کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان جێی توندڕەویی تێدا نابێتەوە

16:36 - 14 بانەمەڕ 2721

لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا خەڵکی شاری مەریوان پێشەنگایەتیی ڕەفتارێکی سەردەمیانەی لە خەبات بۆ "کوردایەتی" و دەستەبەرکردنی "ماف" لە ئەستۆ گرتووە. هەرچەند شوناسخوازیی نەتەوەیی سێبەری زاڵی ئەم خەباتە بووە، بەڵام لەم شارەدا جموجۆڵی ئەفکاری دیکەی سیاسی و مەزهەبی بوونی هەبووە و هەموو "پێکەوە" وێنایەکی جوانیان لە پێکەوە هەڵکردن و لێک‌تێگەیشتن بە دەستەوە داوە.
تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و مەدەنی لەم شارە ڕیشەیەکی مێژوویی جوانی هەیە و هەر ئەم پاشخانە لە ڕەهەندی هێمنایەتی لە خەبات، مەریوانی لە جموجۆڵی مەدەنی‌ و جەماوەری‌دا کرده پێشەنگ. پێشەنگایەتییەک لە شارستانیەت، نیشتمانپەروەری، شوناسخوازی، جەماوەریبوون، یەکسانی، پێکەوە هەڵکردنی جیاوازییەکان، ژینگەپارێزی و جوانی.
ئەم خەسڵەته سەردەمیانانه ئەگەر لە لایەک بۆ کوردستان دەستکەوت و شانازی بوون و هەن، بۆ گەلانی دیکەی دوور و نزیک سەرنجڕاکیش بوون. لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا خەڵکی مەریوان خانەخۆیی دەیان هەزار کەشتیاری ئێرانی و بیانی بوون و، شەقامەکانی ئەم شارە ببوونە سێنی بەڕێوەچوونی گەورەترین فستیڤاڵه ناوچەیی و جیهانییەکان و، ئەوە لاوانی بەهرەمەندی مەریوانی بوون کە بە نوێنەرایەتی لە لێهاتووی نەتەوەکەیان چەندین جار لە بواری جۆراوجۆری ئەدەبی، فەرهەنگی، وەرزشی، فکری و فەننی و… لە ئاستی جیهان‌دا درەوشانەوە.
ئەوە لاوانی کوڕ و کچی ئەم شارەبوون که بە وەسەریەک‌خستنی توانا و ئیمکاناتی خۆیان و بە دەستی بەتاڵ – بەڵام پێکەوە – بە گژ سیاسەتی سووتاندن و گڕتێبردانی نیشتمانەکەیان‌دا چوونەوە و پەیامی ژینگەپارێزی و پاراستنی نیشتمانیان بە نێو سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان‌دا بڵاو کردەوە و مانا و مەفهوومی نیشتمانپەروەری و شوناسخوازی نەتەوەییان لە فۆڕم و خوێندنەوەیەکی دیکەدا پێناسە کردەوە.
هەموو ئەمانە ئەگەر بۆ کورد و بزووتنەوە مافخوازەکەی دەسکەوت و شانازیی گەورە و مەزن بوون و هەن، بۆ قین‌ لە دڵانی دژ بە خاک و خەڵکی کوردستان نیشانەی شکست و داماوییان بوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوفکرە ڕەش و کۆنەپەرەستەکانی کە چاویان بەرایی دیتنی ئەم ڕەفتارە سەردەمیانەی خەڵکی شاری مەریوانیان نەدەدا و لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی پەیامەکانی ئەم پێشەنگایەتییە کڵۆڵ و مایەپووچ بوون، کەوتنه بیری تۆڵەکردنەوە لە شاری مەریوان و هەوڵ‌دان بۆ بەربەستکردنی ئەو ڕێڕەوە درووستەی کە ئەم شارە تیایدا گوزەری دەکرد.
مەحدوودکردنەوەی چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پیلانگێڕی ناوەندە ئەمنیەتییەکان دژ بە ژینگەپارێزان، سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە و دەستبەسەرکردنی بە دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی، ڕەچاوکردنی سیاسەتی پیسکردنی ژینگەی شار لە ڕێگای کۆکردنەوەی زبڵ لە دەورووبەری شار و بەتایبەت گۆلی زرێبار و، چەندین پیلانی جۆراوجۆری دیکەی لەوچەشنە، هەوڵگەلێکی دوژمنکارانەی دام و دەزگاکانی ڕێژیم بوون دژ بە شاری مەریوان و خەڵکەکەی.
ئەم پیلانگێڕییانە در بە شاری مەریوان هەروا درێژەیان هەیە و تازەترین نموونە؛ هێرشی کۆمەڵێک کەسی دڵڕەش و مێشک ئاڵۆزی نەخۆشە بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە کە بە ناوی داکۆکیكردن لە دین و پشت ئەستو بە دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەم شارە بەڕێوە دەچێ.
خەڵکی ئەم شارە وەک باقی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئیماندار و باوەڕمەند بە دینی ئیسلامن و سەرەڕای هەموو جیاوازییە فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان نموونەیەکی سەرکەوتوو و جێی شانازییان لە پێکەوە هەڵکردن قبووڵ کردوە و پێویستیان بە کەس نەبووە کە "ئیڕشاد" و ڕێنونییان بکات. کەوابوو ئەوەی لەم ماوەیەدا لە شاری مەریوان ڕووی داو چەند کەسێکی بەکرێگیڕاوی توندڕەوی دڵ و بیر ڕەش، هێرشیان کردە سەر چەند کەسێک لە لاوانی ئەم شارە نە دەتوانێ ڕیشەی فکری و کۆمەڵایەتی هەبێ و گومانیش لەودا نیە کە دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی لە پشته.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا و لێرەدا جێی خۆیەتی بە شانازییەوە ئاماژەی پێ بکرێ و وەک نموونە ڕەفتارەکانی دیکەی خەڵکی شاری مەریوان دڵی پێ خۆش بکرێ، هەڵوێستی ژیرانە و ئازایانەی لاوان و ژنانی ئەم شارەیە دژ بەم پیلانگێڕییە نوێیەی ڕێژیم و ئەو تاقم و گرووپەی کە بە ناوی دیفاع لە دین دەیانهەوێ لەم شارەدا خراپ کاری و پیلان بگێڕن. ئەوان یەکگرتووانه و خۆتەیاکردن بە هەر کەرەسەیەک کە بتوانن دیفاع لە شارەکەیان بکەن، شەوانە لە شاقامەکانی شاردا ئامادەی هەرجۆرە بەگژداچوونەوەیەک بوون و بۆ جارێکی دیکە نیشانیان دایەوە کە مەریوان جێی توندڕەوی و پیلانگێڕیی تێدا نابێتەوە.