشەی ڕوح و هزری ناسیۆنالیستانەی تاکی کورد و دوای سێ ساڵ لە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، کە بە شێوەی مەدەنییانە هەوڵی پاراستن و  سەقامگیرکردنی هزر و ئەندێشەی نەتەوەخوازیی دەدا، لە بەردەوامیی ڕەوتی تێکۆشانی خۆی‌دا یەکەم حیزبی مۆدێڕنی سیاسی کە خاوەن ساختار، ڕێبەرایەتی، تاکتیک و ستراتیژی بوو، لە هەناوی لەدایک دەبێ و دەرکەوتنی کەسایەتیی پێشەوا قازی وەک کاریزمایەکی سیاسی و ناسیۆنالیستی یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم بەڕێکخستن‌کردنەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە شێوەی سەردەمیانە لە چوارچێوەی حیزب‌دا بووە. لەم کاتەدا کە جوغرافیای ئێران بە هۆی ژێۆئیستراتیژیک‌بوونی بۆ هەر دووک بەرەی شەڕی دووهەمی جیهانی گرینگ و شوێندانەر دەبێ و دەسەڵاتدارانی ئێڕانیش کەسانێک نابەرپرسیار و لاواز لە ئاستی کۆمەڵگەی ئێران و جیهان دەبن، ئەم وڵاتە بە کردەوە بە سەر دوو وڵاتی زڵهێزی ئەو کات (بریتانیا لە بەشی باشوور و سۆڤیەت لە بەشی باکوور)ی، ئێڕان دابەش دەکرێ. لە ئاکامی ئەم دەرفەتە مێژووییەی بۆ کورد ڕەخسا و بەهۆی ژیری و دنیابینیی حیزبە سیاسی و جەماوەرییەکەی (حیزبی دێموکراتی کوردستان) و بەپێی بڕیاری ژیرانە و حەکیمانەی پێشەوا قازی بە کەڵک‌وەرگرتن لەم دەرفەتە لە ٢ی ڕێبەندان‌دا حکوومەتی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان دادەمەزرێ. مخابن دواتر و پاش کەمتر لە ١١مانک بە هۆکاری نێوخۆیی -خیانەتی هیندێک ئاغا و کەسایەتیی دەوڵەمەند، ڕێککەتنی قەوام و سادچیکف- و هۆکاری دەرەکیی پشتیوانی نەکرانی حکوومەت لە لایەن بریتانیا و سۆڤیەت و بەهێزبوونەوەی ئەرتەشی ئێران) کۆماری دێموکراتیکی کوردستان تێک‌شکا و پێشەوای کوردان، قازی محەممەد بۆ پێشگرتن لە نەڕێژرانی خوێنی گەلەکەی خۆی ڕادەستی ئەرتەشی ئێران کرد. ئەوە بوو کە دوای بەڕێوەچوونی دادگایی ڕواڵەتی وێڕای شەهیدان "سەیف" و "سەدر"ی قازی لە پێتەختی کۆمار (شاری مەهاباد) بەناحەق و دوور له هەر پرنسیپێکی ئەخلاقی لەسێدارە دران. ئەوەی دنیای دەرەوە نەیدی و چاوی خۆی لێ نووقاند ئەو ڕاستییە بوو کە لەدار درانی پێشەوا قازی محەممەد لە سێدارەدانی ئازادی، مەدەنییەت و دێموکراتییەت لە ناوچە بوو.   تیوریی گەورەپیاو و کەسایەتی پێشەوا تیوری گەورەپیاو لە ڕێبەرایەتی‌کردن بە ساکارترین فۆرم خوازیار و بڕوامەندە کە ڕووداوە گرینگە نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانییەکان لەژێر کاریگەری کەسانی دیاردا دێنە ئاراوە کە دروست‌کەری ئەم ڕووداوانەن؛ واتە ئەوە گەورەپیاوانن کە مێژوو دروست دەکەن. "توماس کارلایەل" کە لایەنگری ئەم تیورییەیە، دەڵێ: "کەسانی بلیمەت کاریگەریی خۆیان لە هەر شوێنک و ئاستێک‌دا بن، دادەنێن و بڵاوی دەکەنەوە." لەسەر ئەساسی ئەم تیورییە لەسایەی هەڵوێست، خوێندنەوە و سیاسەتی