کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانوستانی وڵاتان لەگەڵ ئێران و ئەرکی ئێمە

02:25 - 3 بانەمەڕ 2721

بینیمان کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا لە بارودۆخە هەرە قەیراناوییەکەی ئێران و لە ساتەوەختە هەرە ناسک و ئاڵۆزەکە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە بەرژەوەندیی دێموکراتەکان شکایەوە. بایدێن وەک لیدەرێکی دێموکراتەکانی ئەمریکا کە نیو سەدەیە لەنێو کایەی سیاسەتی ئەم وڵاتەدا و لە پۆستی جۆراوجۆری حیزبی و حکوومەتی‌دا سیاسەت دەکا، خاوەن هەوێتی و مانیفێستێکی تایبەت بە خۆیتەی. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی حیزبی دێموکراتەکان لە ئەمریکا، وەک ئەسڵێکی ئەساسی لە پاڕادایمێکی زاڵ‌دا بایەخدان بە مافی مرۆڤ، پاراستنی ئازادی، بایەخدان بە کاری مەدەنی، ئاشتی و هەوڵی گەشەی وڵاتانی لە حاڵی گەشە لە سیاسەتی دەرەوەیان‌دا بە درێژایی مێژوو هەم بۆتە وێژمانی ئەم حیزبە و هەمیش کارکردی نێودەڵەتییان؛ کە بەپێی ئەندێشەی "هێمۆلتۆنیسم" ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەیان دادەڕێژن. پڕیزێدێنت بایدێن وەک جێبەجێکاری ئەم ستراتیژە لە ماوەی سەرۆکایەتیی‌دا و هەم وەک کەسێتیی خۆی ئەم بایەخانە لە هزری‌دا نهادینە بوون و بوونەتە خوو و ڕەوشت و کاریان پێ‌ دەکا. جۆ بایدێن لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن‌دا یەکێک لەو بەڵێنانەی بە لایەنگرانی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوایی خۆی دابووی، گەڕانەوە بۆ "بەرجام" و رێککەوتنی پێشوو لەنێو ئێران و وڵاتانی ١+٥ بوو، بەڵام بە شێوەیەکی پڕگیرتر، کە بەدەر لە پڕۆگرامی ئەتومیی ئێران، دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژ و دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لەخۆ بگرێ. لە سەر ئەم ئەساسە دەبینین کە لە مانگی ئاداردا، بایدێن ستراتیژی کاتیی کابینەکەی ڕوو بە دنیا ڕاگەیاند کە بە ڕوونی پێداگریی لەسەر دوو خاڵ دەکرد: یەکەمیان پابەندبوون بە بەهاکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و؛ دووهەمیان بەگژداچوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکان کە چەکی ناوکی و تێرۆریزم دروستی دەکەن؛ کە هەردووک بابەتی گرینگ لە سیستمی نێودەوڵەتین. بایدێن لە دوکترینی خۆیدا گەڕانەوە بۆ بەرجام بۆ سەرکەوتن و سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە وڵاتان و پێشگرتن لە مەترسیی تێرۆر و چەکی ناوکی دەناسێنێ و، وەک ئاڵتێرناتیڤێک گەڕانەوە و پێوەندی‌گرتن بە جیهان لەسەر ئەساسی "دیپلۆماسیی کارا" و بە تایبەت نەتەوە، دەوڵەت و ڕێکخراوە دێموکراتییەکان دەکا بە پشتیوانیی ستراتیژییەکەی بۆ ئەم قۆناغە لە بەجێگەیاندنی بەرپرسیارەتییەکەی. لەم نێوەدا کورد وەک گەلێکی ماف‌خوراو، بەڵام ماف‌خواز و بڕوامەند بە دێموکراسی لە ئاست پێگە و توانای خۆی دەتوانێ شوێندانەریی پۆزەتیفی بۆ کارکردی ئەمریکا لە ڕەهەندی بە دێموکراسی‌کردنی وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستان و پێش‌گرتن لە هزر و دامەزراوەی توندئاژۆیانە لە ناوچەدا هەبێت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە زیاتر لە چوار دەیەیە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆی بە سەرکوت و زەبر و زەنگ بە سەر گەلانی ئێران‌دا سەپاندووە، کایەی خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکادا کردووە و لەگەڵ ئیدارەی کۆشکی سپی چ کۆماری یا دێموکرات بەڕێوەی ببەن مامەڵەی جیاواز و تایبەت بە خۆی بووە. لەهەر حاڵدا سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا ئەوە بووە کە یارمەتی بە دێموکراسیی نێوخۆیی لە ئێران‌دا بکا و لە ڕێگەی گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامی یارمەتیدەری تێپەڕینی ئێران بەرەو دێموکراسی و سەقامگیریی ئاشتی و ئارامی لە ناوچە و ڕەگەڵ‌خستنی ئێران لەگەڵ گڵۆبالیزمی نوێ بێت. بەڵام لەوبەر ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو باوەڕەدان کە مانەوەی ڕێژیم و دەسەڵاتەکەیان تەنیا بەندە بە دروست‌کردنی دوژمنی وەهمی، نانەوەی ئاژاوە و شەڕ و ناکۆکیی نێوخۆیی لە وڵاتانی ناوچە، پشتیوانیی تیرۆریزم لە ئاستی جیهانی و لە بواری نێوخۆییش‌دا کپ و بێدەنگ‌کردنی دەنگی ئازادیخوازی، برەودان بە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوە نافارسەکان و میلیتاریزەکردنی سیاسەت و ئیدارەی وڵات. بۆیە ڕوونە لە ئەگەری سازان و ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر پرسی ئەتومی و مووشەکییەکەی کە بایەخی ئەساسیان بۆ بایدێن و تیمەکەی هەیە، بەڵام دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران هەروا بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. پاش چوار دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەمەش بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەموو کاتێک کە گوشاری دەرەکیی زۆری لەسەر بووە، پاشەکشەی کردووە و "نەرمیی قارەمانانە"ی نواندووە، بەڵام لە نێوخۆی وڵات‌دا و لە هەمبەر ویست و داخوازی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئامادەی یەک هەنگاو پاشەکشە نییە و کۆشتارەکەی خەزەڵوەری پار و بەفرانباری دوو ساڵ پێش بەڵگەن بۆ ئەو ڕاستییە. لەو بارودۆخەدا کە دێموکراتەکان ئیدارەی کۆشکی سپی دەکەن و لە سیاسەتی دەرەوەیان‌دا باس لە کارکردن لەپێناو پاراستی مافی مرۆڤ، دابین‌کردنی ئازادی و بەدیهێنانی دێموکراسی دەکەن، پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی سێکۆلار و دێموکراتی ئێران و بە تایبەت کورد کە باوەڕی قووڵیان بەم پرەنسیپانە هەیە و زیان و خەسارێکی زۆریان لەدەست کۆماری ئیسلامی چاشتووە؛ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی "هاوبەندی" پێک بێنن. هاوکات لەگەڵ دروست‌کردنی ئەم هاوپێوەندییە لە دەرەوە، لە نێوخۆش پێکەوە بە شێوەیەکی مەدەنیانە و یەکگرتووانە بە وەڕێ‌خستنی ناڕەزایەتیی گشتی و موودیرییەتی ئەم ناڕەزایەتییانە سەرنج و بە پشتیوانیی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئازادیخواز بۆ خەباتی ڕەوا و ماف‌خوازانەیان دژی کۆماری ئیسلامی ڕابکێشن. لە لایەکی‌تر پاش چوونەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی گوشار و گەمارۆی هەرە زۆر بە سەر سێکتەرەکانی ئابووری، نیزامی و دیپلۆماسیی ڕێژیمی تاران، کۆماری ئیسلامییش وەک دەوڵەتێکی ڕانیتێری کە سەدا ٩٠ی داهاتی لە نەوت وەدەست دەکەوێ و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارەتیی بەستراوە بە نەوتە، تووشی ڕاوەستاویی ئیدارەدانی وڵات هاتووە و ڕۆژ نییە لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر دروشمی نەمان و ڕووخانی ڕژیم بەرز نەبێتەوە. هۆمێد بە باشتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتیش دوور لە چاوەڕوانییە، چونکی باڵانسی هێز و بارودۆخ لە کۆشکی سپی، کۆنگرە و سەنای ئەمریکا بەمجۆرەش نییە کە دەوڵەتی بایدێن بیەوێ و بتوانێ بەشێکی زۆر لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی سووک بکا؛ چونکی بایدێن ڕا و بۆچوونی دژبەرانی سیاسەتی خۆی لە نێوخۆی ئەمریکادا بەلاوە گرینگە. ڕێککەوتنە ستراتیژیکەکەی نێوان ئێران و چین و هەروەها ڕێژیمی حقووقیی دەریای خەزەر و پێداگری و گوشاری ڕووسیە لەسەر ئێران بۆ بەڕەسمی ناسینی ئەوە دەسەلمێنێ کە لە ئەساس‌دا ئێستا دوو وڵاتی ڕووسیە و چین بەهۆی کۆنتڕۆڵ‌کردنی جومگە هەستیارەکانی وڵاتی ئێران لە ڕووی ئابووری، سیاسی، نیزامی و تێکنۆڵۆژییەوە جارێکی تر مێژووی دەسەڵاتدارەتیی ئێرانیان بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە. واتە ئەمجارەیان لەبری پاشاکان، ئەوە مەلاکانن لە سۆنگەی نابەرپرسیارێتی، نەشیاوی، گەندەڵی و ... وڵاتیان هەڕاج کردووە. لەو بارودۆخەدا خەڵک کە ئامادەن تێچووی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بدەن، ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕانخواز و دێموکرات نابێ هەل و دەرفەت لەدەست بدەن. یەکیەتیی بەکردەوەی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ڕێبەریی جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵاتدا بگرێتە دەست. کۆمەڵگەی ئێستای ئێران ئاوس بە ڕووداو و پێشهاتە چارەنووس‌سازەکانە و کات کاتی شکاندنی هەیمەنەی ڕێژیم و دەزگای سەرکوت و زەبروزەنگەیەکەتی.