کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجە دیار و نادیارەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی توندڕەوی ئایینی لە کوردستان

16:43 - 1 جۆزەردان 2721

جموجۆڵی تاقم و گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان کە بە ناو و لقی جیاجیا و بە ناوی پێڕەوی لە ئایینی ئیسلامەوە نزیک بە دوو دەیەیە لە هێندێک شار و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن، هەست‌پێکراو بوون. ئەمانە کە هەر کامەیان سەر بە ڕەوتێکی توندئاژۆی ناچەکەن، تا پێش لە پەیدابوونی داعش، ڕێبازێکی تەبلیغییان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکیان بەرەو خۆیان گرتبووە بەر و کەمتر خۆیان ئاشکرا دەکرد. دوای بشێوییەکانی سووریە و سەرهەڵدانی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام (داعش) و هێرشیان بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە و یەک لەوان وڵاتی عێڕاق و هەرێمی باشووری کوردستان، بەشێک لەم گرووپانە کە ناوکیان وەسڵی تێڕوانین و خوێندنەوەکانی داعش بوون، سەریان هەڵینا و تاک و تەرا پەیوەست بە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە بوون کە بەشی هەرە زۆریان یا تێداچوون یان لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە دەستبەر کران. ئەو بەشانەش کە لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا مابوونەوە و خەڵکیان بۆ چوونە نێو ڕیزەکانی داعش هان دەدا لە گەڵ ئەوەیکە ئامانجدارانە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاوپۆشی لە جموجۆڵەکانیان دەکرا، هێندێکیان – دیسان ئامانجدارانە – ماوە ماوە دەستبەسەر دەکران و هەر زوو بەڕەڵڵا دەکران. دوای لاوازبوونی داعش و تا ڕادەیەک نەمانی لە سنوورەکانی نزیک بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم تاقمە توندڕەوانە کە خۆیان بە سەلەفی دەزانن و ئەرکیان گەڕاندنەوەی خەڵک و کۆمەڵگە بۆ دواکەوتوویی و کۆنەپەرەستییە، ڕووی هێرش و توندڕەوییەکانیان کردە خەڵکی کوردستان و بە ناوی دین و لە ڕێگای هەڕەشەی مەرگ و جیهادەوە، قۆناغێکی دیکە لە خۆ دەرخستن و جموجۆڵیان دەست پێ کرد. ئەم تاقم و گرووپە توندڕەوانە کە بێ‌گومان هیچ پێگە و ئاخێزگەیەکی فکری و کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵی کوردەواریدا نییە و هەر جارە و ناوکیان وەسڵی ڕەوتێکی توندڕەوی ناوچەکەیە و لە پاشخانی فکریی فەندەمێنالیزمی دەسکرد و گوماناوییەوە، بە ناوی دین و پیرۆزییەکانەوە کاوێژی هێندێک فکری ڕەش و ئاڵۆزی بێ بنەما دەکەن، هەموو هەوڵیان تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستانە. ئەو ڕەفتارانەی کە ئەم گرووپانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە خۆیان نیشان داوە؛ چ لە مینبەری مزگەوتەکان و کۆبوونەوە داخراوەکانیان و چ بە ڕەفتار و کردەوەکانیان، هەموو لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ڕق و قین و ئاژاوەگێڕی و نانەوەی دووبەرەکی و بەگژیەکدا کردن بووە. هەوڵی بێ‌ڕیزی‌کردن بە کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانپەرەوەرەکانیان داوە، بێ‌حورمەتییان بە خێزان و بنەماڵە و پێگەی ژن لە کۆمەڵی کوردستان کردووە، منداڵان و مێرمنداڵانیان هان داوە لە ماڵەوە بێڕێزی بە بیروباوەڕی گەورەکانیان بکەن و بە کافریان بزانن، بە گوتار و خیتابی بێ بنەما و درۆزنانە هەوڵی سووک‌نیشاندانی داب و نەریتەکانی کۆمەڵی کوردەوارییان داوە و پێڕەوی کردن لەم داب و نەریتانەیان بە کوفر زانیوە و لە کۆتاییدا بە درۆ هەڵبەستن و ئاوەژوو نیشاندانی قۆڕئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری گەورەی