کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕواڵەتی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی ڕواڵەتی

17:00 - 1 جۆزەردان 2721

بایەخ‌دان بە کۆمەڵگە و ڕێزلێنان لە ئیرادەی گشتی خەڵک، تۆخمی سەرەکی ئەو دەوڵەتانەیە کە بەشێوەی دێموکراتیک هاتوونەتە سەر کار و، هەبوونی بیروبۆچوونی جیاواز لە سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی گەلی و دێموکراتیکدا ڕمێنی هەیە. هەڵبژاردنیش یەک لە بنەما سەرەکییەکانی دێموکراسییە کە لەودا خەڵک بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری دڵخوازی خۆیان چ وەک سەرکۆمار یان نوێنەری پارڵمان بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی حوکمڕانیی وڵات ئیرادەی خۆیان بەکار دێنن و لێکەوتەیەکی دیکەی هەڵبژاردنیش ئەوەیە کە دەسەڵات تەنیا لە پاوانی کەسێک یان ڕەوتێکدا نامێنێ و حیزب و ڕێکخراوی سیاسی جۆراوجۆر بەپێی بەرنامەی خۆیان و ڕادەی متمانەی خەڵک دەتوانن ئەکتەری ئەم پێشبڕکێیە بن. ئەمە بە مانایەکی تر یانی دەستاودەست کردنی دەسەڵات. بەڵام ئایا هەڵبژاردن تەنیا پێوەندیی بە وڵاتانی دێموکراتیکەوە هەیە؟ نەخێر. چونکی کەم نین وڵاتانێک کە نیزامی سیاسیی توتالیتێر و دیکتاتۆر بەسەریاندا زاڵە و دەسەڵات لەو وڵاتانە ڕێ بە گەمەی هەڵبژاردنیش دەدەن بۆوەی ڕواڵەتێکی دێموکراتیک بە خۆیان ببەخشن. بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی ڕواڵەتی بەڕێوە دەبەن و ئاکامی سندووقەکانیش پێشوەختە دیاری کراون. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەو وڵاتانەیە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە پێشگری کۆماریی پێوە لکاوە، لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بەڕواڵەت زۆر هەڵبژاردنی جۆراوجۆری لە ئاستی سەرکۆمار، نوێنەرانی مەجلیس، شوڕای شار و... دا بەڕێوە بردووە، هەمووش بۆ ئەوە بووە ڕواڵەتێکی دێموکراتیک لەپێناو نیشاندانی شەرعییەتی سیاسی لەڕێگەی بەشداریی خەڵکەوە بە خۆی بدا. بەڵام لەو نێوەدا خەڵک تەنیا ئامرازی وەرگرتنی ئەو ڕواییەتە درۆیینە بوون کە بیروڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێ هەڵخەڵەتێندراوە. چونکی هەم بەپێی یاسا و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و هەم هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی، ئاکامی هەڵبژاردنەکان پێشوەختە دیاری کراون. بۆ وێنە کاتێک ڕێژیم پێویستیی بە ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بووە "خاتەمی"یەک ئەو بۆشاییەی پڕ کردووەتەوە و ئەگەر حەوجێ بە کەسێکی توندڕەو بووە، جڵەوی کارەکە بە "ئەحمەدی‌نیژاد"ێک سپێردراوە، جا با دواتریش بە میلیۆن کەس ڕژابێتنە سەر شەقام و دروشمیان بەرز کردبێتەوە کە "کوا دەنگەکەی من"؟ کۆماری ئیسلامی بەڕواڵەت و لە ناودا کۆمارییە، بەڵام لەنێوەرۆک‌دا توتالیتێر، بەو مانایە کە ئیرادەی خەڵک لە هیچ کوێ ڕەنگدانەوەی نییە و ڕیبەری نیزام لە سەرووی هەمووانەوە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لەپاوان‌دایە و تەنیا خۆی بڕیاردەری سەرەکییە لە هەموو بوارەکاندا. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ نوێنەری مەجلیس، سەرکۆمار و نوێنەری مەجلیسی خوبرەگان دەپاڵێون، دەبێ بە فیلتێری شۆڕای نیگابان‌دا تێپەڕن. ١٢ ئەندامەکەی ئەم شووڕایەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەریی ڕێژیمەوە هەڵدەبژێردرێن. بۆیە پێچەوانەی وڵاتانی دی نە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ چاوەدێری و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بوونی هەیە، نە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش شوێندانەر و یەکلاییکەرەوە. بەڵام ئەدی بەشداریی خەڵک لە سۆنگەی چییەوە؟ هیوا بە گۆڕانکاری و وادە و بەڵینی ڕەوتی ڕێفۆڕمخوازی بە چاکسازی لە قەوارەی دەسەڵات‌دا زۆر جاران خەڵکی هیوادار کردووە و ڕەکیشی سندووقەکانی دەنگدانی کردوون. گەلێک جاریش بەشداریی خەڵک بۆ "نا" گوتن بە مۆرەی دەستنیشان‌کراو و دڵخوازی نیزام بووە. وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە نێوان کەسێکی نەناسراوی وەک ئەحمەد تەوەکولی و هاشم ڕەفسەنجانی‌دا، لە کوردستان ئەحمەد تەوەکولی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان دەباتەوە. واتە بەشداریی خەڵک کردە و ڕەفتارێکی سیاسییە. بەڵام بێهیوایی خەڵک لە رێفۆڕمخوازان و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان چەند ساڵێکە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی بە ئاقارێکی دیکەدا بردووە. خەڵک کە تەمابڕاوی ڕێفۆڕمخوازانی دەسەڵات بوون، لە مێژە دروشمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان لە سەرشەقام بووەتە "اصلاح‌طلب، اصولگرا، دیگە تمام ماجرا". واتە تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی. هەر ئەوەش بوو وایکرد کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی مەجلیس‌دا بەشداریی زۆر کەمی خەڵک (کەمتر لە سەدا ٤٠) بەتەواوی لەچاو بدا. بابەتێک کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵیشدا بێگومان هەم دووپات دەبێتەوە، هەم ڕێژەی زۆر کەمتر لەوەندەش بەشداریی ئەم ڕواڵەت‌سازییەی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەمەش هیچ مانایەکی دیکەی لێ وەرناگیرێ جیا لە ڕێفڕاندۆمی "نا" بە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی. دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەمجارەیان پێناچی زۆر بە خەمی بەشداریی بەرچاوی خەڵکەوە بێ، چونکی پەتای "کۆرۆنا"شی وەک کارتێک بە دەستەوەیە. ڕێژیمێک کە شەرعییەتەکەی لە خەڵک وەرناگرێ، بەڵکوو بە سەرکوت و زەبروزەنگ بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، ئەم شانۆگەرییەی هەر بۆ ڕواڵەت‌سازی دەوێ و گرینگە لێرەدا کە خەڵک ئیزنی ئەم ڕواڵەت‌سازییەشی نەدەنێ. بۆوەی بەمە پەیامێک بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدرێ کە ئەو ڕێژیمەی ئەوان لەگەڵ ساتوسەودایانە، هیچ پێگە و شەرعییەتێکی خەڵکیی نییە. بۆیە تەنیا کارێک کە خەڵک ئێستا پێویستە بیکەن گوتنی "نا"یەکی دیکە بە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمەیە.