کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی ساڵێک لەگەڵ کۆرۆنا (٢-٢)

02:29 - 3 بانەمەڕ 2721

کام شت گرینگە؟  

ساڵی کۆرۆنا سنووردارییەکی گرینگتری دەسەڵاتی زانستی و تەکنەلۆژیکی ئێمەشی ئاشکرا کردووە. زانست ناتوانێ جێگرەوەی سیاسەت بێ. کاتێک ئێمە بڕیار لەسەر سیاسەت دەدەین، دەبێ گەلێک بەرژەوەندیی و بایەخ لەبەرچاو بگرین و، چونکە هیچ ڕێگایەکی زانستیی بۆ بڕیاردان لەسەر گرینگتربوونی کام بەرژەوەندیی و بایەخ لەبەر دەستدا نییە، هیچ ڕێگایەکی زانستیی نییە کە بڕیار بدا ئێمە دەبێ چی بکەین.

بۆ وێنە، کاتێک بڕیار دەدەین ئاخۆ هەموو شوێنێک داخرێن یا نا، ئەو پرسیارە بەس نییە: "ئەگەر داخستنی گشتی نەسەپێنین چەند کەس تووشی کۆڤید-١٩ دەبن؟" دەبێ پرسیار بکەین: "ئەگەر داخستنی گشتی بسەپێنین چەند کەس تووشی خەمۆکی دەبن؟ چەند کەس بەهۆی نەبوونی خۆراکی بووژێنەر، ئازار دەبینن؟ چەند کەس ناتوانن بچن بۆ قوتابخانە و کارەکانیان لەکیس دەدەن؟ چەند کەس لە لایەن هاوژینەکانیانەوە لێیان دەدرێ یان دەکوژرێن؟"

تەنانەت ئەگەر سەرجەم زانیارییەکان دروست و جێگای متمانە بن، هەمیشە دەبێ پرسیار بکەین: "چ شتێک گرینگە؟ کێ بڕیار دەدا؟ کام شت گرینگە؟ چۆن ژمارەکان لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکەین؟" ئەوە زۆرتر کارێکی سیاسییە تا زانستی. ئەوە سیاسەتوانانن کە دەبێ لایەنە پزیشکی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هاوسەنگ و سیاسەتێکی گشتگر ڕەچاو بکەن.    

بە هەمان شێوە ئەندازیاران پلاتفۆرمی دیجیتاڵی نوێ دروست دەکەن کە یارمەتیمان دەکا لەکاتی داخستنی گشتی کارەکانمان بکەین و، ئامرازی چاودێری‌کردن بەرهەم دێنن تا بتوانین زنجیرەی گیرۆدەبوونەکان لێک بپچڕین. بەڵام بە دیجیتاڵ‌کردن و چاودێری‌کردن، سەروەریی کەسایەتیی ئێمە دەخەنە مەترسییەوە و دەروازەی سەرهەڵدانی ڕێژیمی سەرەڕۆی پێشووتر نەبینراو دەکەنەوە. لە ٢٠٢٠، چاودێری‌کردنی گشتی ڕەواتر و هەروەها ئاساییتر بوو. بەربەرەکانی لەگەڵ پەتایەکە گرینگە، بەڵام لەوانەیە لە پرۆسەکەدا ئازادیی خۆمان لەنێو بەرین؟ ئەوە لەجیات ئەندازیاران، کاری سیاسەتوانانە کە لەنێوان چاودێریی بەکەڵک و مۆتەکەی ڕێژیمی سەرەڕۆ هاوسەنگیی دروست بیننەوە.

سێ ڕێسای سەرەتایی تا ڕادەیەکی زۆر لە دیکتاتۆڕیی دیجیتاڵی دەمانپارێزن، تەنانەت لە کاتی پەتا. یەکەم، هەرکات زانیاریی لەسەر خەڵک کۆ دەکەیتەوە، بە تایبەتی لەمەڕ ئەوەی کە لە نێو جەستەی ئەواندا چ دەگوزەرێ، ئەو زانیارییانە دەبێ یارمەتیدەری ئەو خەڵکە بن نەوەک بۆ دەستکاری‌کردن، کۆنتڕۆڵ‌کردن و زەرەر پێگەیاندنیان. پزیشکی تایبەتیی من ئاگاداری گەلێک زانیاریی لە ڕادەبەدەری تاکەکەسیی منە. ئەو نابێ ئەو زانیارییە بە هیچ کۆمپانیا یان حیزبی سیاسی بفرۆشێ. ئەوە دەبێ هەموو شێوە "دەسەڵاتی چاودێریی بە هۆی پەتا" بگرێتە خۆ کە ئێمە کەڵکیان لێ وەردەگرین.

