کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی ساڵێک لەگەڵ کۆرۆنا

15:38 - 16 خاکەلێوه 2721

وانەکانی ساڵێک لەگەڵ کۆرۆنا (بەشی یەکەم)

  چۆن دەتوانین ساڵی کۆرۆنا لە ڕوانگەیەکی بەرینی مێژووییەوە کورت بکەینەوە؟ زۆر کەس پێیان‌وایە ئەو ڕێژە ترسناکە قوربانییانەی کۆرۆنا ئەستاندوونی بێدەسەڵاتیی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر سروشت ئاشکرا دەکەن. لە ڕاستیدا، ٢٠٢٠ ئاشکرای کرد کە مرۆڤایەتی گەلێک لە بێدەسەڵاتی دوورە. پەتاکان چیدیکە هێزی کۆنتڕۆڵ‌نەکراوی سروشت نین. زانست ئەوانی کردووەتە ئالنگارییەک کە دەکرێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێ. کە وابوو، بۆچی ئەو هەموو مەرگ و ئازار چێشتنە؟ لەبەر بڕیاری سیاسیی هەڵە. لە سەردەمانی پێشوو، کاتێک مرۆڤ بەرەوڕووی پەتای وەک تاعوونە ڕەشە بوونەوە، نەیاندەزانی هۆیەکەی چییە و چۆن پێشی پێ دەگیرێ. کاتێک لە ١٩١٨ هەڵامەت بڵاو بۆوە، باشترین زانانی دنیا نەیاندەتوانی ڤایرۆسەکە دەستنیشان بکەن، بەشێکی زۆر لە ڕێگاچارەکانی ڕەچاو کراو بێ‌کەڵک بوون و، هەوڵەکان بۆ دروست‌کردنی پێکوتەیەکی کاریگەر بێ‌ئاکام بوون. شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆڤید-١٩ گەلێک جیاواز بوو. یەکەم زەنگەکانی هۆشداریی ئەگەری بڵاو بوونەوەی پەتایەکی نوێ، لە کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠١٩ وەدەنگ‌هاتن. لە ١٠ی ژانوییەی ٢٠٢٠، زانایان نە تەنیا ڤایرۆسەکەیان  دەستنیشان کرد، بەڵکو وەردەکاریی دی ئێن ئەیەکەیان دیتبۆوە و زانیارییەکەیان لەسەر ئینتەرنێت بڵاو کردەوە. دوای چەند مانگی دیکە ئاشکرا بوو کە کام هەنگاوانە دەبنە هۆی هێواش کردنەوە و لێک‌هەڵتەکاندنی زنجیرەی هەوکردنەکان. لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک چەند پێکوتەی کاریگەر بەشێوەی بەربڵاو بەرهەم هێنران. لە شەڕی نێوان مرۆڤ و ڤایرۆسی نەخۆشکار، هەرگیز مرۆڤەکان هێندە خاوەن هێز نەبوون.   ژیان بۆ سەرهێڵ گوازرایەوە هاوکات لەگەڵ دەسکەوتە تاقانەکانی بایۆتەکنەلۆژی، ساڵی کۆڤید بە هەمان شێوە جەختی لەسەر هێزی تەکنەلۆژی زانیارییش کردەوە. لە سەردەمانی پێشووتر مرۆڤایەتی بە دەگمەن توانای وەستاندنی پەتای هەبووە، چونکە مرۆڤەکان نەیاندەتوانی چاودێریی زنجیرەی هەوکردنەکان لە کاتی ڕوودانیان‌دا بکەن و، لەبەر تێچووی ئابووریی داخستنی بەردەوام یاساغ بوو. لە ١٩١٨ دەکرا ئەو خەڵکە کەرەنتینە بکەی کە تووشی هەڵامەتە مەترسیدارەکە بوون، بەڵام نەتدەوانی جموجۆڵی کەسانی تووشبوو، پێش دەرکەوتنی ئاسەوارەکان یان بێ‌ئاسەوارەکان، بخەیە ژێر چاودێرییەوە. ئەگەر داوات لە سەرجەم دانیشتووان کردبا بۆ ماوەی چەند حەوتوو لەماڵەکانیاندا بمێننەوە، دەبووە هۆی تێکڕمانی ئابووری، لێک‌هەڵتەکانی کۆمەڵایەتی و برسیەتیی جەماوەری. بە پێچەوانە، لە ٢٠٢٠ چاودێریی دیجیتاڵی، دەستنیشان‌کردن و چاودێری‌کردنی سەرچاوەکانی نەخۆشی زۆر هاسانتر کردووە، بەو مانایە کە کەرەنتینەکردن دەکرێ بژارکراوتر و کاریگەرتر بێ. شتێک کە تەنانەت گرینگتریشە ئەوەیە کە ئوتومات کردن و ئینتەرنێت هەلی داخستنی بەربڵاو، لانیکەم لە وڵاتانی گەشە کردووی ڕەخساند. لە کاتێکدا کە لە هێندێک وڵاتی گەشەئەستێن ئەزموونی مرۆڤ هێشتا بیرهێنەرەوەی پەتاکانی سەردەمانی ڕابردوو بوو، لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی گەشەکردوو، شوڕشی دیجیتاڵی هەموو شتێکی گۆڕی. بڕوانە کەرتی کشتوکاڵ. هەزاران ساڵ بەرهەمهێنانی خواردەمەنی پشتی بە هێزی کاری مرۆڤ بەستبوو و، نزیکەی ٪٩٠  خەڵک لەو کەرتەدا کاریان دەکرد. ئەمڕۆ چیدیکە لە وڵاتانی گەشەکردوو بەو شێوە نییە. لە وڵاتە یەکگرتووەکان، تەنیا نزیکەی ٪ ١،٥ لە خەڵک وەرزێڕن، بەڵام ئەوە نەتەنیا بۆ دابین‌کردنی خواردەمەنی بۆ سەرجەم دانیشتووانی وڵات بەسە بەڵکو وڵاتە یەکگرتووەکان پێشڕەوی هەناردە کردنی خواردەمەنییە. نزیکەی سەرجەم کاری وەرزێڕی بە مەکینە جێبەجێ دەکرێ، کە تووشی نەخۆشی نابن. بۆیە داخستنەکان تەنیا کاریگەریی سنوورداریان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی هەیە. بیر لە کێڵگەیەکی گەنم لە هەڕەتی تاعوونە ڕەشە بکەوە. ئەگەر لە کاتی دەروێنەدا بە وەرزێڕان بڵێی لە ماڵەوە بمێننەوە، تووشی قاتی و قڕی دەبنەوە. ئەگەر بە وەرزێڕان بڵێی وەرن دروێنە بکەن، ئەگەری ئەوە هەیە کە یەکتر نەخۆش بکەن. چارە چییە؟ ئێستا لە ٢٠٢٠ بیر لە هەمان کێڵگە بکەنەوە. کۆمباینێكی تەیارکراو بە جی پی ئێس، دەتوانێ سەرجەم کێڵگەکە بە کاریگەرییەکی زۆرترەوە، بێ‌ مەترسیی گیرۆدە بوون دروێنە بکا. لە کاتێکدا کە لە ١٣٤٩ وەرزێڕێک ٥ باقە گەنمی دروێنە دەکرد، لە ٢٠١٤ کۆمباینێک ڕێکوردی دروێنە کردنی ٣٠٠٠٠ باقە گەنمی لە ڕۆژێکدا تۆمار کرد. لە ئاکامدا کۆڤید-١٩ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی جیهانیی دانەوێڵە ئاساییەکان وەک گەنم، گەنمە شامی و برینج نەبوو. بۆ تێرکردنی خەڵک تەنیا دروێنەی دانەوێڵە بەس نییە. بە هەمان شێوە پێویستیت بە گواستنەوەیەتی، هێندێك جار زیاتر لە هەزاران کیلۆمیتر. سەردەمانێکی دوورودرێژ، بازرگانی یەکێک لە تاوانکارە سەرەکییەکانی بڵاو بوونەوەی پەتا بوو. ڤایرۆسی کوشندە بە پاپۆڕە بازرگانییەکان و کاروانەکانی ڕێگای دوور بۆ ئەمسەر ئەوسەری دنیا دەگوازرانەوە. بۆ وێنە، تاعوونە ڕەشە لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە بە جادەی ئاوریشمدا بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گوازرایەوە و، پاپۆڕی بازرگانانی جێنۆڤا هێنایانە ئەورووپا. بازرگانی هەڕەشەیەکی هێندە کوشندە بوو چونکە هەر گالیسکەیەک، گالیسکەوانێکی پێویست بوو، دەیان دەریاوان پێویست بوون تا پاپۆڕێکی بچووکی دەریایی بخەنە گەڕ و پاپۆڕە قەرەباڵغەکان و میوانخانەکان شوێنی سەرهەڵدانی نەخۆشییان بوون. لە ٢٠٢٠، بازرگانیی جیهانی دەتوانێ کەم‌تاکورت بێ گیروگرفت بەردەوام بێ، چونکە مرۆڤێکی زۆر کەمتر پێوەی سەرقاڵن. پاپۆڕێکی کانتینەر هەڵگر کە تا ڕادەیەکی زۆر ئوتوماتە، دەتوانێ باری زۆرتر لە هی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکی پاشایەتییەکی پێشکەوتووی سەردەمانی پێشوو هەڵگرێ. لە ١٥٨٢، کۆی توانایی بارهەڵگریی هێزی بازرگانی دەریایی ئینگلیز  ٦٨٠٠٠ تۆن بوو و پێویستی بە ١٦٠٠٠ مەلەوان هەبوو. پاپۆڕی کانتینەر هەڵگری ئو ئو سی ئێل هۆنگ کۆنگ، لە ٢٠١٧ یەکەم سەفەری خۆی دەست پێکرد،  ئەو دەتوانێ ٢٠٠٠٠٠ تۆن بار هەڵگرێ و تەنیا پێویستی بە ٢٢ سەرنشینە. ئەوە ڕاستە کە پاپۆڕی گەشتیاری بە سەدان توریستەوە و فڕۆکەی پڕ لە مسافیر دەورێکی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی کۆڤید-١٩ دا هەبوو. بەڵام توریسم و سەفەر زۆر بۆ بازرگانی گرینگ نین. توریستەکان دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە و خەڵکی سەرقاڵی بازرگانی دەتوانن کەڵک لە زووم وەرگرن، لە کاتێکدا پاپۆڕی ئوتومات و شەمەندەفەری چۆل یارمەتیدەری بەردەوامیی ئابووریی جیهانین. لە کاتێک‌دا کە توریسمی نێونەتەوەیی لە ٢٠٢٠ تێک‌ڕما، ئاستی بازرگانی دەریایی جیهان تەنیا ٪٤ دابەزی. ئوتۆمات‌کردن و بە دیجیتاڵی‌کردن تەنانەت کاریگەرییەکی بەرچاوتری لەسەر خزمەتگوزارییەکان هەبووە. لە ١٩١٨، کەس بیریشی لەوە نەدەکردەوە کە قاوەخانەکان، قوتابخانەکان، دادگاکان و کڵێساکان بتوانن لەکاتی داخرانی گشتیدا درێژە بە کارەکانیان بدەن. ئەگەر قوتابییان و مامۆستایان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چۆن وانەکان درێژەیان دەبێ؟ ئەوڕؤ ئێمە جوابی ئەو پرسیارە دەزانین. چوونە سەرهێڵ گەلێک لایەنی نەرێنیی هەن، لانیکەم لە بواری دەروونییەوە تێچوویەکی گەلێک قورسی هەیە. ئەو بە هەمان شێوە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی گیروگرفتی ئەوتۆ کە پێشتر بە خەیاڵدا نەدەهاتن، وەک بەشداریی پارێزەران وەکوو پشیلە . بەڵام ئەو ڕاستییە کە توانرا ئەو کارە  بکرێ سەرسوڕ هێنەرە. لە ١٩١٨ مرۆڤ تەنیا بە شێوەی فیزیکی لە دنیادا دەژیا و، کاتێک ڤایرۆسی کوشندەی هەڵامەت بە دنیایەدا بڵاو بۆوە، مرۆڤایەتی هیچ شوێنێکی نەبوو