موسڵمانانەوە (درودی خوای لێ بێت) قسە لە جیهاد و بە حەڵاڵ زانینی خوێنی خەڵک دەکەن. بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی مەریوان و سەقز، کەسانێک سەر بەم تاقمە دڵ ڕەش و توندڕەوانە هێرشیان کردە سەر خەڵک و بە قەمە و چەقۆ چەند هاونیشتمانییەکیان بە توندی بریندار کرد. ئەوەندەی پێوەندی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمە کە لە هەموو کەس و لایەنێکی دیکە باشتر ئاگاداری بوون و جموجۆڵی ئەم تاقم و گرووپانە هەن، نەتەنیا بە ئاشکرا چاوپۆشی لە هەڕەشەکانیان بۆ سەر خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن، بگرە ڕاستەوخۆ مودیرییەتی جوڵە و ڕەفتارەکانیان دژ بەم خەڵک و خاکە دەکەن. کۆمەڵگەی کوردستان کە زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکەکەی دیندار و باوەڕمەند بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەکانی دیکەن، بە خۆشییەوە بێبەری لە کولتووری توندڕەوییە. کوردستان کە کۆمەڵگەیەکی فرەجۆری زاراوەیی، ناوچەیی، کلتووی و ئایینی‌یە، بە درێژایی سەدان ساڵ نموونەیەکی باش و سەرکەوتووی لە پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵکردن نیشان داوە. ئەم نیشتمانە کە نیوە بە نیوە لە نەوەدلەسەدی دانیشتووانی شیعە و سوننین، وەک نەتەوەیەک بەوپەڕی ڕێز و یەکتر قبووڵکردنەوە پێکەوە دەژین و پەیڕەوانی ئایین و مەسلەکەکانی دیکە ئازادانە ڕێوڕەسمی مەزهەبیی خۆیان بەڕێوە دەبەن. یەکتر قەبووڵ‌کردن و ڕێزگرتن له بیروبۆچوونی جیاواز لە هەموو بەستێنەکاندا، بووەتە بەشێک لە پێناسەی ئەمڕۆی کۆمەڵی کوردەواری. نیشتمانی کوردستان و خەڵکی کورد بەم خەسڵەتە مودێرن و ئەمڕۆژیانەوە کە هەیەتی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاومەرامە دڵ‌ڕەشەکانی، بۆتە چقڵ و چاویان بەرایی دیتنی پێشکەوتنی نییە. بۆیە بە هەموو شێوەیەک و یەک لەوان بە ناوی دینەوە - وەک سەدان ساڵە لە هەوڵدان و بۆیان جێبەجێ نەبووە- کوردستان وەک وڵاتانی دەورووبەر بکەنە مەکۆی توندڕەوی و دووبەرەکی تێدا بنێنەوە. بارودۆخێک کە ئەم‌ڕۆژانە خەڵکی وڵاتانی سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن و فەلەستینی تێدا دەژین و وڵاتەکانیان بووەتە وێرانە و توندڕەویی مەزهەبیی تیایدا جەولانیەتی، هەر هەمووی بەرهەمی عەقڵیەتێکە کە تاقم و گرووپە توندڕەوەکانی هەڵتۆقیو لە هێندێک له شار و ناوچەکانی کوردستان، پەیڕەوییان لێ دەکەن. ئەوان بە پشتیوانی و هاندانی دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە هەموو شەڕ و بشێوییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە، مەبەستیان ئەوەیە توندڕەوی لە کوردستاندا پەرە پێ بدەن و لە داهاتوو و لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکدا بەرەو چارەنووسی ئەو وڵاتانەی بەرن کە هەر ئێستا ڕۆژانە وێران دەبن و بە هەزاران خەڵکیان تێدا دەبێتە قوربانی. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەمیشە ئاگاداری ئەم پیلانانە بن و هوشیارانە و یەکگرتووانە بە گژ ئەم تاقم و توندڕەوانەدا بچنەوە کە هیچ فڕێکیان بە دین و ئیمانەوە نییە و کوێرکوێرانە و نەزانانە بوونەتە داردەستی ڕەوت و جەریان و دەوڵەتانی دوژمن بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن و پێکەوە ژیان. لەم پێوەندییەدا ئەرکی مامۆستایانی ئایینیی دەروەست لە هەمووان قورس و گرانترە و لە ئەستۆیانە کە لە لایەک داکۆکی لە ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵی کوردەواری بکەن و لە لایەکی دیکەش ئیزن نەدەن کەسانی بیر تەسک و دڵ‌ڕەش بە ئاوەژووکردنەوەی مانا و پەیامەکانی دین، تۆوی توندڕەوی و دوبەرەکی لە کۆمەڵگەدا بچێنن.