کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتورینی کۆماری ئیسلامی، مکانیزمی "مەیدان-شەڕ" و "دیپلۆماسی-فریو"

05:38 - 16 بانەمەڕ 2721

ڕەشەممەی ١٣٩٩ "سەعید لەیلاز"، ماموستای زانکۆی "بهێشتی"ـی تاران و بەرپرسی "ئێران خۆدرۆ دیزێل"! چاوپێکەوتنێکی سێ کاتژمێر و ١١ خولەکی دەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئیران، "محەممەد جەواد زەریف" کردووە کە لە ٥ـی بانەمەڕی ئەمساڵ بەشێوەیەکی گوماناوی کەوتە دەست کاناڵێکی مێدیایی دەرەوە و بڵاو کراوە. ئەو چاوپێکەوتنە دوورودرێژە کە بە قسەی خۆیان ئامانجایان ئەوە بووە وەک مێژووی زارەکیی دەوڵەتی ١٢ـەهەمی ئەو ڕێژیمە تۆمار بکرێ و لە شوێنی خۆ هەڵ‌بگیرێ و لەکاتی خۆی‌دا بڵاو بکرێتەوە، هەڵای زۆری لە ئاستی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی ساز کردووە بە جۆرێک وەک باسی ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکانی لێ هاتووە. لێرەدا و لە چەند ئێپیزۆددا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین.

وتووێژ

لەم فایلە دەنگییەدا، "زەریف" زۆر بە وردی باس لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەزگای دیپلۆماسیی ئێڕان دەکا، بەشی هەرە زۆری قسەکانی لە دەوری دانوستانەکانی "بەرجام" خول دەخوا و وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە چالاکیی کۆمەڵەی ژێر دەسەڵاتی میناکی لێ دێنێتەوە. کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەو، گوتوبێژەکان لەهەمبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەگەڵ وڵاتانی ٥+١، کێشە و ناکۆکییەکان، چۆنیەتیی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتن‌نامەیە، لەمپەڕ و ئاستەنگەکانی نێوخۆیی و هەروەها زۆر لایەنی شاراوە و نادیار چەقی باسەکەی زەریف پێک دێنن. بەڵام خاڵی جێی سەرنجی قسەکانی کە ئەزقەزا بۆخۆیشی زۆری حەز لێیە ئەم بەشە مەبەستدار زەق بکاتەوە زاڵ‌بوونی ڕۆڵی "مەیدان" (وەک هێمای سیاسەتەکانی سپای پاسداران و حزووری مەیدانی و شەڕەکانی لە ناوچەکە) بە سەر "دیپڵۆماسی"‌دایە. بەڵگە و شاهیدی زۆریش بۆ ڕاستیی بۆچوونەکانی دێنیتەوە، وەک ئەوەی کە لە زاری "جان کێری" (وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی وڵاتی ئەمریکا) زانیویەتی کە ئیسرائیل ٢٠٠ جار لە سووریە هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی ئێران، یان هەر لە "کێری"ی بیستووە کە فڕینەکانی "ئێران ئایر" بە جێگای کۆمپانیای "ماهان" بۆ سووریە شەش قات زیادیان کردووە و داوای لە قاسم سولێمانی کردووە ئەو کارە نەکا، بەڵام ئەو وڵامی داوەتە کە: تەنانەت ئەگە دیپڵۆماسی ٢٠٠٪ـیش خەساری وێ کەوێ ئەو لە پڕۆژەکانی خۆی هەر بەردەوام دەبێ.

وەزیری دەرەوە ئێران لەم وتووێژەدا لەهەمبەر ئەمنییەتی‌بوونی پرسە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە پێوەندیی نێودەوڵەتی‌دا تووشی دژوازی دەبێ و دەڵێ: گروپێک لە وڵات بەرژەوەندییان لەوەدایە کە هەموو شتێک بە ئەمنییەتی بکرێ، چونکە ڕۆڵی ئەوان بەرچاوتر دەبێ. ئەو دەڵێ: ئەم گرووپە کەمینەیە جگە لەوەیکە هێزی تێکدانی دۆخەکەیان هەیە، توانای وەڕێ‌خستنی شەپۆڵێکی بەربەرینیشیان هەیە! ئەو پێی‌وایە، جێگای نیزامییەکان و دیپڵۆماتکاران لە ئێران پێچەوانەیە و هیچ بایەخێک بۆ ئەسپاردنی پرسگەلی سیاسی بە دیپڵۆماتکاران داناندرێ. ئەو دەڵێ دەگەڵ قاسم سولێمانی لە هەموو باسێک‌دا هاوڕا نەبووین بەڵام هەستمان دەکرد کە دەبێ دەگەڵ یەکتر هاوتەریب کار بکەین! زەریف هەروەها دەڵێ: دەتوانم بە شەهامەتەوە بڵێم کە من زیاتر دیپڵۆماسیم خستە خزمەتی "مەیدان"، هەتا ئەوەیکە "مەیدان" لەپێناو "دیپڵۆماسی"دا جوولەی هەبێ. ئەو زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێ: سەفەری سولێمانی بۆ ڕووسیە بەبێ چاودێری و تەنانەت ئاگاداری دەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بە "ئیرادەی ڕووسیە" و بە مەبەستی "لەنێوبردنی دەسکەوتەکانی وەزارەتی دەرەوە" کرا و پێ دادەگری کە، "کاتێک ڕوسیە ئەو دیدارەی قبول کرد کە بەرجام واژۆ کرابوو". لێرەدایە کە دەڵێ: ئەساسەن لە ئێران دەسەڵاتی دووفاقەمان نییە و تەنیا "دەسەڵاتی تاقانە " هەیە، چونکە ئەوە "مەیدان"ـە کە بڕیاردەرە.