دووهەم، چاودێریی دەبێ هەمیشە دوو لایەنە بێ. ئەگەر چاودێریی هەمیشە لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوە بێ، دەبێتە هۆی سەرەڕۆیی. کەوابوو، هەرکات چاودێریی بەسەر تاکەکانەوە زیاد بکرێ، دەبێ لە هەمان کاتدا چاوێریی بەسەر دەوڵەت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەنیشەوە زیاد بکرێ. بۆ وێنە، لە قەیرانی هەنووکەییدا دەوڵەتان پارەیەکی لەڕادەبەدەر بڵاو دەکەنەوە. پرۆسەی تەرخان‌کردنی پشتگیریی دارایی دەبێ ڕوون و ئاشکرا بێ. وەک شارۆمەند، دەمهەوێ بە هاسانی ببینم کێ چی پێ دەدرێ و، کێ بڕیار دەدا دراوەکە بەرەو کوێ دەچێ. دەمەوێ دڵنیا بم کە دراوەکە دەدرێتە و ئەو بیزنسانە کە بەڕاستی پێویستیان پێیەتی نەوەک کۆمپانیای زەبەلاح کە خاوەنەکانیان هەڤاڵی وەزیرانن. ئەگەر دەوڵەت بڵێ دامەزراندنی سیستەمێکی ئەوتۆی چاودێریی لە هەڕەتی پەتادا دژوارە، بڕوای پێ مەکەن. ئەگەر نەکرێ چاودێریی بکەی چی دەکەی، چاودێری‌کردنی دەوڵەت کارێکی زۆر ئاڵۆز نییە.

سێهەم، هەرگیز مەهێڵە ڕێژەیەکی بەرچاو زانیاریی لە تاکە شوێنێکدا کۆ بێتەوە. نە لەکاتی پەتاکەدا و، نە کاتێک کە کۆتایی هات. قۆرخ‌کردنی زانیاریی نوسخەی دیکتاتۆرییەتە. کەوابوو ئەگەر زانیاریی بایۆمەتری خەڵک کۆ دەکەینەوە تا پێش بە پەتاکە بگرین، ئەو کارە دەبێ لەجیات پۆلیس، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکی بێلایەنی تەندروستییەوە بەڕێوە بچێ. و دەبێ زانیارییە کۆکراوەکە لە شوێنی کۆکردنەوەی زانیاریی وەزیرانی دەوڵەت و کۆمپانیا مەزنەکان جیا بکرێتەوە. ڕاستە، ئەوە دەبێتە هۆی زیدەبوون و ناکاریگەری، بەڵام ناکاریگەریی خەسڵەتێکە، هەڵە نییە. دەتهەوێ پێش بە سەرهەڵدانی سەرەڕۆیی دیجیتاڵ بگری؟ لانیکەم شتەکان کەمێک ناکاریگەر ڕاگرە.

لەمەڕ سیاسەتوانانەوە

سەرکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیکییە تاقانەکانی ٢٠٢٠، قەیرانی کۆڤید-١٩یان چارەسەر نەکرد. ئەوان پەتاکەیان لە کارەساتێکی سروشتییەوە کردە دووڕێیانێکی سیاسی. کاتێک تاعوونە ڕەشە بە میلیۆنان خەڵکی کوشت، هیچ کەس چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی لە پاشاکان و ئیمپراتورەکان نەبوو. نزیکەی یەک لەسەر سێی سەرجەم خەڵکی ئینگلیز لە یەکەم شەپۆلی تاعونە ڕەشەدا مردن، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی لە دەسەڵات‌کەوتنی شا ئێدواردی سێهەم. شتێکی ئاشکرا بوو کە ئەوە لە دەروەی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانە تا پێش بە پەتاکە بگرن، بۆیە هیچ کەس تاوانی ئەو شکستەیان نەخستە ئەستۆی ئەوانەوە. 

بەڵام ئەوڕۆ مرۆڤایەتی ئامرازی زانستیی بۆ وەستاندنی پەتای کۆڤید-١٩ بەدەستەوەن. چەند وڵات، لە ڤییەتنام تا ئۆسترالیا، سەلماندیان کە تەنانەت بێ پێکوتە، ئامرازەکانی بەردەست دەتوانن پێش بە پەتاکە بگرن. ئەگەرچی ئەو ئامرازانە نرخێکی مەزنی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەیە. ئێمە دەتوانین ڤایرۆسەکە شکست بدەین، بەڵام دڵنیا نین کە ئامادەین نرخی سەرکەوتن بدەین. بۆیە دەسکەوتە زانستیەکان بەرپرسیارییەکی گەلێک بەرچاویان خستۆتە سەر شانی سیاسەتوانان.

