کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاکە ڕێگا ئەوەیە: پشتی خەڵکی ڕاپەڕیو بگرن

02:43 - 3 بانەمەڕ 2721

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێدا بەدوای قۆستنەوەی دوو دەرفەت‌دا دەگەڕێ. یەکەم ئەوە کە لە دەرەوە و لە پرسی وتووێژە نوێیە ئەتومییەکان‌دا بە هەڵگیرانی سزا ئابوورییەکان هەناسەیەکی بێتەوە بەر؛ دووهەم ئەوە کە لە نێوخۆی وڵات سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری جۆرێک مهەندیسی بکا کە خەڵکێکی بەرچاو تێیدا بەشدار بن؛ هەتا لە ڕێگەی وێنە و دیمەنەکانی بەشداریی خەڵکەوە ئیدیعای ڕەواییەتی خەڵکی بکا. شەش ساڵ لەوە پێش و لە بەرجام‌دا ئەم دەرفەتەی ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوویدا ویڵە بە ڕێژیم درا: سزا ئابوورییەکانی لەسەر هەڵگیران، بە سەدان میلیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی بۆ ئازاد کرا، کۆسپەکانی بەردەم وەبەرهێنانی بیانی لە نێوخۆی وڵات‌دا هەڵگیرا، ڕێگە بۆ فازێکی نوێ لە پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی خۆش کرا و بەگشتی کۆمەڵگەی جیهانی دەروەستییەکانی خۆی لەبەرامبەر ئێراندا بەدی هێنا. بەڵام ئێران لەبری ئەوە چیی کرد؟ لە یەک ڕستەدا: ئەوەی دەبوا بیکا نەیکرد و ئەوەی نەدەبوا بیکا کردی. دەبوا دەستی لە دوژمنایەتیی ئەمریکا و ئیسڕائیل هەڵگرتبا کە هەڵی نەگرت. دەبوا بەرنامەی ئەتومی و هەوڵدان بۆ دەست‌ڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژی نابایە ئەولا، بەڵام وەلای نەنان. دەبوا وازی لە نانەوەی ئاژاوە و بشێوی و قەیرانخوڵقێنی لە وڵاتانی دراوسێی دوور و نیزیکی‌دا هێنابا کە نەی‌هێنا. دەبوا بە ئیمزاکردنی دوو کۆنڤانسیۆنەکەی پێوەندیدار بە سپی‌کردنەوەی دراو و بەگژداچوونەوەی تاوانە ڕێک‌خراوەکان (FATF)، متمانەی کۆمەڵگەی جیهانی و هاوبەشە سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابا، کەچی ئەوەشی نەکرد. دەبوا دراو و دۆلارە دەست‌کەوتووەکانی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک خەرج کردبا، لەوەش خۆی بوارد. بەڵام پێچەوانە: بە پشتبەستن بە سەرچاوە داراییەکانی وڵات، کۆک و پۆشتەکردنی میلیشیاکانی بۆ شەڕی نیابەتیی پەرە پێدا. لە پیشەسازیی مووشەکیی ڕێگەپێنەدراوی خۆی بەردەوام بوو و ئەو مووشەکە پێشکەوتووانەی پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنێکی نێونەتەوەیی لە وڵاتێکی دیکەدا و لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتی تاقی کردەوە. کردەوە تێرۆریستییەکانی لە خاکی ئورووپادا دەست پێ‌کردەوە و ئاستی تاوان و جینایەتی گەیاندە ئەو جێیەی سیلە لە فڕۆکەی مەدەنی بگرێ و بە ڕۆژی ڕوون حاشاشی لێ بکا؛ هەتا ئەوەی بە بەڵگە قامک لە چاوی ڕۆ کرا و ناچار بوو بڵێ گرووپێکی سەرەڕۆ ئەم کەتنەی کردووە. کاتێکیش لە نێوخۆی وڵات خەڵک بۆ داواکردنی مافەکانیان و ناڕەزایەتی بە دۆخی هەبوو کە هەمووی دەرەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم بوو، بەربووە گیانی ئەو خەڵکە. گرتووخانەکانی لە ئازادیخوازان ئاخنی. بە ئێعدامی چالاکان و سەپاندنی سزای زیندانی درێژخایەن بەرەوڕووی خەڵک بووەوە. کوشتارەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دوو نموونەی ئەو خوێنڕشتن و جینایەتانەن کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی داوا مەدەنی و ڕەوا و دێموکراتیکەکانی خەڵک‌دا کردنی. لەو دەرفەتەدا کە بەرجام بۆ کۆماری ئیسلامی خوڵقاندی، دەبوا سامانی زۆروزەوەندی وڵات بۆ خەڵکی وڵات خەرج کرابا کە نەکرا و درا بە حەماس و حوسی و حیزبوڵلا و گرووپە جیهادییەکانی دی. دەبوا واکسەنی دژەکۆرۆنا بۆ خەڵک دابین کرابا، کەچی سەودا بە گیانی خەڵک کرا. ئێران تەنیا وڵاتی دنیایە کە