کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسییە ورد و درشتەکانی سەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

04:17 - 16 جۆزەردان 2721

دەرفەت و خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکان لە نەبوونی ئیستراتێژی و نایەکگرتوویی‌دا دەبنه مەترسی و، هەڕەشه لە شوناس و مەوجوودیەت دەکەن. کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاکەکەی هەڵگری کۆمەڵێک درفەتی جۆراوجۆری وەک هەڵکەوتەی جۆغرافیایی، فرەجۆری لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و زاراوەیی و ئاستێک لە گەشەسەندوویی وشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە. چاوەڕوان دەکرێ ئەم دەرفەتانە لە کۆتایی‌دا قازانجی نەتەوەییان لێ بکەوێتەوە و کورد وەک سامانێک، داهاتوویەکی باشی لەسەر بنیات بنێ. بەڵام گومانی تێدا نییە ئەم دەرفەتانه کاتێک بۆ کورد دەبنە بژیو کە بتوانێ کەڵکیان لێ وەربگرێ و له ژێر ڕووناکایی ستراتێژییەکی ڕوونی هەمەلایەنەدا مودیرییەت بکرێن. خۆ ئەگەر بێتوو ئەمەش نەکرێ دەرفەتەکان دەبنه هەڕەشە و مەترسی کە جیا لە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگه ناکرێ چاوەڕوانیی دیکەی لێ بکرێ. ***   تا ئێستایشی لەگەڵ بێ، پێکهاتە جۆراوجۆر و فرەییەکەی کوردستانمان به دەرفەت و خاڵی بەهێز شوبهاندوە؛ فرە زاراوەییمان به بنەمایەکی بەهێز بۆ دەوڵەمەندبوونی زمانی کوردی زانیوە، فرە ئایینیمان لەپێناو پێکەوە ژیانێکی پڕ لە ئەخلاق و مەعنەویەتی کۆمەڵگەکەمان‌ به دەرفەتێک زانیوە، بوونی تایفه و هۆز و عەشیرە جۆراوجۆرەکانمان لە کۆمەڵی کوردەواری‌دا نە تەنیا به مەترسییەک بۆ سەر پرۆسەی نەتەوەسازی نەزانیوە، بەڵکو پێمان وابووە بوون و وجوودیان دەتوانێ تان وپۆی نەتەوەییمان ڕەنگین و ڕازاوە بکات. جێرانەتی و تێکەڵاوییمان لەگەڵ نەتەوەکانی دەورووبەر -بۆ نموونە لە گەڵ ئازەرییەکان- لە خانەی پێکەوە هەڵکردن و ئیدارەکردنی هاوبەش و ڕێزگرتن لە ئیرادەی یەکتر هەلسەنگاندوە. بەڵام بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە هەموو ئەو بەستێنانەدا ئەم دەرفەت و خاڵە بەهێزانە دوێنێمان، خەریکە دەگۆڕدرێن به خاڵی پڕ لە مەترسی و، هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان. توندڕەوی ئایینی، شەڕی عەشیرەیی، پەرەسەندنی توندڕەوی و هەستی شۆڤێنیستی و زاراوەگەرایی، خەریکە جێ بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتەوایی و برایەتی، هەمگەرایی نەتەوەیی، زەرورەتی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و هەوڵدان بۆ دروست‌کردنی زمانی ستاندارد، لێژ دەکا. ئەگەر هەر تەنیا باس لەو ڕووداوانه بکەین کە تەنیا لە ماوەی یک مانگی ڕابردوودا ڕوویان داوە و ئێستاش بەردەوامن و بە فاکتیان بگرین، دەبێ هەست به جۆرێک لە مەترسی بکەین: دەرکەوتنی کۆمەڵە ڕەوتێکی توندڕەوی سەر بە لایەنێکی ئایینی لە شارەکانی کوردستان کە بە ڕۆژی ڕوون بانگەشەی جیهاد و هەڕەشەی کوشتن له دژی خەڵک دەکەن. گرژی و ئاڵۆزیی نێوان دوو عەشیرەی قەڵخانی و جاف لە دەشتی زەهاوی پارێزگای کرماشان کە بەداخەوە خوێن‌ڕشتنی لێ کەوتەوە. هێرش و بێڕێزیی ئازەرییەکان به کورد لە پارێزگای ورمێ و پەرەسەندنی هەستی شۆڤێنیستیی تورک کە بە ئاشکرا توڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوەتەوە. ئەمانه نمونەگەلێکی ئاشکران لەو مەترسییانەی کە باسمان کرد. لە پێوەندی لەگەڵ هۆکارەکان و ئەوەی کە ئەم ڕووداوانه چۆن لە حاڵەتەوە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان‌دا بوونەتە دیاردە، زۆر جار باس کراوە و زۆرترین ئاماژەکانیش ڕوویان لە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و هەیە. هێچ گومانی تێدا نییە کە دەزگا فکری