کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی "کوردستان"، ئارشیوێکی نەتەوەیی

17:19 - 1 پووشپەڕ 2721

ڕۆژنامە، واتە بڵاڤۆکێک کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادە دەکرێ و چاپ و بڵاو‌دەبێتەوە و دەکەوێتە بەردەستی خەڵکی خوێندەوار. ئەو بڵاوکراوەیە نە بەیانێکی یەک دوو لاپەڕەییە کە باس لە بابەتێکی تایبەت بکا و نە ڕاگەیەندراوی ناوەندێکی سیاسی کۆمەڵایەتی یا هەر شوێنێکی‌ترە، بەڵکوو چاوی قەڵەمی دەڕوانێتە هەموو دەوروبەری. لەو سەردەمەوە کە ئەو بڵاڤۆکە بە ناوی "ڕۆژنامە" کەوتووەتە دەست خەڵک، چوارسەد ساڵ تێپەڕیوە. مەبەستی ئەو پتر گەیاندنی زانیاری بە کۆمەڵانی خەڵک بووە. ڕۆژبەڕۆژ گەشەی سەندووە و لەباری فیکرییەوە ئاشکراتر خۆی دەرخستووە. ڕۆژنامە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، ئەخلاقی وەکوو خاڵێکی گرینگ کردووەتە بنەما. بۆ ڕۆژنامەیەک زۆر بەجێ بووە کە بە چاوی بایەخەوە بڕوانێتە شێوازی نووسین، گرینگیی بابەت و سەربەخۆیی قەڵەم. ڕەچاوکردنی هەمووی ئەو خاڵانەش، وای لێ کردووە لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردە و گەشەی کۆمەڵگە. وەک دەزانین یەکەمجار ساڵی ١٨٢٨ و لە سەردەمی پاشایەتی محەممەد عەلی پاشای میسردا ڕۆژنامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کەوتووەتە بەرچاوی خەڵک. ناوی " الوقایع المصریە" بووە. ٧٠ ساڵ دوای ئەو ڕۆژنامە میسرییە، هەر لە شاری قاهیرەی وڵاتی میسر، بە هەوڵ و تێکۆشانی میقداد میدحەت بەدرخان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی " کوردستان " لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨دا چاپ و بڵاو ‌کراوەتەوە. ڕۆژنامەی "کوردستان"ی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە خاکی کوردستانێکی دابەشکراودا بە شێوەی بەربڵاو بڵاونەبۆتەوە، بەڵکوو پتر کەوتووەتە بەردەستی ژمارەیەک خوێندەواری کوردی نیشتەجێ لە میسر و لوبنان و دیمەشق و یەک دوو پێتەختی‌تر. هەڵبەت با ئەوەش بڵێین، ئەگەر کەشێکی ئازادیش هەبووایە و کوردستانیش ئازاد و سەربەخۆ با، هێشتا ڕادەی خەڵکی خوێندەواری ئەو سەردەمە ئەوەندە زۆر نەبووە کە بتوانێ بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن کەڵک لە بابەتی نووسراو وەرگرێ. ٤٨ ساڵ دواتر، لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا، ڕۆژنامەی زمانحاڵی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کە دامەزرێنەری کۆمار بووە هەر بەو ناوە، واتە "کوردستان" دەرچووە. دیارە بەر لەو ڕۆژنامەیە گۆڤاری "کوردستان"یش لەگەڵ چەند بڵاڤۆکی دیکە بڵاوبوونەتەوە. بە وردبوونەوە لە سەرچاوە مێژووییەکان و بەتایبەت ڕۆژنامەی "کوردستان" خۆی، دەبینین تەنیا لە فەترەیەکی زەمەنیی کورتدا نێوەرۆکی بابەتەکان بەڕۆژن، چونکە کەشوهەوای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئەوکاتە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و بوارێکی ئازاد بۆ نووسین و دەرچوونی گۆڤار و ڕۆژنامەکان ڕەخساوە. پێویستە ئەوەش بڵێین کە "کوردستان"ی ئەو سەردەمە و تەنانەت دواتریش، دیسان ڕۆژنامەیەک نەبووە کە سەردێڕەکانی ڕەنگین بکا و بە فرتوفێڵی جۆراوجۆر خەڵک فریو بدا و بۆ لای خۆیانی ڕاکێشێ. یا بابەتەکانی دوور لە ڕاستی و ناتەبا لەگەڵ کەشی ڕۆژگار بن و لاپەڕەکانی یەکەمی پڕ لە وێنە و گرافیک بکا و وەدوای ئەو فکرە بکەوێ کە پێی‌دەڵێن: ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بە هەر نرخێک" ، وەک چۆن لە سیاسەتدا باوە. نە چیرۆک و بەسەرهاتی خەیاڵی و نە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بێ‌بنەما و نە هەواڵ و زانیاری دوور لە ڕاستی لە "کوردستان"دا جێیان ‌نەگرتووە. وەدوای دەنگۆ و قسەوباسان نەکەوتووە و ئەدەبیاتەکەی فەرمی و زمانی بەیانی پاراو و خاوەن ڕێنووسی دروست بووە و بەگشتی قوتابخانەیەک بۆ لێ‌فێربوون بووە. هەرچەند وەسیلەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بووە، لێ لە هەمان کاتدا شوێنێکی گونجاو بۆ لێکدانەوەی بەڕێ‌وجێی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم و مەکۆیەک بووە بۆ تۆمارکردنی گەلێک بابەتی سەرنجڕاکێشی ئەودەم و ڕزگارکردنیان لە فەرامۆشی و فەوتان. گەر سەیری هەر کتێبێکی مێژوویی بکەین کە نووسەرەکەی کورد بێ، لە یەکەم ڕستەکانی سەرەتاییدا ئەوەمان بەرچاودەکەوێ کە نووسەر ناچار بووە دەست بۆ دەیان سەرچاوەی بیانی بەرێ بۆوەی نەختێ زانیاری لەسەر کورد بە عام وەگیر کەوێ. کورد بە گشتی زۆر گرینگی بە نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکان نەداوە، جا یا بەلایەوە گرینگ نەبوونە یا خاوەن نەریتی تۆمارکردن نەبووە. کورد ئەگەر زانیبای نووسین و تۆمارکردنی بابەتەکان ڕۆژێک دەبنە سامانێکی نەتەوەیی لە یەکەم هەنگاودا و هەروەها مڵکێکی نێونەتەوەیی لە دەرەجەی دووهەمدا، ڕەنگە قەت وەها بێ مەیل نەبووایە و لەو بوارەدا باشتر بیری کردباوە. دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە ئەو نووسراو و بەڵگانە وەکوو یادەوەری و سەرچاوە، مەحکەمترین بەردی بناغەی کەسێتی و پێناسەی نەتەوەییمان پێک‌دێنن و ئێستا و ڕابردوومان لێك‌ گرێ‌ دەدەن و چرای ڕووناکن بۆ ڕێنوێنیمان. ئەو پردەی کە بە هۆی ئەو بەڵگە و بڵاڤۆک و نووسراوانە لەنێوان ئێستا و ڕابردوودا دروست‌دەبن، زەینی نیشتیمانیی ئێمە پێك‌دێنن. ڕۆژنامەی "کوردستان"ی زمانحاڵی حیزبی دیمۆکرات، وەکوو کۆنترین و خاوەن زۆرترین زانیاریی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهەق توانیویەتی پڕمەترسیترین بەڵا لەسەر جەستەی مێژوو لابەرێ، کە ئەویش فەرامۆشی و لەبیرچوونەوەی ڕووداوەکانی نیزیک بە ٧٠ ساڵی ڕابردوویە. ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاستیدا دیاری دوو نەسڵی پێشترە بۆ نەوەی ئێستا. ئەو نەوەیە لەسەریەتی بە شێوازی گونجاو ئەو خەزێنەیە یا وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەو زەینە نیشتیمانییە بەرەبەرە بکاتە مڵکێکی جیهانی و ئیمکانی ئەوە برەخسێنێ کە جیلی نوێی جیهان بتوانێ بە هاسانی کەڵک لە زانیارییەکانی وەرگرێ و چیتر وەکوو بڵاوکراوەی لۆکاڵ و حیزبی خۆی نەنوێنێ. لە زەینێکی نیشتیمانییەوە ببێتە زەینێکی جیهانی. وەختێک ڕۆژنامەی "کوردستان" توانی لەو چوارچێوە لۆکاڵییە بێتەدەر و ببێتە ئارشیوێکی نەتەوەیی و سەرچاوەیەکی جیهانی و توێژەر و لێکۆلەران بە هاسانی توانیان دەستیان پێ ڕابگا، هەم توانیومانە مێژوومان باشتر بە دنیا بناسێنین، هەم یارمەتی توێژەران بدەین لێکۆڵینەوەی دروست لەسەر ڕووداوەکان بکەن و هەم بڕیاردەران دوای خوێندنەوەی توێژینەوە و بەڵگەکان بڕیاری بەرهەق و گونجاو بدەن. بە واتایەک ئەو سامانە نەتەوەییە واتە ڕۆژنامەی "کوردستان" هەم تۆزی فەرامۆشی لەسەر نەنیشتووە، هەم وەکوو زەینی نیشتیمانی خزمەتی پتری بە کوردستان و دۆزەکەی کردووە. ئێمە سەیری هەر ژمارەیەکی ڕۆژنامەی کوردستان دەکەین، خۆی لەبەر خۆیەوە خاوەن مێژوو و بەسەرهاتێکە، جا چ لەو سەردەمەدا کە لەبەر ڕووناکایی چرا و فانۆسەکان و لە چاپخانەی "کوردستان"دا بە هەوڵ و کۆششی سەید موحەممەد حەمیدی، هەژار، هێمن و زەبیحی‌یەکان دەرچووە، یا دواتر کە بە هیممەت و تەقەللای دوکتۆر قاسملوو و چەند هاوڕێیەکی‌تر درێژە بە چاپ و بڵاوکردنەوەکەی دراوە. خوێندوومانەتەوە کە زۆر جار ئەگەر گرفتێکی ماڵی بۆ "کوردستان" هاتووەتە پێش، ئەوە پێشەوای سەرکۆمار خۆی لە فریای کەوتووە و قۆڵی لێ‌ هەڵماڵیوە و نەی‌هێشتووە ئەو ڕۆژنامە خۆشەویستە پەکی بکەوێ. هەر بە هەمان هەستیش، کەسایەتییەکانی دوای کۆمار ئەگەر تەنانەت قەرزیشیان وەرگرتبێ، ئەو یادگارییەی پێشەوا و کۆماریان بەسەر پێوە ڕاگرتووە تا گەیشتووەتە دەست وەچەی نوێ. ئەو ڕۆژنامەیە هەرچەند بە فەرمی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە، لێ لە هەمان کاتدا ڕێوشوێنی خۆڕاگری، شێوازی خەبات و هەستی شۆڕشگێڕی بە بنەمای تێکۆشان بۆ ڕزگاریی داناوە و کاری بۆ گەشەسەندنی بیری نەتەوەیی کردووە و هەوڵی یەکگرتوویی داوە و پرسی نەتەوەیی بردووەتە نێو زەین و دڵی تاکی کورد. بەپێی زانیاریی سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی کۆمار، یەکەم بەرپرسی "کوردستان" سەید موحەممەدی حەمیدی بووە و هەروەها ١١٧ کەسیش لەو ڕۆژنامەیەدا شێعر و وتاریان نووسیوە. گەورە شاعیرانی