کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی لەدایک بوونی پێشەوا بکەین بە ڕۆژی هاوپێوەندیی نەتەوەیی

02:22 - 3 بانەمەڕ 2721

یازدەی بانەمەری ساڵی ١٢٧٩ی هەتاوی (١٩٠٠م)، واتا ١٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە بنەماڵەی قازی عەلی لە شاری سابلاغ (مەهاباد)کوڕێک لەدایک دەبێ و بە محەممەد ناودێر دەکرێ. محەممەد لە باوەشی بنەماڵەیەکی خوێندەوار و دەست‌ڕۆیشتوو، و پێگەیشتووی ئەو سەردەم‌دا گەورە دەبێ و گەشە دەکا و فێری بە خوێندن و خوێندنەوە دەبێ. لەتەمەنی لاوەتی‌دا تێکەڵ بە کاروباری دادوەری و قەزاوەت دەبێ و لەو ڕێگایەوە زیاتر ئاشنا بە دەرد و بەشمەینەتیی گەلەکەی دەبێ و دەبینین دواتر بیروهزری دەبێ بە ئیلهام و سەرچاوەی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد و لە ڕەوتی کار و تێکۆشانی نەتەوەیی‌دا بەحەق نازناوی پێشەوای گەلی پێ دەدرێ . پێشەوا لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لای باوکی کە قازیی شاری سابلاغ بوو، وەبەر خوێندن دەنرێ و بەپێی هەلومەرجی ئەوکات بۆ درێژەدانی خوێندن دەچێتە خانەقای شێخی بورهان و لە حوجرەی فەقێیان دەمێنێتەوە و لەو سەردەمە دایە ژیری و بلیمەتیی پێشەوا بۆ دەوروبەرەکەی دەر دەکەوێ. تەنانەت لەگەڵ ئەوەدا کە تەمەنی لەو خوێندکارە دینییانەی لەگەڵیان دەخوێند کەمتر بوو، بەڵام لە بەر تواناکانی وەک سەرپەرستی خۆیان هەڵیان‌بژاردووە. پێشەوا هەم بە هۆی ژینگەی بنەماڵەیی و هەم ئەو ڕووداوانەی لە دەوروبەری ڕوویان دابوو، بەتایبەتی دوای مەرگی باوکی کە ئەرکی دادوەری لە مەحکەمەی شاری کەوتبووە سەر شان، ببوو بە مرۆڤێکی لە کڵ دەرهاتوو، واتا کەسایەتیی پێشەوا بە چەشنێک پوختە ببوو کە کردار و گوفتاری کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە دادەنا. ئەو کەسایەتییە ئەوکاتە بە باشی خۆی دەردەخا کە ڕێبەریی کۆمەڵەی ژێکاف داوای لێ دەکەن بێتە نێو ئەو ڕێکخراوەیە، نەک تەنیا وەک ئەندام بەڵکوو وەک پێویستیی ڕێکخراوەیی. چونکە ڕێبەریی ژێکاف بەپێی هەلومەرجی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردستان هەستیان بەوە کردبوو کە بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەوری ژێکاف کۆ ببنەوە، پێویستیان بەوە بوو کە کەسایەتییەکی وەک پێشەوا ڕێبەریی ئەو ڕیکخراوە وەئەستۆ بگرێ. پێشەوا بە هۆی خوێندنەوەی مێژووی جووڵانەوەکانی کورد و گەلانی دیکە و ڕووداوەکانی دوای شەری یەکەمی جیهانی و کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد بە تەواوی هەستی بەوە کردبوو کە گەلی کورد کاتێک ڕزگار دەبێ کە دەروازەکانی زانستی سەردەمی بە ڕوودا بکرێتەوە و بۆ ئەو کارەش پێویست بوو ڕادەی خوێندەواری و تێگەیشتوویی لە کۆمەڵگەدا گەشە بکا. بۆیە هەم لەسەردەمی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەم لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا لە فکری دامەزراندن و کردنەوەی قوتابخانەدا بووە بۆ ئەوە منداڵان و تەنانەت گەورەساڵانیش تێیدا بخوێنن و بە چرای زانست پەروەردە بن و