ناوبراو لە سەر درەنگ زانینی بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینیەکە لە ١٨ی بەفرانباری ٩٨ بە مووشەکەکانی سپای پاسداران دەڵێ: ڕۆژی چوارشەممە فرۆکەکە کەوتبووە خوارێ. ئەمن نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی شوڕای بەرزی ئەمنییەت‌دا بەشداریم کرد. لێرەدا زۆر بەشێوەیەکی قیزەونانە دەڵێ: لەو کۆبوونەوەیەدا ڕامگەیاند، ئەگە هەر بەڕاستی دەزانن مووشەکی وێ کەوتووە بڵێن با بزانم چۆن دەتوانین "عیلاج"ـی بکەین! بەڵام ئەوان بە تووڕەییەوە لێم وەدەنگ هاتن، دەتگوت کوفری ئیبلیسم کردووە، گوتیان، هەستە بڕۆ تویتێک بنووسە و بڵێ شتی وا نەبووە. گوتم: من وەزیری دەرەوەم، بۆ مەگەر قەرارە من پاساوی بۆ بێنمەوە...!!

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە توێ‌توێی قسەکانی‌دا زۆر زیرەکانە باس لە پێوەندییە بەربڵاوەکانی دەگەڵ دیپڵۆماتکارانی جیهان دەکا و مانۆڕی ئەوە لێ دەدا کە چەندەی لابی هەیە و چەندە خەڵک دەناسێ. تەنانەت لە نێوخۆش لە ساڵەکانی ١٣٦٧ـەوە کەوتووەتە بەر ڕەحمەتی "ئاغا" و لەو دوو شوێنەوە سەنگەر لە دژبەرانی دەگرێ!

زەریف لەسەر پێوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکاش قسە دەکا و پێی‌وایە کە دەکرێ ئێران دەگەڵ هەموو وڵاتێک تەنانەت ئەمریکاش پێوەندییەکی لانیکەمیی هەبێ. لەپێوەندی لەگەڵ ڕووسیەدا ئەو پێی وایە: ئەو قسەیەی کە دەگوترێ "قاسم سولێمانی "پوتین"ـی بۆ مەیدانی شەڕ ڕاکێشا دوور لە ڕاستییە، پوتین بۆخۆی بڕیاری دابوو بێتە مەیدانی سووریە، هەربۆیە سەفەری سولێمانیی بۆ ڕووسیەی تەدارەک دی و هاتە نێو شەڕەکە. دواتریش هێزی ویشکانیی ئێرانیشی بۆ شەڕی سووریە ڕاکێشا و بەسەر ئاسمانی ئێران‌دا هێرشی دەکردە سەر سووریە و هەوڵی دەدا کە ئێران زیاتر لەو شەڕە بگلێنێ هەتا بتوانێ "دەستکەوتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران" واتە "بەرجام" لەنێو بەرێ. ئەو نایشارێتەوە کەسێکی دیکەش لە سەرەوە یزەریف سێبەری دیار بووە، ئەویش قاسم سلێمانی بوو. ئەو دەگەڵ ڕوسەکان دانیشتنی تایبەتیی هەبووە و پڕۆژەی هاوبەشی نیزامی و ئەمنییەتییان هەبووە و لەویش بترازێ "عەلی ئەکبەر ولایەتی"، ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی خامنەییش لە مەیدان‌دا بووە. کەوابوو هەم لە بواری نیزامی و هەمژی لە دیپڵۆماسی‌دا دوو کەسی دیکە لە سەرەوەی زەریف ڕۆڵیان بووە، بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەو دیمەنەیە کە زەریف لە قاسم سولێمانی وێنای دەکا. زەریف وا دەنوێنێ کە سولێمانی بەجۆرێک پیاوی ڕووسەکان بووە و تەنانەت ئەوان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران قورساییان هەبووە و خەتیان داوەتێ. ئەو لە قسەکانی‌دا زۆرجار ئاماژە بەوە دەکا کە، دوای ڕێککەوتنی بەرجام هیچکات نەیتوانیوە سولێمانی وەک فەرماندەی مەیدان لەسەر شەڕە ناوچەییەکان بگەیەنێتە ئەو قەناعەتە کە یارمەتییەک بە دیپڵۆماسی بکا و بەتەوسەوە دەڵی: بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردەر لە ئێران شوێنکەوتووی ڕەوتی "مەیدان"ن، چونکە لەم وڵاتە مەیدانە کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە و کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە. ئەو دەسەڵاتەی کە لە شەڕی یەمەن سەرجەم هێزەکانی سپای قودس و دەوڵەت و دەزگای دیپڵۆماسیی بەدوای خۆی‌دا ڕاکێشا و لە کێشەی سووریەش بەدوای خواست و "ئیرادە"ی ڕووسیەدا چوو. بەوپێیە خواستی ڕووسیە تەنیا دزەکردن لە سیاسەتی ئێران (بەیتی ڕێبەری)‌ نەبووە، بەڵکوو ئەوان کارگێڕ و پیادەنیزامیشیان بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانیان لە مەیدان‌دا هەبووە.

لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە دروشمی "نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی" کە ئێستاش بەسەر دەرگای وەزارەتی دەرەوەدا هەڵاوەسراوە، بەڕواڵەت سیاسەتی ڕەسمیی ڕێژیم بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی‌دا خامنەیی بە لای "ڕۆژهەڵات- چین و ڕووسیە"دا شکاوەتەوە کە بەرهەمەکەی هاوکاریی ئێران و ڕووسیە لە سووریە یان گرێبەستی هاوکاریی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین بەجێگای، "ڕوانینی ڕۆژئاوا" کە بەرهەمەکەی "بەرجام" بوو، ئاقارێکی تازەتری بەخۆوە گرتووە.

هەڵبژاردن

بۆچوونێک هەیە کە پێی‌وایە بڵاوکردنەوەی ئەو فایلە دەنگییە پڕۆژەی خودی نیزام بووە و بە ئانقەست ئەو هاتوهوریایەیان ساز کردووە و ئەمە بە ڕەوتێکی بەلاڕێدابەری خەڵک لە بەربەرە هەڵبژاردنەکانی بەهاری ئەمساڵ‌دا  دەزانێ. دوای بەشداریی زۆر لاوازی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕەشەممەی ڕابردوو (پاڕڵمان) ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێران بەشیوەیەکی زۆر تەکووزمەندتر هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بایکۆت بکەن و بەمجۆرە شەرعییەتی ڕێژیم جارێکی دیکەش لە نێوخۆ و دنیای دەرەوە بچێتە ژێر پرسیار. ئەو بۆچوونە لەسەر ئەو باوەڕەیە زەریف بە قسەکانی دەیەوێ پەیامێک بداتە خەڵک کە، لەو سیستەمەدا دوو ڕەوتی دژبەیەک بوونی هەیە، ڕەوتێک کە خامنەیی و سپای پاسداران نوێنەرایەتیی دەکەن و هەموو نەهامەتییەکانی وڵات لە سۆنگەی شێوەی ئیدارەکردنی وڵات لەلایەن ئەوانە و،  لەبەرامبەردا "ڕێفۆرم‌خوازەکان"هەن کە بە شێوازێکی نەرم، پێشکەوتوو، نیشتمانی و بە ڕوانینی دیپڵۆماسی هەوڵی چارەسەری کێشەکانی وڵات دەدا.  ئامانجی سەرەکیش هاندانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە.

بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە پێی‌وایە ناکرێ تەواوەتیی نیزام لەگەڵ ئەم سیناریۆیە بووبێ، چونکی بەو لێفە هەڵدانەوەیە و هەموو ئەو شتانەی هاتوونەتە سەر بەڕە. زیانباری سەرەکی تەنیا دەتوانی خودی کۆماری ئیسلامی بێ.

بزووتنەوەی کورد و دوکتورینی کۆماری ئیسلامی

هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی باوەڕی بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران بووە. بۆ ئەو مەبەستەش بە کردەوە گەورەترین باجی داوە. ئەگەرچی پێشتریش خوێندنەوەی ئۆپۆزسیۆن هەر ڕێک ئەوە بوو کە زەریف خۆیای دەکا، بەڵام بە هەڵسەنگاندنی قسەکانی ناوبراو بەتایبەت لەهەمبەر تێرمی، هێزی "مەیدان" و "دیپڵۆماسی" جارێکی دیکە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران سیستەمێکی "مەیدانی"یە و لە "دیپڵۆماسی"ـیش وەک ئامرازی فریو کەڵک وەردەگرێ. ڕێژیمی ئێران وێڕای هەموو ئەو کێشە و ئاڵۆزییانەی نێوخۆ نیزامێکی یەک‌دەستە و هیچ دەرفەتێک بە "دیپڵۆماسی"ـی ڕاستەقینە و سیاسەتی "دیالۆگ" بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کە هیچ باوەڕی پێیان نییە، نادا و لە هەمان کات‌دا بۆ مانەوەی ئەم دەستەڵاتە هەموو هەوڵێکی یاسایی و نامرۆڤانە دەدا.