وەکوو هێمن، هەژار، خالید ئاغای حیسامی، سەید کامیل، فایق بێکەس، خاڵەمین، خاتوو حەڵەبی سمایل فەرجی، قانع، موفتی، نووری، مەلا شێخ جەلال حوسێنی، خاتەمی (بەیان)، خاتوو مریەم ئەحمەدی، قەدریجان و جووتێر و چەندێکی‌تر ناسراوترینی نووسەرەکانن. هەڵبەت چەندێک لەوانە، خۆیان دامەزرێنەری کۆمار بوونە و هەربۆیەش نێوەڕۆکی وتار و شێعرەکانیان تەواو نەتەوەیی بووە. ڕۆژنامەی "کوردستان" دواتر وەکوو هەموو ئەو کەسایەتییانەی نەخشیان لە دامەزراندنی کۆماردا هەبووە و دوای تێکچوونی ئەو دەستکەوتە ناچاربوونە ڕێگای دوورە وەتەنی‌ بگرنەبەر، ئەویش ئاوارەی هەندەران بووە. ئەگەر حیزبی دیمۆکرات نیزیک بە ٧٠ ساڵ لە تەمەنی لە دووروڵاتی و ئاوارەییدا ژیاوە، ڕۆژنامەی زمانحاڵی ئەویش بە هەمان شێوە و بەڵکوو ئاوارەتریش بووە. کەوابوو دەبێ بەهەق بڵێین، ڕۆژنامەی "کوردستان" ئەگەر ئەو بڵاڤۆکە نەبووە کە شانبەشانی ڕۆژنامەکانی ئورووپایی لە کەشێکی ئازاددا خەبەر و باسی تازەی ڕۆژانە بخاتە بەرچاوی خوێنەر، لێ توانیویەتی بە هەوڵ و تێکۆشانی کەسایەتی‌یە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکان ڕوانگە و لێکدانەوە دروستەکانی هەر فەترەیەک بگەیەنێتە دەستی هۆگرانی سەربەستی نەتەوەکەمان لە دەرەوە و ژوورەوە. جیا لەوەش، ببێتە ئارشیوێکی نیشتمانی و هەر تاکێکی کورد لە هەر کوێی گۆی ئەو زەوییە بخوازێ دەستی پێ ڕابگا و بۆ کاری توێژینەوە و مێژوونووسی کەڵکی لێ وەرگرێ. هەر ژمارەیەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" سەیر بکەی و بابەتەکانی بخوێنیەوە، خێرا بیری واقیعبینانە لە زەینتدا جێ‌ خۆش ‌دەکا، سۆزی نیشتمانپەروەری دەدڵت دەگەڕێ، هەستی ڕابوون جەستەت دادەگرێ. جیا لەوانەش، ئەگەر وەکوو سەرچاوەیەکی مێژوویی مەجالت بۆ دەڕەخسێنێ، بە خوێندنەوەی سەردێری هەر ژمارەیەکیش خێرا تێدەگەی لە فڵان سەردەمدا کام سیاسەت و ڕێباز ڕەچاو کراوە بۆوەی کورد بتوانێ مافێک دەستەبەر بکا. دروشمەکانی هەر سەردەمێک کە لە ژێرەوەی لاپەڕەی یەکەمدا یا وەکوو سەردێری بابەتی ئەسڵی نووسراون، بە خوێنەر دەڵێن پەنجا ساڵ لەوە پیش چ دروشمێک و خواستێک پتر لە ڕۆژەڤدا بووە، یا سەبک و شێوازی نووسینی بابەت و نێوەرۆکی شێعر و وتاری زاڵ چ بووە. ئەگەر لەوانەش بگوزەرێین، هەر تەنیا سەرنج بدەینە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو ڕۆژنامەیە لە بواری کوردی‌نووسیندا، بەڕاستی دەبێ بڵێین قوتابخانەیەکی گرینگ بووە و بە هەزاران قوتابی پێگەیاندووە. لە کۆتاییدا، ئەوەی قەناعەت بە خوێنەر دێنێ، ئەوەیە کە ڕۆژنامەی "کوردستان" ئەگەر زەینێکی نیشتمانییە بۆ ڕووداوەکانی پتر لە ٧٠ ساڵ، ئارشیوێکیشە بۆ نیشاندانی سەبک و شێوازەکانی نووسین بە درێژایی تەمەنی خۆی و حیزبی دێموکراتی کوردستان.