کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن لە ئێران، بایکۆت و دەرئەنجامەکانی!

04:33 - 16 جۆزەردان 2721

هەڵبژاردن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی مۆدێرن و دێمۆکڕاسییه و لە جیهانی مۆدێرن‌دا گواستنەوەی دەسەڵات بە کەڵک‌‌وەرگرتن لە هەڵبژاردن و پەناهێنان بۆ ڕای‌گشتی سەر دەگرێ. یەکەم باسەکانی دەسەڵاتی ڕەوا واتە ئۆتۆریتە، دەگەڕێتەوە بۆ دەقەکانی هابز و هەر لە هابز و پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە دەردەکەوێ و وەک سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات پشتی پێ دەبەسترێ. لە درێژەدا دەقەکانی هابز ڕووبەڕووی ڕەخنەی بیرمەندانی دوای خۆی بۆوە و جان لاک و ژان ژاک ڕوسۆ ڕۆڵی شارومەندییان لە هەڵبژاردنی حاکم‌دا وەک ڕۆڵێکی ئەکتیڤ و زیندوو هێنایە بەر باس و مافی نوێ‌کردنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتییان بۆ تاک و شارومەندان پاراست. ئەم دەقانە وەک یەکەم دەقەکانی کانسێپی پەرەگرتنی بیری دێموکراسی و هاتنە ناوەندی مرۆڤ وەک سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات لە دوای شۆڕشی ڕێنسانس و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی کلیسا، دادەندرێ. هەرچەند دوای تێپەربوونی چەند سەدە گۆڕانێکی زۆر بەسەر چەمکی دێموکراسی هەم لە سۆنگەی فکری و هەروەها لە سۆنگەی کردەییەوە داهاتووه، بەڵام وەک گرینگ‌ترین خاڵی بەرچاو دەکرێ ئاماژە بەم بابەتە بکەین کە لە سەدەی نوێ‌دا هیچ‌کام لە سەرچاوەکانی مەشروع‌بوونی دەسەڵات (کلیسا، خودا، خوێنی، کاریزما و ... ) کە لە سەدەکانی پێشتردا سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات بوون جێگە و پێگەیان لەنێو فکر و زەینی مرۆڤی سەردەم‌دا نەماوە و تاکە سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک، ئەم بابەتە بۆتە هۆکار که حکوومەتەکان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر خۆیان وەک نوێنەری خەڵک پێناسە دەکەن. ئێران وەک وڵاتێکی گرینگ لە بواری مێژوویی و مەدەنییەت، ژێئۆپۆلیتیک، سەرچاوەکانی کانزایی، سەرچاوەی نەوتی، سەرچاوەی ئاو و .... لە سەردەمی پاشاکانی قاجاردا ڕووبەڕووی مۆدێرنیسم و دەرکەوتەکانی بۆوه، بەدوای دەورانی عەباس‌میرزا لە شەڕی دژ به ڕووسەکان و عووسمانییەکان ئێران بە کردەوە ڕووبەڕووی مۆدێرنیتە دەبێتەوە و دواتر به کردنەوەی دارۆلفنون لە بواری فکرییەوە ڕووبەڕووی چەمکەکانی مۆدێرنیسم دەبنەوە و مەشروع‌بوونی دەسەڵاتی پاشایەتی تووشی خەوش و قەیران دەبێ و شۆڕشی مەشرووتە سەر هەڵ‌دەدا، بەڵام ئێران لە سەرەتاوە لە دامەزراندنی دێمۆکڕاسی‌دا تووشی شکست دێ و مەشرووتە جێگای خۆی به دیکتاتۆریی ڕەزا پەهلەوی دەدا و ڕووناکبیرانی ناوەند بە کردەوە و بەرهەم‌هێنانی دەق پشتیوانی ئەم دیکتاتۆرییە دەکەن، بیست‌ و چوار ساڵ دوایە لە بەشێکی دیکەی وڵاتی ئێران دیسان حەول دەدرێ بۆ دامەزراندن و جێگیربوونی دێموکراسی و مافەکانی سەرەتایی مرۆڤ و کۆمارێک بە ناوی کۆماری کوردستان دادەمەزرێ که لە ڕاستیدا ئەو ئامانجانەی شۆڕشی مەشرووتە بەدوایەوە بوو و پێی نەگەیشت لەم دەوڵەتە کوردییەدا جێ‌دەگرێ بەڵام دیسان ناوەند وەک ترسێک دەڕوانێتە ئەم وەرسووڕانە ئەرێنییه و کۆتایی بەم دەسەڵاتە دێنێ. دیسان لە کۆتا ساڵەکانی دەیەی بیستەم‌دا هەل‌ومەرجی جێگیربوونی دێموکراسی لە ناوەند دەڕەخسێ بەڵام کودێتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٣٢ ئەم حەولەش بەرەوڕووی بنبەست دەکاتەوە. کۆتا حەولی ئێرانییەکان بۆ گەیشتن بە دێمۆکڕاسی لە شۆڕشی ٥٧دا دەردەکەوێ، شۆڕشێک دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی و بەهیوای گەیشتن بە دێمۆکڕاسی، دیسان هەڵەی جەریانەکان و ڕووناکبیرانی ناوەند ئەم حەولەش بێ‌سوود دێڵێتەوە و دەسەڵات لەلایەن بەرەی سوننەتی و ئایینییەوە قۆڕغ دەکرێ و سیستمێکی دەسەڵاتداری ئیدیۆلۆژیک جێگیر دەبێ. ئەوەی جێگای ئاماژەیە مەسەلەی مەشروع‌بوون و سەرچاوەی مەشروع بوونی ئەم دەسەڵاتەیە کە ناوی خۆی ناوە کۆماری ئیسلامی، ئەگەرچی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات بۆ خەڵک گەڕێندراوەتەوە، بەڵام بە هێنانەگۆڕێی چەمکێک بە ناوی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ، خەڵک وەک سەرچاوەی مەشروع‌بوونی دەسەڵات دەکەونە پەراوێزەوە و سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێک دەبێتە ویلایەتی موتڵەقە و سەرچاوەی مەشروع‌بوونی ویلایەتی موتڵەقەش ئیمامی زەمان و ئەڵڵایه، بە واتایەکی تر لێرە ڕووبەڕووی ئەم چەمکە دەبینەوە کە لوویی ئاڵتووسێر ناوی ناوە سوژەی گەورە(سوژە اعظم). ئاڵتووسێر سەبارەت بە ئیدئۆلۆژییە ئایینییەکان دەڵێ لە دەسەڵاتە ئیدیۆلۆژیکەکان‌دا هەر تاکێک سوژەیەکە کە دەسەڵاتی ئایینی کردوویە بە سوژە و دواتر دەڵێ سەرچاوەی دەسەڵات سوژەیەکی ترە بە ناوی سوژەی گەورە کە ئەویش خۆی بە نوێنەری سوژەیەکی گەورەتر دادەنێ کە ناوی خودایە و بەم شێوەیە پاکانە دەکا بۆ هەر جۆرە ڕەفتارێک و سەرکوتێک، حکوومەتی ئیدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیش سەرچاوەی بڕیاری خۆی دەقی ئیسلام و شەریعەت دەناسێنێ. بەڵام سەڕەڕای ئەو ئیدیعایه بۆ نیشاندانی مەشروع‌بوونی خۆی لە نێوخۆ و دەرەوە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبا، هەرچەند درووستتر وایه بڵێین پرۆژەی هەڵبژاردن! چۆن لە ئێران هەڵبژاردن وەک پرۆژەیەکی بەرنامە‌ بۆداڕێژراو جێبەجێ دەبێ و تەنیا ئامانجی ئەم هەڵبژاردنانە خۆهەڵاوەسینە بە دێمۆکڕاسی و بەلاڕیدا بردنی ڕای گشتییە. لە هەمبەر بابەتی هەڵبژاردن لە سیستمی کۆماری ئیسلامییەوە پێویستە ئاماژه بەوە بکرێ که ڕەوتی هەڵبژاردن لە ئێران‌دا دەبێ بە سێ دەورە‌دا دابەش بکرێ: دەورەی یەکەم: ئەو دەورەیە حکومەتی کۆماری ئیسلامی پشتیوانەی خەڵکی هەیە جگە لە کوردەکان. لە یەکەم دەنگ‌دانەوە کە ڕێفراندۆمی پەسەندکردنی کۆماری ئیسلامی بوو، کوردستان و ڕووناکبیرانی کورد ئەو جۆرە هەڵبژاردنە بایکۆت دەکەن، بەڵام لە ناوەند، ناوچە شیعەکان و بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی ئیران، هەڵبژاردن ئیعتباری هەیە و خەڵک دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و مەشروع‌بوونی سیستمی کۆماری ئیسلامی پەسەند دەکەن، ئەم پرۆسەیە تا ساڵی ٨٨ درێژەی دەبێ و کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕای‌ گشتیی فارسەکان و شیعەکان مەشڕوع‌بوونی پەسەند دەکرێتەوە. دەوری دوهەم: ئەم دەورە لە دوای ساڵی ٨٨ و بزووتنەوەی سەوز دەست پێ‌ دەکا، ئەم دەورەیە دەورەی دووفاقە‌بوونی مەشروعیەتی سیستمی کۆماری ئیسلامییه، بەڵام مەبەست لە دووفاقەبوون یا دوو لەت‌بوون چییه؟ لەم دەورەیەدا پرسی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی‌دا تووشی قەیران دەبێ، خەڵک دەگەنە ئەو ئاگاهییە کە پرۆسەیەک بە ناوی هەڵبژاردن لە ئێران بوونی نییه و ئەمە پرۆژەیەکە کە پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و جەماوەر تەنیا ئامرازێکن بۆ نیشاندانی مەشروع‌بوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەو دەورەیەدا ڕێفۆڕمخوازەکان دەبنە سەرچاوەی هیوای خەڵک بۆ پێک‌هێنانی ئاڵ‌وگۆڕ لە دەسەڵات‌دا و کەمڕەنگ کردنەوەی دەسەڵاتی ویلایەتی‌ موتڵەقە و گۆڕان لە یاسای بنەڕەتی‌دا. ئەم دەورەیە تا ساڵی ٩٧ درێژە دەکێشێ و لووتکەی ئەو دەورەیە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٦ی سەرۆک‌کۆمارییه کە دەرئەنجامەکەی دەبێتە درێژبوونەوەی سەرۆک‌کۆماریی ڕووحانی بۆ چوار ساڵی‌تر. دوەری سێهەم: ئەو دەورەیە بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٧ دەست‌‌ پێ‌ دەکا. ئەم دەورەیە هەردووک باڵی کۆماری ئیسلامی واتە ڕێفۆڕمخوازەکان و بناژۆخوازەکان تووشی قەیرانی مەشڕووعیەت دەبنەوە و هیوای خەڵک بۆ هەر جۆرە ڕێفۆرمێک کۆتایی پێ‌ دێ، لووتکەی لەناو چوونی ئەو مشڕوعییەتە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ـه کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لەژێر سەیتەرەی حکومەتی ڕێفۆڕمخوازدا گیانیان لە دەست دا. دەرئەنجامی ئەو قەیرانی مەشروع‌بوونە لە هەڵبژاردنەکانی ڕەشەمەی ٩٨دا خۆ نیشان‌ دەدا و کەمترین ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی پارلەمان تۆمار دەکرێ و ویلایەتی موتڵەقە ناچار دەبێ دان بەو دۆڕانە گەورەیەدا بێنێ و پاکانەی بۆ بکا. بەپێی ئەم دابەش‌کردنە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠ی سەرۆک‌کۆماری و شوڕاکانی شار ڕووبەڕووی بایکۆتێکی گشتی دەبێتەوە، کێشەی شارومەندی ئێرانی وێڕای نەبوونی ئازادی و مافەکانی سەرەتایی ژیانێکی مرۆڤانە، بەتاڵ‌بوونی سفرەکانیان و قەیرانی ئابووریشه کە تاوانباری سەرەکی پێکهاتنی ئەو دوخە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییه بۆیه هەر وەک ڕاپرسییەکان پێشبینییان کردووە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و شۆڕاکان‌دا ژێر سی لەسەدی خەڵکی ئێرانێ دەبێ و پێش‌بینی دەکرێ تەنیا چەکی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن بەو بایکۆتە بەکار هێنانی هەڵبژاردنی شوڕاکانی شار بێت، بەڵام وێژمانی جەماوەری لەنێو ئێران‌دا نیشان لە ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکان. ئەوەیکە بەشداربوون یا نەبوونی خەڵک لەو هەڵبژاردنانە‌دا چ کاریگەرییەکیان دەبێ پێویستە دوو بەش لێک جیا کەینەوە: سەرەتا بەشداربوون یا نەبوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان‌دا چ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ژیانی سیاسی و ئابووریی خەڵک دەبێ؟ ئەگەر ئاوڕێک لە فایلی دەنگیی جەوادی زەریف بدەینەوە کە لەو ماوەیەدا بڵاو کرایەوە، ڕوون و ئاشکرایە کە سەرۆک‌کۆمار و وەزیرەکانی لە ئێران‌دا تەنیا ڕۆڵی داپۆشینی جینایەتەکانی سپای پاسداران و ویلایەتی موتڵەقە دەگێڕن و بە بەراوەردکردنی دەورەی دەسەڵاتداری ڕوحانی وەک کەسێک کە مەتڵوب و پەسەندی ڕای‌گشتی بوو لەگەڵ کەسێک وەک ئەحمەدی‌نژاد کە لە لایەن ڕای‌گشتییەوە پەسەند نەکرابوو دەبینین کە بارودۆخ لە سەردەمی ڕووحانی‌دا زۆر خراپتر لە سەردەمی ئەحمەدی‌نژادە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە هەردووک سەرۆک‌کۆمار