کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ئێران و چین لە پێناو چیدا؟

15:52 - 16 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ و دوای ساڵانێک پێوەندی باشی دەوڵەتی چین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە بە وتەی زۆر لە کارناسانی ئابووری قازانجی ئەو پێوەندییانە بە تایبەت لە بواری ئابووریدا چووەتە گیرفانی چینییەکان، و پاش ٦ ساڵ تاوتوێ و ساڵێکیش بێنەوبەرەی چین لەسەر نووسینی تەوافوقی کۆتایی، ڕێککەوتنی بەناو ستراتێژی هەمەلایەنە لە نێوان ئەم دوو ڕێژیمەدا ئیمزا کرا. لە پێشدا بڵێین حکوومەتی ئێران لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا هیچ پڕۆژەیەکی ستراتێژیی لە بەر دەستدا نەبووە و ئەم بێ‌سیاسەتی و بێ‌بەرنامەییە، وێرانیی ئابووریی پیشەسازی و کشتوکاڵی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێرانی کە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ئەوان هەم بناخەیەکی باش و پێشکەوتووی ئابووریی هەبوو و هەم خاوەنی سەرچاوەی گەورەی ژێرزەوییە بە دوای خۆیدا هێنا و ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەی لەبەریەک هەڵتەکاند. وێرانییەک کە ئەگەر لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتدارییان‌دا بە هۆی سازکردنی شەڕی نێوخۆیی بە تایبەت لە کوردستان و شەڕ لەگەڵ عێراق دەستی پێ کرد، لەم ساڵانەی دواییدا تەحریمەکان بوونە بەهانە بۆ داپۆشینی هەموو کەم‌وکووڕییەکان. تەحریمێک کە هۆکارەکەی تەنیا پڕکێشیی خۆیان بوو لەسەر درێژەدانی سیاسەتە هەڵەکانیان و سەرەڕای هاوار و ئەم لاوئەولاکردن هێشتاش ڕێگەچارەیەکی بۆ نەبیندراوەتەوە. ئێستا سەیرە لە دۆخێکی وادا  بە پشتگوێ‌خستنی دروشمی بێ بنەمای نە شەرقی نە غەربی کە خومەینی خستیە سەر زاری خەڵک و هەتا ئێستاش لەسەر دەرکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک نمادێک لە سیاسەتی ڕەسمیی حکوومەت ماوەتەوە و ساڵانێکە دەهۆڵی پێ دەکوتن، هەڕاج کردن و بە تاڵان‌بردنی سەرمایەکانی وڵات بە پڕۆژەیەکی ستراتیژیکی میللی ناو دەبەن و دەیانەوێ بە زۆر بە سەر خەڵکی ئێرانی‌دا بسەپێنن. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی باش تێگەیشتوون کە سەرەڕای ئەو درشمەیان دەبێ هەوڵ بدەن لە نێوان شەرق و غەرب‌دا بەلایەکدا دایشکێنن. ئاساییشە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتێکی شەرقییی وەک چین کە وەک خۆیان حکوومەتێکی یەکدەست و سەرەڕۆی هەیە حاسانتر بێ هەتا غەربێک کە هەر ڕۆژەی کێشەیەکیان بە ناوی دێموکراسی و مافی مرۆڤەوە بۆ دەخاتە بەرچاو و لە داهاتووش‌دا دەتوانێ ببێتە بەڵای گیانی نیزامەکەیان. هەرچەند لەنێو دۆستە دەسەڵاتدارە شەرقییەکانیشیاندا، لایەنێکی دیکە کە لەوانەیە بێ‌تەفاوەت نەبێ بەرامبەر بەم پرۆژەیە ڕووسییەیە کە لە تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌دا بە جۆرێک لە پاڵ ئێران‌دا بووە و لە زۆر بواردا هاوکاریی کردووە. دیارە هەر لەگەڵ ئاشکرابوونی باسی ئەم ڕێککەوتنە کە ماوەی شەش ساڵ بوو بە نهێنی مابووەوە، نەتەنیا لە نێوان بەشدارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنانەت لە زۆر لە شوێنەکانی ئێران بە تایبەت شارە گەورەکانی وەک ئێسفەهان و کەرەج و تاران، دەنگی ناڕەزایەتیی ئەوانەی دەزانن کە ئەم جۆرە پڕۆژانە تەنیا لە خزمەت دەسەڵات‌دایە و هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێران تێدا نییە، کەوتە نێو شەقام و لەدژی ئەم وڵات‌فرۆشییە هاواریان بەرز کردەوە. سەیر ئەوەیە وتەبێژی دەوڵەتی ڕووحانی کە