و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی به ئاشکرا و نهێنی له بڵێسەسەندنی ئاوری ئەم مەترسییەکان بۆ سەر کوردستان‌دا دەستیان هەیە و نەوت بە ئاورەکەدا دەکەن؛ بە شێوەیەکی سیستماتیک و لە ڕێگای هێندێک دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتووی ناوچەکەوە، تۆی دووبەرەکایەتی لەنێو ئازەرییەکان و کوردەکان‌دا دەچێنێ، سپای پاسداران لە ڕێگای دەست و پێوەندی خۆیەوە قەڵخانییەکان و جافەکان لێک هان دەدا و لانیکەم بە چاوپۆشی لە جموجۆڵی تاقم و گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان پەیامی ڕەشی هەڕەشە بۆ سەر تەبایی کۆمەڵی کوردەواری بڵاو دەکاتەوە و لە رێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە کە بۆ پارێزگا و ناوچە کوردستانییەکانی داناوە، هەوڵی شێواندنی زمان و زاراوەکانی کوردی دەدا. کەوابوو پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ پەرەپێدان بە مەترسییەکانی سەر کوردستان لە کەس شاراوە نییە. بەڵام کورت‌کردنەوەی هۆکارەکان تەنیا لە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم و دوژمنانی دیکەی کورد‌دا، دەتوانێ لە نەوعی خۆی‌دا مەترسییەکەی پڕخەساری دیکەی سەر کورد و کوردستان بێت. با دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە خۆێشمان وەک کورد بە هەموو ڕەوت و ڕەهەندێکەوە هۆکار و خەتابارین. لەسەر ئاستی گشتیی کۆمەڵی کوردەواری و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان‌دا، بەرنامەیەکی ڕوون و گشتگیری وڵامدەر (ستراتێژیی نەتەوەیی) بوونی نییە. بە خولانەوە و خۆ‌نوقم‌کردن لە بازنەیەکی بەرتەسکی ڕووداوەکانی ڕۆژ‌دا، دوورە دیمەنەکان بە تەواوی لێڵ و ناڕوون دیارن. بۆیە بە قووڵی هەست بە کاریگەریی ڕووداوەکان ناکرێ و هیچ ئیرادەیەک بۆ وڵامدانەوە به پێشهاتەکانی دواڕۆژ بوونی نییە. لە نەبوونی ستراتیژیی‌ نەتەوەیی‌دا؛ بەرژەوەندیی گشتی به لەت و پەتی مانا دەکرێ، گوتاری نەتەوەیی و گشتگیر دروست نابێ و یەکگرتوویی تەنیا درووشمێکی ڕووتی سەر زارانە و جیا لە خۆپێوەڕانان هیچی دیکەی لێ شین نابێ و لە کۆتایی‌دا کۆمەڵگە بەبێ خاوەندارێتی دەکەوێتە بەردەم هەرەشە و، مەترسییەکانی لە سەر زیاد دەبن. کەوابوو ئەم وردە مەترسییانەی کە ئەم ڕۆژانە ڕوویان لە خەڵکی کوردستان کردەوە بەشێ زۆریان بەرهەمی ئەو مەترسییە گەورانەن کە کورد خۆی لە سەر خۆی درووستی کردوون. لە نەبوونی یەکگرتوویی و دەرک‌نەکردنی ئەم زەروورەتە پڕ بەهایە‌ لە چوارچێوەی شوناسخوازیی نەتەوەیی‌‌دایە کە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵی کوردەواری خۆیان لە چوارچێوە وردە شوناسەکانی وەک ناوچە و عەشیرە و زاراوەدا پێناسە دەکەن. ئەوە بۆشایی دەرک پێ‌نەکردنی بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەییە کە ئینسانی کورد لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتی‌دا بە دوای بەرژەوەنییە بەرتەسکەکانی خۆی‌دا وێڵە. ئەوە نەبوونی گوتارێکی شوناسخوازانەی پڕ لە جەسارەتی نەتەوەیی‌ کوردە کە بوێریی ئەوەی به گەلانی دراوسێی کورد داوە تا داوای به‌جێهێشتنی خاک لە کورد بکەن و ئەوەیکە تاقمێکی توندڕەوی بێ‌ڕیشەی ئایینی لە کوردستان بە ڕۆژی ڕووناک هەڕەشە لە خەڵکی موتەدەینی کورد دەکا، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە پێشەنگە خۆماڵییەکان بێ هەڵوێست و دەستەوەستانن. بۆیە پێویستە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ستراتژیکی نەتەوەیی‌دا، وێڕای بینین و دەرک‌پێکردنی تەواوی ئەو مەترسییە وردانەی لە سەر کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان هەن، هەوڵ بدا چارەسەری مەترسییە گەورەکان (نایەکگرتوویی، نەبوونی بەرژەوەندیی گشتی، نەبوونی گوتارێکی گشتگیری نەتەوەیی خاوەن جەسارەت) بکا.