کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدێن و کێشەکانی لەپێوەندی لەگەڵ ئێران‌‌دا

05:11 - 16 بانەمەڕ 2721

ئیدارەی نوێی ئامریکا لە وەرزی یەکەمی دەست‌بەکاربوونی خۆی لە لە ئاستی نێوخۆیی‌دا چەند دەسکەوتێکی گرینگ و بەرچاوی وەدەست هێناوە کە گرینگترینیان کۆنترۆل‌کردنی پەتای کرۆنایە.

هەڵسەنگاندنی کارنامەی سێ مانگەی شێوە و جۆری بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە ئامریکا و کۆمەڵە وڵاتێکی دیکەش دیاردەیەکی باوە. ڕۆژی ٢٠ی ژانوییە کە جۆ بایدێن وەک چل‌وشەشەمین سەرۆک‌کۆماری ئامریکا دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەم وڵاتە بەدەست کرۆناوە پەکی کەوتبوو و  ڕەوتی کوتانی کرۆنا زۆر بە خاوی دەچووە پێش، بەڵام دوای دوو مانگ لە هاتنە سەر کاری ئیدارەی بایدێن ٢٠٠ میلیۆن کەس، واتە یەک لە سێی حەشیمەتی ئەم وڵاتە کوتران، کە ئەم هەڵمەتە وەک سەرکەوتنێکی گەورە چووە گیرفانی بایدێن. سەرکەوتنێکی دیکەی بایدێن کە ئەویش هەر بەجۆرێک لێکەوتەی پەتای کرۆنا، سستی و لاوازیی کەرتی ئابووریی ئەم وڵاتە بوو کە تیمی کاری بایدێن لەو بەشەش‌دا توانی بە وەرگرتنی پاکێجێکی دوو تریلیۆن دۆلاری لە کۆنگرە بازاری ئامریکای پێ ببوژێنێتەوە.

تەوەرێکی دی لە کار و چالاکییە بەرچاوەکانی بایدێن لەو وەرزەدا پێوەندیی هەبوو بە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا کە بەشێکیان بریتی بوون لە پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانی ئامریکا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی، ناتۆ، گرووپی ٧، گەڕانەوەی ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی هەرێمی پاریس، بووژاندنەوەی بەرجام لەگەڵ ئێران و کشاندنەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان. بەڵام بایدێن لەگەڵ ئەوەش‌دا بۆ بەردەوامی لە سیاسەتەکانی تووشی ئاستەنگیش بۆتەوە. سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی نوێی کۆشکی سپی بەڵێنی دابوو لە چوارچێوەی حیزبی‌دا نەجووڵێتەوە، بەڵام هەنووکەش بۆ جێخستنی بەرنامەکانی هەر پشتی بە ڕێژەی ئەندامانی کۆنگرە و سێنا بەستووە و دەنگی کامیلا هەریس وەک جێگری سەرۆک‌کۆمار یەکلاکەرەوەی کێشەکانی نێوان کۆماری‌خوازەکان و دێمۆکراتەکانە.

ئاستەنگێکی دیکەی بایدێن لە سیاسەتی دەرەوەدا ئیسڕائیلە کە لە ئەگەری بووژاندنەوەی بەرجام‌دا بێتوو بەرژەوەندییەکانی لەبەرچاو نەگیرابن، ئەم وڵاتە بە لۆبیی بەهێزی خۆی لە ئامریکا ئیدارەی سیاسیی بایدێن تووشی سەرئێشە دەکا. ئەمریکا ئەگەر بیەوێ بگەڕێتەوە بۆ بەرجام دەبێ بەشێکی گرینگ لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵگرێ، ئەمەش یانی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە دراو و سەرچاوەی ئابووریی پتر کە ئاکامەکەی لە بەهێزبوونی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم‌دا دەردەکەون؛ بەوەش هەم ئەمنییەتی ئیسڕائیل و هەم بەشێک لە وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچە لەرزۆک دەبێ. بەرنامە مووشەکی و سیاسەتە نێوخۆییەکانی ئێران لەمەڕ پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش چەند ئالنگارییەکانی دیکەن کە لە پێوەندی لەگەڵ بووژانەوەی بەرجام‌دا بەرەوڕووی کۆشکی سپی دەبنەوە.

ئاستەنگێکی دیکەی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بەرجام‌ و ئێران‌دا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ئێرانە، کە بە ئەگەری زۆر سەرۆک‌کۆماری نوێی ئێران لە باڵی بناژۆخواز بێ و؛ هاتنەسەرکاری کەسێکی توندڕەوی سەر بە سپای پاسداران دەتوانێ پەرە بەکێشەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدا. هەروەها ببێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەوەش کاریگەری لەسەر سیاسەتی کۆشکی سپی دابنێ. هەر ئەم هاوکێشە و ئەگەرانە هۆکارێکن کە کۆماری‌خوازەکان بە ئاسانی مل بۆ داخوازییەکانی بایدێن ڕانەکێشن و ئەمەش ببێتە ئاستەنگێکی سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکان و لابردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی. هاوکات هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچە و تەنانەت کردەوە نیزامییەکانی ئیسڕائیل لە نێوخۆی ئێرانیش دەتوانێ پێشهات و ڕووداوی چاوەڕوان‌نەکراوی لێ بکەوێتەوە کە لەودا ئامریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکیی ئیسڕائیل ناتوانێ لێی بێدەنگ بێ.

بەربەستێکی دیکەی بەر دەم سیاسەتەکانی بایدێن دەکرێ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بێ کە لە ئێستادا ئەگەرچی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کەمتر خۆ دەردەخەن؛ بەڵام گڕکانێکی هەڵچوون کە هەر ئان‌وساتێک مەترسیی تەقینەوەیان هەیە. پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و خوێندنەوەی واقعبینانەی دۆخی نێوخۆی ئێران لە ئێستادا ئەو ڕایەی لای بەشێکی زۆر لە کۆماریخوازەکان دروست کردووە کە واباشترە لە بەرەی خەڵکی ئێران بن نەک بەرامبەریان. هاوکات یارمەتیدەری خەڵکی ئێران بن بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی حکوومەتێکی دێموکراتیک.

دوای ئاشکرابوونی فایلی دەنگیی جەواد زەریف ڕاستییەکی دیکەش بۆ ئیدارەی بایدێن ئاشکرا بوو کە ئەویش لە خۆیدا دەتوانێ لە پرۆسەی دانووستانەکان لەگەڵ ئێران‌دا کێشەی لێ بکەوێتەوە. ئەویش داننانی وەزیری دەرەوەی ئێران بەو ڕاستییەیە کە دەزگای بەناو دیپلۆماسیی ئێران لە خزمەت سپای پاسداران‌دایە و وتووێژەکانی ئێران لەڕاستی‌دا "کات" و "سەرچاوە" دەستەبەرکردن بۆ سپای پاسدارانە. سپای پاسدارانیش کە لە لایەن ئامریکاوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە و ئەمەش پتر نووکەڕمبی ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی بایدین بەرەو کۆشکی سپی ئاراستە دەکا.

بایدێن لە وەرزی دووهەمی کاری تیمەکەی‌دا دەبێ چاوەڕوانی هەندێ لە گۆڕانکارییەکان لە ئێران، بەتایبەت هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری لەو وڵاتە بێ، تا بەو پێیە بتوانێ پلانەکانی خۆی لەسەر دابڕێژێ.