بەداخەوە بەشێکی زۆر لە سیاسەتوانان لەو بەرپرسیارییەدا شکستیان هێناوە. بۆ وێنە، سەرۆک کۆمارە پۆپۆلیستەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و برازیل ئاستی هەڕەشەکەیان بەکەم گرت، گوێیان نەدایە پسپۆڕان و لەجیاتان باسی تیۆریی پیلانیان کرد. ئەوان پلانێکی هەڵسوکەوتی فیدڕاڵیی باشیان دانەڕشت و هەوڵەکانی دەوڵەت و شارەوانییەکانیان بۆ وەستاندنی پەتاکە بە لاڕێدا برد. نەزانی و هەست بە بەرپرسایەتی‌نەکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ترامپ و بۆلسۆنارۆ بوونە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس کە دەکرا پێشی پێ بگیردرێ.

لە بریتانیا، وێدەچی دەوڵەت لە سەرەتاکان زۆرتر سەرقاڵی برێکزیت بوو تا کۆڤید-١٩. لەبەر سیاسەتە خۆ تەریک‌خستنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی جانسۆن، لە پاراستنی بریتانیا لە بەرانبەر تەنیا شتێک کە بەڕاستی گرینگ بوو، شکستی هێنا: ڤایرۆسەکە. وڵاتی من ئیسڕائیل بە هەمان شێوە لە سیاسەتی خراپ، ئازاری چەشت. هەر وەک تایوان، نیوزیلەند و قوبرس، ئیسڕائیل بە کردەوە "وڵاتێکی دوورگەییە"، بە سنووری داخراوەوە کە تەنیا یەک دەروازەی سەرەکیی هەیە، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن.

بەڵام، لە ترۆپکی پەتاکەدا دەوڵەتی نەتانیاهوو ڕێگای بە مسافیران دا تا بێ قەرەنتیە‌کران یان تەنانەت پشکنینی ڕێکوپێک، بێنە ژوورەوە و تەنانەت سیاسەتەکانی داخستنی گشتیی خۆیشی پاشگوێ خست.

لە ئاکامدا هەر دوو ئیسڕائیل و بریتانیا پێشڕەوی کوتانی خەڵک بە پێکوتە بوون، بەڵام لێکدانەوە هەڵەکەی سەرەتاکان لەسەریان زۆر گران کەوت. لە بریتانیا، پەتاکە بۆتە هۆی کوژرانی ١٢٠٠٠٠ کەس کە پلەی شەشەمی ڕێژەی مامناوەندیی کوژراوانی دنیای پێ بەخشیوە. لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل خاوەنی حەوتەمین ڕێژەی مامناوەندیی گیرۆدە بوونە و بۆ بەرپەرچدانەوە، پەنای بۆ "گۆڕینەوەی زانیاریی پێکوتە" لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکایی فایزەر برد. فایزەر ڕەزامەندیی دەربڕی ڕێژەی پێویست پێکوتە بۆ سەرجەم دانیشتووانی ئیسڕائیل، لە بەرانبەر ڕێژەیەکی بەرچاوی زانیاری دابین بکا، کە بووە هۆی نیگەرانیی لەمەڕ پاراستنی سەروەریی کەسایەتی و قۆرخ‌کردنی زانیاری و نیشانی دا لە ئێستادا زانیاری لەسەر شارۆمەندان یەکێک لە بەنرخترین سامانەکانی دەوڵەتە.

لە کاتێکدا کە هێندێک وڵات زۆر باشتر جووڵانەوە، مرۆڤایەتی بە گشتی تا ئێستا لە کۆنتڕۆڵ‌کردنی پەتاکە، یان داڕشتنی پلانێکی جیهانی بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکەدا شکستی هێناوە. مانگە سەرەتاییەکانی ٢٠٢٠ وەک تەماشای بەریەک‌کەوتنێک بە شێوەی سلۆ مۆشن بوو. ئامرازی پەیوەندی‌گرتنی سەردەمیانە هەلی بۆ خەڵکی سەرانسەری دنیا ڕەخساند تا کاتی ڕووداوەکان ببینن لە ووهان چ دەگوزەرێ، پاشان لە ئیتالیا، ئەوسا لە وڵاتی زیاتر، بەڵام هیچ ڕێبەرییەکی جیهانی سەری هەڵنەدا تا پێش بە نوقم‌بوونی دنیا لە کارەساتەکەدا بگرێ. ئامرازەکان لەبەر دەستدا بوون، بەڵام زۆر جار ژیریی سیاسەتوانان بوونی نەبوو.

خەڵکی بیانی فریا کەوتن

هۆیەک بۆ کەلێنی نێوان سەرکەوتنی زانستی و شکستی سیاسی ئەوەیە کە زانایانی سەرانسەری جیهان هاوکاریی یەکتریان کرد، لە کاتێکدا کە سیاسەتوانان مشتومڕیان بوو. لەژێر سترێس و نادڵنیاییەکی زۆرەوە، زانایانی سەرانسەری دنیا بە ئازادی زانیارییان لەگەڵ یەکتر دەگۆڕییەوە و پشتیان بە دەسکەوت و تێگەیشتنی یەکتر دەبەست. پرۆژەی زانستیی گەلێک گرینگ لە لایەن تیمە نێونەتەوەییەکانەوە بەڕێوە چوون. بۆ وێنە، یەکێک لە توێژینەوە سەرەکییەکان لەبارەی کاریگەریی داخستنە گشتییەکان لە لایەن نۆ ئەنستیتۆوە بەرێوە چوو، یەکیان لە بریتانیا، سێ لە چین و پێنج لە وڵاتە یەکگرتووەکان.

بە پێچەوانە سیاسەتوانان لە دروست‌کردنی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی ڤایرۆسەکە و ساغ بوونەوە لەسەر پلانێکی جیهانیی شکستیان هێنا. دوو دەسەڵاتە زەبەلاحەکانی دنیا، وڵاتە یەکگرتووەکان و چین، یەکتریان بە شاردنەوەی زانیاریی ژینەکی، بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و تیۆریی پیلان و تەنانەت بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە بە ئانقەست، تاوانبار کرد. ژمارەیەکی زۆر وڵاتی دیکە بە ئاشکرا لە مەڕ بڵاوبوونەوەی پەتاکە درۆیان کرد یان زانیارییان ڕانەگەیاند.

نەبوونی هاوکاریی جیهانیی نە تەنیا لە شەڕی زانیارییدا دەر دەکەوێ بەڵکوو تەنانەت زۆرتر لە ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە کەمایەسیی کەرەستەی دەرمانیدا. لە کاتێکدا کە دۆخی هاوکاری و دڵفراوانی بینراون، هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ کەڵک لێ‌وەرگرتنی هاوبەش لە سامانە بەردەستەکان، کاریگەرکردنی بەرهەمهێنانی جیهانی و دڵنیابوون لە بڵاوکردنەوەی دادوەرانەی کەرەستەکان نەدراوە. بە تایبەتی "ناسیۆنالیزمی پێکوتەیی" شێوەیەکی نوێ لە نایەکسانیی جیهانیی لە نێوان وەڵاتانی خاوەن توانایی واکسینەکردنی دانیشتووان و وڵاتانێک کە ناتوانن دروست کرد.

جێگای مەراقە ببینی کە زۆر کەس لە ڕاستییەکی ساکار لەبارەی پەتا تێناگەن: تا ئەوکاتە ڤایرۆسەکە لە هەر شوێنێک بڵاو بێتەوە، هیچ وڵاتێک بە تەواوی ئەمین نییە. وای دانێ ئیسڕائیل و بریتانیا لە نەهێشتنی ڤایرۆسەکە لەنێو سنوورەکانیاندا  سەرکەوتن، بەڵام بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە لە نێو میلیۆنان خەڵکی هیندوستان، برازیل یان ئەفریقای باشوور درێژەی هەیە. شێوەیەکی گۆڕاو لە ڤایرۆسەکە لە شارێکی دووری برازیل لەوانەیە ببێتە هۆی ناکاریگەریی پێکوتە و ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی گیرۆدە بوون. 

لە دۆخی تەنگەتاوی هەنووکەییدا، وێدەچێ خۆنەویستی دژی بەرەژەوەندیی نەتەوەیی نەبێ. بەڵام ئێستا هاوکاریی جیهانیی خۆنەویستی نییە، بەڵکوو پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی شتێکی بنەڕەتییە.