دەرکەوت بۆ کۆتایی پێهێنان بە ڕێککەوتنەکە ئێعتبارێکیان بۆ دانەندرا و چین داوای نوێنەری ڕێبەریی کردبوو بۆ تەواوکردنی وتووێژەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەڵێ: "ئەم کارانە درۆ و تەبلیغات لە دژی ئێران و عەمەلیاتی ڕەوانی لەدژی ئێرانە". بەم جۆرەش ئاشکرای دەکا کە ئێران وڵاتێک نییە بۆ هەموو خەڵکەکەی و پێویستی بە بۆچوونی ئەوان نییە، بەڵکوو تەنیا کۆمەڵێک ئەویش لەنێو دەسەڵاتداراندا بە خاوەنی ئەم خاکە دەزانێ و حەقیان پێ دەدا کە هەرچییەکی بیانەوێ بەسەری بێنن. ئەویش لەگەڵ وڵاتی چین کە بە پێچەوانەی ئیدعای ڕێژیم لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هەردوولا، هەتا ئێستا شتێک بە ناوی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هیچ وڵاتێک لە سیاسەتیان‌دا بەدی نەکراوە و بێگومان ئەم کارەشی تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی چین و بەدەستهێنانی ئیمتیازاتێکی زۆر لەو پێوەندییەدایە. هەر بۆیە ناحەق نییە کە زۆر لایەن ئەم ڕێککەوتنەیان بە ڕێککەوتنی تورکمان‌چای شوبهاند و باوەڕیان وایە کە لە دووبارەبوونەوەی مێژوودا و بە هۆی شکستی حکوومەت ئەگەر ئەودەم بەشێک لە خاکی ئێران فرۆشرا، ئەمجارە هەموو سەرمایەی ئێرانیان لە پێناو مانەوەی حکوومەت‌دا فرۆشتووە. ئێستا بۆ ئەوەی شکستی کۆماری ئیسلامی زیاتر بخەینە بەرچاو و ئەگەر تەنیا بەراوردێکی بچووک بکەین لە نێوان دوو وڵاتی ڕەقیب لە ناوچەدا ئەوە ڕوونتر دەردەکەوێ. بۆ وێنە لە حاڵێک‌دا کۆماری ئیسلامی هەموو ئیمتیازێک دەدا بە دەوڵەتی چین بۆ وەبەرهێنانی ٤٠٠ میلیارد دۆلاری ئەویش دیار نییە چەند و چۆن دەبێ، و بەلەبەرچاگرتنی ژێرخانی ئابووری و توانای ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی لەلایەن ئێرانەوە کە ئێستا ساڵانە تەنیا دەگاتە یەک میلیارد دۆلار، قسە لە وەبەرهێنانی ٤٠٠ میلیارد دۆلاری چین لە ماوەی ٢٥ ساڵدا دەکرێ. شتێک کە لە ڕوانگەی زۆر لە شارەزایانەوە وەک خەیاڵ دێتە بەرچاو. بە تایبەت بۆ وڵاتێکی وەک چین کە لە کێبەرکی ئابوورییەکانی‌دا زۆرتر چاوی بڕیوەتە وەدەست‌هێنانی بازاڕی مەسرەف و کردنەوەی دەرگای وڵاتانی جیهان بە ڕووی بەرهەمەکانی‌دا. لە بەرامبەردا پاشایەتیی سعوودیە بڕیار دەدا لە ماوەی ١٠ ساڵدا ١٣٠٠ میلیارد دۆلار تەرخان بکا بۆ خزمەتکردنی جۆراوجۆری وەبەرهێنانەکانیان لە نێوخۆێ وڵات‌دا. هەروەها دەبینین عێراق کە ئێران بە بەشێک لە هاوپەیمانە ستراتێژییەکانی خۆی داناوە بەڵێن دەدا کە یارمەتییەکی ٣٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە ژێرساختی ئابووری ئەو وڵاتەدا بکا. ئەمەش دەتوانێ نموونەیەکی بەرچاوبێ لە شکستی کۆماری ئیسلامی لەچاو ڕەقیبەکانی لە ناوچەدا. ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران وەک درۆکانی پێشتری ڕادەگەیەنێ کە، "لە حاڵێکدا هەڵدانی ئابووریی دنیا ٣،٤ دەهم مەنفییە، ئابووری ئێران هەڵدانی موسبەتی ٢ لە سەدی بووە لەم ساڵدا". بەمجۆرە بە دوور لە هەموو بابەتێک، دەردەکەوێ لە بیری ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، ئەمە دەتوانێ هەوڵێک بێ بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و ڕێگە چارەیەک بۆ پێشگرتن لە کەوتنی یەکجاری نیزامەکەیان بەبێ گرینگیدان بە دەسکەوتە ئابوورییەکەی. نیزامێک کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی گشتی خەڵکی وڵات بووەتەوە و بە تەواوەتی متمانەی خەڵکی لەدەست داوە و بەدوور نابیندرێ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان کێشەی گەورەیان بۆ دروست بکا.