بۆی ڕا بکا. ئێستا زۆربەی ئێمە لە دوو دنیادا دەژین، دنیای فیزیکی و مەجازی. لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دنیای فیزیکیدا دەخولاوە، خەڵکێکی زۆر بەشێکی بەرچاوی ژیانی خۆیان بۆ دنیای مەجازی گواستەوە، شوێنێک کە ڤایرۆسەکە نەیدەتوانی بۆ ئەوێ وەدوایان بکەوێ. بێگومان، مرۆڤەکان هێشتا بوونەوەرێکی فیزیکین و، هەموو شتێک ناکرێتە دیجیتاڵی. ساڵی کۆڤید دەوری یەکلاکەرەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پیشە کەم داهاتەکانی بۆ بەردەوامیی شارستانییەتی مرۆڤ ئاشکرا کرد: یاریدەدەرانی نەخۆشان، کرێکارانی بەشی پاقژی، شۆفیری بارهەڵگرەکان، فرۆشیارەکان و ئەوانی خواردەمەنی و کاڵا دەگەیەننە کڕیاران. زۆر جار دەگوترێ هەر شارستانییەتێک تەنیا سێ ژەم لە دڕندەیی دوورە. لە ٢٠٢٠، ئەو خەڵکانەی خواردەمەنییان دەگەیاندە دەست کڕیاران هێڵی باریکی پاراستنی یەکگرتوویی شارستانییەت بوون. ئەوان بوونە هێڵی هەرە گرینگی ژیانی ئێمە لە دنیای فیزیکی‌دا.   ئینتەرنێت خۆی ڕاگرت لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتی خەریکی ئوتوماتیک‌کردن، دیجیتاڵ‌کردن و گواستنەوەی چالاکییەکان بۆ سەر هێڵە، ئەوە ئێمە تووشی مەترسیی نوێ دەکا. یەکێک لە سەرنج‌ڕاکێشترین شتەکانی ساڵی کۆڤید ئەوەیە کە ئینتەرنێت لەکار نەکەوت. کاتێک ئێمە لەناکاو ڕێژەی هاتوچۆی بەسەر پردێکدا زیاد دەکەین، چاوەڕوانی لە جمین‌کەوتنی ترافیک و تەنانەت تێکڕمانی پردەکە دەکەین. لە ٢٠٢٠، قوتابخانەکان، فەرمانگەکان و کڵێساکان نزیکەی هاوکات گواستیانەوە سەرهێڵ، بەڵام ئینتەرنێت خۆی ڕاگرت. ئێمە هەڵوێستەمان نەکرد تا بیری لێ بکەینەوە، بەڵام دەبوو ئەو کارەمان کردبا. دوای ٢٠٢٠ دەزانین کە ژیان دەتوانێ تەنانەت کاتێک کە هەموو وڵات لە ڕوانگەی فیزیکییەوە دادەخرێ، ژیان بەردەوام دەبێ. ئێستا بیر لەوە بکەنەوە چ دەقەومێ ئەگەر ژێرخانی دیجیتاڵ داڕمێ. تەکنەلۆژیی زانیاری ئێمەی لە بەرانبەر ڤایرۆسی زیندوو خۆڕاگر کردووە، بەڵام بەهەمان شێوە ئێمەی لە بەرانبەر ماڵوێر و شەڕی سایبەری ناسک و قابیلی زەرەر پێ گەیاندن کردووە. خەڵک زۆر جار دەپرسێ: "کۆڤیدی داهاتوو چییە؟" هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی دیجیتاڵێی ئێمە یەکێک لە سەرەکیترین بژارەکانە. ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند مانگی پێچوو تا بە دنیادا بڵاو بێتەوە و بە میلیۆنان خەڵک گیرۆدە بکا. ژێرخانی دیجیتاڵی ئێمە لەوانەیە بە تاقە ڕۆژێک داڕمێ. لە کاتێکدا کە قوتابخانەکان و فەرمانگەکان دەتوانن خێرا بێنە سەرهێڵ، پێتان وایە چەند کات دەخایەنێ تا لە ئیمەیلەوە بگۆازینەوە بۆ ناردنی نامەی کۆنباو؟