واکسەن بە پارە دەداتە خەڵکی وڵاتەکەی و لە ئێستادا واکسەن لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان‌دا بە ٦٠ میلیون تمەن بە خەڵک دەفرۆشرێ؛ لەولاش شانازیی بەوەوە دەکەن کە ئۆرانیۆمیان بە خەستی سەتا ٦٠ (بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانە!) پیتاندووە. ئێستا کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات‌دا لەگەڵ دوو لایەن بەرەوڕوویە: خەڵک لە نێوخۆی وڵات و کۆمەڵگەی جیهانی. هەڵوێستی خەڵک ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی. لەخۆڕا نییە لە بارودۆخی ئێستادا، لە ڕاستی ڕاستەوە هەتا چەپی چەپ دانیان بەوە دادەنێن کە کۆمەڵگە لە دۆخی شۆڕش‌دایە. بەناو ڕێفۆڕمخوازان لەو نێوەدا ڕایان‌وایە کە تاکە چارەسەری دەربازبوون لەو دۆخە هەڵبژاردنی "ئازاد"! و چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتە. بەڵام ئەمە خەیاڵی خاوە. نە هەڵبژاردن لەکۆماری ئیسلامی‌دا ئازاد بەڕێوە دەچێ و نە خەڵک جارێکی دیکە لەو کونەوە پێیانەوە دەدرێ. سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگ، پێشێل‌کرانی مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئێعدام، تێرۆری فیزیکیی ڕێبەران و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و سیاسەتی ئابووری و وەبەرهێنان کە قەیرانەکانی بێکاری و گرانیی ئێستای لێ کەوتووەتەوە، تەنیا بەشێک لەو جینایەت و کارەساتانەن کە هەم لە دەوڵەتی ڕێفۆڕمخوازەکان و هەم لە دەوڵەتی ئوسولگەراکان‌دا بەبێ جیاوازی کراون و بڕیاریان لەسەر دراوە. خەڵک ئیدی هەمووان دەزانن ڕێفۆڕمخواز و ئوسولگەرا دوو ڕووی یەک دراون و شاعیر گوتەنی هەردوو دەمی تیژی یەک مقەستن. خەڵک "کۆماری درۆ"یان زۆر باش ناسیوە و چیدی متمانەی پێ ناکەن. ئەو بەڵێن و درۆیانەی لە ڕۆژانی پێش "شۆڕش"ـەوە دەرخواردی خەڵک دەدرێ و هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. لە بەخۆڕایی‌کردنی بڕق و ئاو و هاتوچۆوە، هەتا دابین‌کردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێ‌بوون بۆ هەمووان و، هەتا دەگاتە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیم لەگەڵ چین لەم دواییانەدا کە ڕێژیم ئیدیعا دەکا لە بەرژەوەندیی ئابووریی وڵات‌دایە؛ کەچی ئامادە نین نێوەرۆکەکەی ئاشکرا بکەن کە نەکا درۆکانیان ئاشکرا بن، وەک بڵێی چینییەکان خۆیی‌تر و مەحرەم‌تر بن! یان هەر ماوەیەک لەوە پێش خامنەیی گوتبووی ئامادە نابین لەگەڵ ئەمریکا بکەوینەوە وتووێژەوە و ئەمریکا هەم دەبێ سزاکانی سەر ئێران هەڵگرێ، هەم چەند هەزار میلیارد دۆلار زیان لە سۆنگەی هاتنەدەر لە بەرجام و سەپاندنەوەی گەمارۆکان بۆ ئێران ببژێرێ؛ کەچی ئێستا خوداخودایانە ئەمریکا باوەشی بەخێریان بۆ بکاتەوە و لەگەڵیان دابنیشن! ئێستا کە ئەم ڕێژیمە هیچ ڕەواییەتێکی لە نێوخۆی وڵات و لەلایەن خەڵکەوە نییە و بەپێی فاکتەکان سەلماندنەکەشی ئاسان و بەڵگەنەویستە، دەبێ وڵاتانی خاوەن بڕیار لە گۆڕەپانی سیاسیی دنیا بۆیان دەرکەوتبێ کە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ هەتا ئەم ڕێژیمە لەسەر کار بێ. بۆیە حەق نییە لەگەڵی بکەونە دانوستانێکەوە کە دیسانەکەش کڵاویان بچێتە سەر. پێش بەرجام هەموو توانای ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم بە خەستی سەتا 20 بوو، بەڵام ئێستا ئۆرانیۆمی بە خەستیی سەروو سەتا ٦٠ هەیە و پیشەسازیی مووشەکی و چەکی کۆمەڵکوژیشی بە ڕادەیەکی بەرچاو پێش خستووە. بۆیە ئەگەر بەڵێنی ڕاگرتنی چالاکییە ئەتومییەکانیشی بدا هەر ماوەیەکە و دوای ئەوەی هەموو ئیمتیازەکانی وەرگرت و لە تەنگانە ڕەخسا، سەرلەنوێ تێ هەڵدەچێتەوە. کۆمەڵگەی جیهانی حەق وایە دەنگی خەڵک ببیستێ و پشتی بگرێ، هەر ئەوەندە. خەڵک بۆخۆیان ئەم ڕێژیمە دەڕووخێنن.