کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامرازی سەرکوت لەپێناو مانەوەی زیاتردا

02:33 - 3 بانەمەڕ 2721

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، بەمەبەستی نەهێشتنی جیابیران و بیروبۆچوونی جیاواز و سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی "شیعەی دوازدە ئیمامی" سەرکوتی کردە ئامرازی سەرەکی بۆ خوڵقاندنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ و هەروەها کەپ‌کردنی هەر دەنگێکی ناڕازی کە پرسیار بخاتە سەر سیستەمەکەی. نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی دەوڵەتانی تۆتالیتێر و پاوانخوازی سەدەی بیستەمە کە بە کەلک‌وەرگرتن لە دەزگای سەرکوت جینایەت و کارەساتی بێ‌وێنەیان خوڵقاندووە. وەکوو ڕێکخراوی "ئێس، ئێس" سەر بە ئاڵمانی سەردەمی نازی، ڕێکخراوەی "چێکا" سەر بە یەکیەتیی سۆڤیەت پێشوو یان "خێمرە سوورەکان"ی سەردەمی پۆل پۆت لە کامبووج و... کە بە کوشتنی میلیۆنان کەس مێژوویەکی دڵتەزێنیان تۆمار کرد. کۆماری ئیسلامییش بە هەمان شێوە لە ماوەی ئەو چل و سێ ساڵەدا، لە هیچ جینایەت، ئەشکنجە و کوشتارێک درێغی نەکردووە. دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کۆڵەکەی سەپاندنی دەسەڵاتی ڕێژیم بووە. ئەم ڕەوتە بە سەرکوت و قەدەغەکردنی چالاکی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە دەستی پێکرد کە لە سەرەتاوە بە ناسینی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون مل بۆ دەسەڵاتەکەی ڕاکێشن، یان ئەو هێز و لایەنانەی ئەگەرچی لە سەرەتای شۆڕشدا لەگەڵ ڕێژیم بوون، بەڵام پاش ئەوەی ناوکی سەرەکی ڕێژیم هەموو دەسەڵاتەکانی بە تەواوی جێگر کرد، هەموویانی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران وەدەرنا و، بە پشتبەستن بە سیاسەتی ئێعدام، ئەشکنجە، زیندانی‌ و بێ سەروشوێن کردن لەگەڵیان ئامبازی نەیاران و ڕەخنەگرانی بۆوە. ئێستاش پاش چوار دەیە کەشی داخراوی سیاسی و میلیتاریستی لە خزمەت بەردەوامیی ئەم سیاسەتەیە. سەرکوت‌کردنی هەر دەنگێکی ناڕازیی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لەگەڵ ئەودا هاوڕا نین، ڕوویەکی دیکە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامییە. هەروەک چۆن لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ دا، بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد بەدژی خەڵکی کوردستان‌ دەستی کرد بە جیناییەتێک کە هەتا ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر هەر درێژەی هەیە. ئەم سەرکوتە نەتەوەکانی دیکەی وەک بەلووچ و عەڕەبیش دەگرێتەوە. تێرۆری ڕێبەرانی سیاسی، ئیلیت و بژاردە سیاسی و فەرهەنگییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات بەشێکی دیکە لە ڕوزوومەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامین. سەرکوت‌کردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، ڕوویەکی دیکەی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمە کە لەوەشدا ئەوەندەی بۆی کراوە خوێنی ڕشتووە و لاوی لە بەند خستووە کە سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکانی "کوی دانشگاە" لە ساڵی ١٣٧٨، ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨، ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ چەند نموونەیەکی ئەم ڕەوتەن. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ساڵانە ئەو ڕێژیمە لە لایەن ڕێکخراوە و دەوڵەتانی داکۆکیکەری مافی مرۆڤ بەهۆی پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤەوە مەحکووم دەکرێ، بەڵام ڕێژیم بێ ئەوەی گوێی بەو مەحکوم‌کردن و گوشارانە ببزوێ -وەک چۆن هەر ئەم حەوتوویە 8 کاربەدەست و سێ دەزگای بەڕێوەبەریی ئەم ڕێژیمە لە سۆنگەی سەرکوتی خەڵک لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ەوە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دران- لە سیاسەتی سەرکوت، ئەشکەنجە، زیندانی کردن و... بەردەوام بووە. هۆکارێکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم رێژیمە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا و هێژمۆنیی ئیدئۆلۆژیکیی خۆی تەنیا تەک ڕەهەندی‌کردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی سەرکوت، کۆمەڵکوژی، نەهێشتن و لادانی جیابیران و دەنگە ناڕازییەکاندا دەبینێ و، هەتا باری گرانتر بێ و پتر خۆی لە تەنگانەدا ببینێ، ئەوەندە پتر بە لای سەرکوتدا دەشکێتەوە. سیاسەتی سەرکوت لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییدا وەک زۆربەی پڕۆژە حکوومەتییەکان دابەشکاریی بۆ کراوە. بەشی زانیاری (ئیتلاعاتی) لەو بازنەیەدا دەوری سەرەکی لە دەست‌نیشان کردن و ناساندنی خەڵکی ناڕازی و دژبەرانی ڕێژیمی هەیە کە زۆر جار بەر لەوەی خۆپیشاندانێک بکرێ یان کردەوەیەکی ناڕەزایەتی و دژبەرانە ڕوو بدا، چالاکان و هەڵسووراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگە دەگرێ و دەسبەسەریان دەکا. بەپێی چاڕتی سازمانیی ڕێژیم پتر لە ١٦ ناوەندی زانیاری (ئیتلاعاتی) لە ئێران بە جیاوازیی کار و قورساییان خەریکی جێبەجێ‌کردنی سیاسەتەکانی سەرکوتن کە وەزارەتی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئیتلاعاتی هێزە ئینتیزامییەکان و ئیتلاعاتی دەزگای قەزایی دیارترینیانن. بەشی عەمەلیاتیی سەرکوت کە هەم هێزە ئینتیزامییەکان، گاڕدی دژی شۆڕش، بەسیج، سپا، ئەڕتەش و بەشە نیزامییەکانی دیکەی ئۆرگانیزمی ڕێژیم دەگرنەوە، سەرچاوەت ماڵی و ئیمکاناتێکی یەکجار زۆریان بەدەستە. دەزگای داد کە بڕیار لەسەر پەروەندە سیاسییەکان -کە لە ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا دروست دەکرێن- دەدا، لە تەنیشت بەشی میدیا و دەزگای پڕوپاگندەی ڕێژیم بە بودجەی دیار و نادیاری بێ‌حسێبەوە دوو قۆڵی دیکەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامین.