کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ئاژاوەی سەلەفییە جیهادییەکان لە کوردستان بە پشتیوانیی ڕێژیم

14:29 - 3 جۆزەردان 2721

لە درێژەی ئاژاوە گێڕی و هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە لایەن سەلەفییە جیهادییەکانەوە لە کوردستان ئەمجارەیان ئەو گرووپە توندئاژۆە مەزهەبییە لە شاری سنە هێرشیان کردۆتە سەر خەڵک و چەندین کەسیان بریندار کردووە. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی یه‌ک‌شه‌ممه تاقمێک سه‌له‌فی له گه‌رەکی حاجی ئاوا و مه‌یان شۆرای شاری سنه به سووڕانەوە به ماتۆرسیکلت و شمشێربەدەست ، هه‌ڕەشه‌یان له خه‌ڵکی ئاسایی دە‌که‌ن و پاش ئه‌وەیکە لاوان و خه‌ڵکی شاری سنە به گژیان دە‌چنه‌وە تێکهه‌ڵچوون ڕوو دەدا و چەندین کەس لە دو لایەن بریندار دەبن. ئه‌مه له حاڵێکدایه که هێزەکانی ڕێژیم له شوێنی ڕووداوەکەدا بوون بەڵام تەنیا سەیرکەری ئەو تێکهەڵچوونە بوون. پاشان بریندارەکان دەگوازنه‌وە بۆ نه‌خۆشخانه‌ی که‌وسه‌ری سنه و دواتر تاقمێک له سه‌له‌فییه‌کان هێرش دە‌به‌نە سەر نه‌خۆشخانه‌ی کەوسه‌ر و داوا دە‌که‌ن که ئه‌و چه‌ند سه‌له‌فییه کە بریندارن له‌گه‌ڵ خۆیان ببەن و بەو هۆیەوە دیسان ئاڵۆزیی ساز دەبێ و دەگوترێ کە دەنگی تەقەش بیستراوە. شایانی باسە کە پێشتریش بە پیلان و پشتیوانیی ڕێژیم لە شارەکانی مەریوان، سەقز و سنە سەلەفییە جیهادییەکان وەگیانی خەڵک وەردراون و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکیشیان کوشتووە.