ڕێبەرێکەوە، دەکرێ چارەنووسی نەتەوەیەک بگۆڕدرێ. هەر بەپێی پێناسەی ئەم تیورییە دەبینین کە پێشەوا قازی وەک کەسایەتییەکی مەزن و شوێندانەر بە ژیرمەندیی خۆی و خوێندنەوەی واقێعگەرایانەی بارودۆخی هەبووی سەردەم لەسەر ئەساسی دۆخی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بڕیاری دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەدا و مێژوویەکی پڕ شکۆ وسەروەری بۆ کۆمەڵگە و نەتەوەکەی دروست دەکا و دەیکاتە ئادرەسێک بۆ کۆمەڵگەی جیهانیی ئەو سەردەم .پێشەوا وەک کەسایەتییەکی بلیمەت دەرفەت دەقۆزێتەوە و حەز و ئارەزووی هەر مرۆڤێکی کورد دەکا بە واقیع و ڕاستییەکی مێژوویی و، پاش حەوت دەیە لە تێکچوونی کۆمار، ئێستاش دەبینین تێکۆشانی بێوچانی کورد لە هەر چوار بەشی نیشتمان گەیشتنەوەیە بە دامەزراندنی کومارێکی دیکەی کوردستان . لێرەدا کەسایەتیی پێشەوا و بڕیاری حەکیمانەی ڕووداوێک دەخوڵقێنن کە دەبێتە مێژوو بۆ نەتەوەیەک و ئاسۆیەک بۆ دووبارە پێگەیشتنەوە.   زەبری کۆمەڵایەتی و ڕوحی زەمان ئەم تیورییە پێداگرتنە لە کاریگەریی هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕینی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ڕێبەر. لەم تیورییەدا زەمان و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانن کە گەورەپیاوان دروست دەکەن . بەم پێیە لە تیوریی ڕوحی زەمان‌دا ڕێبەران وەک ئەکتەرانێکن کە ئەو ڕۆڵەی لە لایەن هێز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆیان دەست نیشان دەکرێ، جێبەجێی دەکەن و ڕوانگە و ڕەوشت، پاڵنەرەکان و لێهاتوویە تایبەتییەکانیان کاریگەریی بچووکیان لەسەر ڕێبەر هەیە. خاوەن‌ڕایانی ئەم تیورییە بڕوامەندن کە ڕێبەرانی سەرکەوتوو و شۆڕشگێڕ کەسانێکن کە بتوانن ئاکار و ڕەوشتی خۆیان هاوتەریب لەگەڵ ویستەکانی زەمان، هەڵکەوتە و بارودۆخ بگونجێنن. بە سەرنجدانی شیکاریی ئەم تیورییە دەبینین کە پێشەوا قازی محەممەد وەک ئەکتەرێکی بەهێزی سیاسەت‌کردن و بەڕێوەبردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، ئەو ئەرکەی حیزب وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی (دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان) دەخاتە سەر شانی و، بە واقعگەرا کردنی ویست و هیوای هەموو تاکێکی کورد لە چوارچێوەی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ و خاوەندارەتی لە ڕابردووی شۆڕشەکانی پێشوو و قۆستنەوەی دەرفەتەکان ڕۆڵی ئەساسی و بونیادنەرانەی خۆی ئەبینێ. هۆکارێکی گرینگ، کە بوونی پێشەوا قازی محەممەد لە ساختاری حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، دەیکات بە کەسایەتییەک و ڕێبەرێکی دیار و لێوەشاوە . ڕاستە لەسەر ئەم بریاڕەی کە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە (حیزبی دێموکرات) دەیخاتە سەر شانی وەک کەسی یەکەم لەنێو ئەم