کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: جووڵانەوەی سیاسیی کورد و زەرفییەتە بەربڵاوەکەی ئێعتبارێکی تایبەتیان بە پرسی ڕەوای کورد بەخشیوە

15:33 - 17 خاکەلێوه 2721

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تازەترین وتووێژی خۆی‌دا کە "کورد کاناڵ" لەگەڵ بەڕێزیان کردوویەتی، تیشکی خستووەتە سەر پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ئێستای ئێران و کوردستان. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەو دیمانەیەدا کە لە بەشی فارسیی "کورد کاناڵ"دا بڵاو بوویەوە، سیاسەت و ڕوانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەهەمبەر ئەو مژار و بابەتانە باس کردووە. "کوردستان" هەوڵی داوە پوختەی ڕوانگە و بۆچوونەکانی کاک خالید عەزیزی کە لەم دیمانەیەدا قسەیان لەسەر دەکا، لەگەڵ خوێنەرانی هاوبەش بکا. ***   ڕیشەی کێشە و ئارێشەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران بەشی زۆری کێشەکانی ئێران ڕەگ و ڕیشەیان لە مێژووی ئەم وڵاتەدایە. لە شۆڕشی مەشرووتەوە بزووتنەوەی سیاسی لە ئێران بەدووی چێ‌کردن و سەقامگیریی دێموکراسییەوە بوو، بەڵام پاش ماوەیەک نیزامی سەرەڕۆ و ئیستبدادیی پاڵەوی باڵی بەسەر ئێراندا کێشا. ئەگەرچی لە سەردەمی "موسەدیق"دا کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران کرانەوەیەکی ڕێژەیی بە خۆیەوە بینی، بەڵام تەمەنی ئەو کرانەوەیە بەهۆی کودەتا و زاڵ‌بوونەوەی دێکتاتۆری کورت بوو. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوییش لەسەر بەستێنی ویست و داوا دێموکراتیکەکانی خەڵک کرا، بەڵام دیتمان کە ئەویش بەلاڕێدا برا و دیکتاتۆریی مەزهەبیی لێ کەوتەوە. بۆیە دەکرێ ئەم ئاکام‌گیری و پرسیارەش بکرێ کە لەبەرچی بزووتنەوە دێموکراسی‌خوازییەکان لە ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبوون؟ ئەمە خەسارناسیی وردی دەوێ و هاوکات دەبێ نەخشەڕێی تیپەڕین بۆ ئێرانی داهاتوو بێ. ئەو ئەرکەش بە ڕوونی دەکەوێتە سەرشانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی.    کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران‌دا کورد لە ئێران لە یەک سەدەی ڕابردوودا بەنیسبەت چارەنووسی خۆیان و وڵاتەوە کەمتەرخەم نەبوون و بەپێی قورسایی خۆیان تێکۆشاون شوێن‌پەنجەیان بە ڕووداوەکانەوە هەبێ. کورد لە جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە و لەکاتێک‌دا کۆماری خۆی پێک‌هێنابوو، سەرکۆمارەکەی هەموو هەوڵی ئەوە بوو لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە ئەزموونی دێموکراسیی ساوای کۆماری کوردستان و دەسەڵاتی قانوون لەگەڵ بەشەکانی دیکەی هاوبەش بکا؛ مخابن تاران گوێی لێ نەگرت. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی کوردەکان کە بەشدار و هاوبەشی شۆڕش بوون و بەو پێیە ویست و داخوازی سیاسی و نەتەوەیی و دێموکراتیکی خۆیان هەبوو، هەوڵیان دا لە ڕێگەی دانوستانەوە ئەم مافانە وەدی بێن. هەر ئەوکات لە کوردستان کەشێکی کراوەی دێموکراتیک هەبوو، حیزبە سیاسییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکتری لە ڕێگەی دامەزراوە دێموکراتیکەکانەوە ئیدارەی کوردستانیان دەکرد و ئەمجارەش دەکرا ئەزموونی دێموکراسیی کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران بگوازرێتەوە، بەڵام ئەمجارەش لەجیاتی بەنموونە وەرگرتن و لێ‌فێربوون، هێرشی سەربازیی کرایە سەر و جارێکی دیکەش سەرکوت، گرتن، ئێعدام و بەگژداچوونەوەی توند و خوێناویی ویستە دێموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان بوو بە سیاسەتی ڕەسمیی تاران. پرسی دێموکراسی‌خوازی و شوناس‌‌ویستیی کورد لە ئێستادا قۆناخێکی پتری بڕیوە. ئاستی تێگەیشتن و ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی کوردستان ئەوەندە لەسەرێیە کە لە ئاستی ئێراندا دەکرێ بە نموونەی بێنیەوە. بزووتنەوەی سیاسیی کورد زۆر باش توانیویەتی مێتۆدی خەباتی مەدەنی و جەماوەری لە کوردستان‌دا نەهادینە بکا و هەمیشە هاندەری ڕەگاژۆکردنی ئەو شێوە خەباتە بووە. چونکی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی کە پێی خۆشە هەموو شتێک بخاتە ڕەهەندی توندوتیژەوە. کۆماری ئیسلامی نایەوێ خەباتی مەدەنی و جەماوەری لە کۆمەڵگەدا بیچم بگرێ، چونکی لەئەگەری بەهێزبوونی ئەم خەباتەدا ئیدی توانای دابەزاندنی سیناریۆ ئەمنیەتییەکانی لەکەمی دەدا، بۆیەشە لە هەموو جێیەک کە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ڕەهەندی مەدەنی و جەماوەری بەخۆیەوە دەگرێ؛ بە ئانقەست و بە پلان و پیلانیش بووبێ هەوڵ دەدا بەرەو توندوتیژیی بەرێ. حیزبی دێموکرات لە چوار دەیەی ڕابردوودا پێشەنگی ئەو خەباتە و بەمێتۆدکردنی لە بزووتنەوەی کوردی ئێران‌دا بووە، هاوکات هەوڵی داوە بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەریی کوردستان هاوتەریب و شانبەشانی بزووتنەوە سیاسی و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بچێتە پێشێ و پێوەندییان لەگەڵ یەکتر هەبێ.   کۆماری ئیسلامی و چارەنووسی خەڵک ئەزموونی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەری دەخا کە ئەم ڕێژیمە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی نییە. کۆماری ئیسلامی بە ڕوانینی ئیدۆلۆژیک لە هەموو پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئێران دەڕوانێ و نایهەوێ هیچ کرانەوەیەک لە بەرژەوەندیی ویست و داوا مەدەنی و دێموکراتیکەکانی خەڵک ڕوو بدا. ئەم ڕێژیمە لەلایەک خۆی هۆکاری هەموو کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکە و، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدا لە ڕێگەی سەرکوت و هەروەها مودیرییەت‌کردنی قەیرانە نێوخۆییەکان خەڵک بە کێشەی ڕۆژانەی گرانی و کار و بازاڕەوە سەرقاڵ بکا بۆوەی نەپڕژێنە سەر پرسە سیاسییە گرینگ و هەستیارەکان. هاوکات کۆمەڵگەی جیهانییشی بە مەسەلەی "بەرجام"ەوە سەرقاڵ کردووە و هەموو ئەو گەمانەش بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی دەباتە پێشێ. لە ئێستادا کۆڕاییەکی گشتی لەهەمبەر ئێران هەیە کە بە هۆکاری نائەمنی و ناسەقامگیریی ناوچە و تەنانەت دنیاش دادەنرێ، بۆیە وڵاتانی زلهێز و خاوەن‌بڕیار لە چوارچێوەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دەیانەوێ سنوور و چوارچێوەیەک بۆ ئێران دابنێن کە "بەرجام" یەک لەوان بوو. ئێستاش کە باس لە ڕێککەوتنێکی دی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکرێ، بێگومان پێگەی سیاسی و هێزی ئێران کە لەچاو پێش بەرجام_١٣٩٦ لاوازترە و لێرەدایە کە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەرشانی ئۆپۆزیسیون. ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە نەیەڵین ڕێژیم پرسی بەرجام و پڕۆژە ئەتومییەکەی وەک کارتێک بۆ مانەوەی پتری خۆی بەکار بێنێ و لەو پێناوەدا خەباتی جەماوەری و ئازادیخوازیی نێوخۆی وڵات و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە بارمتە بگرێ. هەوڵی حیزبی دێموکرات ئەوەیە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و پێوەندییەکانمان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا بڵێین کە کێشەکانی ئێران تەنیا لە بەرجام و بەرنامە ئەتومییەکەیدا نەبینن. کێشەی بنەڕەتیی ئێران لە نێوخۆی وڵاتە و ئەگەر دەتوانێ بۆ هەمیشە لە کۆڵ کێشەخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکەی و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریزمی دەوڵەتی ببنەوە، دەبێ لێگەڕێن ئەم ڕێژیمە نەمێنێ، چۆن! کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕوا و دەڕووخێ؟ بێگومان بە پشتیوانی‌کردن لە خەباتی مەدەنی و جەماوەری و ئازادیخوازیی نێوخۆی وڵاتە کە دەکرێ خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانییش لەو ڕێژیمە دیکتاتۆڕ و دژەمرۆییە ڕزگاریان بێت. بەتایبەت لە ئێستادا کە ئەم ڕێژیمە هەم بەهۆی گوشاری سزا ئابوورییەکان و هەم لە ئاکامی سیاسەت و گۆڕانکارییەکان لە ناوچەدا پتر کەوتووەتە تەنگانەوە.   پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین‌دا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا لە سەدەی ڕابردوودا هەنگاوی باشی بەرەوپێش ناوە و لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان‌دا خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی. بۆ نموونە کوردەکان لە عێڕاق مێتۆدی خۆیان بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا بووە و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەرکام بە شێوەیەک جووڵاونەتەوە. بەڵام بەگشتی چارەسەری پرسی کورد لە هەرکام لەو وڵاتە پێوەندیی بە نیزامی سیاسی و گۆڕانکارییە یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتانە بووە. ئێستا پرسی کورد لە قۆناغی دوای داعش‌دا جۆرێکی دیکەیە. کوردەکان لە سووریە فاکتەرێکن لە دروست‌کردنەوەی ئەم وڵاتەدا و ئیدی ناکرێ پشتگوێ بخرێن و وەک جاران سەرکوت بکرێن. لە عێڕاق کوردەکانی باشوور بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا خاوەن کۆمەڵێک مافی سیاسی، هەوێتی و مەدەنین و لە تورکیەش پرسی کورد گرینگیی خۆی هەیە. لە ئێرانیش پتر لە چوار دەیە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە سڕینەوە و حاشاکردن لە پرسی کورد و سەرکوتی جووڵانەوەی ڕزگاری‌خوازی ئاکامی پێچەوانەی بۆ ڕێژیم بووە. ڕێژیم بە سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان، بە تێرۆری ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد، بە تەقاندنەوەی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بە بۆمب و مووشەک و، لە ڕێگەی پیلانی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و، بە کەلک‌وەرگرتن لە هەموو ئیمکاناتێکی دەوڵەتی و حکوومەتی هەوڵی داوە شتێک بە ناوی پرسی کورد و ماف‌خوازیی کورد نەهێڵێ. کەچی ئەوەی بەردەوام گەشەی کردووە و بەرەوپێش چووە، شعووری نەتەوەیی کورد و ئاستی بەشدارییان لە خەباتی ماف‌خوازی و شوناس‌ویستییان‌دا بووە. ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش نەیویستووە بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی دی لە ئێران‌دا تێ‌بکۆشێ، بەڵام چ ئێستا و چ لە داهاتوودا پرسی کورد ئی ئەوە نییە پشتگوێ بخرێ و نەبیندرێ. بزووتنەوەی کورد و زەرفییەتە هەراوەکانی ئەم جووڵانەوەیە لە نێوخۆی وڵات و بەرجەستەبوونی پرسی کورد لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ئێعتبارێکی دیکەی بەو بزووتنەوە ڕەوایە داوە. هەروەها ئەو پەیامەشی تێدا دەخوێندرێتەوە کە هەتا پرسی کورد و بە لە تەواوەتیی خۆیدا پرسی نەتەوەکان لە ئێران چارەسەر نەکرێ و ئێران لە ڕێگەی تێپەڕینی دێموکراتیکەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو نەنێ، ئەم وڵاتە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ.   سیاسەت و وێژمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیسبەت داهاتووی ئێران ڕوانین و نەخشەڕێگای ئێمە (حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی کورد) بۆ ئێرانی داهاتوو تەواو ڕوونە. ئێمە پێمان‌وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، نیزامێکی سیاسیی وەک فیدرالیزم یان هەرچەشنە مێتۆدی لامەرکەزی کە دەستەبەری هاوبەشیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بکا دەتوانێ، دەتوانێ یارمەتی بە مانەوەی ئێران وەک وڵاتێک لە چەشنی ئێستادا بکا. هەر لەو سۆنگەیەشە کە دەڵێین پرسی کورد بۆ داهاتووی ئێران پێویستە وەک دەرفەت ببیندرێ نەک ترس و هەڕەشە. ئێمە لە ئێستادا پێمان‌وایە فیدرالیزم باشترین چارەسەرە، بەڵام بێگومان گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوەی مامەڵە و وەڵامدانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی داهاتووی ئێران لەسەر چەندی‌وچۆنیی سیاسەتی ئێمە شوێنیان دەبێ. ئێمە لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبەکەمان‌دا وەک بژێرەیەکی بەردەم کورد باسمان لە ڕێفڕاندۆم کرد. چونکی کاتێک کۆماری ئیسلامی حاشا لە بوونی پرسی کورد دەکا و بەدووی هیچ چارەسەرێکەوە نییە، کاتێک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ئێستاش بە ڕوانگەی ئەمنیەتی و شویستییەوە لە پرسی نەتەوەکان لە ئێران دەڕوانن، کاتێک ئێمە دەڵێین چارەسەری پرسی کورد وتووێژ و دانوستانە بەڵام تێرۆر دەکرێین، کاتێک کار لەسەر خەباتی مەدەنی و دێموکراتیک دەکەین بەڵام مووشەکمان تێ‌دەگیرێ، دەی سروشتییە کە کورد بیر لە بژاردەی دیکەش بکاتەوە. بەڵام ئێمە هەتا ئێستاش تێرۆرمان بە تێرۆر وەڵام نەداوەتەوە و هەر لەسەر دروست‌کردن و ئیدارەدانی هاوبەشی ئێران پێمان داگرتووە. مەسەلە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە وێنایەکی دی لە جووڵانەوەی کورد دەکا و ئێستا ئیدی ئەوە ئەرکی حیزب و لایەنە سیاسییە غەیرە کوردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە کە نەک هەر نەکەونە داوی پروپاگەندەی ڕێژیم، بەڵکوو لە هەمبەر سیاسەتی دژەکوردیی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان هەبێت.