دانیان بەوەدا ناوە کە دەسەڵاتێک لە سەرەوەی ئیرادەی ئەوانەوە بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدا. کەواتە بەشداربوون یا نەبوونی خەڵک هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیستمی ئیدارە‌کردنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی‌دا پێک‌ناهێنێت. دووهەم ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە بەشداربوون یا نەبوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان‌دا چ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتەکانی نێونەتەوەیی و پێوەندیی وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێ؟ ئەوە کە لەو چەند ساڵە‌دا ڕووی داوە ئەوە بووه کە کۆماری ئیسلامی ڕێژەی زۆری بەشداربووانی هەڵبژاردنەکان وەک کارتێکی فشار بەکار دێنێ بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا و بەم شێوەیە هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی نێوخۆیی و پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ ڕەد دەکاتەوە و دەسەڵاتی خۆی وەک ئیرادەی گشتی پێناسە دەکا، بەڵام بەشدار نەبوون چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟ ئەوە پرسیارێکی گرینگە کە وڵامەکەی تەکڕەهەندی نییه، دەکرێ بگوترێ کە بایکۆت‌کردنی دەبێتە هۆی کەمڕەنگ بوونەوەی مەشروعیەتی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی پرسیار دەبینەوە کە ئەم کەمڕەنگ بوونە تا چ ئاستێکە؟ ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لەم پرسەدا چییه؟ ئەگەر گوفتمانی بایکۆت گوفتمانی گشتییه و ئۆپۆزیسۆنەکان پشتیوانی لێ دەکەن ئەگەر بایکۆت سەری گرت و خەڵک ڕۆڵی خۆیان بە باشی گێڕا پرسیار ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆن ئەم کارتە بەنرخە لە کۆڕوکۆبوونەوەکانی نێونەتەوەیی‌دا بەکار دێنن؟ بە دوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٨ ئەو جۆرەی کە خەڵک چاوەڕوانییان هەبوو ئۆپۆزیسیۆن هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دوای هەڵبژاردنەکان نەبوو و کارتی بایکۆتی بەربڵاوی خەڵکیان بە شێوەی گونجاو بەکار نەهێنا. پێویستە لەم بەشەدا ئوپوزیسیۆن دڵنیایی بدەن بە خەڵک کە ئەو بایکۆت‌کردنە چ کاریگەرییەکی دەبێ لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و چۆن دەبێتە هۆی گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامی؟ هەروەها پرۆژەی تایبەتیان هەبێ کە لە ئاستی جیهانی‌دا ئەو بایکۆتە وەک ڕێفراندۆمێکی نافەرمی بناسێنن، پرۆژەیان هەبێ کە دەنگی نا گوتنی خەڵک بە سندووقی دەنگ‌دانەکان دوای مانگێک لە یاد نەچنەوە و بەردەوام ئەو نا گوتنە لە تەحلیل، گوفتمان، بەیاننامەکان و نامەکانی ئوپۆزیسیونەکان‌دا ڕەنگدانەوەی هەبێ، هەروەها پێویستە کە ئوپۆزیسیۆن ئەم نا گوتنە بگوازنەوە بۆ ڕای‌گشتی جیهانی، بۆ ڕاگەیاندنە جیهانییەکان و تەواوی حەولی خۆیان لە هەمبەر بەکارهێنانی ئەو نافەرمانیی مەدەنییە بخەنە گەڕ و بیکەن به چەکێکی خەبات لەدژی سیستمی کۆماری ئیسلامی. ئەگەر ئۆپۆزیسۆنەکان بتوانن بەو شێوەیە لە مەیدان دابن کاریگەریی ئەو بایکۆتە لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ لە ئاستێکی باڵادا بێ، دەنا دەبێ چاوەڕوان بین کە خەڵک هەم لە بایکۆت نائومید بن و هەم لە ئۆپۆزیسۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامی!