کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووڕی باتڵی هەڵبژاردنەکان لە ئێران و ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن

17:03 - 1 جۆزەردان 2721

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی، دەورەی دەسەڵاتدارەتیی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانیی کە وەک هەموو دەورەکانی پێشوو بە دنیایەک وادە و بەڵێنەوە هاتە سەرکار تێپەڕ کرد. زۆر باش بۆ خەڵک ڕوونە کە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان لەم ڕێژیمەدا، کە بە تۆمەتبارکردنی سەرۆک‌کۆماری پێشووتر بەوەی کە بە نەزانی و بێ بەرنامەیی وڵاتیان ئیدارە کردووە و ژیانی خەڵکیان بەلاوە گرینگ نەبووە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە. بەڵام هیچ کامیان نە باشتربوون لەوی پێشوو، نە توانیویانە گۆڕانکارییەک کە کاریگەری لەسەر باشترکردنی ژیانی خەڵک بووبێ دروست بکەن. جگە لەوەی کە قسەکانیان و شێوازی درۆ و بەلاڕێدابردنی خەڵک لە نێوانیاندا جیاوازی هەبووە، لە کار و کردەوەیاندا هیچ جیاوازییەک نەبیندراوە. لەم دەورەش لە دەسەڵاتدارەتیی ڕووحانیدا ئەوەی نەسیبی خەڵک بوو، زیاتربوونی ڕێژەی هەژاری، بێکاری، ئێعتیاد و پەرەسەندنی نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانە کە بەشی زۆری خەڵکی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە بە دانپێدانانی بەرپرسانی حکوومەتی دزی و ڕانت‌خۆری و فەساد لە هەموو بوارێکدا بووەتە بەشێک لە ژیان و کاروکەسبی دەسەڵاتداران و ئاغازادەکانیان. بە ڕادەیەک کە دەیان و سەدان هەزار میلیارد تمەن و بگرە زیاتر لە سامان و سەرمایەی وڵات چووەتە گیرفانی ئەوان و بەشێکی زۆری لە وڵات چووەتە دەر و لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتیدا سەرمایەگوزاریی تایبەتی بۆ خۆیان پێ کراوە. سەبارەت بەو بابەتەش جاروبار بۆ ئەوەی تووڕەیی خەڵک دامرکێنن بە ناوی خەبات لە دژی فەساد، چەند کەسێکی خوارووتر دەکەنە قوربانی، یا نێویان دەردەخەن یان زیندانی دەکرێن و دوایەش دیار نییە کە چۆن ئەو سەرمایە دەگێڕنەوە. ئەمەش لە کاتێک‌دایە کە ساڵانێکە دامودەزگا و بنیادەکانی سەر بە ڕێبەری و سپای پاسداران  تەنیا بە مەبەستی پڕکردنی گیرفانی خۆیان و خەرجی بەرنامە شەڕەنگێز و سەرکوتکارانەکەیان دەستیان بەسەر زۆربەی سەرچاوەکانی داهاتی ئێراندا گرتووە و بۆخۆیان بەبێ ئەوەی بەرامبەر بە کەس وڵامدەر بن بەکاری دێنن. هیچ گومان لەوەشدا نییە کە هۆکاری تەواوی ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران هاتووە تەنیا بوونی ڕێژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئێسلامییە کە ڕێبەرەکانی لەسەر هەتا خوار جگە لە مانەوەی دەسەڵاتەکەیان و درێژەی تەمەنی دەسەڵاتدارییان بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە. لەگەڵ ئەوانەش سیاسەتی خۆبەزلزانانەی خۆپڕچەککردن لە بواری ناوکی و مووشەکییەوە کە بە ناوی بەهێزکردنی سیاسەتی بەرگری بەڕێوە دەچی، بووەتە بارگرانییەکی دیکە لەسەر شانی خەڵک. پێداگری لەسەر درێژەی ئەم پڕۆژانە کە بە سەدان میلیارد دۆلاری تێچووە جگە لە بە خەساردانی سامانێکی زۆری خەڵک، لەمێژ ساڵە بووەتە هۆی وەدەنگ‌هاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەم وڵاتەدا لە ڕێگەی تەحریمە ئابوورییەکانەوە. هەموو کەس دەزانێ و ئێستا دەسەڵاتدارانی حکوومەتییش ددانی پێدادەنێن کە ئەم سزایانە چ ئاسەوارێکی خراپی لە سەر ئێران و وەپاشکەوتنی هەبووە. لە خۆڕا نەبوو کە لە ساڵی ڕابردوودا هیوایان بە گوڕینی دەسەڵات