ڕێگای بەختەوەریی خۆیان و ژیان بدۆزنەوە. تەنانەت لەو بابەتەدا مەهاباد و ناوچەی موکریان بە هۆی بڕیارێکی گرینگی پێشەوا هەنگاوێک لە پێش ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە بوون، کە ئەویش ئیجباری‌کردنی خوێندنی کچ وکوڕ کە تەمەنیان گەیشتۆتە قۆناخی خوێندن و، تەنانەت ڕادەگەیەندرێ کە دایک و باوکی سەرپێچی‌کار لەو بڕیارە بەرەوڕووی سزا دەبنەوە. مەرج و بنەمایەکی دیکە لە پێویستییەکانی سەرکەوتن کە پێشەوا هەستی پێ کردبوو ئەوە بوو کە گەل دەبێ یەکگرتوو بێ، بە واتایەکی دی کلیلی سەرکەوتنی لە یەکگرتوویی نەتەوەیی دا بەدی دەکرد و بۆ ئەو مەبەستەش بە هەموو تواناکانی خۆیەوە کاری بۆ دەکرد. ئەو بابەتە لە وتاری پێشەوا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندان)دا ئاوا ڕەنگی داوەتەوە: "... لە پێش هەموو شتێک‌دا ئیختیلاف و دووبەرەکیی عەشایەری کە بە دەسیسە و حیلەبازیی ئیستعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستیثمار و خواردن و کرووساندنەوەی ئەو میللەتە بە قەولی خۆیان (تفرقە بینداز و حکومت کن) دەبەینی خستبوون و تا ئەندازەیەک ئەو ئاورە بڵێسەی سەندبوو، برای دایک و بابی لە یەک بەزاندبوو؛ لە گۆڕێ هەڵگیرا، نێوی عەشیرەت و تەوایف و هەرچی ئەسبابی ئەو نیفاق و پەرش‌وبڵاوییە بوو فڕێ درا و عموومەن لەژێر عینوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان تێکرا بەرەو ئامانجی ئازادی کەوتنە ڕێ." پێشەوا لەگەڵ ئەوەدا ناسیۆنالیست بوو و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ئەوە بوو کە نەتەوەی کورد چارەنووسی بە دەستی خۆیەوە بێت، بەڵام ناسیۆنالیستێکی بەرچاوتەنگ نەبوو، بەڵکوو باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی گەڵان هەبوو، و ئەوە لە قسە و نووسینی هەموو ئەو کەسانەدا دەردەکەوێ کە ئەوکات لە نزیکەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان و شێوەی هەڵسوکەوتی مەئموورەکانی کۆمار و شەخسی پێشەوایان بینیوە. پێشەوا کەسێکی ئاشتیخواز بوو. لە ماوەی حوکمرانیی کۆماری کوردستان وەک سەرکۆمار و کەسی یەکەم و بڕیاربەدەست، هەموو کات لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ناکۆکییەکان لەگەڵ فیرقەی میللیی ئازەربایجان و تەنانەت حکوومەتی تاران لە ڕێگای ئاشتییانە و لەسەر مێزی وتووێژ و دانوستان چارەسەر بکا. پێشەوا ڕێبەرێکی کرداری و نوێخواز و نەریت‌شکێن بووە، و هەموو کات هەوڵی دەدا لە خۆی و بنەماڵەکەیەوە دەست پێ بکا؛ بە تایبەتی ئەو کردارانەی پێوەندییان بە شکاندنی کۆمەڵێک سوننەتی کۆمەڵگەوە هەبووە. پێشەوا خۆی دەست‌پێشخەریی دەکرد بۆ ئەوە خەڵکی دیکەش بە دوایدا بین و ئەو شێوە ڕەفتارە جۆرێک لە متمانەی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمی بە پێشەوا دروست کردبوو. لە هەمان کات‌دا پێشەوا باوەڕی تەواوی بە دێموکراسی هەبووە و لە قسە و وتارەکانی‌دا بە ڕوونی ئیشارە بە باوەڕمەند بوونی بە دێموکراسی دەکا و ئەوە خۆی شتێکی دەگمەنە. بۆ؟ چونکە ٧٥ ساڵ لەوە پێش پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان پێکهاتەیەکی بە تەواوی عەشیرەیی و سوننەتی بوون دەسەڵاتدارەتیی لە دەوڵەت و حکوومەت‌دا پاشایەتی بووە بە واتایەکی دیکە چەمکی دێموکراسی بە گشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەک جێ نەکەوتبوو بەڵکوو شتێکی نامۆ بوو. بەڵام ئەمە بۆ پێشەوا نامۆ نەبوو، چونکی باش تێگەیشتبوو کە لە هەر وڵاتێکدا بەبێ بوونی حکومەتێکی دێموکراتیک کۆمەڵگە ناتوانی بە ئازادی و سەربەستی بگا و ئەوە لە وتارەکەی ڕۆژی ئیعلانی کۆماری کوردستان‌دا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێ: "... دیارە مەوفەقییەتی ئێمە سەراسەر لە عەینی مەرامی دێموکراسی و لە نەتیجەی فەعالییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پشتیوانیی عالەمی دێموکراتە.... ئەوڕۆ لە نمایندەگانی تەواوی نەواحی ونوقاتی کوردستان بێ‌ڕیعایەتی تەبەقات ئەعەم لە ئاغا و ڕەعیەت و گەورە و بچووک کۆ بوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی دەکەن و بە ڕێی دێموکرات‌دا دەرۆن و ئەوە قودرەت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا." پێشەوا کەسایەتییەک بوو کە وەفادار بە بەڵێن و پەیمانەکانی بوو. ڕۆژی ئیعلانی کۆمار لە مەیدانی چوارچرا بەڵێنی دا بە خەڵکی کوردستان و سوێندی خوارد کە هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ئامانجەکانی گەلی کورد وەفادار بێ و بەپێی بەڵگەکان و قسەی دۆست و دوژمن کاتێک لە زیندانی شادا لەگەڵ برا و ئامۆزاکەی (سەیفی قازی و سەدری قازی) دەستبەسەر بوو و لە دادگای نیزامی‌دا دادگای دەکرا، ئەو پەیمان و بەڵێن و سوێندەی هەر لەبیر بوو و پێی وەفادار مایەوە. ئەو بۆ یەک چرکەش لە دیفاع‌کردن لە ماف و ئامانجەکانی گەلی کورددا تووشی دوودڵی و دڵەڕاوکێ نەبوو و لەو ڕێیەدا مەرگی سەربەرزانەی هەڵبژارد و گیانی بەخشی بە ئامانجەکانی گەلی کورد لە حاڵێک‌دا ئەگەر بیویستبا زۆر ڕێگا هەبوو بۆ ئەوە بتوانێ گیانی خۆی و تەنانەت برا و ئامۆزاکەی لە مردن ڕزگار بکا. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستانیش دوای هەرس‌هێنانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدرانی پێشەوا و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بیر و ڕێبازی پێشەوا و حیزبی دێموکراتیان بەر نەداوە و لەو ڕێگایەدا بێ‌وەچان خەباتیان کردووە و شەهیدیان داوە و تووشی کارەساتی ماڵوێرانکەر بوون. بەڵام نەترساون و ئازایانە ئەو ڕێگایەیان درێژە پێ داوە. بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە پێشەوا لەو سەردەم‌دا نوێنگەی ئیرادەی بەرزی نەتەوەیەکی بەشمەینەت بوو، بۆیە ئیستاش لە مێژووی نەتەوەی کورددا لە ڕیزی هەرە پێشەوە و بە خۆشەویستترین ڕێبەر و سەرکردەی نەتەوەیی دادەنرێ. لە کۆتایی‌دا پیرۆز بێ ١٢٠ساڵەی لەدایک بوونی پێشەوا و بەو هیوایە کە ئامانج و ئاواتەکانی پێشەوا بێنە دی و ڕۆژی لەدایک بوونی بکرێ بە ڕۆژی هاوپێوەندیی نەتەوەیی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان، چونکە پێشەوا بۆ کورد ژیا و بۆ کورد گیانی بەخت کرد.