بزووتنەوەیەدا و دواجار لەسەری شەهید دەبێ، بەڵام شەهیدبوونەکەشی بارتەقای بڕیاری حەکیمانەی و سەرکردایەتیی حیزب، شکۆ و مەزنیی پێدا و، وەک کەسایەتیەکی بەهێز لە ئاکار و ڕەوشت‌دا، بە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕۆحی زەمان کەسایەتیی بە خۆی بەخشی. بڕوامەندانی ئەم تیورییە وەک(سوودفێلد و ڕانگ) پێیان‌وایە، ڕێبەرانی سەرکەوتوو و شۆڕشگێر توانایی و لێهاتوویی ئەوەیان هەیە کە کردار و ڕەفتاریان هاوتەریب لەگەڵ ویستی زەمان و شوێنگە بگوورێن و هەروەها ئەم گریمانەیە دەخەنە ڕوو کە لە سەرەتای وەبەریەک‌کەوتن و ململانێ پێویستە ڕێبەریی شۆڕشگێڕ لە ڕوانگەی تێگەیشتنی ساکارەوە دوای سەرکەوتن؛ بۆ دڕێژەپێدان بە شۆڕش پێویستە ڕوانگەی ڕیالیستانەیان بۆ جیهان هەبێ. لە سەر ئەساسی ئەم ڕوانگەیەوە دەبینین کە پێشەوا قازییش هاوکات لەگەڵ گۆڕینی ڕەفتار و کردار و هەڵوێست وەرگرتنی بەپێی دۆخ و کات، وەک مرۆڤێکی ساکار خۆی لەگەڵ گەلەکەی پێناسە دەکا و هەڵوێست وەردەگرێ و پاشان بە خوێندنەوەیەکی ڕیالیستانە لە دۆخی مەوجوودی ئێران و کوردستان و ئارایشی هێزی جیهانی بۆ بە‌سەرکەوتن گەیاندنی بڕیارەکەی لە پێناو دیالۆگ لەسەر مافەکانی گەلەکەی دەچێتە تاران وەک ناوەندی دەسەڵات.   تیوریی نموونەی فیدلێر فیدلێر ڕێبەر وەک کەسایەتییەک پێناسە دەکا کە لەنێو حیزب بڕیاری ئاراستەکردن، کۆنتڕۆڵ‌کردن و هاوئاهەنگی‌کردنی هەموو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ئەرکی حیزبی پێ دەسپێردرێ. ئەم تیۆرییە بە کاریگەر و شوێندانەر بوونی ڕێبەر لە ڕەهەندە جیاوازەکانی پێگەی حیزب، ئاماژە دەدا و دوورنواڕی دەکا کە یارمەتیی ڕێبەر بە شوێندانەر بوونی حیزب هەم بە تایبەتمەندی خودی ڕێبەرەوە پەیوەندی هەیە و هەمیش بە لەبار بوونی هەلومەرج و بارودۆخ و دەرفەت. بە پێی ڕاڤەی ئەم تیورییە دەبینین کە ڕاستە لەنێو حیزبی دێموکراتی کودستان کەسایەتیی بەهێز بوونیان هەیە، بەڵام ئەو ژێهاتی و کاریزماتیکییەی بەهێزە کە پێشەوا قازی وەک لیدێرێک دەبێتە هۆکاری ئاراستەکردنی ستراتیژیی حیزب بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕوحی زەمان .لەم سۆنگەیەشەوە هەموو ئەرک و بەرپرسیارەتیەکی ئەم بریارە مێژوویی و چارەنووسسازە دەخاتە سەر شانی خۆی. بەم چەشنە دەبینین کە پێشەوا قازی بە ئاراستەکردن و بەڕێوەبردنی حیزب و هاوئاهەنگی بەپێی دەرفەت و زەمان شوێندانەریی خۆی دەردەخا و شوێندانەریی ستراتیژی حیزب، تایبەتمەندی کەسایەتی پێشەوا و لەبار بوونی هەلومەرج دەبنە تەواوکەری یەکتر .   دەرەنجام لە سەر بە ئەساس وەرگرتنی هەر سێ تیورییەکە دەتوانین بلێین کە ئەگەر حیزبی دێموکرات نەبوایە پێشەوا وەک "گوڵی نێو سەحرا" دەر نەدەکەوت و ئەگەر بڕیاری حەکیمانە و خوێندنەوەی ژیرانەی پێشەواش لە ڕۆحی زەمان‌دا نەبوایە، حکوومەت و قەوارەیەکمان بە ناوی "کۆماری کوردستان" نەدەبوو/