سیاسی لە ئەمریکا بوو و هەتا ئێستاش چاوی هومێدیان لەسەر جوزێف بایدن، سەرۆکی تازەی ئەمریکا هەڵنەگرتووە بەڵکوو گۆڕانێک بێتە پێش و لەگەڵیان ڕێگەی سازان بگرێتە بەر کە هەتا ئێستاش دیار نییە ئەم چاوەڕوانییانە چی لێ شین دەبێتەوە. ئەگەر قسەکانی جەواد زەریف بە هێند وەرگیرێن دەردەکەوێ کە ڕۆڵی خامنەیی و دەسەڵاتی سپای پاسداران لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەدا، ڕێگەیەکی دژواریان بۆ ڕێککەوتن لەبەردەم‌دایە مەگەر بە تەسلیم‌بوونێکی دیکەیان بەرامبەر ڕۆژاوا. لە دۆخێکی ئاوا نالەباردا کە هەم لە دەرەوە و بە تایبەت لە نێوخۆدا ناڕەزایەتی و فشارێکی زۆریان لەسەرە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دیسانیش بە درێژەدان بە سەرکوت و زەبروزەنگ، لە گرتن و ئەشکەنجە و لەداردان بگرە هەتا کوشتنی نەیارانی، هەوڵی کپ‌کردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان کە بە زۆری کوردستانیشی گرتوەتەوە دەدا و وادیارە ئەمەی وەک تاکە ڕێگەی بەردەمیان بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان دەبینن. بەڵام سەرەڕای ئەم زەبروزەنگە ئەوان نایانتوانیوە خەڵک سەرکوت بکەن و جگە لە دەربڕینی ڕۆژانەی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو شوێنێکی ئێران، دەنگی دلێری ئازادیخوازان و داوای نەمانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ بەرزتر بووەتەوە و پەرەی گرتووە. لە هەلومەرجێکی وا هەستیاردا گرینگە کە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی وردتر دۆخەکە هەڵسەنگێنن و بە بیرکردنەوە لە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بەرەو داواکاری خەڵک بڕۆن. بە جۆرێک کە بتوانن کەلێنی نەبوونی ئاڵترناتیوی کۆماری ئیسلامی پڕ بکەنەوە و بەمجۆرە هومێدێکی زیاتر بە دژبەرانی ڕێژیم ببەخشن. بە تایبەت ئیستا کە مەسەلەی هەڵبژاردن لە ئارادایە و خەڵک بە دەربڕینی بێزاری خۆیان هومێدێکیان بە ئەم یا ئەو هەڵبژاردە نییە، دەبێ بە نیشاندانی یەکڕیزی هانی ئەو خەڵکە بدرێ کە بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی ڕیزی خۆیان لە ڕیزی ئەو کەسانەی دەستیان لە برسی کردنی منداڵەکانیان و زیندانی کردن و کوشتنی ئەواندا هەیە، دەنگی نا بۆ کۆماری ئیسلامی بکەنە پەیامێکی گشتی و بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو جیهانی بگەیەنن. ئەوەمان لە بیربێ کە ئەگەر ڕێژیم هەمیشە هەوڵی داوە دەنگ‌وەرگرتنی خەڵکی تەنیا بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە دەسەڵاتەکەیان بەکار بێنن و دواتر هیچ گرنگییەکی بەو دەنگانە نەداوە، ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بەم دەنگانەیە هەتا دیسان مەشرووعییەتی لەدەستچووی بە چاوی دنیادا بداتەوە. کەوابوو ئەرکی ئەمجارەی هەموو لایەک گرنکتر و کاریگەرتر دەبێ و پێویستە هەموو کەس لە بەرامبەریدا خۆی بە بەرپرسیار بزانێ. لە کوردستانیش بێگومان ئەرکی هێزە سیاسییەکان و بە تایبەت ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە نوێنەرایەتیی دەنگی زۆربەی خەڵکی کوردستان دەکا چ لە پێوەندی مەسەلەی هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو و تەنانەت بۆ گۆڕانکارییەکانی بەردەمیان دەبێ هەوڵی زیاتر بۆ یەکڕیزی خۆیان و خەڵکی کوردستان بدەن و هەوڵ بدەن کاریگەرییان لەسەر هەر ڕووداوێک هەبێ. بێگومان جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی بە یەکڕیزی زیاترەوە هەلی سەرکەوتنی باشتری بۆ دەڕەخسێ و ئەمەش ئەرکەکان دیارتر و زیاتر دەکا.