دژە ڤایرۆس بۆ دنیا  

گفتوگۆکان لەمەڕ ئەوەی لە ٢٠٢٠ ڕووی دا تا چەند ساڵ درێژەی دەبێ. بەڵام خەڵکی گشت لایەنە سیاسییەکان دەبێ لانیکەم لەسەرسێ وانە هاوڕا بن. یەکەم، ئێمە پێویستیمان بە پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵیمان هەیە. ئەو لە ماوەی ئەو پەتایەدا ڕزگاریدەرمان بووە، بەڵام بەو زووانە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی کارەساتێکی تەنانەت خراپتر.

دووهەم، هەر وڵاتێک دەبێ زۆرتر سامان بۆ سیستەمی تەندروستی گشتیی خۆی تەرخان بکا. وێدەچێ ئەوە شتێکی ئاشکرا بێ، بەڵام سیاسەتوانان و دەنگدەران هێندێک جار ئاشکراترین وانەکان پاشگوێ دەخەن.

سێهەم، دەبێ سیستەمی چاودێریی بەهێزی جیهانیی دامەزرێنین و پێش بە پەتایان بگرین. لە شەڕی کەونارای نێوان مرۆڤ و زیندەوەری نەخۆشکار، هێڵی بەرەی شەڕ لە جەستەی هەر مرۆڤێک تێپەڕ دەبێ. ئەگەر ئەو هێڵە لە هەر شوێنێکی ئەو هەسارەیە بشکێ، سەرجەم ئێمە دەخاتە مەترسییەوە. تەنانەت دەوڵەمەندترین خەڵکی پێشکەوتووترین وڵات ناچارە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی هەژارترین خەڵکی گەشە نەکردووترین وڵات بکا. ئەگەر ڤایرۆسێکی دیکە لە شەمشەمە کوێرەوە لە گوندێکی هەژاری دارستانێکی دوور باز داتە مرۆڤ، دوای چەند ڕۆژ ئەو ڤایرۆسە لە شەقامی واڵ ستریت دەسووڕێتەوە.

چوارچێوەی سیستەمێکی دژە پەتای جیهانی هەر ئێستا بە شێوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و چەند دامەزراوەی دیکە بوونی هەیە. بەڵام بودجەکانی تەرخانکراو بۆ ئەو سیستەمە کەمە و، هیچ تواناییەکی سیاسی نییە. پێویستە ئێمە کەمێک دەسەڵاتی سیاسی و پارەیەکی گەلێک زۆرتری پێ بدەین تا بە تەواوی وابەستەی هەوەسی سیاستەوانی خۆویست نەبن. وەک پێشدا ئاماژەی پێ کرا، پێم وانییە پسپۆڕی هەڵنەبژێردراو ئەرکی بڕیاردان لەسەر شێوەی هەڵسوکەوتیان بەدەستەوە بێ. ئەوە دەبێ لەدەست سیاسەتواناندا بمێنێتەوە. بەڵام شێوەیەک لە دامەزراوەی سەربەخۆی تەندروستی جیهانیی پلاتفۆرمێکی دڵخوازە بۆ ئامادەکردنی زانیاریی پزیشکیی، چاودێریی مەترسییەکان، وشیارکردنەوە و ئاراستەکردنی توێژینەوە و گەشەپێدان.

زۆر کەس لەوە دەترسن کە کۆڤید-١٩ دەستپێکی شەپۆلی نوێی پەتایان بێ. بەڵام ئەگەر وانەکانی سەرەوە جێبەجێ بکرێن، شۆکی کۆڤید-١٩ لەوانەیە بە کردەوە ببێتە هۆی کەم‌بوونەوەی پەتا. مرۆڤایەتی ناتوانێ پێش بە زیندەوەری نەخۆشکار بگرێ. ئەوە پرۆسەیەکی گەشەکردنی سروشتییە کە میلیاردها ساڵە درێژەی هەبووە و وێدەچێ لە داهاتووشدا درێژەی هەبێ. بەڵام ئەوڕۆ مرۆڤ زانیاریی و کەرەستەی پێویستی بۆ بەرگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشکاری نوێ و بوونیان بە پەتا لەبەر دەست‌دایە.

ئەگەر کۆڤید-١٩ لەگەڵ ئەوەشدا لە ٢٠٢١ درێژە بە بڵاو بوونەوە بدا و بە میلیۆنان مرۆڤ بکوژێ، یان ئەگەر تەنانەت  پەتایەکی کوشندەتر لە ٢٠٣٠ بەرەوڕووی مرۆڤ ببێتەوە، ئەو نە کارەساتێکی کۆنتڕۆڵ‌نەکراو دەبێ و نە سزایەک لە لایەن خوداوە. ئەو شکستێکی مرۆڤ و بە واتایەکی دروستتر، شکستێکی سیاسییە.